سەردەشت عوسمان

Tuesday, 03/05/2011, 12:00

2337 بینراوە
















لەبەردەم گەورەیی وشەدا،
دنیا دروست دەبێت!

"سەرەتا وشەیەک!"

و ،

دوایی،

"ببە، دەبێت!"

من هەرچەند دەکەم،
لەئاست پاکیزەیی ڕوحی تۆدا،
دۆش دەمێنم.

لە ئاست بێگەردی نیازی تۆدا،
گەشدەبینم!

من تێناگەم،
تۆ بەتەمەن هێند بچکۆلە،
بە لاشە هێند خنجیلە،
بە بزە هێند منداڵ،
بە ڕوح هێند سپی،

چۆن توانیت،
بە هەڵوێست هێند خۆڕاگر،
بە ویژدان هێند ئاسودە،
بە بەختەوەریی هێند گەش و،
بە وشە هێند گەورە بیت!

تۆ پێت ووتن،
ئیتر بەسە گوێیان نەگرت!

تۆ پێت ووتن،
کەچی ئەوان تووڕەتر بوون!

کێ هەیە وەکو ئەوان،
لە دەنگی وشە بترسێ؟

کێ هەیە وەکو ئەوان؟

ئەوان گوێیان نەگرت و،
ویستیشیان تۆ و هەمومان بێدەنگ بکەن!

بە غەدر،
بە خیانەت،
بە گومڕایی،
بە ڕۆژی ڕوناک و بە ئاشکرا،
وەکو زوحاک تۆیان ڕفاند!

ئەوەی ئەوان پەییان پێنەبرد،
مانەوەی بزەی پڕ خەندەت و
بەهێزیی وشەت و
پەیامی زیندووت بوو!

تۆ

بە بچوکی لاشەت و
بە گەورەیی ئیرادەت،
دڵنیابوویت ئەوان چ نین!

سەرەتا وشەیەک و
دواییش بوون.

تۆ تازە گوتت
ئازادی کەمترین شتە پێی ڕازی بین!

تەلیسمی وشە ڕۆشنە و سیحراویە،
دەنگی وشە بنیاتنەر و گەورەیە.

ئەوەی ناڵێت دروستناکات،
ئەوەی نابیستێ دەڕوخێنێ
یان دەڕوخێ!

تۆ

بە هەڵوێست هێند خۆڕاگر و،
بە ویژدان هێند ئاسودە و،
بە بەختەوەریی هێند گەش و،
بە وشە هێند گەورە،
لە ناو دڵی ئێمەدا،
لە بوغزی ئەوان مەزنتر و،
لە ترسی ئەوان باڵاتری!

ئاسودە بە،
کاروانێکی ڕوح سووکی تر
لە سۆفییەکانی ئازادی بەڕێوەن و،
ئەمڕۆ نا سبەی دەێنە لات!

سەرەتا وشەیەک و،
دواییش ئازادی هەر دەبێت!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە