من كوڕى هەژارم ، ئەى تۆ سەرۆك.

Friday, 01/07/2011, 12:00

1476 بینراوە


من بە هەژارى لە دایك بووم و هەر بە هەژاریش بڕیارم داوە بژیم گەر ببمە خاوەن سامانترین سەروەتى دونیاش ، چونكە ئەوە وا لە من دەكات هەمیشە لە خەمى خەڵكى هەژار و كۆمەڵگادابم و هەمیشە لە گەڵیان بژیم و ئازاریان هەست پێبكەم ، كاتێ نەخۆش بووم سەردانیان بكەم و كاتێكیش لە خۆشى دابوون منیش خۆشى زیاتریان پێببەخشم و لەگەڵیان كەف و سەفا بكەم ، نەوەك لە دووریان بژیم و ئەوانەى راپۆرتم بۆ دەهێنن دەربارەى خەڵك درۆى گەورە بكەن و حاڵى هەژارانم لەبەر چاو ون بكەن و كۆمەڵگا بە بەهەشت وێنا بكەن و گرفتەكانیش بخەنە گۆڕەوە.
ئەمە گرفتى سەرەكى سەركردە و بەرپرسەكانى ئەم هەرێمە بێ ناز و گەندەڵەیە ، كە سامانى هێندە زۆرە بە قەدەر گەندەڵیەكانى ئەوانەى خۆیان بە شۆرشگێر لە قەڵەم دەدەن و ئامادەش نین ، هیچى كەسى تر قبوڵ بكەن و بینكەنە شەریكى بەرێوەبردنى كاروبارى هاوڵاتیان ، ئەمەش لەبەر باشى و چالاكى خۆیان نیە ، بەڵكو لەبەر ترسیانە لە ئاشكرا بوونى خیانەت و تاوانەكانیان لەبەرامبەر بەڵێن ، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەرپرسانى باڵا ، دەپرسن بێ ئەوەى چاوێكیان هەبێت بۆ ببنین ، سەیرى ڕاپۆرتەكان دەكەن بە بێ ئەوەى بەدواداچوونى بۆ بكەن و بزانن تا چەند ڕاست و چەندیش درۆیە ، لە بیرم نیە سەرۆك رۆژێك لە نێو گەڕەكێكى هەژاران بێت و خۆى سەیرى حاڵیان بكات ، ئەگەر هاتبێتیش بۆ ئەوە بووە كورسیەكەى بپارێزێت و فریوى خەڵكى كۆمەڵگاش بدات ، نەك بۆ ئەوەى بە چاوى خۆى حاڵى ناهەمووارى هاوڵاتیان سەیر بكات و یوسف ئاسا بڕیار بدات و كۆمەڵگا لە كاهینەكان پاك بكاتەوە و رێز و شكۆش بۆ خەڵكى هەژارى كۆیلەدار بگەڕێنێتەوە ، ئەمە لەبەر ئەوە نیە كە تواناى نیە بەڵكو لەبەر ئەوەیە دەست و پێوەندەكانى كە لەسەر یەك خوان لە حیزب لەگەڵى هاوڕان ، لە كۆمەڵگا وێنەى گورگ كەوتوونەتە گیانى هەژاران و یاساكان پێشەڵ دەكەن و بەسەر خەڵكى بێ پشتیش چەسپى دەكەن.

بۆیە دەمەوێت لە سەرۆك بپرسم؟؟ ئایا تۆ كوڕى هەژاریت ، من بە تۆ ئەڵێم كوڕى هەژارم ، داواش لە هەموو سەركردەیەك ئەوەیە ، وێنەى عومەرى كوڕى خەتاب هەژارانە بژیت و دەوڵەمەند بێت لە حوكم كردن ، نەك بە پێچەوانەوە؟.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە