شەڕڤانانی کوبانی، شەرەفی چەکدارانی باشووریان کڕییەوە، ئەم پیاوانەش نەیانتوانی دەستی ژنکوژەکان ڕاگرن

Sunday, 21/12/2014, 12:00

2125 بینراوە


ئۆباما کە باس لەماندێلا دەکات ئاوا دەڵێت: "ماندێلا لەڕێگەی خەبات و تێکۆشانەوە، بۆ هەموو لایەکی ڕوونکردەوە کە ئێمە ناچارنین بەم شێوەیەی دنیا هەیە قبوڵی بکەین، بەڵکو ئێمەدەتوانین چۆنمان بوێت دنیا والێبکەین".
ئێمە بەپێچەوانەوە ئەو وەفدە سۆشیال عەشایەرەی چوونە خواروی ئەفەریقا و سەردانی "دورگەی ڕۆبین"یان کرد و وایان دەزانی کە چوونە ئەو جێگەیەی ماندێلا ٢٧ساڵ تێدا زیندان کراوە دەبنە ماندێلا، ئیتر پەیڕەوی کردارەکانی دەکەن، بە پێچەوانەوە سۆشیال عەشایرەکان خۆیان لە ئەتکردنی کچان و ژنانی ووڵاتدا دەستی کراوەیان نیشان داوە.
بەپێی ئامارێک کە پێمان دەڵێ تا سەربڕینی "کوێستان" لەقەڵادزێ ئەم تاوانانە ئەنجام دراوە لەسایەی دەسەڵاتەکەی باشورەوە."به‌پێی ئه‌و خشته‌ ئامارییانه‌ی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزان" بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و 433 حاڵه‌تی توندوتیژیه‌ی تۆمارکراوه‌ له‌ماوه‌ی 1/1-1/11/2014 له‌هه‌رسێ پارێزگاکانی‌ هه‌رێم به‌ئیداره‌ی گه‌رمیانیشه‌وه‌، خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ 27 حاڵه‌تی کوشتن، 37 خۆکوشتن، 177 سوتان، 76 خۆسوتاندن، 116 حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێکسی".

کە دەڵێن خۆکوشتن، یان سوتان، ئەمانە تەنها قسەی بێبنەمان دەنا بۆ هەمووی هاندەرێک هەیە ئەویش ئەو پیاوانەن گوایە بەدوای پاراستنی شەرەفەوەن، کە چی خۆیان خاوەنی نین و تاوان ئەنجام دەدەن.پیاو هێڵنجی دێت بەو هەموو بەناو فێمینیزم و ڕێخراوی ئافرەتانەی کە ڕۆژانە لە چەنەبازی ناکەون و لەمێدیاکانەوە دەنگی ناڕەزایی دەر دەبڕن و موچەو بەراتیش لە پیاوە سەربۆیاخکراوەکانەوە وەردەگرن و بۆ تاکە جارێکیش داوایان لە سەرۆکەکەیان نەکردوە، ژن و کچە بەندکراوەکەی لەناو ئەو قەفەزە ئاڵتونیەدا بێنێتە دەرەوەو پیشانمان بدات، تا لەم هەرێمەدا لەوانەوە سەیری ئازادی ژنان بکەین.
ژن و کچە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای ووڵات و کچە گەریلاکانی چیاکانی قەندیل ئەو مرۆڤە جوانانەن کە ئیتر ئەوەی ناوێت ئاوات بەپاڵەوان بخوازین بەڵکو ئەوان ئەو پاڵەوانانەن کە ئێمە دەبێت تاڕادەی پەرستن خۆشمان بوێن.ئۆشۆ ی مەزن لەباسی ژندا دەڵێ :" ژن و خوا لەیەک دەچن، پێویست ناکات ئێمە لێیان بترسین، بەڵکو دەبێت خۆشمان بوێن".کاتێک من لە شەڕڤانەکان دەڕوانم بە بەرگەکانیانەوە کە لە پڵنگی مێینەدەچن، چاوی بەوریان پڕێتی لەهیوا ئیتر من دەڵێم ئۆشۆ جوان دەڵێ: ئەی ئەوە نییە تاسەر ئێسقان من ئەم ژن و کچانەم خۆش دەوێت کە لەدوای پاراستنی پیاوە بێشيرەفە چەکهەڵگرەکان، ژنانی شەنگالیان بۆ داعش بەجێ هێشت، ئیستا داعش کاری خۆی تەواو کرد، وا ئەمان دەیانەوێت خۆیان بکەنە قارەمان و رزگارکەری شەنگال.شەرەف کچەکانی کۆبانی و شەرەڤانان هەیانە نەک ئەم چەکدارانەی هەتکی باشوور دەکەن.
تاوان و سوتان و ئەتکردنی ژنان و کچان چۆن ڕاگرین لەباشوری ووڵات؟
ئایا ئەوە خەڵکە تاوان دەکات یان دەسەڵات ؟ لای من دەسەڵات یارمەتی دەرە بۆ ئەوەی خەڵک تاوان بکات، باوەڕ کردن بەهەر جۆرە دەسەڵاتێک، هۆش و هزر لەناو دەبات و دەتکاتە کۆیلە و ئەوان بەئاگاییەوە هۆش و بیرکردنەوەمان دەکوژن.بۆیە پێمان دەڵێن یاسایەک هەیە تۆ بۆت هەیە بۆ گەڕانەوەی ئابڕوو تاوان ئەنجام بدەیت.ئەوەی لای من جێگەی نیگەرانییە ژنان و کچان زیاتر شادمانن بە کوشتنی ژنان و ئەوان دەڵێن دەبوو بەسزای خۆی بگات، چونکە خێزانەکەی لەکەدار کردوە.چۆن؟ لەکوێ لەکەداری کردووە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن ڕۆژانە لە پرسە بێدەنگەکاندا باس دەکرێن، پرسە ساردو سڕەکان، کە مایەی ئەوەیە بێنرخترین شت لەکۆمەڵگای ئێمەدا مرۆڤە بەتایبەت مێینەیەکی کوژراو.
لەدوای ڕاپەڕینەوە بەپێی پلانێکی داڕێژراو لەپێناو زۆرانبازی دووهێزە دەسەڵاتدارەکە و شەڕی داهات و خۆفرۆشی زۆرتر بە ووڵاتە داگیرکەرەکان، دەسەڵاتی کورد ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەو ژینگە ناشرینە کە ئافرەت تێدا ئەتک بکرێت.ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندنەوەمان بۆ ئەنفال.لەکاتێکدا ئێمە سادە سەیری ئەنفال و قوربانییکانمان کردوە و زەمینەمان خۆشکرد کە هێزێک لە ئۆردوگا زۆرە ملێکانەوە کۆچی پێچەوانەیان پێبکەین بۆ شارەکان نەک گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و ئاوادانکردنەوەی گوندەکان و بوژانەوەی ئابوریی و ژێرخانی ووڵات.بەڵکو ئەو هێزەمان کردە دەنگدەری خۆمان و حیمایە و پۆلیس و چەکداری بەرەی شەڕەکان و پاراستنی ماڵ و موڵکی دزیی.بۆیە دەست سورکردنی ئەو خەڵکە نەخوێندەوارو عەوامە بە تاوانی ژنکوژی و کچ زەوت کردن و هۆنینەوەی هەزاران چیرۆکی ترسناک کە سبەینێ گەلێک باجەکەی دەدات.
کاتێک مرۆڤ لە کچە گەریلاکان یان شەڕڤانەکانی کوبانی دەڕوانێت کە بونەتە سمبوڵی ژنان و کچانی دنیا شەرم دای دەگرێت و دەپرسێ داخۆ ئەم هەموو ڕێخراوی ژن و کچانە ئەم هەموو فێمەنیستە درۆزنانە چۆن شەرم لەو دروشمانە ناکەن کە خۆیانی پێوە نمایش دەکەن، ئەی ئەو هەموو عەمید و عەقیدەی پارەی مۆڵ لوش دەکەن و دایانەوێت چیمان پێبڵێن؟ من لام وایە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ژنان و کچانی باشور مشوری خۆیان بخۆن و وەک شەڕڤان و گەریلاکان یاخی بن لەو سیستەمەی پیاوی کردۆتە ئاغا و هەر ڕۆژە لە گۆشەیەکی ووڵاتدا بەشێوەیەک ئەتکیان دەکەن.ئەو گۆرانیبێژە دەم هەراشە کچانەش کە بە ١٠کاتژمێر لە خۆ ڕازاندنەوە نابنەوە ڕووی خۆیان ڕەش بکەن و ئیتر مافی ژن بەسەرماندا ڵێنەدەن و ئاوڕێک لەو هەموو قوربانییە بدەنەوە نەک سواری هەمەر بن و کلیپ دەربکەن.
بەدەگمەن کۆڵانێک شەقامێکی شارو ناحیە و قەزایەک ماوە خوێنی قوربانییەکی کچ و ژنی تێدا نەڕێژابێت، چیرۆکەکان هێندە زۆر و قێزەونن پیاو شەرم لە پیاوبوونی خۆشی دەکات، کەچی سەرۆک خەریکە ئەو ناوچانە وەردەگرێتەوە، کە لەسەر داوای تورکیا خۆی پێشتر و بۆ داعشی چۆڵکرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە