شۆڕشێک لە نێو شۆڕش‌دا

Monday, 21/10/2013, 12:00

1787 بینراوە







لە هیچ شۆڕش و سەرهەڵدانێکی کورداندا بەدی نەکراوە کە منداڵی سەرۆک حیزبەکان بەشداری شەڕیان کردبێت و تەنانەت لە دووریشەوە گوێبیستی دەنگی گوللەی داگیرکەران بووبێتن ، بەڵکو بەشی ئەوان خۆشترین ژیان بووە و کوشتوبڕەکەشیان دووچاری هەژاران کردووە ، ئەنجامی ئەم سیاسەتە چەپەڵەش چاندنی تۆوی بێ باوەڕی لە نێو ئازادیخوازانی کورد و ساتوسەوداکردنیش بە دەستکەوتەکانی گەلەوە بووە . نموونەی ئەم کردەوانەش بێ شومارن کە بچوکترینیان شۆڕشی ئەیلولە ، تا ئەو کاتەی سەرانی ئەیلوول مەبەستیان بوو شەڕی بێ ئەمانیان بە کوڕی هەژاران کرد ، کاتێک مەبەستیشیان نەما سەرەتا خۆشترین جێگەیان بۆ منداڵەکانی خۆیان دابین کرد و پاشان شەقیان لە هەموو تێکۆشانی ئازادیخوازان هەڵدا و لە ماوەی 24 سەعاتدا بانگی ئاشبەتاڵیان بە گوێی دۆست و دوژمندا دا .
لە 9ی ئەم مانگەدا ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام لە هەمان کاتدا هیجگار سەرنج ڕاکێش ، ئەو ڕووداوەش شەهیدبوونی کوڕی بەرپرسی یەکەمی پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" بوو لە پێشەوەی سەختترین بەرەکانی شەڕدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی کورد و ئاشقانی تاریکپەرستیدا . ئەو شەهیدەش کوڕی ساڵح موسلمی هاوسەرۆکی پەیەدە بوو بە ناوی "شەرڤان" . ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە منی گێڕایەوە بۆ ساڵەکانی ڕابردوو و تەنانەت بۆ سەدەکانی ڕابردووش ، کە بۆچی ئەنجامی کۆتایی هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کوردان هەر تێکشکاندن و ڕاونان بووە ، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانی پەکەکەدا هەموو دوژمنان دەستەوەستان ماون و شۆڕشیش هەر لە هەڵکشاندا ماوەتەوە .
ئەم ڕووداوە منی گێڕایەوە بۆ ساڵی 1999ی سەدەی ڕابردوو کە بۆچی هەموو جیهان کۆک بوون لەسەر گرتن و ڕادەستکردنەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەمان و شۆڕشیش نەک هەر نوشوستی نەهێنا بەڵکو لە جاران زیاتر بە گوڕتر بوو ، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی یەکەمی تەواوی پارتەکانی دیکە فەڕشی سوریان بۆ ڕادەخرا و لە ئامێزی دوژمن و داگیرکەران دەگیران و لە چاوتروکانێکیشدا ئاشبەتاڵیان جاڕ دەدا .
ئەم ڕووداوە منی گێڕایەوە بۆ ساڵی 2004 بە دواوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆچی حیزبی 70 ساڵەی بە ناو خۆشەویستی گەل (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی 40 ساڵەی بە ناو زەحمەتکێش و بە ناوەڕۆک "ئاغاواتی" زۆر لێقەوماوانە لە باشووری کوردستان ئۆردوگانشین کراون و بە لەتوپەت بوون و میرات دابەشکردنەوە خەریکن ، کەچی پژاکێکی تازە دروستبوو خۆی گەیاندۆتە دورترین گوند و هەموو جێگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (لە لوڕستانەوە تاکو ماکۆ) و بە گژ ڕژێمێکی هێندە نالەباردا دەچێتەوە کە هەموو جیهانی بە خۆیەوە خەریک کردووە .
ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە منی گێڕایەوە بۆ ساڵی 2011 و ساڵەکانی دواتر، کە بۆچی لەگەڵ دەستپێکردنی سەرهەڵدانەکانی گەلانی سوریادا زیاتر لە 30 حیزب و حیزبۆکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵهاتنە شاری هەولێر و ناخۆشترین جێگەیان بوویە ئوتێل شیراتۆن و تەواوی ئوتێلە پێبج ئەستێرەیەکانی دیکەی باشووری کوردستان ، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوانەوە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" لە چیا سەرکەش و دڵگیرەکانی قەندیلەوە پۆل پۆل دەگەڕانەوە بۆ ئامێزی ئاگر و ئاسنی ڕژێمە هارەکەی بەشار ئەسەد و لە نێوان بەرداشی (بەعسی فاشی و ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا و ئیسلامیە دڕندەکان و داگیرکەری تورک)دا ژیانیان دەخوڵقاند و بست بە بستی ڕۆژاوای کوردستانیان ئازاد دەکرد . ئەمە لە کاتێکدا بوو کە تانها و تەنها مەترسی لەسەر ئەندامانی پەیەدە بوو و تەواوی ئەو 30 حیزب و حیزبۆکەیەی دیکە لە ئامێزی تەواوی ئەو لایەنە دژە کوردیانەدا دارە دارەتان دەکرد .
ئەنجامی هەموو ئەم ئەگەرانە تەنها یەک جیاوازی هەبووە لە نێوان بزاڤی ئاپۆچی و تەواوی حیزب و لایەنەکانی دیکەدا ، ئەو جیاوازیەش ئەوەیە کە بزاڤی ئاپۆچی ڕاستگۆ بووە لەگەڵ گەلدا و ئەوەکانی دیکە درۆزن ، ئەو جیاوازیە ئەوەیە کە بزاڤی ئاپۆچی گوتە و کردەوەیان هاوشێوە بووە و لایەنەکانی دیکە پێچەوانە ، ئەو جیاوازیە ئەوەیە کە بزاڤی ئاپۆچی دەسەڵات و ئازادیان بۆ گەل ویستووە و گیان بەختکردنیشیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە بەڵام لایەنەکانی دیکە دەسەڵات و ئازادیان بۆ خۆیان ویستووە و گیان بەختکردنی گەل و ڕەنج بە خەساربوونیشیان دار بە جەهەنەم .
سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەیەدە و بیرکردنەوەیان :-
لە دوای ئاشبەتاڵەکەی بارزانی لە ساڵی 1975 تا ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی 1991 جێگەی سەرۆکی هەرێم یان ئەمریکا بوو یان ئێران ، تەنانەت لە خەونیشدا باشووری کوردستانی نەبینیەوە ، خۆ ئەگەر جار و بارەش هەندێک کوڕە هەژاری دەستگیر ببویایە ئەوا یان بۆ شەڕی کوردکوشتن ئامادەی دەکردن یاخود بۆ چاوساخیکردنی داگیرکەران بەکاری دەهێنان .
لە دوای ڕاپەڕینی 1991ش هیچ هاوبەشییەکی سەرۆکی هەرێم و پارتەکەی لەو ڕاپەڕینەدا بەدی نەکرا و تەنانەت ئامادە نەبوون کۆشک و ڤێلا ڕازاوەکانی کەرەج و تارانیش فەرامۆش بکەن تا ئەو کاتەی بە سواری ئوتومبێل هێناماننەوە سەر سفرەی ئامادە ، لە کاتی کۆڕەویشدا هەموو پاداشتەکەیان بۆ خەڵکی ئاوارە ئەوە بوو کە دەیانگوت (ئێمە ئاگاداری ڕاپەڕین نەبووین و بەشداریشمان نەکردووە لەبەرئەوە ئۆباڵی ئاوارەبوونتان لە ئەستۆی خۆتانە) کەچی ئێستەش هەموو شتێک هەر سەرۆکی هەرێم و هەزار پیاوەکەی بنەماڵەیە و میلەتیش لە خانەی هەرە دواوە ناخوێندرێتەوە .
بەڵام لەگەڵ چەخماخەی سەرهەڵدانی گەلانی سوریادا ، یەکەمین کەس کە بەشداری لە ڕاپەڕینی ڕۆژئاوای کوردستاندا کرد بەڕێز ساڵح موسلمی هاوسەرۆکی پەیەدە و خانەوادەکەی بوو ، ئێستەش زۆر بە سەر بڵندی دەڵێت (توانیم بە بچوکترین شێوە بەشداری لە تێکۆشان و ماندوبوونی گەلەکەمدا بکەم ، بەوەی کە بوومە باوکی شەهید) ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵح موسلم باوکی کچێک و سێ کوڕ بووە و یەکێک لە کوڕەکانی زۆر لە مێژە لە نێو ڕیزی گەریلاکانی پەکەکەدا جێگەی گرتووە و کچەکەی و دوو کوڕەکەی دیکەشی لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە شوێنیان لە نێو ڕیزەکانی یەپەگە و بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا گرتبوو و زۆربەی ژیانی ساڵح موسلمیش لە کونجی بەندیخانەی ڕژێمە فاشیەکەی بەعسی ئەسەددا بەسەر برابوو .
هیچ کاتێک ساڵح موسلم مشتی لەوە خۆش نەکرد کە جێگە بۆ منداڵەکانی خۆش بکات ، بەڵکو شان بە شانی منداڵی خەڵکە هەژارەکە منداڵەکانی خۆیشی جێگەیان لە تێکۆشانی ئازادیخوازیدا گرت و گیانی خۆیان فیدا کرد . بەڵام سەرۆکی هەرێمەکەی ئێمە هەر بەوەوە نەوەستاوە کە خۆی و بنەماڵەکەی داسەپاندووە بەسەر ژیان و خوێنی هەژارانەوە بەڵکو مشتی لەوەش خۆشکردووە کە نەوە پێنج‌شەش ساڵیەکەشی بکاتە هەمەکارە و ساتوسەوداکەر بەسەر چارەنووسی دواڕۆژی نەتەوەکەمانەوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://www.youtube.com/watch?v=Xtc9v-t9GUc

هەموو بەهایەک لە پێناوی پارەدا :-
کەم نین ئەو بەرپرسە کوردانەی کە هەموو بەهایەکی شۆڕشگێڕیان وەلاوە ناوە و لە پێناوی پارەدا بە جۆرەها شێوە بەکار هێنراون و تەنانەت لە پێناوی پارەدا گرنگ نەبووە بەلایانەوە کە ئەمڕۆ شتێک بڵێن و سبەی پێچەوانەکەی بجونەوە و بەرامبەرەکەیان چۆنی بوێت بەو شێوەیە مێژوو بهۆننەوە ، جێگەی داخە کە بەرپرسە ئۆردوگانشینەکان سەرقافڵەی ئەو کەسە لاوازانە بوون کە هەمیشە بۆ پارە چەماونەتەوە .
هێندە ڕابردوویەکی دوور نییە ، کاتێک قیادەی مۆقەت قەتڵوعامی کوردانی ڕۆژهەڵاتی بە ئەستۆ گرتبوو ، کە ئەوکات بەرپرسانی دیموکرات و کۆمەڵە چ لێدوانێکیان ئاڕاستەی بنەماڵەی بارزانی دەکرد هەر لە پەڕتوکی"خیانەتەکانی قیادەی مۆقەت بە نەتەوەی کورد"ی عەبدوڵای حەسەنزادە تا دەگەیشتە "مادە هەشت"ی ئاغایانی موهتەدی ، هەر لە ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی تا دەگەیشتە لێدوانەکانی "دەنگی کوردستانی ئێران" و "دەنگی شۆڕشی ئێران" . بچوکترین نموونە لەم لینکەدا بخوێنەرەوە :-

http://www.helwist.com/Nuseran/Celal%20Chwartaii/2011/7%20%208%20%20Qiyade%20u%20PDK.pdf

کەچی ئیمڕۆش هەر خودی ئەو بەرپرسانە لە پێناوی هەندێک جیڕەی کەمدا بە جۆرێک بە شان و باڵی بارزانی و بنەماڵەکەیدا هەڵ دەڵێن کە خودی مەسعود بارزانیش کەوتۆتە گومانەوە لەو هەموو پیاهەڵگوتنانە و لە خەیاڵی خۆیدا دەڵێت (دەبێت ئێمە بەو جۆرە بوبین و من نەمزانیبێت!!!؟؟؟) .
بۆ نموونە لە 27 - 7 2011دا خوالێخۆشبوو "حمایل خان"ی دایکی مەسعود بارزانی کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی 87 ساڵیدا ، هەڵبەت ئەو تەمەنەش کەم نییە و وەک هەر کەسێکی دیکە دەبوو لە کاتی کۆتایی هاتنی تەمەنیدا کۆچی دوایی بکردایە ، کەچی بەرپرسە ئۆردوگانشینەکان بە جۆرێک کەوتنە کێبڕکێی گەیشتنە لای مەسعود بارزانی و شاکار هۆنینەوە بۆ خانمی کۆچکردوو کە هەتا مەسعود بارزانیش واقی وڕمابوو لەو هەموو کێبڕکێیە بۆ کۆچکردنی خانمێکی 87 ساڵی کە لە خۆشترین جێگە و لە ڕازاوەترین نەخۆشخانەی نەمسادا کۆچی دوایی کردبوو .
کەچی لە 9 10 2013دا کاتێک "شەڕڤان"ی کوڕە بچوکی ساڵح موسلم کە لەسەرەتای تەمەنیدا دەبێت و لە ناخۆشترین جێگە و لە سەختترین شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنانی کورددا شەهید دەبێت ، هەتا بە بروسکە و بە کورتە نامەیەکیش ئەو بەرپرسە ئۆردوگانشینانە سەرەخۆشییەک نانێرن و خۆشیان پێ خەمخۆری دۆزی ڕەوای کوردە .
لە کۆتایدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە سەرهەڵدانی ئاپۆچی شۆڕشێکە لە نێو شۆڕش‌دا و ئەم شۆڕشەش بە خوێنی پێشەنگانی ئەو بزوتنەوەیە ڕەگی داکوتاوە ، شۆڕشێک کە بە خوێنی دەیان هەزار کەسی وەک "مەزڵوم و فەرزاد"ەکانی دوێنێ و "شەڕڤان"ەکانی ئیمڕۆ نەشونمای کردبێت ئەوا سەرفرازی بۆ دەمێنێتەوە و ئامانجێکی پڕشنگدار و دواڕۆژێکی ڕۆشنیش چاوەڕوانی نەتەوەکەمان دەبێت . بڕوانە ئەم لینکە :-

https://pukpress.wordpress.com

سەرنجی کوردستانپۆست: ناونیشانی ئەم وتارەی کاک جەلال چوارتایی، ناونیشانی کتێبێکی (ریجی دوبرێ)یە، کە لە سەر شۆڕشی کوبا نووسیوێتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە