پارووی ئەردۆغان لە پارووی شا چەورتر نییە

Thursday, 14/01/2016, 16:37

5436 بینراوە


مەسعود بارزانی دەڵێت: (ئێمە بەشێک نین لە حەلی نێوان پ.ک.ک و تورکیا)، بەڵام
(ئەگەر تورکیا موبادەرەی ئاشتی بکات و پ.ک.ک ڕازی نەبێت ئەوا ئێمە هەموو شتێک دژی پ.ک.ک دەکەین).
--------------------------------------------
بۆ دوو مانگ دەچێت زۆرترین هێرشی وەحشیگەریانەی دەوڵەتی تورک دژ بە گەلی کورد دەستی پێکردووە، لە بەرامبەردا گەورەترین خۆڕاگری دەکرێت و لە زۆر جێگەدا چۆک بە چوارەم لەشکری جیهان دادراوە .
سەرسوڕمان ئەوەیە ئەم تێکشکاندنانە چەندە مایەی نیگەرانی ئەردۆغان و تورکە فاشستەکانە سەدان هێندە نیگەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و خودی مەسعود بارزانی بە دوای خۆیدا هێناوە .
بە درێژایی ئەم دوو مانگە تەنها بۆ یەک چرکەش سەرانی پارتی لە چەواشەکاری و ئاژاوەگێڕی نەکەوتن ، ساتێک بە ناوی ئەوەی گوایا بە هاوکاری ئەردۆغان دەوڵەتی کوردی بنیاد دەنێن و ساتێک بە ناوی ئەوەی گوایا میتی تورک ڕێگەیان بە بارزانی داوە ئاڵای هەرێم لە پاڵ خۆیدا دابنێت .
تازەترین هەڵوێستیش بریتییە لە خۆساخکردنەوەی بارزانی  بەسەر دەوڵەتی تورک و سەنگەرگرتن لە کوردان بە بیانوی ئەوەی کە ئەردۆغان ئاشتیخوازە و دەڵێت با پ.ک.ک لە پەرلەمانی تورکدا بەشدار بێت . ئەو ڤیدیۆیەی سەرەوە ببینە و گوێ لە قسەکانی بگرە ، کە چۆن بارزانی زۆر ڕوو قایمانە دەڵێت:
(ئەگەر تورکیا موبادەرەی ئاشتی بکات و پ.ک.ک ڕازی نەبێت ئەوا ئێمە هەموو شتێک دژی پ.ک.ک دەکەین) .
لەم لێدوانەوە دەردەکەوێت کە بارزانی بە وەکالەتی تورکیا لە مەیداندایە، دەنا ئەگەر وەکالەتی نەبێت بارزانی چ پەیوەندییەکی بە ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و پەکەکەوە هەیە ؟ ئەی ئەگەر بارزانی هێندە چاوسورکەرەوەیە لە بەرامبەر کورداندا ، بۆچی لە بەرامبەر 13 موبادەرەی ئاشتیخوازانەی پ.ک.ک و ڕازی نەبوونی تورکدا نەیتوانی لە بەڕەکەی خۆی زیاتر پێ ڕابکێشێت ؟
بارزانی لەهەمان دێڕدا دەڵێت (ئێمە بەشێک نین لە حلی نێوان پ.ک.ک و تورکیا).
ئەی ئەگەر خۆت بە بەشێک لە حل نازانیت ، کە ڕاستیەکەشی هەر ئەوەیە کە گرفتی نێوان تورکیا و باکووری کوردستان هیچ پەیوەندیەکی بە تۆوە نەبووە و نیشە ، ئەی لە پای چیدا ئەو وەکالەتیە دەخەیتە سەر شانی خۆت و هەڕەشی وەستانەوە لە دژی پ.ک.ک دەکەیت ؟
لە هەمان کاتدا زۆر نا ڕاستگۆیانە دەڵێت (ئێمە 23 ساڵە دەستی تورکیامان نەگرتووە)!
تۆ بڵێی هیچ گەمژەیەک هەبێت و بەم دوعایە بڵێت ئامین!؟ ئەی کێ دەستی ئەو دەیان هەزار جەندرمەیەی گرت و لە بامەڕنێ و ئامێدی و شێلادزە و کانی ماسی و دێرەلوک و تەواوی ناوچەکانی بادیناندا مۆڵی دان ؟ ئەی کێ دەستی ئەو سەدان سەربازەی تورکی گرت و زیاتر لە 200 کیلۆمەتر هێنانیە قوڵایی باشووری کوردستان و لە نزیک باشیقە جێگیری کردن ؟
لە ماوەی ئەم 23 ساڵەدا دەیان جار باشووری کوردستانتان لە دەوڵەتی تورک مارە کرد و بست بە بستی باشووری کوردستانتان پڕ لە میت کرد و بە ئاڵا گڵاوەکەی تورک ڕازانتانەوە . ئەگەر ئەمە ڕاستگۆیی بە ناو سەرۆکی هەرێم بێت ، ئیتر بۆچی گلەیی لەو نەوە نوێیەی باشووری کوردستان بکەین کە داڕماوترین نەوەی کوردەواریە کە بەرهەم هێنراوە !
بارزانی هیچ شەرمێک ناکات و دەڵێت: (ئێمە هەموو لایەن و کەسایەتیە کوردیەکان بانگێشت دەکەین و دەڵێین پ.ک.ک دژی حلی مەسەلەی کوردە و ئێمە بە دژی ئەم جەماعەتە هەموو شتێک دەکەین).
 دیارە ئەو لایەنە کوردیانەی کە بارزانی باسیان دەکات بە غەیری ویژدان مردۆکان هیچ کەس و لایەنێکی دیکە نین ، ئەو ویژدان مردوانەش بریتین لەو ئوتێلنشین و ئۆردوگانشینانەی کە هەموو میلەتی کوردیان بە چارەنووس سپاردووە لە پێناو خۆ دەوڵەمەند کردندا .
ئەو کەسایەتیانەی کە بارزانی بە نیازە بانگێشتیان بکات جگە لە چەند کەسایەتیەکی هەلپەرست و دڵڕەشی وەک خالید عەزیزی و مستەفا هیجری و عەبدوڵا خانی موهتەدی و نۆکەرانێکی وەک عوسمان ئۆجالان و سعودل مەلا و کەمال بورقای هیچ کەسانێکی دیکە نین . ئەو کەسایەتیە دڵڕەش و هەلپەرستانەش دژ بە هەموو کردەوەیەکی پەکەکەن با چاک و بە خراپەوە .
بارزانی دەڵێت (23 ساڵە پ.ک.ک چی کردووە تاکو بەم 10 ڕۆژە بیکات) .
منیش دەڵێم پ.ک.ک لە 23 ساڵدا میلەتێکی لە لێواری مەرگەوە زیندو کردەوە ، ڕوو بە ڕووی هەموو داگیرکەران بوویەوە ، فەرهەنگی کوردی ژیاندەوە ، مێشکی مرۆڤەکانی ئازاد کرد و کۆمەڵگای هوشیار کردەوە ، جوانترین سیستەمی لە ڕۆژاوادا ساز کرد و میلەتی لە ئەنفال و کۆمەڵکوژی پاراست ، سەدان هەزار ئێزدی لە قەتڵوعامی تەسلیمکاریەکەی شەنگال بە چەتەکانی داعش ڕزگار کرد ، زۆرترین هوشیاری و جموجوڵی خستە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، پیلانە شاراوەکانی دژ بە کوردانی ئاشکرا کرد و هەزاران دەستکەوتی دیکە ، بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :- 

 

بەڵام دەستکەوتی 70 ساڵ ساتوسەوداکردنی پارتی و  25 ساڵ دەسەڵاتداری مەسعود بارزانی چ بەرهەمێکی لێ کەوتۆتەوە ؟
ناگەڕێمەوە بۆ کار و کردەوەی 70 ساڵی ڕابردوی پارتی و ئەو باسە بۆ مێژوو بەجێ دەهێڵم ، بەڵام لە 25 ساڵ دەسەڵاتداری مەسعود بارزانیدا کوردکوژی و چەواشەکاری گەیشتە لوتکە ، خۆگرێدان بە داگیرکەرانەوە پەڵەی شەرمەزاریە بە تەوێڵی هەموو پارتێکانەوە ، ساتوسەوداکردن بە زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان بەناوی مادەی 140وە گەورەترین تاوانبارییە ،  هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتی نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا گەورەترین ئابڕوچوونی نەتەوەییە ، قەیران سازکردن و قەرزدارکردنی باشوور و بڕینی قوتی میلەت گەورەترین ناپاکییە ، بە ناهوشیاری و دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگای باشوور قێزەونترین کردەوەیە ، تەسلیمکردنی شەنگال و بازرگانیکردن بە کچان و ژنانی ئێزیدیەوە قێزەونترین کردەوەی سەدەی بیست و یەکەمینە .
ئاشکرایە ئەو کۆمەڵگایەی لەسەر دەستی پەکەکەدا پەروەردە کرا لە چ ئاستێکی هوشیاری نەتەوەیدایە ، بەڵام لە 25 ساڵ دەسەڵاتداری بارزانیدا کۆمەڵگایەک بەرهەم هاتووە کە ئاگاداری بچوکترین گۆڕانکاریەکانی کوردستان و جیهان نییە ، وەک لەم لینکەدا دەردەکەوێت :-

دەبێت بارزانی بزانێت کە وەفای تورک و ئەردۆغان لە وەفای ئێران و شا زیاتر نابێت ، ئەگەر پاداشتی خوێنی کاک سولەیمانی موعینی و بە دەستهێنانی شەتول عەرەب چەند کۆشکێکی کەرەج و تاران بووبێت ئەوا پاداشتی خۆشخزمەتیکردن بۆ تورک ناوهێنان بە سەرۆک خێڵێکی دواکەوتوو زیاتر نابێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە