گەندەڵیەكانى گەشتى زانستى قوتابیانى كۆلێژى یاسا و رامیارى- زانكۆى سەڵاحەددین

Monday, 01/06/2009, 12:00

3204 بینراوە


قوتابیەكى كولیە ئێمە كۆمەڵێك خوێندكارى هەردوو بەشى یاسا و رامیارى لە كۆلێژى یاسا و رامیارى زانكۆى سەڵاحەددین لە رێى سایتى كوردستان پۆستەوە ئەم نامەیە ئاراستەى وەزارەتى دارایى حكومەتى هەرێم دەكەین كە رەزامەندى لەسەر ئەنجامدانى گەشتى زانستى كۆلێژەكەمان دەربڕى، هەروەها هەمان نامە ئاراستەى سەرۆكایەتى زانكۆ و وەزارەت دەكەین بۆ ئاگادارییان.
سەفرەى بە ناو عیلمى كۆلێژەكەمان لە رۆژى سێ شەمە 26/5/2009 دەستى پێكرد و رۆژى پێنج شەممە 28/5/2009 گەڕاینەوە هەولێر، سەفرەكەمان بۆ پارێزگاى دهۆك بوو، دوو شەو و سێ رۆژ ماینەوە. ئەو سەفرەیە بۆ خوێندكارانى هەردوو بەش رێكخرابوو كە كۆى قوتابیانى زیاتر لە 450 قوتابییە و تەنیا نزیكەى 230 قوتابى بەشداریان كرد. بە گوێرەى زانیاریمان هەر قوتابیەك 120 هەزار دینارى بۆ خەرج كراوە لە لایەن وەزارەتى داراییەوە و وەزارەتى خوێندنى باڵاش رەزامەندى داوە كە دەكاتە زیاتر لە 54 ملیۆن دینار، كەچى كولیە تەنیا هەر قوتابى 60 هەزارى بە رەزیلى خەرج كرد و تەنیا بەشى ئەو 230 قوتابیەشیان خەرج كرد. ئینجا گوێ بگرن چۆن خەرج كردنێك!! لێژنەى سەفرەكە پێك هاتبوو لە (د.محەمەد ئیبراهیم رەشید سەرۆكى لێژنە، م.هێمن میرانى ئەندام و نوێنەرى قسمى سیاسە، كامەران ئەندام و بەرپرسى حسابات، سەربەست ئەندام و نوێنەرى قوتابیان). ئەو لێژنەیە ئوتێلى دیندارى بۆ خەوتنى قوتابیان گرتبوو، كە گەیشتینە دهۆك بۆ ژەمى نیوەڕۆ بووە كێشە و لە دیوى خوارەوەى هوتێل دیندار خواردنگەیەك هەبوو ناوەكەیم بیر چووە، لەو خواردنگەیە بە شێوازێكى زۆر ناڕێك و بێ سەروو بەر خواردن بۆ قوتابییەكان ئامادەكرا، نیوەى زیاترى نانى نەخوارد و زیاتر لە ملیۆنێك دیناریش لەو خواردنە خەرج كرا. دكتۆر محەمەد هەر لە یەكەم ساتى سەفرەكەكە كەوتە دژایەتى كردنى قوتابیان و وەكو ئەوەى بۆ خۆى بۆ سەفرە هاتبێ دەستى كرد بە جنێودان بە تەڵەبەكان و خۆى بە تاكە بڕیاردەرى سەفرەكە پیشاندا، چەند خوێندكارێك و مامۆستا هێمن و كامەران شوێنیان لەو هوتێلە نەبۆوە و لە شوێنى دیكە خەوتن، كامەران بە سەیارەى تایبەتى خۆى كە جۆرى مارسیدس عیفریتە هاتبووە سەفرە و دكتۆر محەمەدیشى لە پێشەوە سوار كردبوو. وابزانم م.هێمنیش لە گەڵ قوتابى سیاسە سەركەوتبوو. شەو داهات و تەڵەبەكان زۆر رقیان لە دكتۆر محەمەد هەڵسابوو، بڕیاریان دابوو نەیەڵن بخەوێ. كە شەو درەنگ لە گەڕان و سوڕانى ناو دریم سیتى گەڕاینەوە، ئێمە قوتابیەكانى قانون بە پەرتەوازەى و بێ سەر بۆ خۆمان دەسوڕاینەوە، قوتابیانى سیاسەش هەروەها بە تەنیا بۆ خۆیان دەگەڕان. شەو كە گەڕاینەوە هوتێل دەستمان كردە شایى و گۆرانى گوتن، دكتۆر محەمەد لە گەڵ هەندێ قوتابى كە نامەوێ ناویان بێنم مەوعیدى دانابوو شەو دەست بە مەشروب خواردنەوە بكەن، واشیان كرد و بە كارتۆن چەندین جۆرى مەشروبیان هێنا و دەستیان بە مەشروب خواردنەوە كرد، كە سەرخۆش بوون كەوتنە گیانى قوتابیان و لە دەرگا دان و هات و هاوار كردن. قوتابیانى دیكەش بۆ ئەوەى بەشدارى ئەو بەزمە بكەن كەوتنە گۆرانى گوتن، دكتۆر محەمەد توڕە بوو دەستى كرد بە جنێودان و هەڕەشە كردن، تا قوتابیەك لە دواى سەعات 3 ماسكێكى لە دەموچاوى بەست و دكتۆرى بە جۆرێك ترساند كە تا لە سەفرەكەش گەڕاینەوە ببووە نوكتە و خوێندكارەكان پێى پێدەكەنین. بۆ بەیانیەكەى و لە رقى ئەم شەوە دكتۆر دەستى كرد بە ئیهانەكردنى قوتابیەكان ئەگەر لە بەر تەمەن گەورەیى نەبوایە دڵنیام لەوێ تێر شەقیان ئەكرد و تێیان هەڵ ئەیا. دكتۆر محەمەد خۆى و سەربەست و حەمزە و چەندین قوتابى دیكە بە دیارى چاوى ئێمەوە مەشروبیان بە سێت دەهێنایە هوتێل و تا بەیانى مەشروبیان دەخواردەوە و تەشقەڵەیان بە قوتابیان دەكرد، كە گەڕاوەتەوە كولیەش ئەو دكتۆرە لە لاى عەمید شكاتى لە تەڵەبە كردووە بە ئەولادى شەوارع ناوى بردوون، چۆن لە هوتێل بە هەموومانى دەگوت ئەولادى شەوارع.
هەرچەندە نەیهێشت سەفرەكەمان بە خۆشى بەسەر بەرین و شوێنى خۆش بگەڕێین و نانێكى باش بخۆین، بێجگە لەمەش پارەیەكى زۆر ماوەتەوە و كەس نازانێ كولیە چى لێ دەكات. ژەمى خواردنەكان 5 هەزار و جارێك 7500 دیناریان بۆمان خەرج دەكرد و ئێمەش خۆمان پارەمان لەسەر دادەنا، وێڕاى ئەوەى چەندین ملیۆن دینار لەو پارەیە ماوەتەوە و كەس نازانێ چى لێ دەكەن.
ئێمە داوا لە حكومەت دەكەین بە جددى بە دواى پارەى سەفرەكانى عیلمى دابچێت، چونكە دڵنیاین چەندین ملیۆن دینار دەدزرێ و كەس خۆى لێ بە خاوەن ناكات.
ئێستا ئێمە تێ نەگەیشتین كە لێژنەى سەفرە (د.محمد، م.هێمن، م.كامەران، سەربەست) چۆن لە نێوان خۆیان و عەمید پێك هاتوون بۆ دابەش كردنى ئەو پارەیەى لە سەفرەكە ماوەتەوە. هەرچەندە ئەگەر لە بەر دیكتاتۆرى د.محمد نەبوایە سێ ئەندامەكەى ترى لێژنە زۆر بۆ قوتابیان ئاسانكار بوون و نیازیان بوو پارەكە وەكو خۆى خەرج بكەن، بەڵام ئەو كابرایە بووە بەڵا و گەشتەكەى لێ تێك داین.
ئێمە ئەو قسانە بۆیە لێرە بڵاو دەكەینەوە چونكە دڵنیاین ئەگەر بە نوسراویش بماندابوایە عەمید هەر ئێمەى تەڵەبەى بە خەتابار دەزانى و دیفاعى لە لێژنەكەى خۆى دەكرد، بەڵام با بانگى نوێنەرەكانى قوتابیان بكات و ئەو قسانەیان لێ بپرسى بزانى وایە یان نا.
هیوادارین وەزارەتى دارایى و خوێندنى باڵا و سەرۆكایەتى زانكۆش بە وردى بە دواى ئەو زانیاریان دابچن و راستى و ناراستى ئەو زانیاریانەیان بۆ دەسەلمێ.
ئامادەكردنى:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە