مێزەرى وەزیرە کەنەدیەکە چیمان پێ دەڵێت؟

Thursday, 14/07/2016, 14:14

3301 بینراوە


(مێزەرەکەى سەر (سنگ ساجان) ى وەزیرى بەرگرى کەنەدا چەند شانازییە بۆ ئەو وەک کەسایەتیەکى هیندى ، هێندە زیاتریش شانازیە بۆ کەلتورى گەلانى کەنەدى کە قبولى ئەو جۆرە حاڵەتە دەکەن)
هەمومان دەزانیین کە هەردوو وڵاتى (هند و کەنەدا) لەهەموو ڕویەکەوە لێک جیاوازن وەک ( ئاین و کەلتور و زمان و مێژو و ڕۆشنبیرى و ئاو وهەوا و........هتد) تەنانەت لەڕوى جوگرافیشەوە سەدان هەزار کیلۆمەتر لەیەکەوە دورن، بەڵام هەموو ئەمانە نەبوەتە هۆى ئەوە کەکەسایەتیەکى ئاوا دیارى بکرێت بۆ پۆستێکى گرنگى وەک وەزیرى بەرگرى ، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە گرنگ لاى گەلانى ڕۆشنبیر و پێشکەوتوو کەسى شیاوە بۆ شوێنى شیاو ، ئەوە پێوەرى ئەوانە نەک پێوەرى تر!
دەى با لێرەدا پرسیارێک لە خۆمان بکەین ئایا ئێمە لەکوێى ئەم جۆرە لە سیاسەت و کەلتور و بیرکردنەوانەداین؟ 
من دەڵێم حیزبەکوریەکانى ئێمە لەماوەى ئەم 25 ساڵەى دەسەڵاتى خۆیاندا فێرە کەلتورێکیان کردین کە نەک ئاریشەمان لەگەڵ نەتەوەکانیتردا هەبێت، تەنانەت ئاریشە گەورەکەمان لەگەڵ هاوزمانەکانى خۆشماندابێت.
کەلتورى ئێمەیان والێکردووە بۆ نمونە بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکرێت لەزۆنى زەرد پارێزگارێکیان لە زۆنى کەسکەوە بۆ دابمەزرێنرێت! بەهەمان شێوە لە زۆنى کەسکیش ئەوە هەزمناکرێت کەسێک لە بادینانەوە بکرێت بە پارێزگار! 
ئەگەر بۆناوخۆى خۆمان لە بەشە کوردستانى باشور هێندە هەستیار و دژبین بەرامبەر یەکتر ! ئەى چ جاى ئەوەى کارەکتەر لە بەشەکانیترى کوردستانەوە بپاڵێوین بۆ وەرگرتنى پۆست لە حکومەتى هەرێمى کوردستان! ئایا هیچ کارەکتەرێکیان تا ئێستە پاڵێوراون یان پۆستیان پێدراوە ؟ یان هیچکان لە کەمە نەتەوەکان هیچ پۆستێکى باڵایان پێدرە ؟ یان تەنانەت حیزبە هاوپەیمان و هاوخەبات و هاوزمانەکانیان کامیان تا ئێستە پۆستێکى باڵایان پێدراوە لەم هەرێمەدا؟!
ئەگەر ئەمە کەلتورى ئێمە بێت ئەوەش کەلتورى گەلانى کەنەدا بێت ، دەى چۆن خۆمان بەراوردبکەین بەوان! ئێمە لەکوێ و ئەوان لەکوێ!
ئەگەر بمانەوێت لەڕوى خۆش بەختیەوە بگەینەوە بەگەلانى پێشکەوتودا ئەوا دەبێت دەسکارى جۆرى بیرکردنەوە و کەلتور و سیاسەتى و پەروەردەى خۆمان بکەین، ئەویش ئەگەر گەورە حیزبەکان بهێڵن! چونکە وەک وتم ئەوە ئەوان پێمان دەڵێن کە چۆن بیربکەینەوە و چۆن سیاسەت بکەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە