فریشتەکانی دوێنێ و دێوەزمەکانی ئیمڕۆ

Wednesday, 17/02/2016, 21:26

1652 بینراوە


دوای ڕوخانی بەعس لە ساڵی 2003 و هاتنە مەیدانی ئەمریکا، سەرجەم ڕاگەیاندنی لایەنە کلاسیکیەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لە کەیف و سەمادابوون کە گوایا ئەمریکا هاوپەیمانی حکومەتی باشوورە و وەک فریشتەیەک باسیان لە ئەمریکا دەکرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە شەوانەی خۆشیشیان بۆ ئەو مارێنزە ئەمریکیانە دەڕازاندەوە کە ڕێیان لە شارەکانی هەرێم دەکەوت، تا لە دواجاردا ئەمریکا زۆر بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە باسیان لە هیچ جۆرە هاوپەیمانیەک لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا نەکردووە و تەنها لە ڕووی ئینسانیەوە کۆمەکیان پێکردوون.
تەنانەت ئەو لایەنانە هاوکاریەکانی ئەمریکایان وەک چەکێک بۆ پڕوپاگەندە دژ بە پ‌ک‌ک و دەستکەوتی بێوێنە بۆ بارزانیان لێکدەدایەوە، سەری زمان و بنی زمانیان ئەوە بوو کە گوایا ئەمریکا هەمەکارەی جیهانە و لەبەرخاتری حکومەتی هەرێم و خودی بارزانی هاتۆتە سەر خەت، هەر لەو کاتانەدا ئۆردوگانشینانیش خەونیان بەوەوە دەبینی کەهاکا ئێرانیشی لەناو برد و هەمان شانۆگەری باشووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتیشدا دووبارە بوویەوە.
لەو سەروبەندەدا بەڕێزێک ڕوو لە ئۆردوگای کۆیە دەکات و بەم شێوەیە دوو پرسیار ئاڕاستەی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات دەکات:-
پرسیار/ ئێستا ئەمریکا لە مەیداندایە، ئایا ئێوە چی بەرنامەیەکتان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیە؟
سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات زۆر بە دڵخۆشیەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت:- برا، بەرنامە دانراوە و بڕاوەتەوە، تکایە بۆ خاڵی سفرمان مەگێڕەرەوە.
پرسیار/ بەرنامەکەتان چییە؟
وەڵام/ فڵان کەس سەرۆک کۆمارە، فڵانیش وەزیری کاری دەرەوەیە، فڵانیش ئوستاندارە، ...هتد.
تەنانەت زۆر جار هەم لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا و هەم بەبۆنە و بێ بۆنە باسیان لە سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا دەکرد و وەک حیکمەتی بارزانیش وێنەیەکی هاوبەشی جۆرج بوش و کاک مەسعودیان لە ماڵەکانیان هەڵدەواسی. لە بەرامبەریشدا پژاک و پەیەدە و پەکەکەیان وەک وەرەقەی سوتاو بەناو دەکرد و دەیانگوت ( مادام لە بەرەی ئەمریکاوە نین کەواتە هیچ بەهیچ ناکەن، ئەمڕۆنا سبەی ئەمریکا هاوشێوەی جند الاسلام پەکەکەش لەناو دەبات، پژاک و پەیەدەش هاوشێوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا جێگیر دەکرێن....هتد).
ئەم لایەنانە لەوە زیاتریش دەڕۆرشتن و هەموو گرێدراویەکانی حکومەتی هەرێمیان بە ئێران و تورکیاشەوە زۆر بە ئەرێنی دەبینی و دەیانگوت:- ئەوان حکومەتن و مافی هەموو جۆرە پەیوەندییەکیان بەداگیرکەرانی کوردستانەوە هەیە.
کاتێک لە شەڕی کۆبانێشدا ئەمریکا هاوکاری بە کۆبانێ گەیاند و بڕیاری هاوکاریکردنی کوردانی ڕۆژاوایدا، بەهەمان شێوە ڕایاندەگەیاند کە بەتەلەفۆنێکی مەسعود بارزانی ئەمریکا بەو کارە هەستاوە، بەبێ ئەوەی ئەو کەس و لایەنانە شەرم بیانگرێت و ددان بەو ڕاستیەدا بنێن کە بارزانی نەک هەر ئامادە نییە داوای هاوکاری بۆ ڕۆژاوای کوردستان بکات بەڵکو جۆرەها ڕێگەشی بۆ کۆتایهێنان بە کانتۆنەکانی ڕۆژاوا گرتۆتە بەر.
ئێستا هەم ئەمریکا و هەم ڕوسیا باس لە هاوپەیمانی کوردانی ڕۆژاوا دەکەن و هەم بە ئاشکراش هاوکاریان دەکەن، کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە لەلای ئەو حیزبە کلاسیکیانە فریشتەکەی دوێنێ بووە بە دێوەزمە و باس لەوە دەکەن کە هیچ خێرێک لە ئەمریکا و ڕوسیا بەدی ناکرێت.
واتە ئەگەر ئاوڕێکی ئینسانی لە حکومەتی هەرێم بدەنەوە ئەوە فریشتەن و هەمەکارەی جیهانن، بەڵام ئەگەر وەک هاوپەیمانیەکیش باس لە کانتۆنەکانی ڕۆژاوا بکەن ئەوە هەم دێوزمەن و هەم خێر و بێریشیان لێ بەدی ناکرێت!!!
لێرەدا بەراوردی باشوور و ڕۆژاوا ناکەم، بەڵام بە گرنگی دەزانم کە باسێک لە ئەمریکا و ڕوسیا لەلایەک و تورکیا و ئێرانیش لەلایەکی دیکەوە بکەم.
ئەمریکا و ڕوسیا لەسەر داوای کانتۆنەکان نەچوونە ڕۆژاوا، بەڵکو بەهۆی شۆڕشگێڕێتی و بەرخۆدانی بەڕیوەبەرایەتی ڕۆژاواوە ناچاربوون کە وەک هاوپەیمانییەک باس لە یەپەگە و یەپەژە بکەن.
بەڵام ئێران و تورکیا لەڕێی دەسەڵاتدارانەوە بوونە هەمەکارەی باشوور و وەک دوو سەرۆک خێڵیش باس لە تاڵەبانی و بارزانی دەکەن.
خێر و بێری ئێران و تورکیا لە خێر و بێری ئەمریکا و ڕوسیا بۆ کوردان زیاتر نییە، ئەگەر ئەمریکا و ڕوسیا خاوەن بەرژەوەندی خۆیانبن ئەوا ئێران و تورکیا خاوەن بەرنامەی نەهێشتنی کوردانن.
ئەمریکا و ڕوسیا دوو هێزی ئیمپریالیزمین و زۆربەی مەترسیەکانیان بۆ گەلە سەردەست و داگیرکەرەکانی ناوچەکەیە، بەڵام ئێران و تورکیا خۆیان دوو داگیرکەری کوردستانن و هەموو مەترسیەکانیشیان بۆ نەتەوەی کوردی داگیرکراوە.
ئەمریکا و ڕوسیا وەک هەڕەشە و مەترسییەک لە چەتە ئیسلامیەکان دەڕوانن، بەڵام ئێران و تورکیا خۆیان دوو دەسەڵاتی ئیسلامین و گەورەترین پشتیوانی چەتە ئیسلامیەکانیشن.
بۆ لایەنی کوردی هەزاران جیاوازی دیکە لە نێوان "ئەمریکا-ڕوسیا" و "ئێران-تورکیا"دا هەیە و هیچ کاتێک بۆ کوردان ئێران و تورکیاش لە ئەمریکا و ڕوسیا باشتر نابن، لەبەرئەوە ئەمریکا و ڕوسیا هەم ئەو فریشتەیەی ڕابردوو نین هەم ئەو دێوەزمەیەی ئیمڕۆش نین وەک لایەنە کلاسیکیەکان باسی دەکەن، بەڵام لەوەتەی کورد هەیە ئێران و تورکیا دوو بەڵا و دوو دێوەزمە بوون.
جەلال چوارتایی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە