پەرلەمانتار

Wednesday, 16/12/2009, 12:00

2066 بینراوە


سروشتی مرۆڤ ئەگەر ڕێڕەوە راستەقینەكەی خۆی و بنەماكانی دیموكراتی لەهەمبەری بێتە پراكتیزەكردن ،ئەوا دەبێ پەرلەمانتار بە مانا راستەكەی نوێنەری گەل بێت و هەڵوەستە لەسەر تەواوی شێوازە جۆراو جۆرەكانی ویستی مرۆڤ بكات.لەم وڵاتەی لەمەڕ خۆمان كە تاوەكو ئێستا پێی دەگوترێ هەرێم (3) خولی پەرلەمانی تیادا بەڕێوە چووە ئەم (3) خولەش هەریەكە و (110) ئەندامی تیادا بووە واتا سەرجەمی (330) ئەندام لەم (3) خولە بەناو نوێنەری ئەم خەڵكە بوونەو بەشێوە سروشتیەكەی خۆیشی 12 ساڵی رەبەق نوێنەری خەڵك بوونە لە ئەپارتمانێك كە پێی دەگوترێ پەرلەمان ،بەڵام لەبەرئەوەی وڵاتی ئێمە بە قۆناغی جیا جیا تێپەڕیوە تایبەت لە وەتای پەرلەمان و حكومەتی كوردى لە دوای 1991 ەوە هاتۆتە بوون (3) خولی پەرلەمانی ئێمە نزیكەی (21) ساڵی دەخایەنێ.دەمانەوێت بڵێین كە كاری هەرە سەرەكی پەرلەمانتار لە دەرەوە گوێ گرتنە لە ناوەوەش قسەكردن، بەڵام بەداخەوە زۆرێك پەرلەمانتارانى ئێمە هەموو هۆش و خەیاڵیان(لە دەرەوە پشودان و لە ناوەش وەرگرتن !)بوە نەك ئەوە بەڵكو خۆی پێ نوێنەری خەڵكییش نییە جگە لە لایەنەكەی كە كاندیدی كردووە،خۆ ئەگەر خۆی بەلایەنی سیاسیش ئەژمار بكات بێ گومان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لایەنە سیاسیەكانیش نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن لە ئان و ساتی هەڵبژاردن و پروپاگەندە. لێ مخابن پەرلەمانتارانی ئێمە لە كرۆكی گرنگی كارەكەی خۆیان بەشێوەیەك لە شێوەكان نەگەیشتوون و بۆچوونی زۆربەیان پێچەوانەی كارەكەیانە ئەگینا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبێ كامە فراكسیۆن و پەرلەمانتارچۆتەناو جەماوەرو پێی بڵێ كێشەكەت چیە؟كامە پەرلەمانتارو فراكسیۆن بەحكومەتی گوتووە فڵانە چین و توێژ و گەڕەك و بازاڕ و بازرگان،ئەوە كێشەكەیانە، تۆ دەبێ بێی ڕونكردنەوەم بدەیتێ نەخاسمە حكومەتەكە لیستی براوە پێكی هێنابێ.
بەبرواى من ئەگەر(نوێنەرانى گەل)بەم شێوەیە مامەڵە بكەن دەیان كابینەى تر پێك بهێندرێت و دەیان خولى دیكەى هەڵبژاردنى پەرلەمان ساز بكرێ درز و كەلێنەكانى نێوان دەسەڵاتى سیاسى و خەڵك قوڵتر دەبێتەوە.
بەداخەوە هەستی پەرلەمانتار تا ئێستاش ئەو هەستەیە كە خۆی بە بچووكتر لە هێزی حكومەت پێشان دەدات لە كاتێكدا پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەتوانن حكومەت پێك بهێنن و هەڵیوەشێننەوە بەمەرجێك بەماناى ووشە نوێنەرى گەل بن و هێزى لەبن نەهاتووى خەڵكى لە پشتەوە بێت.هەڵبەتە ئەو گرێ دەروونیەی لای پەرلەمانتار لە خۆوە نەهاتووە بەڵكو ئەوە لایەنە سیاسییەكان تایبەت دەسەڵاتدارەكانن بە پەرلەمانتار دەڵێن تۆ دەبێ بەرژەوەندی حزب لە سەرووی بەرژەوەندی كۆمەڵگە و هەموو پرسەكانی دیكەدا بزانی،لێرەدا پەرلەمانتار نابێت ئەو ئەركە قورسە بخاتە سەر شانى خۆى و ئەركە پیرۆزە سەرەكیەكەى خۆى كە نوێنەرى گەلە لە یاد بكات.
هەر چۆنێك بێ دەبێ لەمە بەدوا پەرلەمانتاران لە بینایەی پەرلەمان بێنە دەرو لە برك و ژانەكانی ئەم میللەتە هەمیشە ستەم دیدەیە بكۆڵنەوەو گوێ بگرن لە پێداویستییە زۆرو زەوەندەكانی جەماوەر.هەروەك چۆن لە نێو پەرلەمانیش دەبێ وێنای داخوازییەكانی جەماوەر بكەن و بێنە گۆ.بۆیە جاریكی دیكە دەڵێین پەرلەمانتاران لە دەرەوە كاریان گوێ گرتنە و لە ناوەوەش كاریان قسەكردنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە