تەنەکە نابێ بە ئاڵتون

Sunday, 12/11/2017, 16:48

3654 بینراوە


ڕۆژێکی هەینی ساڵی ١٩٧٤، لە گوندێکی ئاوەدانی گەورەدا ، دەنگی تەپڵودەفی دەروێشەکانی ماڵی شێخ، بە جوانی دەگەیشتە ماڵی ئێمە. جا چونکە بە منداڵی زکری دەروێشەکانی ناو مزگەوتی گەورەم بینیی بوو، زۆرم حەزکرد بە دەنگی ئەو تەپڵودەفەوە بچم، تا بزانم جیاوازی کۆڕی ئێستا و حاڵی دەروێشەکانی پێش ٢٤ ساڵ، چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە . ماڵی شێخ گەورەترین خانوی گوندەکە بوو ، حەوشەیەکی پان و بەرینی پڕ لە دارودرەخت و گوڵی گەشاوەی ڕەنگاوڕەنگ بوو، یەک کەسی تری نەدەگرت و بەردار بەری فڕێ دەدا، بە دەیان دەروێش سەرقاڵی زیکر و تەهلیلە بوون و بە دەوری خۆیاندا دەخولانەوە. پرچیان تا نزیک ئەژنۆیان شۆڕبوو بۆوە ، بەشی زۆریان شیری درێژی بریقەداریان ڕادەوەشاند و هەندێکیان سەری خۆیان بریندار کردبوو، خۆین و ئارەق تێکەڵ بە یەک بوو بوون، چەند دانەیەکیان شیشی تیژ و کورتییان کردبوو بە گوپی خۆیاندا و گوپییان کوناودەر بوو بوو . بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام دیمەنی دەروێش کەریم بوو . ئەم دەروێش کەریمە دوکانێکی پچکۆلەی لە ناو گوندەکەدا هەبوو ، کەچی بەو قرچەی هاوینە لە گۆشەیەکی حەوشەکەدا، بە جارێ گرمۆڵە بوو بوو، هەردوو دەستی خستبووە نێوان ڕانەکانییەوە و ئەژنۆکانی قایم قایم بە سنگییەوە نووساند بوو، وەک بینی ئاو دەلەرزی و ناڵە ناڵیشێ دڵی بەردی دەکرد بە ئاو، ئەوەندەش ئارەقی دەردابوو ، بەتەواوی ژێری خۆی تەڕ کـردبوو. بەلامەوە سەیر بوو کەس نەدەچوو بە لایەوە، هەر بۆیە لە کوڕێکی پۆشتەو پەرداخی شێخم پرسیی ، کە بە تەنیشمەوە ڕاوەستابوو : (ئەرێ بە ڕاست دەروێش کەریم بۆ وای بەسەر هاتووە ؟) . کوڕەش بە روویەکی گرژەوە وتی : (دەروێش بە ناخێری گیانی تورەکەیەک ماری هێنابوو ، تا لەگەڵ زیکرکردندا مارەکان لە ملی خۆیەوە بئاڵینێ ، بەڵام هەردەستیکرد بە تورەکەکەیدا ، کۆڵەوەی بابێک پێوەی دا و بەو دەردەی بردووە) . منیش وتم : (ئەی بۆکەسێک ناچێت بەلایەوە ؟) . ئەویش بە لالوتێکەوە وتی : (شێخی گەورەمان فەرموویەتی: دەروێش کەریم لەشی پیسبووە، بۆیە ئەو مارە زەفەری پێبردووە و پێوەی داوە ، باشە چۆن دەبێ دەروێش بە لەشی پیسەوە و لە شوێنێکی وا پیرۆزەدا ، زکر بۆ خوا و شێخی خۆی بکات!!. هەر بۆیە کەس ناچێت بە لایەوە !) . وەی کە بەزەییم بە حاڵی پەرێشانی دەروێش کەریمدا دەهاتەوە و لە خەفەت و ئازاری ئەو دیمەنەدا ، هەر زۆر بە خێرایی ماڵی شێخم بەجێهێشت .
پاش دوو هەفتە دەروێش دوکانەکەی کردەوە ، لایەکی لچی بە قەد پەنجە گەورەی ئەستور و شین ومۆر هەڵگەڕابوو، بە جۆرێک شۆڕبوو بۆوە ، هەندێک لە دانە کرمۆڵەکانی بە جوانی دیار بوون ، پەنجەکانی دەستی چەپیشی بۆ نەدەکرایەوە و بەتەواوی گۆج بوو بوو . لە لایەوە دانیشتم و پاش هەواڵ پرسین بە دڵ حەزمکرد پرسیارێکی لیێی بکەم . لەوەش دڵنیابووم بۆ وەڵامەکەی دەست بە روومەوە نانێت ، هەر بۆیە وتم : (ئەو ڕۆژە بارودۆخی بەڕێزتان پەرێشانی کردبووم، جا تو گەورەیی خوا و ئەو شێخەی تۆ زیکریان بۆ دەکەی ، ئەو ساتەی مارەکە پێوەی دای لەشتان پیسبوو؟) . دەروێش بە کەساسییەوە سەیرێکی کردم و بە ڕوویەکی پەستوبێزارەوە وتی: (کوڕە ئەگەر کەسێک شەو شەیتانی نەبوبێ و زیاتر لە مانگێک نەچووبێت بە لای خێزانەکەیدا ، ئاخر چۆن چۆنی لەشی پیسدەبێت ، نەوەڵڵا کوڕی خۆم نە لەشم پیس بوو، نە بێ دەستنوێژیش بووم ، بەڵام ئیتر ئەوە خواستی خوای گەورە بوو، دیارە ئەو مارە لەعنەتییە لەژێر رکێفی شەیتاندا بوو ، هەر بۆیە بەم دەردەی بردم، بەڵام خوا سێبەری شێخمان لەسەر کەم نەکات فەرمووی: مارەکە هەموو گوناهەکانی هەڵوەراندوی!) .
ئای کە بەزەییم بە عەقڵی دەروێشدا دەهاتەوە و قسە بێ ماناکانی ئەوەندەی تر پەستیکردم ، هەر بۆیە خواحافیزیم لێکرد و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و دەستمبرد بۆ کتێبێک تا خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم و تۆزێک خەمی لچ و لێو و دەستە گۆجەکەی دەروێشم لە کۆڵبکاتەوە . بە رێکەوت کتێبێکم بە دەستەوەهات ، کە باسی ژیانی تۆماس ئەدیسۆنی دەکرد ، زانیارییەکانی ناوی ئەوەی بۆ دەرخستم ، ئەو کاتەی دەروێش باسی شەیتان و هەڵوەرینی گوناهەکانی دەکرد ، ڕێک ٩٥ ساڵ بەسەر داهێنانە مەزنەکەی ئەدیسۆندا تێپەڕیی بوو ، کە هەموو کونوقوژبنێکی ئەم دنیا پانوبەرینەی ڕووناککرد بۆوە . 
پاش نزیکەی مانگێک سەرلەنوێ دەنگی تەپڵودەفی دەروێشەکان پەردەی گویێمی زرنگاندەوە ، ئەمجارەش ڕێگای ماڵی شێخم گرتەوەبەر . لە حەوشەکەیاندا شوێنێک نەمابوو پێی لێ دابنێیت. دەروێشەکان چووبوونە حاڵی خۆیانەوە ، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام ، دیمەنی دەروێش کەریم بوو ، کە لە ناوەڕاستی ئاپورەی دەروێشەکاندا ، دەستە گۆجە نوقاوەکەی توند توند بە لایەکی سکییەوە نووساندبوو ، بە دەستی ڕاستیشی ڕەشمارێکی درێژی لە ملی خۆی ئاڵاندبوو ، جار جاریکیش سەری مارەکەی لە سەر و سمێل و ناو دەمی خۆی نزیکدەکردەوە ، بە جۆرێک حاڵی لە خۆی هێنابوو دەتوت ئاگر لە جەستەی بەربووە ، خوێن و ئارەق و تاڵی قژەکانی دەمووچاوی داپۆشیبوو. ئەو دیمەنە ئەوەندە پەستیکردم ، دەتوت تەورێکی تیژ بەر ڕۆحم کەوتووە ، هەر بۆیە بۆ دواهەمین جار ماڵی شێخم بەجێهێشت و بە دەم ڕێگاشەوە قسەیەکی نەستەقی باوکم هاتەوە بیر ، کە بەکەسانی ساویلکەی وەک دەروێش کەریمی دەوت: (تەنەکە نابێ بە ئاڵتون ) و ڕاستیشی دەکرد .
ئێستاش ئەوەی چیرۆکی دەروێش کەریمە گۆجەی بە بیردا هێنامەوە ، کاڵفامی و نە شارەزایی و بە خۆدانەچوونەوەی ئەو سیاسی و سەرکردانەن ، کە وەک زەروو بەربوونەتە گیان و جەستەی برینداری ئەم میللەتە کڵۆڵە و بە چەند ساڵ جارێک ئاشبەتاڵێک دەردەفرتێنن و وەک کاسەی چەوریان لێهاتووە ، بە هیچ نسکۆ و هەرەسێک تەڕ نابن و خیانەت چۆتە خوێن و دەماریانەوە ، نە لە ئەنفال و مەرگی هەڵەبجە و لە دەستدانی خاکی پیرۆزی نیشتمان پەند وەردەگرن ، نە وازیش لە تەخت و بەخت و نۆکەرایەتی دەهێنن ، مەحاڵیشە ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانن تەوقی دیلی و ژێردەستی لە گەردنی ئەو میللەتە داماو و دڵسافە داماڵن ، چونکە نە قاز دەبێ بە باز ، نە تەنەکەش دەبێ بە ئاڵتون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە