شۆڕش لە نێوان شەرعیەت و ماف دا، کردار و قسەکردن

Sunday, 19/06/2011, 12:00

2017 بینراوە






ئەوەی لە بەشی ٢ و ٣ دا ویستم ئاماژەی پێبدەم ئەوەبوو کە، شۆڕشکردن بە پێی لۆک ماف بوو، بە پێی لێنین و زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهانی سێیەم شەرعیەت پێدان بوو واتە سەرپشککردنی شۆڕشگێڕەکان بوو لە لایەن خودی خۆیانەوە بە ناوی میللەتەوە یان بە ناوی بەشێک لە میللەتەوە بۆ دەسەڵات گرتنەدەست و قۆرخکردنی. ئەو شەرعیەتەی کە نەک تەنیا خۆی لە پڕۆسەی شۆڕشکردندا دەبینیەوە، بەڵکو کە شەرعیەتی مانەوەی لە دەسەڵاتیشدا دەدا بە شۆڕشگێڕەکان یان بە جێگرەوەکانیان تەنانەت گەر بە لەناوبردن یان بۆ لەناوبردنی میللەتیش بێت بە مەبەستی مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات. ئەو شەرعیەتەش لەبەر ئەوەی شەرعیەتی کۆنتراکت یان پەیمانی کۆمەڵایەتی نییە و، تاکە سەرچاوەکەی، یان مەرجەعەکەی، ئەو دروشمانەیە کە شۆڕشەکە هەڵیان دەگرێت، ئەوا بە هاتنە سەر دەسەڵاتی شۆڕشگێڕەکان و لادانیان لە دروشمەکان ئەو بە ناو "شەرعیەت"ەشیان نامێنێت.

گرنگ نییە کێ یەکەم جار زاراوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی بەکاربردووە، گرنگ ئەوەیە جۆرێک لەو کردەیە یان بە خۆ ڕەوابینینە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە. ئەوە ڕۆبسپێر بوو بە ناوی هاونیشتمانیانەوە، هاونیشتمانیانی لە نوکی مەقسەڵە دەسوو!

با بپرسین ئایا شۆڕش چییە؟

بۆ ئەوەی لاوانی ئێمە لە سەورەکەی حیزبی بەعس و، لە شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان و یەکێتی، کە بە شۆڕشی سپی و، بە شۆڕشی چەکدار، ناسراون، جیابکەنەوە، دەتوانین بڵێین شۆڕش پڕۆسەیەکە یان خاڵی کوڵانێکە کە ڕوودەدات لە پێناوی گۆڕیندا، گۆڕینی حاڵەتی ئامادە یان پارادیمی چەسپیوو، بۆ بارێکی تر، جا ئەو شۆڕشە شۆڕشی پێشکەوتووخواز و ڕوو لە ئایندە بێت، یان شۆڕشی چەواشە بێت بە مەبەستی گێڕانەوەی باری بەسەرچوو لەبری باری ئامادەی پێشکەوتوو.

ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە شۆڕشی بەرەوپێشە و، ئەوەیە ڕوو لە ئاسۆیەکی ڕوونترە.

بیرمەندەکان لە مێژوودا بۆچوونی جۆراوجۆریان هەیە بۆ شۆڕش و بۆ هۆکارەکانی. لەبەر ئەوەی شۆڕش بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیە، زۆرجار ڕووبەڕووی زاراوەی وەکو هەلومەرجی بابەتی و هەلوومەرجی زاتی دەبین. هەلومەرجی بابەتی واتە ئەوەی لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤە و هەلومەرجی زاتی ئەوەی مرۆڤ خۆی هۆکارەکەیەتی، دەگرێتەوە.

ئەم دوو زاراوەیە دوو جۆر لە بیرکردنەوەمان دێنێتە بەرچاو، یەکەمیان ئەوەیە کە دەڵێت شۆڕش خۆی کە هەلومەرج هاتەپێشەوە هەر ڕوودەدات و مرۆڤەکان تەنیا جێبەجێکاری دەبن، ئەویتریشیان دەڵێت شۆڕش دەخوڵقێنرێت، واتە مرۆڤێک یان چەند مرۆڤێک هەڵیدەگیرسێنن.

گەر باس لەوەی یەکەمیان بکەین سێ بیرمەندی ناسراو لە جیهاندا دەبێت ناوبێنین، ئەوانیش هێربەرت سپێنسەر، هێگڵ و مارکسن. بە پێی ئەمەی یەکەمیان بێت ڕاپەڕینی ١٧ ی شوبات بەهۆی هەلومەرجی بابەتییەوە بوو.

لە باسی ئەوەی دووەمیشیاندا دەکرێت ئەوانە ئاماژە پێبدەین کە ئەفسانەی سەرکردەی ئەفسانەیی دەکەنە هەڵگیرسێنەر و سەرخەر و بە ئاکام گەیەنەری شۆڕش. پارتی بارزانی باوک باسدەکات، بەعس سەدامیان هەبوو، نمونەی تریش زۆرن.

مەسعود بارزانیش ١٧ ی شوباتی بە دەستکردی هەندێک لایەن و بە هاندانی هەندێک کەس دادەنا کە دەبوو بدرێنە دادگا، لە لایەکی تریشەوە بە ئۆپۆزسیۆنی دەوت سەر شەپۆلەکە کەوتوون، واتە گەر قوڵتر لێکی بدەینەوە، ١٧ ی شوبات شۆڕشێک بووە بەهۆی هەلومەرجی بابەتییەوە ڕویداوە و، ئۆپۆزسین سەر شەپۆلی ئەو هەلومەرجە بابەتییە کەوتوون، کە گومانی تێدانییە مەسعود بارزانی خۆی لە ڕوانگەی ئەم دوو جۆرە تێڕوانینەوە ئەم قسانەی نەکردووە بەڵکو هەروا بۆ بیانووهێنانەوە ئەم قسانەی کردووە و، لە نەزانینیەوە بووە.

ئەوانەی باس لە هەلومەرجی بابەتی دەکەن، تیۆرەی خۆیان هەیە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە و بۆ گٶڕان و بۆ شۆڕش.

هێربەرت سپێنسەر Herbert Spencer:

١٨٢٠ـ١٩٠٣

فەیلەسوف و زانای بایۆلۆژی و کۆمەڵناسی و، بە ڕەگەز ئینگلیزی بووە. بە گوتە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت "لێهاتووترین زیندەوەرەکان دەربازدەبن" ناسراوە. ئەم تێزەشی لە بواری کۆمەڵگە و کۆمەڵناسیدا گەشە پێدا. بە بڕوای ئەو گٶڕانی کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانی و بە ئاڕاستەی هێڵی دیاریکراوی پێشوەخت بڕیار لەسەردراودا دەڕوات. بڕیار لەسەردراو لە لایەن مرۆڤەوە نا بەڵکو بە شێوەیەک لەدەروەی خواست و ئیرادەی مرۆڤ. گۆڕانەکانیش بە زنجیرە و یەک لەدوای یەک دەبن. واتە مرۆڤەکان یان تاکەکان هیچ ڕۆڵێکی بڕیاردەریان تێیدا نابێت. نە بارزانییەک و نە ئەبراهام لینکۆڵنێک بڕیاردەرنابن.
ڕێڕەوی گۆڕانەکانی کۆمەڵگە لەلایەن تاکەکانەوە ناگۆڕدرێن.

بە پێی سپێنسەر تاکەکان تەنیا ئەوە جێبەجێدەکەن کە واقیعە کۆمەڵایەتییەکە بڕیاردەرێتی. هیتلەر تاوانبار نییە لە ڕووی مۆراڵەوە، ئەو تەنیا لە خزمەتی مەبەستێکی بەرزدا بووە کە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی بووە. لەلایەکی ترەوە هیتلەر لە گۆڕانکاریەکاندا ئەوەندە دەستی نەبووە، تەنیا بەسەر شەپۆلەکە کەوتووە و ئامڕازێک بووە بەدەست هەلومەرجە بابەتییەکەوە.

لەمە دەرئەنجامێک دێتە بەر کە سەرکردەکان بەرهەمی کۆمەڵگەکەی خۆیانن، واتە تاوانەکانیان لەڕووی ئەخلاقییەوە هێندە بەرۆکی خۆیان ناگرێت چونکە ئەوان تەنیا خواستەکانی ئەو مەبەستە باڵایەیان جێبەجێکردووە کە هەلومەرجەکانی گۆڕانی کۆمەڵگە سەپاندویەتی بەسەریاندا.

بەپێی سپێنسەر شۆڕش هەر ڕوودەدات، گەر هەلومەرجە بابەتییەکە لەباربوو، جا تاکەکان بخوازن یان نەخوازن.

جۆرج فرێدریک ڤیلهێلم هێگڵ Hegel:

١٧٧٠ـ١٨٣١

فەیلەسووفێکی ئەڵمانی بووە.

ئەو، ڕوداوە سیاسیەکانی وەکو ڕوحی کلتورێک دەبینی. بە پێی ئەو ڕوداوە سیاسیەکان بیری یان فیکرەی زەمەنی خۆیانن. ئەم جۆرە تێڕوانینانە یان ناونانانە بە ڕوح و بە بیر یان بە ڕوح و بە ئایدیا تێڕوانینی ئاینییان هەیە. ڕوح و فیکرەکە هەبوون، گرنگ نەبوو سەرچاوەکەیان کوێ بوو، گرنگ ئەوە بوو ئەوانە لە دەرەوەی مرۆڤ و ئیرادەی مرۆڤ بوونیان هەبوو. کەواتە گەر فیکرە و ڕوحی گۆڕانە سیاسیەکان بوونیان لەدەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ بێت ئەوا گۆڕانکاریەکان بابەتیانە و دوور لە کارتێکردن یان بڕیاری مرۆڤ ڕویان دەدا. بە پێی ئەمە هیچ سیاسەتمەدارێک نەیدەتوانی دەستکاری ئەو گۆڕانکاریانە بکات و کاربکاتە سەر ڕێڕەوەکەیان. سیاسەتمەدارە لێهاتووەکانیش تەنیا تێگەیشتنیان بۆ هەلومەرجەکە هەبووە و هیچی تر.

مارکس:

١٨١٨ـ١٨٨٣

لە بیستویەک ساڵیدا دکتۆرای هێناوە لەسەر فەلسەفە. دواتر لە گەڵ ئەنگلسدا فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالەکتیک و ماتریالیزمی مێژووییان هێناوەتە ئاراوە.

بە پێی مارکس گۆڕانەکانی کۆمەڵگە لە ڕووی بابەتییەوە پابەندن بەو گۆڕانکاریانەی کە لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن و، کە حەتمین، واتە هەردەبێت ڕووبدەن. گۆڕانە سیاسیەکانیش وابەستەن بەو هەلومەرجە بابەتیانەوە. واتە شۆڕش کاتێک ڕوودەدات کە هەلومەرجی بابەتی لەباربێت. کە ژێرخان گۆڕا سەرخانیش دەگۆڕێت.

٥

ئەوەی لە حەڤدەی شوباتدا لە کوردستان ڕووی دا، شۆڕش بوو، جا هۆکارەکانی هەرچییەک بووبن، بابەتی یان زاتی بووبن. ئەو گەنجانەی کەوتنە سەر شەقامەکان خواستەکانی گۆڕانکاری هێنانییە سەر شەقام و، سنگی پێکردن بە قەڵغان.

ئەو ناڕەزایەتییە زۆرەی لەناو ناخی تاکی کورد دا قوڵپی دەدا بە هۆی ستەمی دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی و دارودەستەکانیانەوە خەڵکی بردە مەیدانەکان و، سەرکوتکردنیشیان کاتییە. بەهاری کوردی پێش بەهاری عەرەبی کەوت بەڵام لە گەڵ بەهاری عەرەبیدا سەریهەڵدایەوە. بە تەواو بوونی بەهاری عەرەبیش تەواونابێت و هەر سەرهەڵدەداتەوە.

شۆڕشەکان خاڵی کوڵانن و هەلومەرجەکانی بەرەوپێشچوون و گۆڕانی کۆمەڵگە لە جێگەی خۆیاندا هەر کاری خۆیان دەکەن ئیتر ناویان بنێین بابەتی یان دەسیسەی تاک و کەسەکان.

خاڵی کوڵانێکی تر هەر سەرهەڵدەداتەوە.

گەر ئەمجارە شێوازی ئاشتیانەی گرتەبەر، بۆی هەیە لە ئایندەدا شێوازی تر بگرێتەبەر.

ماندێلا سەرەتا شێوە خەباتی ناتوندوتیژیی هەڵبژارد بەڵام دواتر گۆڕی بە خەباتی چەکداریی. ئەگەرەکان لە کوردستانیش جۆراوجۆرن.

سەرکردە کوردەکان گەر نالەباربن و دیکتاتۆر بن لەڕووی موڕاڵەوە بەرپرسی یەکەم خۆیانن، کۆمەڵگە لە کردەوەکانیان بەرپرس نییە. با کۆمەڵگەی کوردی دواکەوتوش بوبێت، ئەرکی سەرکردەی ڕونبین و پێشەوا ئەوە نییە خۆی بداتە دەست هەلومەرجە دواکەوتووەکە بەڵکو دەبێت ڕوو لە پێش بێت و بەرەو ئایندە بڕوانێت نەک بۆ دواوە. تاڵەبانی و بارزانی کە دێن دەرەبەگ و سەرەک خێڵ زیندوو دەکەنەوە، ئەمە چ خەتایەکی کۆمەڵگەی کوردی تیایە، ئەوان دەبوو هەلومەرجی خێڵ و عەشیرەتیان بگۆڕیایە بەرەو ئایندە و، دڵنیاییان بۆ تاکی خێڵەکان لە ڕووی مەدەنییەوە دابین بکردایە بۆ ئەوەی پێویستیان بە ویلائی خێڵ نەمێنێت، بە پێچەوانەوە هاتن و خێڵ و خێڵگەرییان زیندوکردەوە بۆ ئەوەی میللەت پەرت بکەن و خۆیان بمێننەوە. ئەقڵیەتی ئەوان خێڵەکیانەیە و لەگەڵ دامەزراوەدا ناگونجێت.

ماویەتی

چەند سەرچاوەیەک:
http://en.wikipedia.org/wiki/Herbert spencer

http://en.wikipedia.org/wiki/Karl_Marx

http://en.wikipedia.org/wiki/Georg_Wilhelm_Friedrich_Hegel





 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە