خوێندنەوەیەك بۆ كۆنگرەى سێیەمى یەكێتى و ئەنجامەكانى .

Wednesday, 16/06/2010, 12:00

1219 بینراوە


سەرەتا لەماوەى 35 ساڵ تەمەنى یەكێتیدا تەنها 3 كۆنگرەى گشتى بەستراوە لە ساڵەكانى 1992 و2001 و2010دا و 4 پلینۆمى بەستوە لە ساڵەكانى 1990 و1995 و2007 و2009دا و 2 كۆنفرانسیشى گرتوە لە 31/8 تا 12 /9/1977 و 2-18/3/1980دا. كە بۆخۆى ئەمە جێگەى پرسیار و تێڕامانە كە ڕێكخراوێكى سیاسى بەناو سۆسیال دیموكرات و عیلمانى و پێشكەوتوخواز و دیموكراسى پەروەر لەماوەى 35 ساڵدا 3 كۆنگرە ببەستێت, خۆ ئەگەر بە 3 ساڵ جارێك كۆنگرەى ببەستایە ئەوا دەبوو 11 بۆ 12 كۆنگرەى بگرتایە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئایا نەبەستنى كۆنگرەكان لەكاتى خۆیدا ڕێكەوت بوە ؟ یان لەبەر بارودۆخى ناهەموارى ناوخۆیى و ناوچەیی بوە؟ یانیش بە پیلانى سەركردایەتیەكەى بوە؟
زۆربەى لێكدانەوە وبۆچونەكانیش بۆ ئەوە دەچن كە بە نیاز و پیلانى پێشوەخت بوە, تەنها بۆ ئەوەى زۆرترین ساڵ سكرتێر و سەركردایەتیەكەى((پاسەوانانى كۆنى)) یەكێتى لە دەسەڵاتدا بمێننەوە, كە لە ئێستادا سكرتێرى یەكێتى 35 ساڵە سكرتێرەوە و ئەندام مەكتەب سیاسیش هەیە لە نێوان 15 بۆ 20 بۆ 30 ساڵ و زیاتر ئەندامى مەكتەبى سیاسیە.. كە ئەم مۆدێلە تەنها لە حیزبە ستالینیەكان و شمولى و تاكڕەو و خۆسەپێن و نادیموكراتیەكاندا باوە نەك حیزبە لیبڕاڵ و دیموكرات و سۆشیال دیموكراتیەكاندا.
ئەوەى لێرەدا مەبەستمانە, خوێندنەوەیەكى كورتى سەرپێیە بۆ كۆنگرەى سێیەمى یەكێتى و ئەنجامەكانێتى. سەرەتا وەك باسمان كرد یەكێتى تەنها 3 كۆنگرەى گشتى بەستوە. هەر كۆنگرەیەكیش ماوەى چەندین ڕۆژى خایاندوە . ئەوەتا كۆنگرەى یەكەم لە 27/1/1992 تا14/2/1992ى خایاندوە واتە 18 ڕۆژ و كۆنگرەى دووەمیش لە 30/1 تا 5/2/2001 واتە 7 ڕۆژ و كۆنگرەى سێیەمیش لە 1/6 تا 12/6/2010دا واتە 12 ڕۆژ.
یەكێتى ڕێكخراوێكى سیاسیە لە هەرێمى كوردستانى عێراقدا كە ژمارەى دانیشتوانى هەرێم نزیكەى 5 ملیۆن كەسە و لە نێوانیشیاندا ژمارەى ئەندام و لایەنگران و پێشمەرگەى یەكێتى نزیكەى تەنها 500 هەزار كەس دەبێت.جا بەم قەبارە بچوكەوە كۆنگرەكانى وادوابكەوێت وبۆ ئەم ماوە دوور و درێژانە ببەسترێت , ئەى گوایە ئەگەر لە جیاتى حیزبى شیوعى چینى یان حیزبەكانى كۆنگرەى نیشتیمانى و بەهاراتا جاناتاى هندى بوایە بەچەند ڕۆژ كۆنگرەى تەواو دەكرد كە ژمارەى دانیشتوانیان لە سەرو ملیار كەسەوەن و ژمارەى ئەندامانیشیان بەگشتى بە ملیۆنان ئەندام دەبێت.كاتێك ئەوان خاوەن دەوڵەتانێكى زلهێزى سیاسى و ئابورى و بازرگانى و خاوەن كێشە و ململانێى گەورەى نێودەوڵەتین.
كۆنگرەى سێیەمى یەكێتى لە 1/6/2010 دا دەستى پێكرد و ڕاگەیەنرا كە بەبەشدارى تەنها 1500 ئەندام و چاودێر دەبەسرێت كەچى لە بەروارى 13/6/2010دا كاتێك ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى سەركردایەتى ڕاگەیەنرا كە 1619 كەس دەنگى داوە و تەنها 1546 دەنگ پەسەندكراوە و 73 دەنگیش پوچەڵ كراوەتەوە. واتە لە نێوان 1/6 بۆ 13/6 . 119 دەنگ زیادى كردوە.پرسیار ئەوە. ئایە ئەم دەنگانە لە كوێوە هاتوون و چۆن بونەتە ئەندامى كۆنگرە و كێ و چ باڵێك هێناویەتى و بۆ چ مەبەستێك هاتوون؟
لەو ئەنجامەدا هاتووەكە: بەڕێز مام جەلال بە زۆرینەى دەنگ و بەبێ هەڵبژاردن بۆتەوە بە سكرتێر , هەر ئەویش هەردوو بەڕێزان ((كۆسرەت ڕەسول و د. بەرهەمى)) پاڵاوتوە بۆ سەركردایەتى وئەندامانى كۆنگرەش پەسەندى كردوون بێ هەڵبژاردن.هەر لەهەمان ڕۆژیشدا بە پێچەوانەى پەیڕەوى ناوخۆى نوێى یەكێتیەوە سكرتێرى گشتى ئەو دوو بەڕێزەى دیاریكرد بە جێگرى خۆى كە دەبوایە لە ناو ئەندامانى سەركردایەتیدا بونایەتە مەكتەب سیاسى و دواتریش بۆى هەبوو بیكردنایەتەوە بە جێگرى خۆى.
سەرەتا بەنیازبوون كە 35-40 ئەندامى سەركردایەتى هەڵببژێردرێت بەڵام دواتر بوە 45ى بنچینەیى و 5ى یەدەگ واتە 50 ئەندام سەركردایەتى. ئەمەش لەلایەك بۆ جێكردنەوەى هەندێ كەس و دڵڕازیكردنى هەندێكى تر و هێوركردنەوەى ململانێى باڵەكان و پەیڕەوكردنى بنەماى تەوافوقى سیاسى كە لە بنچینەدا پێچەوانەى دیموكراسیەتە.
ڕێكخراوێكى وا بچوكى لەناو هەرێمێكى بچوكتریشدا ئەم ژمارە زۆرەى سەركردایەتى بۆچیە لەكاتێكدا یەكێتى حیزبى یەكەم و باڵادەستى ڕەهاى كوردستان نیە و لە قۆناغى پێش كۆنگرەشدا ژمارەیەكى زۆرى ئەندام و لایەنگرانى لێجیابۆوە. پێویست وابوو ژمارەى ئەندام سەركردایەتیەكانى كەمبكردایەتەوە نەك زیادى بكات و لەو قۆناغەى پێشووشدا هەندێ لە سەركردایەتیەكان هیچ پۆست و مەهامێكیشى نەدراوبویە لەگەڵ ژمارەشیاندا. ئەى خێرە لە ئێستادا لە ڕووى ژمارە و بڕواوبون بە یەكێتیبون وپتەوى ڕیزەكانیشیەوە بەرەو كەمبونەوە و لاوازبوون و درزتێبوون دەچێت. ئەم هەموو سەركردایەتیەى هەڵبژاردووە.یان ئەمەش پیلانێكى ژێر بەژێرى لە پشتەوەیە كە تەنها لەلایەن پیلانڕێژ ودەستڕۆیشتوەكانى ناو یەكێتیەوەدەیزانن((لسبب فى نفس یعقوب)).
سەركردایەتى نوێى _كۆنى یەكێتى
یەكێتى لە قۆناغى پێش كۆنگرە, 6 ئەندام مەكتەب سیاسى و 4_5 ئەندام سەركردایەتى لێجیابۆوە. جگە لەوانە لەم كۆنگرەیەدا هەموو مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیە كۆنەكان هەڵبژێردرانەوە جگە لە 8 سەركردایەتى نەبێت و 3 مەكتەب سیاسیش كە ئەوان بۆ خۆیان خۆیان هەڵنەبژاردەوە بۆ سەركردایەتى ((كە ئەگەر بیانویستایە ئەوا بە سانایى دەردەچونەوە)).
لەئێستادا كە 45 سەركردایەتى بنچینەیى هەیە:
22 كەسیان دووبارەن و تەنها 23 سەركردایەتى بەناو نوێن. واتە نیوەى تەواوى سەركردایەتى ئێستا كۆنن. ئەو 23 كەسە نوێیەش, 14 كەسیان لەماوەى 19 ساڵى دواى ڕاپەڕیندا لێپرسراوێتى گەورەیان هەبوە وەك((لێپرسراوێتى مەڵبەندەكان و جێگر و ئەندام پەڕلەمان و لێپرسراو مەكتەب و ئەندام مەكتەب و بەڕێوەبەرى گشتى و وەزیر و ...هتد)).تەنها 8 كەسیان زۆر نوێن لەناو یەكێتیدا كە ئەوانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان لێپرسراوێتیان هەبوە لەناو یەكێتیدا وەك((وەزیر و ئەندام پەڕلەمان و لەبنەماڵەى سەركردەكانى یەكێتى بوون))لەنێو ئەم بەناو سەركردە نوێیانەدا كەسى واى تیادایە بۆ ڕۆژێكیش یەكێتى نەبوە و كارى سیاسى و حیزبایەتیان نەكردوە لە ئۆرگانێكى یەكێتیدا. ئەگەر لێشیان بكۆڵیتەوە مەرجى سەركردایەتیشیان تیادا نیە چونكە وەك دیاریكرابوو دەبێت 7 ساڵ ئەندامى یەكێتى بوبێت, هەیانە كە ئەگەر بشبوبێتە یەكێتى لە 7 ساڵ كەمترە. كەواتە بونە سەركردایەتیەكەى ناشەرعیە. بەتایبەتیش لەناو ژنەكاندا.
ئیدى بەم سەركردە بەناو نوێیانەوە كە هەموانیان لە بنچینەدا كۆنن لە عەقڵ و كار و كردەوایاندا لەناو یەكێتیدا.ئایا دەتوانن بەم عەقڵ و توانا و ڕابوردوویەیانەوە بتوانن پڕۆسە گەورە و گرنگ و زۆر هەستیارەكەى چاكسازى و نوێبونەوە ئەنجام بدەن لەناو یەكێتیدا و بتوانن یەكێتى ڕزگاربكەن لەو هەموو قەیرانەى پێش و پاش كۆنگرە.
كۆنگرە و ژنان
یەكێتى لەساڵى 1992وە بۆتە ڕێكخراوێكى سۆسیال دیموكرات و لەساڵى 2004 یشەوە بۆتە ئەندامێكى هەمیشەیى ڕێكخراوى سۆسیال ئەنتەرناسیناڵ واتە ماوەى 19 ساڵە. بەڵام بەدرێژایى ئەم ماوەیە نەیویست یان نەیتوانى یان بڕواى نەبوو بەوەى كە ژنان بێنێتە سەركردایەتیەكەیەوە؟ یان بەڕاستى ژنانى بەتوانا و لێهاتوو وخاوەن خەبات نەبوون لەناو یەكێتیدا؟
ڕاستیەكەى وادیارە لەلایەك بڕواى بەتوانا و لێهاتووى ژنان نەبوە و لەلایەكى تریشەوە نەیدەویست هەموو ژنێك ببێتە سەركردە, بەڵام لە ئێستادا و لە ژێر فشارى ڕێكخراوى SIدا , 9 ژنى بەرزكردەوە بۆ سەركردایەتیەكەى كە هەندێكیان نەك شایستەى سەركردایەتى بەڵكو شایستەى ئەندامێتیشى نیە لەناو یەكێتیدا, چونكە خاوەن خەبات و ڕابووردوو لێهاتووى نین و تەنها بۆ جوانكردنى سیماى یەكێتیە لەبەردەم ئەو ڕێكخراوەدا.ئاشكرایە سۆسیال دیموكراتەكان لەسەر بنەماى كارى پێكەوەیى و ئازادى و دیموكراسى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى كاردەكەن . بەڵام یەكێتى نە لە كار و سیاسەتى ڕۆژانەیدا و نە لەم هەڵبژاردنەى سەركردە ژكانیشدا عەدالەتى پیادە كردوە و جارێكى تریش زوڵمى گەورەى لە ژنە تێكۆشەر و خاوەن خەباتەكان كرد. بەوەى ژنى بێتوانا و نا یەكێتى كردە هاوشانیان و سەركردەیان.
كۆنگرەو گەنجان
لە كۆى ئەو 45-50 سەركردایەتیە, هەموانیان تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵیەوەیە. ئەمەش ماناى وایە عەقڵ و تەمەن كۆنەكان و پیرەكان زاڵترن لە سەركردایەتیدا نەك گەنجەكان. هەربۆیەش ئەمجارەش گەنجان و لاوان بێبەشكران لە بەشداریكردنى سەركردایەتى یەكێتیدا كە كۆنگرە لە ژێر ناونیشانى((بەرە و گۆڕانكاریكردن و چەسپاندنى یەكێتى ناو یەكێتى)) بەسرابوو.
من بەش بەحاڵى خۆم بڕوام وایە بەم عەقڵ و تەمەن و توانا كۆنانەوە گۆڕانكارى ڕاستەقینە ناكرێت بەبێ بوونى گەنج و توانا و خوێن و بیرى نوێ.
كۆنگرە و ململانێى باڵەكان
یەكێتى هەر لەسەرەتاى دامەراندنیەوە لە 1/6/1975وە, وەك شانازیەك باسى دەكەن كە یەكێتى لە چەند باڵ و فكر و ڕێكخراوى جیاواز پێكهاتووە. بەڵام هەر ئەو باڵ و ڕێكخراوە جیاوازانە ماكى لاوازى و بێهێزى و دووكەرتبوون و ئەنجامیش بچوكبونەوەى یەكێتى بوون لە ڕابوردوو ئێستا و ئایندەشدا.یەكێتى وەك دەڵێن ((بەشیرەوە ململانێى ناوخۆیى و باڵە جیاوازەكانى خواردووە)). هەربۆیە ناتوانێت لەناسكترین قۆناغدا واز لەو خوە شیریەى بهێنێت. هەربۆیە لە كۆنگرە و دواى جیابونەوەى باڵى نەوشیروان مستەفاشدا 2 باڵ یان 3 باڵى جیاواز((باڵەكانى مام جەلال و كاك كۆسرەت و د.بەرهەم)) بە ئاشكرا و نهێنى لە ململانێدا بوون هەر لە هەڵبژاردنى كۆمیتە و مەڵبەندەكانەوە تاكۆنگرەش و ئەنجامیش زاڵ بوونى باڵًى مام جەلال و هێرۆخان و ئاسایش و دەزگاى زانیارى وپێشمەرگەى لێكەوتەوە و دواتر لاوازبونى باڵى كاك كۆسرەت و قەتیسكردن و بچوكردنەوەى زیاترى باڵى د.بەرهەم((كە لە بنچینەدا زۆر بەهێز نەبوو)) لێكەوتەوە.
لەم هەڵبژاردنەشدا نایەكسانى و هاوسەنگى ناوچەكانى تیاداتێكچوو. بەشێوەیەك لە ئێستادا كەسێكى بادینى یان شەنگالى لە سەركردایەتى یەكێتیدا نەماون لەكاتێكدا ناوچەى بادینان و كەسەكانیشى لەسەرەتاى یەكێتیەوە ڕۆڵ و كاریگەرى و گرنگى گەورەیان هەبوە لە ناو یەكێتیدا و بۆ یەكێتى, هەروەها فەیلیەكانیش بەدەردى بادینیەكان چوون. ئەمە بەجۆرێك بەماناى تەسلیمكردنى ئەو ناوچەیەیە ((بادینان))بە پارتى و وازهێنانى یەكێتیە بۆ ئەو ناوچەیەو كەسانێتى چونكە یەكێتى لە 2 هەڵبژاردندا لەوناوچەیە و لە پارێزگاى موسڵیش كەسى بۆ دەرنەچوو بۆ پەڕلەمانى كوردستان و عێراق ئەگەر دەریشچوبێت زۆر كەمن.هەروەها كوردە فەیلیەكانیش لەو شارانەى كە تیایدان و بەتایبەتیش بەغداد تائێستا نەیانتوانیوە نوێنەرێكیان هەبێت لە ئەنجومەنى پارێزگاكاندا و پەڕلەمانى عێراقیشدا بەهۆى ئەوەى كە ئینتیماى مەزهەبیان بەهێزترە لە ئینتیماى نەتەوایەتیان كە ئەمەش كەمتەرخەمیەكى دووحیزبە گەورە و باڵادەستەكەى كوردستانە بۆ ئەو كوردانە.
ئەنجامى كۆنگرە و داهاتووى یەكێتى
وەك دەردەكەوێت ئەنجامى كۆنگرە بەگشتى لەبەرژەوەندى بنەماڵەى مام جەلال و باڵەكەى كۆتایى هات و زۆرینەى سەركردایەتى كە زیاترە لەنیوەى لایەنگرى ئەو باڵەن و بەمەش یەكێتى لە ڕێكخراوێكى سۆسیال دیموكرات و دیموكراسى و ئازادی و عیلمانى و پێشكەوتنخوازەوە هەنگاو دەنێت بەرەو ڕێكخراوێكى بنەماڵەیى و موخابەراتى و عەسكەرتاریەت كە ئەمەش سەرەتاى خۆسەپاندن و تاك ڕەوى و بەرتەسكردنەوەى دیموكراسیەت و ئازادیەكانە و ئەنجامیش ئەم مۆدێلە ناگونجێت لە گەڵ عێراق و ناوچە و نەزمى نوێى جیهانیدا و یەكێتیش بەرەو لاوازبوون و پوكانەوەو تەریكبونى زیاتر هەنگاو دەنێت.
كەمن پڕ بەدڵ ئاوات بەو ئەنجام وكۆتاییە درامیە بۆ یەكێتى ناخوازم.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە