سیستەمى كۆنفیدڕاڵى گونجاوترین دروشمى قۆناغەكە وئایندەى سیاسى كوردستان وعێراقە..

Monday, 24/03/2014, 12:00

1186 بینراوە








v مەسەلەى كورد ماوەى 100 ساڵێكە بۆتە مەسەلەیەكى گەورە و گرنگ و مەترسیدارى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و چارەسەركردنیشى لەو ماوەیەدا بۆتە خەون بۆ كورد و مۆتەكەش بۆ ڕژێمە سەردەستەكانى كە كورد و كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە. لەلایەك كورد بە بەردەوامى لەخەبات و شۆڕش و ڕاپەڕیندا بوە بۆ وەدەستهێنانى مافە ڕەواكانى خۆى لەسەربەخۆیى یان لانى كەم دیاریكردنى چارەنوسى بە ئازادى، لەولاشەوە ڕژێمە سەردەستەكانى ناوچەكە بە پشتیوانى زلهێزەكانى دونیا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەمیشە لە بۆسە و پیلانداناندا بوون بۆ سەرنەگرتنى هەوڵ و خەباتى كورد و هەمیشە مەسەلەى كوردیان لێ بۆتە مۆتەكە و دێوەزمە و هیچ كات هەستیان بە ئارامى و ئاسایشى دەوڵەت و دەسەڵاتەكانیان نەكردووە.
كورد لەماوەى ئەو سەد ساڵەدا پەناى بردۆتە بەر شۆڕشى چەكدارى و ڕاپەڕینى جەماوەرى و خەباتى سیاسى و پەڕلەمانى و مەدەنى و لەهەر قۆناغێكیشدا دروشم و ئامانجى گونجاو و لواوى بۆ ئەو قۆناغانە هەڵگرتوە. هەر لە لامەركەزیەوە تا حوكمى زاتى و فیدڕالێەت و مافى چارەى خۆنوسین. بەمەبەستى خۆگونجاندن و پێكەوە ژیان لەگەڵ گەلانى ناوچەكەدا لە چوارچێوەى یەك وڵاتدا.كەهەموو ئەم دروشم و سیستەمە سیاسیە ئیداریانە كە كورد داواى كردوون لە قۆناغە جیاوازەكاندا دەچنە چوارچێوەى ((مافى چارەى خۆنوسینەوە)) كە بریتیە لە ((هەڵبژاردنى سیستەمى سیاسى وڵاتیك یان گەل و نەتەوەیەك بۆ دەسەڵاتدارى بە ویست و ئیڕادەى ئازادى خۆى دوور لە بەكارهێنانى فشار و زەبر و زەنگى دەرەكیەوە)).
v مافى چارەى خۆنوسین لە مێژوودا : بۆ یەكەم جاریش لە سەدەى شانزەهەمدا لەدەستورى سەربەخۆیى ئەمریكیدا لە ساڵى 1776دا نوسراوە، و دواتریش لە بەیاننامەى مافەكانى مرۆڤى فەڕنساشدا لە ساڵى 1789دا هاتوە و یەكەم كەسێك كە زاراوەى مافى چارەنوسى داهێنا بریتیى بوو لە سەرۆكى ئەمریكا ((وودرۆ ویلسۆن)) لەدواى جەنگى جیهانى یەكەمەوە,هەرچەندە پێشتر زاراوەى هاوشێوە بەكاردەهێنرا.هەروەها بنەماى مافى چارەنوس یەكێك بوو لە بنەماكانى ڕێكەوتنى ڤێرساى لە فەڕەنسا لەنێوان وڵاتە بەشەڕهاتوەكانى جەنگى جیهانى یەكەمدا.لە پێناو نەهێشتنى ئیستیعمار و سەربەخۆبوونى وڵاتانى ئاسیاو ئەفریقیا لە سەدەى بیستدا.ڕێكخراوى نەتەوە یەكگرتوەكانیش لە ساڵى 1957دا و بە بڕیارى 1181 مافى چارەنوسى لە بنەمایەكى یاساییەوە گۆڕى بۆ ماف و هەموو ئەندامەكانیشى پابەند كرد كە ڕێز لەو مافە بگرن.
v كورد لە دواى جەنگى دووەمى جیهانیەوە و لە یەكەم ئەزمونى دەسەڵاتدارێتى خۆیدا لە كۆماى مهاباددا و لەلایەن حیزبى دیموكراتى كوردستانەوە دروشمى دیموكراسى بۆ ئێران و خودموختارى بۆ كوردستانى بەرزكردەوە و لە ساڵەكانى شەستیشەوە لە باشورى كوردستان و لەسەردەمى شۆڕشى ئەیلولیشدا بە ڕابەرایەتى پارتى دیموكراتى كوردستان بەهەمان شێوە دروشمى دیموكراسى بۆ عێراق و حوكمى زاتى بۆ كوردستان بەرزكرایەوە و ئەم دروشمە لەلایەن پارتیەوە تا ساڵى 1992 هەر بەردەوام بەرزكراوەتەوە , بەڵام لە ساڵى 1975 وە و هەڵایسانى شۆڕشى نوێى گەلى كورد لە باشوور بەڕابەرایەتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان دروشمى مافى چارەى خۆنوسین لە پاڵ ئاشتى و دیموكراسیدا بەرزكراوەتەوە و لەناوەڕاستى هەشتاكانیشدا هەر لەلایەن یەكێتیەوە بیرۆكە و دروشمى فیدڕاڵیەت وەك قۆناغێكى باڵاتر لە حوكمى زاتى هێنرایە ناو ئەدەبیاتى شۆڕش و داواكاریەكانى كوردەوە، ئەوەبوو دواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى 1991 و پاشان هەڵبژاردنى پەڕلەمانى كوردستان لە 19/5/1992 و دواتر دامەزراندنى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە 4/ 7/ 1992دا و لە پاش 3مانگ لە پێكهێنانى حكومەتى هەرێمى كوردستان و لە 4/10/1992 لەلایەن پەڕلەمانى كوردستانەوە دروشمى فیدڕاڵیەت پەسەندكرا وەك شێوەیەك بۆ ڕێكخستنى پەیوەندى نێوان هەرێم و حكومەتى مەركەزى لە بەغدادا و بەكۆى دەنگى هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنە عەرەبیە عێراقیەكانیش بنەماى فیدڕاڵیەت بۆ عێراقى ئایندە پەسەندكرا.ئیدى لەو كاتەوە كە ماوەى 22 ساڵە دروشمى فیدڕاڵى بەرزكراوەتەوە و لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسیش لە 9/4/2003دا ئیدى بە عەمەلى سیستەمى سیاسى دەوڵەتى عێراقى نوێ بە فیدڕاڵیەت و پەڕلەمانى و دیموكراسى كەوتنە وارى پیادەكردنەوە دواى پەسەندكردنى دەستورى هەمیشەیى عێراق لە ساڵى 2005وە.
بەڵام لەماوەى 11 ساڵى ڕابووردوودا كە هێزە عەرەبیە ئۆپۆزسیۆنەكانى براى دوێنێ و دەسەڵاتداران و دوژمنانى ئەمڕۆ، لەكاتێكدا هەستیان بە ئەستورى باسك و هێزى خۆیان كرد لە بەغداد كەوتنە دژایەتیكردنى بنەماكانى فیدڕاڵیەت و بەهۆكارى پارچە پارچەبوونى عێراقیان دایە قەڵەم بە شیعە و سونەیانە و داواكارى هەمواركردنى دەستوریان دەكرد و گەرەكیان بوو كە جارێكى دیش عێراق بگێڕنەوە بۆ سیستەمى تاكڕەوى و شمولى و تەنانەت مەزهەبیش. و هەر ڕۆژە و بە بیانویەكەوە فشار و تەنگژەى سیاسى و ئابورى و سەربازى دەخوڵقێنن بۆ كوردستان و ئەو سیستەمە سیاسیەى كە كورد و عەرەب پێكەوە گرێدەدات لە عێراقدا. هەربۆیە سیستەمى فیدڕاڵى كە كورد بە حەزو و ویستى خۆى قبوڵى كرد و چەسپاندیشى لە عێراقى نوێدا وەك نیاز پاكیەك بۆ پێكەوە ژیانى گەلانى عێراق ، بەڵام ئەوەى كورد گەرەكى بوو دەستیكەوێت لەو سیستەمە وەدینەهاتوو و پێینەگەیشت.
v پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئایا كورد دەتوانێت چیدى لە سایەى سیستەمى فیدڕاڵیدا لەگەڵ بەغدادى مەركەزدا پێكەوە بژین؟ ئایا هیچ ڕێگا چارەسەرێكى دى نیە بۆ پێكەوە ژیان؟ و دەیان پرسیارى تریش..
گەر بە ویژدان و بەدیقەتەوە لە ئەزمونى ئەو 11 ساڵەى ڕابووردوو بڕوانین ڕاستەوخۆ هەست دەكەین كە سیستەمى فیدڕاڵى لە عێراقدا بە شێوە ڕاست و دروستەكەى پیادەنەكراوە و نەچەسپاویشە و ڕێگرى و لەمپەڕى گەورەى لەبەردەمدا دروستكراوە و نیەتێكى ڕاستگۆ و ڕاستەقینەش هەست پێناكرێت بۆ سەرخستن و پێشخستنى لەلایەن دەسەڵاتدارانى بەغدادەوە و هەربۆیە بە پیلان بوبێت یان نا ساڵ بەساڵ كورد و عەرەب لەیەكتر دووردەكەوتنەوە و تەنگژەكانیش قوڵتر و كێشەكانیش بە چارەسەرنەكراوى دەمانەوەو تا لە ئێستادا هیچ كێشەیەكى بودجە و نەوت و هێزى پێشمەرگە و مادەى 140ى دەستور جێبەجێنەكراون و كێشەكان گەیشتونەتە ترۆپك و نزیك لە تەقینەوە و پیادا هەڵپژانى یەكترى و ڕووبەڕووبونەوەى سەربازى.
هەربۆیە ئا لێرەوە گەڕان بە دواى ڕێگاچارەیەكى گونجاو و شیاوتر لە فیدڕاڵیەت بۆتە كارێكى زۆر پێویست بەتایبەتى لەلایەن كوردەوە و ناتوانرێت چیدى درێژە بەم جۆرە سیستەمە بدرێت لە عێراقدا چونكە وەڵامدەرەوەیەكى بەهێز نەبوو بۆ داواكارى و مافە ڕەواكانى كورد، ئەو ڕێگارچارەیەش هەنگاوێك باڵاترە و بریتیە لە سیستەمى كۆنفیدڕاڵى.
سیستەمى كۆنفیدڕاڵى چییە؟
بریتیە لە پەیوەندیەك كە ئەندامەكانى بریتین لە وڵاتانى سەربەخۆ و خاوەن سەروەرى. و بەپێى ڕێكەوتنێكى پێشەكى هەندێ دەسەڵات دەدرێتە دەستەو لیژنە هاوبەشەكان بۆ ڕێكخستن و هەمئاهەنگیكردن لە سیاسەتەكانیاندا لە گەلێك بواردا. بەبێ ئەوەى ئەو كۆبونەوەیە وڵاتێك یان كیانێك دروست بكات. بەشێوەى سیستەمى فیدڕاڵى كە لە وڵاتێكدا چەند ولایەتێك یان پارێزگایەك هەیە.
كۆنفدڕاڵیەت ڕێز لە بنەماى سەروەرى نێودەوڵەتى ئەندامەكانى دەگرێت و لە ڕوانگەى یاساى نێودەوڵەتیشەوە دروست دەبێت بە پێى ڕێكەوتنێك و هەمواریش ناكرێت تەنها بە كۆى دەنگى ئەندامەكانى نەبێت.
لە سیاسەتى سەردەمیشدا، كۆنفیدڕاڵیەت بریتیە لە یەكێتیەكى هەمیشەیى لە نێوان وڵاتانى خاوەن سەروەرى بۆ كاروبارى هاوبەش لەگەڵ یەكتریدا وەك بەرگریكردن و سیاسەتى دەرەوە و دراوى هاوبەش و ...هتد.ناسراوترین كۆنفیدڕاڵیەتیش یەكێتى ئەوروپا و جامیعەى عەرەبیە.
بۆیە لەم قۆناغەدا و بۆ ئایندەش كۆنفیدڕاڵیەت بۆ كورد بە پلەى یەكەم و بۆ عێراقیش بە پلەى دووەم، گونجاوترین و شیاوترین دروشم و سیستەمى حوكمە بۆ پێكەوە ژیان دوور لە كێشمەكێش و ململانێ و ناكۆكى و بەكارهێنانى زەبر و زەنگ.چونكە هەریەكە لە كورد و عەرەب دەبنە دوو وڵاتى خاوەن سەروەرى و سەربەخۆ و بە پێى ڕێكەوتنێك هاوكارى و هاوبەشى یەكتر دەكەن لە هەندێ مەسەلەدا كە بە قازانجى هەردوولایانە و دواتریش هەر یەكێكیان ویستى كە جیاببێتەوە و درێژە بەو ڕێكەوتنە نەدات ئەوا بە ئاسانى دەتوانێت جیاببێتەوە و هەردوولایان ڕووبەڕووى چارەنوس و قەدەرى خۆیان دەبنەوە.
ئاشكراشە هەروەك چۆن سیستەمى فیدڕاڵیش و هەموو سیستەمێكى تریش كەموكوڕى و ناتەواوى تیادایە، ئاوهاش كۆنفیدڕاڵیەتیش كەموكوڕى تیادایە بە تایبەتیش بۆ كورد چونكە هەركاتێك ویستى جیاببێتەوە و لەو یەكێتیە ئارەزومەندانەیە بێتە دەرەوە و ببێتە دەوڵەتێكى سەربەخۆ و ئازاد، ئایا دەتوانێت لەم ناوچە گەرمەى دونیادا كە لە ڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە شڵەقاوە و كەوتۆتە ناوەڕاستى وڵاتانى سەردەستەوە و دوژمنى زۆر و دۆستى كەمى هەیە، لەسەر پێى خۆى بوەستێت و بتوانێت بەرگەى فشارە سیاسى و ئابوریەكان بگرێت و بەرگرى لەمان و بوونى خۆى بكات؟
پێشەكى كورد دەبێت لە ڕووى سیاسى و ئابورى و پەیوەندیە نێودەوڵەتى و ناوچەیى و هێزەوە خۆى تۆكمە و دابڕێژێت و ژێرخان و بناغەى ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەى كە دڵخوازێتى بینا بكات و لەناو خۆشدا ئیجماعێكى سیاسى و جەماوەرى بێنێتە ئاراوە و كۆدەنگیەكى بەهێز و پتەو دروست بكات.و یەكڕیزى نیشتیمانى و نەتەوەیى كوردان بەرجەستە بكات، چونكە گەر وانەكات مەحاڵە وڵاتانى سەردەستى ناوچەیى لێگەڕێن بە سانایى كورد وەدووى خەون و خەیاڵەكانى خۆیدا بكەوێت و بگاتە سەربەخۆیى و دەوڵەتى نەتەوەیى سەربەخۆى خۆى دابمەزرێنێت.بەڵام خۆ ناشكرێت تاهەتاهەتایە كورد لە ژێر دەستەیدا ژیان بگوزەرێنێت و لە ژێر هەڕەشەو گوشار و فشارى بەغداد و تاران و ئەنكەرەو دیمەشقدا بێت.
بۆیە هەوڵدان بۆ چەسپاندن و بەرزكردنەوەى دروشمى كۆنفیدڕاڵیەت لەم قۆناغەدا بۆتە زەرورەت و كاتەكەشى و هۆكارەكانیشى لەبارن ، لەلایەكى تریشەوە با ئەم ئەزمونەش تاقیبكرێتەوە و ڕاى گشتى جەماوەریشى بۆ ساز و ئامادە بكرێت و خەباتى كوردایەتیش لە ئێستا و ئایندەشدا لە پێناو چەسپاندنى كۆنفیدڕاڵیەتدا بێت و بەمەش هەنگاوێكى تر لە سەربەخۆبوونى تەواو نزیك دەبینەوەو ئیدى بۆ هەتاهەتایە كورد لە عێراق و وڵاتانى تر ڕزگارى دەبێت و نەتەوەى كوردیش بە تەواوى ماف و داواكاریە ڕەواكانى شاد دەبێت و لە زوڵم و زۆردارى و داگیر و دابەشكراوى سەدساڵەى ڕابووردووى ڕزگارى دەبێت.


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە