هەردى سەڵاح پاش 3جار گواستنەوەى بە یەكجارى فەسڵ كرا

Tuesday, 03/03/2009, 12:00

1630 بینراوە


دواى ئەوەى لە كۆلیژى هونەرە جوانەكان لە بەشى موزیك بە بڕیارێكى كارگێڕى راگرایەتى كۆلیژ لە خوێندن فەسڵ كرا، ئەم جارە گۆرانیبێژ هەردى سەڵاح لە مامۆستایەتى فەسڵ دەكرێت.
ماوەى 4ساڵ لەمەوبەر بەهۆى پابەند نەبوونى بە كاتەكانى دەوامكردن وەك مامۆستایەك، هەردى سەڵاح لە بەرامبەر كەمتەرخەمییەكانى وەك سزادانێك گوێزایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى چالاكى قوتابخانەكان، پاشان بەهۆى پابەند نەبوونى لەو بەڕێوەبەرایەتییەش گوێزرایەوە دەرەوەى شار و بە نووسراوی ژمارە 60 لە 3/1/2009 بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێر ناردیە چالاكى قوتابخانەكانى پەروەردەى كەڵەك، تاوەكو لەوێ لە بەڕێوەبەرایەتى چالاكى قوتابخانەكانى كەڵەك درێژە بەدەوامى خۆى بدات.
زیاد كەریم بەڕێوەبەرى چالاكى قوتابخانەكان لە كەڵەك رایگەیاند، لە ماوەى گواستنەوەى بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەى ئەوان هەردى وەكو مامۆستایەك لە كاتى دیاریكراو دەست بەكاربوونى خۆى بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان ئەنجام نەداوە و لەو ماوەیەش وەكو ئامادەنەبوو هەژماركراوە، بۆیە "پەروەردەى خەبات بە نووسراوى ژمارە 596 لە 4/2/2009 دەست بەكارنەبوونى هەردى سەڵاح" ئاراستەى پەروەردەى گشتى هەولێر دەكات. بەو هۆكارەش بە نووسراوى 729 لە 14/2/2009 دووپاتى نووسراوى یەكەم دەكەنەوە. لەبەر ئەوە زیاد كەریم گوتى "پەروەردەى هەولێر بە نووسراوى ژمارە 2740 لە 16/2/2009 فەرمانى فەسڵ كردنیان بۆ دەركرد و ئێمەشیان ئاگادار كردەوە"، لە بەرامبەردا بە نووسراوى ژمارە 937 لە 25/2/2009 جارێكى دیكە فەرمانى فەسڵ كردنەكە لە لایەن خۆیانەوە بۆ پەرەوەردەى هەولێر ئاماژە پێدەكەنەوە.
لەم بارەیەوە پاكیزە تەڵعەت بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر، بە هۆى پابەند نەبوونى بە رێنماییەكانى فەرمانبەرى، دووپاتى فەسڵكردنەكەى هەردى كردەوە.
سەرچاوەیەك لە چالاكى قوتابخانەكان لە هەولێر كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت گوتى "هەردى لەو بەڕێوەبەرایەتییەش پابەندى دەوامكردن نەبووە، بەڵام لەو ماوەیەدا بەردەوام مووچەى خۆى وەكو مامۆستایەك وەرگرتووە".
سەبارەت بەمە هوشیار عەبدولواح مەرجان بەڕێوەبەرى چالاكى قوتابخانەكان لە هەولێر ئەوەى رەتكردەوە ناوبراو لە كاتى دەست بەكاربوونى ئەو لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان مووچەى وەرگرتبێت و گوتى "مووچەى 3مانگى هەردیمان گەڕاندۆتەوە خەزێنەى حكومەت"، ناوبراو ئاماژەى بەوەش كرد هەردى لەسەر میلاكاتى ئەوان زیاد بووە.
هەولێر

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە