ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا

Monday, 26/02/2018, 1:40

3107 بینراوە


 زوربەی هەرە زۆری زاناکانی کۆمەڵناسی لەسەر ئەو ڕاستییە  کۆک و تەبان ، کە مەرج نییە هەر کەسێک خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوو ڕۆشنبیربێت ، بەڵام  پێویستە هەموو ڕۆشنبیرێک خوێندەوار بێت .  بە مانا فراوانەکەشی ڕۆشنبیریش ، ئەو کەسەیە ، کە بە ڕاستی  هەڵگری ئەم سیفاتانە بێ :  ڕەوشت بەرز و فریادرەس ، ژیر و ئازا و چاونەترس و  لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبوێرێ  ، ڕاستگۆ و دڵسۆز و بە ویژدان  ، لانەدان لە هەق لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت ، ڕێزگرتن لە شکۆ و بەرژەوەندی نیشتمان و گەلەکەی ،  بەرپەرچدانەوەی زوڵم و زۆر و ستەم ، چ لەسەر خۆی و چ لەسەر گەل و نیشتمانەکەی .  بەو پەڕی ئاگاییەوە لە کۆمەڵگاکەی خۆی گەیشتبێت ، تا بتوانێت  بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بچەسپێنیت و هاوکاری  تەواو لە بەرەوپیش بردنی کۆمەڵگاکەیدا بکات .  بە کورتی ڕۆشنبیر سایە و دەنگی زیندوی نەتەوە و زمانی گەلەکەیەتی ، چاوی کراوەی کۆمەڵگایە ، کە هەموو جۆرە  گۆڕانکارییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابوری  و مەترسییەکانی جیهان و  دەوروبەری پیێ دەبینێت .  کەواتە ڕۆشنبیر ئەو کەسە کۆڵنەدەرە چرا بە دەستەیە ، کە لەدروستکردنی کۆمەڵگاکەی خۆیدا ڕۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینێت ، چونکە هەر ئەو دەتوانی ڕاستییەکان بە تەواوی  ببینێت و بە چاکی شییان بکاتەوە و لە مەترسییەکانی بە ئاگابێت .  جا چەند ڕۆشنبیر ، کەسێکی  بیرفراوانی بە ئاوەز  و دڵسۆزبێت ، ئەوا  ئەوەندەش ئەو کۆمەڵگایە ،  لە بەرامبەر نەیار و مەترسیەکانی ناوە و دەرەوەیدا ، کۆمەڵگایەکی پارێزراو و خۆڕاگردەبێت .  بێگومان ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە بە شەرەفانەش ،  لە دڵ و دەروونی میللەتی خۆیاندا  جێگای شایستەیان هەیە
ئەوەی شایانی باسە  کاتێک ئەمڕۆ تەماشای باری نالەباری کۆمەڵگای کوردیمان دەکەین ، ئەوا بە ئاشکرا هەست بە ڕۆڵی سست و  لاوازی  ڕۆشنبیرانی کورد دەکەین و هۆکاری سەرەکی ئەو بارودۆخە نالەبارەی ئەمڕۆشن ..  هەندێکیان بە تەواوی وەک تەماشاکەرێک دەڕواننە ئەو بارودۆخەی خراپەی ئەمڕۆ بەرۆکی گرتووین ، هەر وەک ئەو بارودۆخە بە لایانەوە  گرنگ نەبێت ، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی و چاوچنۆکی ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە .  کۆمەڵێکی کەشیان سەرقاڵی  قسەی زلی بێ سەروبەری فەلسەفیانەن ، کە هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت.  لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی کەشمان هەیە ، جگە لە دوودڵی و ڕەشبینی هیچ شتێکی تر نابینن . کۆمەڵێکی  گەندەڵیشمان  هەیە ، کە ناوم لێناون نۆکەربیر ،  تا بیناقاقایان لە  نۆکەرایەتی و خۆپەرستی و هەلپەرستیدا چەقیوە  و لەسەر هەموو پەتەکان یاری دەکەن و  بۆ گەیشتن بە پۆست و پلە  و مەرامەکانیان ،  کۆ لە هیچ خیانەتێک ناکەن و کۆمەڵگایان بەرەو هەڵدێر بردووە .  ئەمانە ڕووداوەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن ،  بۆ خۆبردنە پێشەوە و نۆکەرایەتی فرسەت دەهێنن  و لە هەموو بوارەکاندا قسەی خۆیان دەکەن ، بە بێ ئەوەی چارەسەرێک ، یان کرۆکی ڕاستییەکان دەربخەن ،  باری سەرنجەکانیان  لە ناڵیش دەدەن و لە بزماریش . ئەمانە کەسانی درۆزن و دووڕوون و چاوەڕوانی هیچ چاکە و گۆڕانکارییەکییان لیێ ناکرێت و بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن .  بێگومان کۆمەڵگاکەمان ڕۆشنبیری ڕاستەقینەشی تێدایە ، کە پاکترین و بەشەرەفترین ئەندامی کۆمەڵگاکەمانن . ئەوانەن ، کە نە ماندوو دەبن و نە ورە بەردەدەن . کێشەی نیشتمان و کۆمەڵگاکەیان لە کۆڵ ناوە و لەگەڵ ئازاری گەلەکەی خۆیاندا دەژین  ،  بەردەوام هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن . جا پێویستە ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی بە شەرەف و بە ویژدان هەڵگری ئەو خاڵانەی خوارەو بێت :
١ -  پێویستە لە بیرکردنەوە و هەڵویستیدا ، کەسێکی گەشبین بێت ، بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری گەشبینی بەرهەمدار بدات ، نەک بڵاوکردنەوەی نائومێدی و گریان بۆ سەرابی سەرکەوتنەکانی ڕابوردوو ، کە هەتا ئێستا  جگە لە شکست و نسکۆ و ماڵوێرانی ،  هیچی تریان لیێ بەرهەم نەهاتووە .
٢ – خاوەنی باوەڕێکی پتەوی مەزن بێت ، بیپارێزێت لە بیری بێ بەهای  دەرەکی ، بتوانێت بیرێکی سەربەخۆ بۆ خۆی دروستبکات و هەوڵی شیکردنەوەیەکی واقعییانەی ڕاستبدات . 
٣ – ڕاستگۆبێت لە دەرخستنی زانیارییەکاندا ،  کاریگەری حیزبی و بەرژەوەندی  تایبەتی و خزم و هۆزایەتی  لەسەر نەبێت . تەنها مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتمانەکەی بێت و خواست و هیوای گۆڕانکارییەک بێت ، ژیانی کۆمەڵگاکەی بگوێزێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر و باشتر . 
٤ – کێشەکان وەک خۆی بخاتە ڕوو ، نە گەورەیان بکات و نە پچووکیشیان بکاتەوە ،  پێویستە کەسێکی ڕاستگۆ بێت و پەیامی  کێشەکان وەک خۆی بگەیەنێت .  
٥ – بەلای ئەو کێشانەدا بچێت ، کە کێشەی گەورەی میللەتەن و خۆی لەو کێشە بێ نرخ و بێ بایەخانە  بە دوور بگرێ ، کە سودی بۆ کۆمەڵگا نییە و پێویست ناکات خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکات. 
٦ –  زۆر بە  وردی مێژوو بخوێنێتەوە ، چونکە بەردەوام  مێژووی  پڕ لە کارەساتی  میللەتەکەمان  خۆی دووبارە دەکاتەوە .  تا بتوانێت برەو بە لایەنە گەشەکانی بدات و چارەسەریش بۆ  لایەنە خراپەکانی بدۆزێتەوە  و پێشەنگ بێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی خاوەن شارستانییەت .
٧ -  لە پێناوی فراوانکردنی ئاستی بیرکردنەوەیدا بەردەوام لە هەوڵی وەرگرتنی زانست و زانیاریدا بێت و ئاگاداری گۆڕانکاییەکانی دنیا دەرەوە  و دەوروپشتی خۆی بێت ، تا زیاتر بتوانێت چاوی  کۆمەڵگاکەی بکاتەوە و ئاستی ڕۆشنبیریان بەرزبکاتەوە و بەرەو ژیانێکی باشتریان ببات .  پاشان پێویستە هەمیشە لە ناخی دڵیدا کێشەی میللەتی  هەڵگرتبێت و لە هەموو بۆنە و بوارێکدا ڕووناکی بخاتەسەر . جا ئەو بوارە ، بواری ئەدەبی وەک چیرۆک و هۆنراوە بێت ، یان بابەتی فیکری و ڕاگەیاندن بێت ، چونکە ئەو لە بەرامبەر خوا و مێژوو و میللەتی سەربەرزی خۆیدا بەرپرسیارە و هەر تەنها ئەویش دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بکات .

*****
٢٢ / ٢ / ٢٠١٨
تێبینی : ئەم نووسینەم بە دەستکارییەوە لە سایتی ( دار السلام ) وەرگرتووە ، بە ناونیشانی ( دور المثقف فی المجتمع ) ،  ناوی نووسەری لەسەر نییە .                     


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە