عه‌گید که‌لاری: چه‌ند نهێنیه‌کی گرنگی دواین شه‌ڕی شه‌نگال ئاشکرا ده‌کات

Tuesday, 14/07/2015, 21:28

7435 بینراوە


فه‌رمانده‌یی هه‌په‌گه‌ی شه‌نگال ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ چه‌ته‌کانی داعش ده‌یانه‌وێت ئه‌و هه‌رێمانه‌ی له‌ ده‌ستی گه‌ریلادایه‌ داگیری بکه‌ن، به‌ڵام هه‌موو هێرشه‌کانیان له‌لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ تێکشکێندراوه‌، به‌تایبه‌ت ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی گوندی گابارا که‌ پێده‌چێت له‌نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و داعش دا ڕێکه‌وتنێک هه‌بێت، ئێمه‌ ده‌ستمان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ کردوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. 
فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) له‌ شه‌نگال (عه‌گید که‌لاری) ده‌رباره‌ی ‌هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی چه‌ته‌کانی داعش له‌ شه‌نگال و پێشکه‌وتنه‌کان، قسه‌ی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کرد.


ڕۆژنیوز: له‌م دواییه‌دا جارێکی تر داعش هێرشی کرده‌ سه‌ر ناوچه‌که‌ ئێستا بارودۆخه‌که‌ چۆنه‌؟
که‌لاری: داعش ده‌یه‌وێت له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی گه‌ریلا له‌ شه‌نگال داگیربکات، له‌به‌رئه‌وه‌ش هێرشی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ ڕۆژی 17 ڕه‌مه‌زاندا که‌ ڕێکه‌وتی (غه‌زوی به‌در) دا‌ هێرشی به‌رفراوانیان کرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌کانی گه‌ریلاوه‌ تێکشکان و هه‌نگاوه‌کانیان له‌ناوچوون، ویستیان هێرشی خۆکوژی ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و هه‌وڵه‌شیان له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانمانه‌وه‌ پوچه‌ڵ کرایه‌وه‌، ئه‌وان پلانیاندانابوو له‌ سالڕۆژی شه‌ڕی به‌دردا هێرش و داگیرکاری له‌ ده‌ڤه‌ری شه‌نگال بکه‌ن، به‌ڵام ته‌واوی هه‌وڵه‌کانیان پوچه‌ڵ کرایه‌وه‌.

(پارتی هه‌ڵهات و گه‌ریلایان خسته‌ بۆسه‌ی داعشه‌وه‌)

ڕۆژنیوز: له‌ شه‌ڕی 12 ئه‌م مانگه‌دا له‌ گوندی گابارای شه‌نگال چی ڕوویدا؟
عه‌گید که‌لاری: یه‌کینه‌کانی گه‌ریلا به‌مه‌به‌ستی پێکهێنانی ئه‌رکه‌کانیان چووبونه‌ هه‌رێمه‌که‌، له‌وێ ته‌نها پێشمه‌رگه‌ی پارتی لێ بوو، پێش وه‌خت ئاگادارمان کردبوونه‌وه‌ که‌ هه‌ڤاڵانمان دێن و له‌وێوه‌ تێپه‌ڕده‌بن، هه‌مان ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌ڤاڵانمان چوون داعش هێرشی کرده‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ و پێشمه‌رگه‌کانی پارتیش بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگاداربکه‌نه‌وه‌ هه‌ڵهاتن و ناوچه‌که‌یان چۆڵ کرد، ئه‌وه‌ش بوه‌هۆی ئه‌وه‌ی گونده‌که‌ بکه‌وێته‌ ده‌ست چه‌ته‌کانی داعش، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵانمان گه‌یشتنه‌ گونده‌که‌ توانیان چه‌ته‌کان له‌ گونده‌که‌ وه‌ده‌رنێن، دۆخێکی ناڕون ده‌رکه‌وت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ئێمه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له چۆنیه‌تی ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌که‌ین.   پێویسته‌ پارتی له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ بدات، چونکه‌ ئه‌گه‌رێکی زۆر هه‌یه‌ که‌سانێک له‌ نێوو پارتی دا له‌گه‌ڵ داعش ڕێکه‌وتبن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شتی ناکۆک هه‌ن، هه‌ڤاڵانی گه‌ریلامان پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ شوێنی خۆیان ده‌که‌ونه‌ بۆسه‌ی چه‌ته‌کانی داعشه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ ڕێکه‌وتنێکی نهێنی ئه‌وان له‌گه‌ڵ داعش ده‌زانین و ڕوداوه‌که‌ش ئه‌و ڕاستیه‌مان نیشان ده‌دات، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵانمان ده‌خرێنه‌ بۆسه‌ی داعشه‌وه‌ هه‌واڵمان پێده‌گات و هێزه‌کانی گه‌ریلامان گه‌یشتنه‌ شوێنه‌که‌ و هه‌ڤالان و گونده‌که‌شمان ڕزگارکرد، دیاره‌ که‌سانێک هه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعش دا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر گه‌ریلاکانمان زوو نه‌گه‌یشتنایه‌ته‌ گونده‌که‌ زۆربه‌ی ئێزدیه‌کانیش شه‌هید ده‌بوون، گه‌ریلا له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌رکی خۆی جێه‌جێ کرد، ئه‌وه‌ ڕاستی ڕووداوه‌که‌ی گوندی گابارا بوو.

ڕۆژنیوز: پێش ئێستا گوندی گابارا له‌ده‌ستی کام هێزدا بوو؟
که‌لاری: ئه‌و گونده‌ له‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دا بوو، ئه‌وان له‌وێ ئه‌رکه‌کانی خۆیان جێبه‌جێ نه‌کرد، ئاماده‌کاری جدیشیان بۆ هه‌ر ڕووداوێک نه‌بوو، پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت و ڕاگه‌یاندنه‌کانیش بڵاوی بکه‌نه‌وه‌ که‌ داعش بێ ئه‌وه‌ی گولله‌یه‌ک بته‌قێنێت گوندی گابارای کۆنتڕۆڵ کرد. 

(چه‌واشه‌کارییه‌کان له‌ ڕووداو، ئێن ئاڕ تی و کوردستان تیڤی قبوڵ ناکه‌ین)
(عه‌گید که‌لاری، فه‌رمانداری هێزه‌کانی پاراستی گه‌ل هه‌په‌گه‌ له‌ شه‌نگال)

ڕۆژنیوز: ڕاگه‌یاندنه‌کانی باشوور به‌شێوه‌یه‌کی تر باسی گوندی گابارایان کرد له‌و باره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟
که‌لاری: ئێمه‌ له‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ خۆشنابین که‌ ڕاستیه‌کان چه‌واشه‌ ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت کوردستان تیڤی و که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی (NRT)، که‌ هیچ په‌یامنێرێکیان له‌و ناوچه‌یه‌ نییه‌ و هه‌واڵی ناڕاست بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش کارێکی ڕاست نیه‌، گه‌ریلاکان و شه‌رڤانانی یه‌کینه‌کانی به‌رخۆدانی شه‌نگال گوندی گابارایان ڕزگارکرد، کاتێک گونده‌که‌ به‌ته‌واویی ئازادکرا‌ ئه‌و کات پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، که‌چی ڕاگه‌یاندنه‌کان ئه‌و ڕاستیه‌ له‌ خه‌ڵک چه‌واشه‌ ده‌که‌ن، ئێمه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕاگه‌یاندنانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین، پێیان ده‌ڵێین و بانگیان ده‌که‌ین بێن شه‌نگال ببینن، تا ڕاستیه‌کان ببینن، ئێمه‌ ئه‌وه‌ قبوڵ ناکه‌ین که‌ (ئێن ئاڕ تی) بڵاوی کردوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت گه‌له‌که‌مان به‌تایبه‌ت ئێزدییه‌کان لێپرسینه‌وه‌ له‌ په‌خش و بڵاوکردنه‌وه‌ی ناڕاست و چه‌واشه‌ بکه‌ن، ئه‌وان ئه‌وه‌ی گه‌ریلاکان کردویانه‌ ده‌یکه‌نه‌ ده‌ستکه‌وتی لایه‌نێکی تر، ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وە قبوڵ ناکه‌ین، هه‌تا ئه‌وه‌ش له‌ هیچ که‌سێک قبوڵ ناکه‌ین بیانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی ئێمه‌ بژین، بۆ هه‌موو که‌سێک ئاشکرا بووه‌ و ده‌زانن که‌ ته‌له‌فزیۆنی ڕووداو که‌ناڵیکی سه‌ربه‌ پارتیه‌، بۆیه‌ ده‌بێت گه‌له‌که‌مان ئه‌و چه‌واشه‌ کاریانه‌ نه‌ له‌ ڕووداو ، نه‌ له‌ ئێن ئاڕ تی و نه‌ له‌ کوردستان تیڤی قبوڵ نه‌که‌ن، ڕاگه‌یاندن کلتورێکه‌، ده‌بێت ئه‌خلاق به‌ بنه‌ما بگرێت و ڕاستیه‌کان بڵێت، هه‌رچیه‌کیان بیانه‌وێت ڕۆڵی گه‌ریلا بشارنه‌وه‌ ده‌بێت شه‌رمه‌زار بکرێن.

(خاوه‌ن ماڵ ئه‌وانه‌ن له‌ به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا به‌رگری ده‌که‌ن).
ڕۆژنیوز: ئێوه‌ داخوازی مه‌سرور و نێچیرڤان بارزانی که‌ وتبویان گه‌ریلا له‌ باشوور میوانه‌ چۆن ده‌نرخێنن؟
که‌لاری: ئه‌وه‌ ڕاسته‌ ئه‌وان سیاسه‌تێکی به‌و شێوه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، گه‌ریلا له‌هه‌موو به‌ره‌کاندا له‌پێشه‌وه‌ن، ئه‌وانه‌ی به‌ گه‌ریلا ده‌ڵین میوان، پێوانی میوانێتی نازانن، ئه‌وانه‌ خۆیان له‌ پێوانی میوانداریدان، ئێمه‌ خاوه‌ن ماڵین، چونکه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێک حزب و که‌سایه‌تی هه‌ڵسوکه‌ت ناکه‌ین، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستیه‌کانی گه‌ل خه‌بات ده‌که‌ین بۆیه‌ گه‌له‌که‌مان بێ دودڵی باوه‌ڕی به‌ ئێمه‌ هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ باسی ده‌که‌ین هه‌مووکه‌س به‌چاوی خۆی ده‌بینێت، بینیان کێ له‌ شه‌ڕه‌کاندا ڕایکرد و ڕۆڵی گه‌ریلاشیان بینی، گه‌له‌که‌مان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر ئیمکانێکی به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ دژی گه‌له‌که‌مان به‌کاری ده‌هێنن، به‌تایبه‌تی ڕاگه‌یاندنه‌کانیان هه‌موو ڕاستیه‌کان له‌خه‌ڵک چه‌واشه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات که‌ ئه‌وان خۆیان میوانن، خاوه‌ن ماڵی ڕاست ئه‌وانه‌ن که‌ له‌به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی به‌رگریدا شه‌ڕ ده‌که‌ن و وڵات ده‌پارێزن، گه‌له‌که‌شمان ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت و خاوه‌نداری له‌و هێزه‌ ده‌کات، دواین سه‌رکه‌وتنه‌کانی گه‌ریلاش له‌ گه‌له‌که‌مان پیرۆز ده‌که‌م.

 س.خ


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە