ئایا تەقینەوەکانی هەولێر دەچێتە خانەی کۆنسپیرەیسی تئیۆریەوە؟

Monday, 30/09/2013, 12:00

1612 بینراوە






کۆنسپیرەیسی تئیۆری، ئەو تێڕوانینەیە کە پێی وایە رووداوەکان، گەر هەموی نەبێ ئەوا، زۆربەی زۆری دەستی دەسەڵات و دەزگا نهێنی و میلیتاریەکانی دەسەڵاتی لە پشتەوەیە. زۆر هەبوون رووداوەکانی ١١ی سسەپتەمبەریان بە پلانی راستەوخۆی ئیدارەی بوش و سی ئای ئەی ئەمریکی خۆی دادەنا. ئەم تیئۆریە راستگۆیی بوونی خۆی لە دەستداوە چونکە ناتوانێ شتەکان لە چاوێکی بابەتیەوە ببینێت. واتە رووداوەکان لە بەرهەمی پرۆسەیەکەوە دەهێنێت بۆ دەستکردی دەزگاکانی دەسەڵات. ئەم تیئۆریە لە ناو جیهانی عەرەبیدا زۆر زاڵە کە پێیان وایە هەموو شتێک دەستی یەهودی و ئەمریکای لە پشتەوەیە. ئەوە دروستە کە دەسەڵاتەکان دەیانەوێت هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکەن بەڵام ناتوانن ئەو شتانە دروست بکەن کە وڵات دەلەرزێنن. بۆ نموونە، خەڵکان هەن پێیان وایە ئەمریکا قاعیدەی دروست کرد بەڵام تێڕوانینی بابەتی ئەوەیە کە قاعیدە زەمینەیەکی هەبوو بۆ دروست بوون و ئەمریکا، هەروەها ئەوروپاش، توانیوێتی قازانجی باشی لێ بکات. یەکێک لەوانە بەرتەسک کردنەوە و هێرش کردنە سەر ئازادیەکانی خەڵک بە ناوی پاراستنی نیشتمان و وڵات لە دەست تیرۆرستان. جا بۆیە هەموو رووداوەکان هەر هەموویان لە قازانجی ئەودا نین بگرە روودانی زۆربەیان مەترسیەکی گەورە بەجێدەهێڵێت لەسەر چارەنووسی کورسیەکانیان. گەر هەموو شتێک بەم تئیۆریە لێک بدەینەوە ئەوا چیدی پێویستیمان بە شیکارکاری رووداوەکان نیە تەنها ئەوەندە نەبێت دوو سێ گومان یان یەقین بخەینە سەر کاغەز و ناوی لێ بنێین لێکۆڵینەوەی سیاسی.
جا لێکۆڵینەوەیەک بە دیدێکی کلاسیکیانەوە ناتوانێ وەڵامێکی پڕاوپڕ بێت بۆ روودانێکی لەو شێوەیەئ ئەمڕۆی هەولێر. دیارە ئەوە گومان هەڵناگرێ کە پارتی ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ مانەوەی خۆی و لەم پێناوەشدا چەندان تۆمار هەیە لە مێژووەکەیدا کە دژ بە خەڵکی کوردستان و نیشتمانەکەی کە کردوویەتی . بەڵام کە تەقینەوەکانی ئەمڕۆکە دەستکردی پارتی خۆی بێت ئەوا وانیە و هەڵە تێگەیشتنە گەر پێمان وابێت لەبەر کورسیەکەی خۆی ئەمانەی کردبێ.
لە هیچ دەوروزەمانێکدا هێندەی ئێستا پارتی ئاشەکەی باش نەسوڕاوە. یەکێتی وێران بووە، گۆڕان ئەو قودرەتە سەربازیەکی نیە و ئیسلامیەکانیش ترسنۆکترین هێزن بەرامبەر بە پارتی. ئەوە هەڵبژاردن تەواو بووە و لە جاری جاران دەنگی باشتری بۆخۆی مسۆگەر کردووە و کەسیش نیە پێی بڵێ تۆ نیوەی زیاتری دەنگەکانت ب تەزویر بۆخۆت مسۆگەر کردووە. لێی دانیشتووە تاکو بزانێ تەرەفەکانی هەرێمی سلێمانی چی دەکەن. پارتی هیچ کات ترسی لەوە نیە گەر حکومەت بە بێ ئەو دروست بکەن لەبەر دوو سێ هۆ:
یەکەم: هێزەکانی ناوچەی سلێمانی، بە تایبەت یەکگرتوو و کۆمەڵ، ئەوەندە ئازیەتی و جەسارەتی ئەوەیان تێدا نیە بێ پارتی حکومەت دابمەزرێنن چونکە
دووەم: کلیلی سەروەت و سامانی کوردستان لە دەستی پارتیدایە و رەمزی سیاسی دەسەڵاتی هەرێم لە هەولێرە و بە بێ پارتی کەس ناتوانێ پەنجەیەکی لێ بدات... پاشان
سێیەم: پارتی هەزاران ٣١ی ئابی تر دروست دەکاتەوە گەر بزانێ سەرداری سیاسی کوردستان لە دەستیدا نامێێتەوە ئەمە نەک تەنها حیکمەتی مانەوەی پارتیە بەڵکو هەموو حزبە کوردیەکانی تر لەسەر ئەم بنەمایە ماونەتەوە.
جا لە ئێستادا هیچ گرفتێک دروست نەبووە بۆ پارتی تاکو ترسی لێ بنیشێ و بڵێین ئەم کارەی ئەمڕۆ دەستکردی پارتیە، بگرە لە هیچ دەورەیەکدا پارتی ئەوەندە بە کەماڵی خۆی و بێ خەم لێی دانەنیشتووە. دەکرێ لە کڵاورۆژنەی دیکەوە شیکارکاری بۆ ئەو تەقینەوانە بکرێ و تێگەیشتنی تری لێ هەڵىهێەجرێ کە لێرەدا جێگەی ئەوە نیە باسی بکەین.

ئیدریس مستەفا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە