کورد لە مەنگەنەی تورکیە و سووریە دا..

Sunday, 18/03/2018, 19:17

3108 بینراوە


ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیە لەدژی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بێ گرنگیدان بە ڕای گشتی کۆمەڵگەی جیهانی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دڕێژەی هەیە،تورکیە بەگشتی نیگەرانە لە زیادبوونی هەژموونی سیاسی و سەربازی و دروستبوونی هاوپەیمانی و یەکگرتوویی کورد لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا..
کورد نەتەوەیەکی گەورەی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن کە ژینگە سەرەکییەکەیان بە کوردستان دەناسرێت کە بە سەر‌ وڵاتانی ئێران و عێراق و تورکیا و سووریە دابەشکراوە و لە شاخەکانی ئاناتۆلی ھەتا زنجیرە چیای زاگرۆس دڕێژ دەبێتەوە. کوردەکان لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا و قەفقازیاش بڵاوبوونەتەوە.هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی کوردەکان لەبەردەست نییە،بەڵام بە 40 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. 
خەیاڵی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی کە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕوخانی ئیمپراتۆری عوسمانی رۆحێکی تازەی وەرگرت،تاکوو ئێستا بۆ نەتەوەی کورد بۆتە خەونێکی وەدینەهاتوو،بەڵام هیچکات وەک ئێستا و هەتا ئەم ئەندازەیە کورد نزیک نەبووە لە ناوەندەکانی بڕیار بەدەستی سیاسەتی جیهان بۆ ئەوەی داکۆکی لە شوناس و ئەتنیک و مافەکانی خۆی بکات.گەلی کورد بەدەرکەوتن و بەهێزبوونی گروپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا چوونە مەیدانی پراکتیکەوە و بە رزگار کردنی ئێزیدییەکانی عێراق لە کۆمەڵکووژی بەدەستی داعش،بوونە گرنگترین پێکهاتەی ناوچەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعش.
"یەکینەکانی پاراستنی گەل"لە رۆژئاوای کوردستان و سووریە کە ئێستا بوونتە ئامانج و بیانووی چالاکی هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیە،هاوپەیمانی ئەمریکایە،ژمارەی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان نزیکی سێ ملیۆن کەس دەبێت،گرنگترین و بەهێزترین باڵی سەربازی کورد لە رۆژئاوای کوردستان "یەکینەکانی پاراستنی گەل"ـە،کە تورکیە ئەوان وەک باسکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەناسی.پەکەکە ساڵانێکی دڕێژە لە دژی تورکیە دەستی بە خەباتی چەکداری کردوە و زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئەم پارتە لە دەیەکانی هەشتا لە تورکیە دەرکەوتن و لە رۆژئاوای کوردستان جێگر بوون بۆ دڕێژە پێدانی خەباتی سیاسی و چەکداری هەتا گەویشتن بەمافە ڕەواکانی گەلی کورد. 
لەدوای شکەستی داعش لە سووریە دا دوو ڕەوت لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریە دروستبوو؛ بەشی یەکەم تەواویی دەوڵەتی سووریە و ئەرتەشی ئەم وڵاتە لەخۆدەگرێت کە لە ئۆپەراسیۆنی مەیدانی دا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ناوچەکانی سووریەی وەئەستۆ گرت و بەشی دووهەم پشتیووانی ئەمریکا لەو گرووپ و هێزانەی لەناو بەشێک لە خاکی سووریەدا ئامادە بوون و ئەم خاڵەش بووە هۆی پێکدادان و ئاڵۆزی ڕەوشی سووریە.
هێزەکانی دیمۆکراتی سووریە کە بەدووبارە وەڕگرتنەوەی هەندێک ناوچەی سووریە لە ژێر پشتیووانی زەوینی و ئاسمانی ئەمریکا دابوو،شاری ڕەقە و ناوچەیەکی بەرفراوانی لە رۆژهەڵاتی فۆرات خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە،هاوشێوەی گروپی سەرەتایی هێزەکانی سەربازی نوێ ئەمریکایی بوون لە سنوورەکانی باشووری تورکیە و ناو خاکی سووریە.لەلایەکی ترەوە لەسەر بنەمای داتاکانی بودجەی ئێستا،ئەمریکا 500 ملیۆن دۆڵاری دابینکردوە بۆ کۆمەکی ماڵی و لۆجستیکی و پڕچەککردنی ئەم هێزانە بەچەکی پێشکەوتوو،بەو شێوەیە هێزەکانی ئاماژەپێکراو بڕبڕەی پشتی ستراتیژی واشینتۆن بوون لە ناوچەکدا.
سەرچاوەکانی سەربازی و ئەمنیەتی تورکیە بەردەوام ئاماژە بەم ڕاپۆرتانە دەکەن کە ئەمریکا و هێزەکانی خەریکی ناردنی چەک و کەڵوپەڵی سەربازی پێشکەوتوونە بۆ ئەم هێزانە و ئەمریکا دەیەوی لەڕێگای ئەم هێزانەوە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بڕوخێنی و مەترسی لە داهاتووشدا لەسەر ئاسایش و سنوورەکانی تورکیە دروست دەکات.
ئەنکەرا ترسی خۆی لە پێدانی چەک و بودجەی سەربازی بەهێزەکانی دیمۆکراتی سووریە و پەیەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل نەشاردۆتەوە و چەندین جار بەشێوەیەی فەرمی دەوڵەتی تورکیە ڕەخنە و گڵەیی خۆی گەیاندۆتە بەرپرسانی ئەمریکا،ئەنکەرا باوەڕی وایە کە ئەم ناوچەیە لە ڕاستیدا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە"دایە،لە ژێر ناوی هێزەکانی سووریەی دیمۆکراتیک کە هێزی ژێر پشتیووانی ئەمریکایە.بۆیە پەرڵەمانی تورکیە بەپەڵە پرۆژەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوی سنوورەکانی بۆ سوپای تورکیە ئۆکی کرد و مافی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بە هێزەکانی سوپای تورکیە دا بۆ بنبڕکردن و شکەستی تیرۆریستان و شەڕی تیرۆر کە بەزمانی خۆیان مەبەست لەهێزەکانی پەیەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سووریەی دیمۆکراتیک (قەسەدە)بوو.
لەدڕێژی ئەم ڕووداوانە سەرۆککۆماری تورکیە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"ڕایگەیاند،کە ئەرتەشی تورکیە هەر کات ئەگەری هەیە هێرش بکاتە سەر عەفرین لە باکووری سووریە.عەفرین لەژێر دەسەڵاتی خۆسەری دایە و لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل کە هێزی چەکداری کوردەکانی رۆژئاوایە کۆنترۆڵ دەکرێت.ئەم هێزی کە بەپێ لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیە بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان و پێوەندی ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنی بەهێزیان هەیە و ئەمریکا پشتیووانیان لێدەکات..
سەرکووتی کورد لەگەڵ بەهێزبوونی پان عەرەبیزم:
لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم بۆچوونێک لە ئارادبوو کە گەلی کورد لە ناوچەیەکی هەڵپچراو لە ئیمپراتۆری عوسمانی،دەبێتە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ.ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە "بەرنامەی چواردە خاڵەی" سەرۆککۆماری ئەمریکا ودرۆ وێڵسۆن کە بە ڕاگەیاندننامەی چواردە خاڵی "وێڵسۆن" ناسراوە ئاماژەی پێکراوە،لە ڕێککەوتنامەی سوور کە لە ساڵی 1920 دا واژۆ کراوە بەڵێنی دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی بە کورد دابوو،ئەم پەیمانە بەهۆکاری جیاواز بۆ نموونە نەبوونی کۆدەنگی کوردەکان لە شێوازی پێکهێنانی ئەم حکوومەتە،هیچکات پراکتیزە نەبوو و لە پەیمانی لۆزان دا کە ساڵی 1923 واژۆ کرا ناوی کوردی تێدا نەبوو و کوردستانی بۆ هەمیشە پارچە کرد..
لە سووریە زۆربەی دانیشتووانی کورد ئاکنجی باکووری رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەنە،کورد لەدوای سەربەخۆیی سووریە لە ساڵی 1946 دا زۆربەی پۆستە سەرەکییەکانی لە سوپای سووریە دا بەدەستەوە گرت،بەڵام بە بەهێزبوونی بزووتنەوەی پان عەرەبیزم لە سووریەدا لە ناوەڕاستی دەیەی (1950)دا،پێگەی کورد لاواز بوو.قۆڵبەستکردنی ڕێبەرانی ئەحزابی کوردی دۆخێکی تری هێنایە کایەوە،کە خەباتی نهێنی کوردی بەهێزتر کرد و کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی شاڕاوە هاتنە دامەزراندن،بەڵام دەسەڵاتی"حافز ئەسەد" گوشارەکانی بۆ سەر گەلی کورد زیاتر کرد تاکوو ئەو شوێنەی چاپ و نووسین بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و هیچ قوتابخانەیەکی کوردیش بۆ خوێندن بەزمانی کوردی بوونی نەبوو..
پەرەسەندنی نفووزی کورد لەژێر سایەی شەڕی ناوخۆیی:
بنکەکانی پەروەردەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو خاکی سووریەدا لە ساڵی(1998)وە،بە فەرمانی سەرۆککۆماری سووریە،"حافز ئەسەد"داخران و چاڵاکیەکانی ڕێکخراوەکانی ئەم پارتە لە سووریەدا قەدەغە کران.کوردەکانی رۆژئاوا ساڵی 2003 "پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک"(پەیەدە)یان دروستکرد کە بۆوە یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین حیزبی سیاسی لە سووریەدا،ئەم حیزبە هەرچەندە لەناو دڵی چیاکانی کوردستان دامەزرا،بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا توانی لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی ناوخۆیی هەژموونی خۆی بەسەر تەواویی کوردستانی رۆژئاوا دا زاڵ بکات و ببێتە پارتی پێشەنگی خەباتی جەماوەری بۆ گەویشتن بەئامانجەکانی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان دا و پێوەندی بەهێزیشی لەگەڵ پەکەکە هەبوو و توانی خۆی لەسەر میراتی دەوڵەمەندی ئەو پارتە بەهێزتر بکات، بەشێوەیەکی تاکوو ئەمرۆ ئەم پێوەندی و پەیمانەیان بەهێز ماوەتەوە... 
پەیەدە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ناخۆیی سووریە لە ساڵی 2011 دا،نفووزی خۆی لە باکووری سووریە پەرەپێدا و توانی دەوڵەتێکی خۆجێیی نیمچە سەربەخۆ دابمەزرێنی،باسکی سەربازی ئەم حیزبە کە بە "یەکینەکانی پاراستنی گەل"(یەپەگە)ناسراوە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە پەرەپێدانی نفووزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و لە ساڵی 2014وە،لە شەڕی مەیدانی دایە لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە و توانی شاری کۆبانی رزگار بکات،لە چەتە و گرووپە تیرۆریستیەکان بەتەواویی و ئەوەش بۆ هۆی ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعش هاوکارییان بکات لە جەنگی تیرۆر دا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریە، بە ناردنی هێز و چەک و تەقەمەنی و ئەم پشتیووانیە هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە.بەڵام بەهاتنە مەیدانی تورکیە بۆ شەڕی دەسەڵاتی خۆسەری کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە وەک هەموومان دەزانین هێرش و پەڵامارەکانی سوپای تورکیە و بەکرێگیراوانی خۆی تا ئێستاش بۆ سەر شاری عەفرین بەردەوامە و رۆژانە خەڵکی بێتاوانی کورد لەم شارە دەکرێنە ئامانجی فرۆکەکانی تورکیە و ماڵ و ژیانیان بەتەواویی وێرانبووە،بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و ڕووسیا لەئاست ئەم تاوانە نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیە بێدەنگن و هیچ هەنگاوێکی کردەیان نەبووە بۆ ئەم قەتڵوعامەی سوپای داگیرکەری تورکیە.. 
تورکیە کە زیاتر نیگەرانی بەهێزبوونی سیاسی و سەربازی کوردە لەناوچەکدا و بڕیاری داوە بە ئۆپەراسیۆنی "چڵە زیتوون"ناوچەیەکی ئارامی ئاسایشی لە قووڵایی 30 کیلۆمەتری خاکی سووریە و دەوروبەری سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریە دروست بکات.بەبیانووی بەهێزبوونی حکوومەتی خۆسەری کورد لە رۆژئاوای کوردستان ترسی زۆری لادروست بووە کە لەداهاتوو دا ئەم حکوومەتە کاریگەری لەسەر پێڤاژۆی پرسی کورد لەناوخۆی تورکیە دا دەبێت،دەستی بەئۆپەراسیۆنی پاکسازی و تێکدانی دیمۆگرافی و خاپوور کردنی گوند و شارەکانی رۆژئاوی کوردستان کردوە،هەرچەندە تورکیه ترسی زۆری لە دروستبوونی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی کوردی لە پارچەکانی تری کوردستانیش هەیە و بەردەوام ئەم وتەیەی دووبارە دەکەنەوە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیە"گەر لە ئەفریقیا و مەریخش دەسەڵاتێکی کوردی دروست بێت ئەوە ئێمە ڕێگەی پێنادین و هێرشی دەکەینە سەر".
مۆتەکەی بێ کۆتایی تورکیە لە مەسەڵەی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان شتێکی حاشا هەڵنگرە بەدڕێژایی دوو سەدەی ڕابردوو هەتا دەگاتە قۆناغی ئێستا.ئۆپەراسیۆنی سوپای داگیرکەری تورکیە لەدژی دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەرخەری ئەم ڕاستییە و دەتوانی پەیامێکی مەترسیداری جیدیش بێت بۆ سەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی و هەتا گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی تورکیەش لە داهاتوو دا،چۆن تورکیە ئەندامی ناتۆ،پەیمانی ئەتڵەسی باکوورە،ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیە لەناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریە دا دەتوانی ناکۆکی نێوان تورکیە و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئەوروپا و ئەمریکا دا زیاتر قووڵ بکات و لەناوخۆی تورکیەش زۆربەی حیزب و لایەنەکانی سیاسی دژی ئەم ئۆپەراسیۆنەنن،بەتایبەتی گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی باکووری کوردستان کە بەهەموو شێوەیەک لەدژی ئەم هێرش و پەڵامارە هۆڤانەی تورکیە و سوڵتان ئەردۆغانین بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و خەڵکی بێتاوانی شاری عەفرین.
هەرچەندە دیکتاتۆرییەتی سیستەمی ناوخۆیی تورکیە و زاڵبوونی هەستی ڕەگەزپەرەستی تورک بەسەر کۆمەڵگەی تورکیەدا بەگشتی لەکەس شاڕاوە نییە و تورکیە بۆتە تۆنێڵی ناردنە دەرەوی قەیران و شەڕ و برسێتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لەم ساڵانەی دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)،لەناوخۆی تورکیە دەوڵەت تەواویی ڕەخنەگر و رۆژنامەنووس و نووسەران و سیاسەتمەدارانی ناڕازی خستۆتە زیندانەوە و سەرکووت کردوە و پێشێلی ماڤی مرۆڤ و خاڵەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بۆتە خۆراکی رۆژانەی دەسەڵاتی دادوەری لەم وڵاتەدا..
ئایا تورکیە بەم هێرش و کووشتارە لە رۆژئاوای کوردستان و شاری عەفرین دەتوانی کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆیی پەردەپۆش بکات؟بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕوونە و هەموومان دەزانین کاتێک دەوڵەتێک نەتوانی مەسەڵە و کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بەڕێگەی گونجاو چاڕەسەر بکات،ناتوانی لەدەرەوە چاڕەسەریان بکات،ئەویش لەڕێگای شەڕ فرۆشتن بە وڵاتانی تر.تورکیە لەبڕی ئەوەی پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگەوە لەناوخۆی تورکیە چاڕەسەر بکات دەستی بەهێرشی سەربازی کردوە بۆ سەر بەشێکی تری کوردستان و چاوەڕوانی هەیە،هەموو خەڵکی کورد لە باکوور و رۆژئاوا هەتاهەتایە لە بێدەنگیدا بمێنەوە و چاوەڕی مەرگی کۆتایی بکەن.بەڵام بێئاگا لەوی مەسەڵەی کورد ئیتر ئەم قۆناغەی بڕیووە کە بتووانن لە ڕێگای هێرش و پەڵاماری سەربازییەوە ڕیشەکێش بکرێت،وەڵامی کورد بۆ هەموو ئەم هەنگاوانەی دەوڵەتی تورکیە ئاشکرایە و کورد خاک و ماڵی خۆی چۆڵ ناکات و هەتا دوایی بەرگڕی دەکات لە کەرامەت و شکۆی مرۆڤی و نیشتیمانی خۆی و ئامادە نییە وڵات و ژیاری خۆی بەداتە دەست تورکیە.بەڵام ئەوەی ئەمرۆژانە زیاتر مرۆڤ کورد ئازار ئەدات،بێدەنگی ڕای گشتی جیهانی و وڵاتانی خاوەن هێز و بڕیارە لە ناوچەکدا کە خۆیان لە ئاست ئەم هێرشە دڕەندانەی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ژن و منداڵانی کورد لە شاری عەفرین کڕوکپ کردوە و بگرە گڵۆپی سەوزیشیان داگیرساندوە بۆ هێرش و کۆمەڵکوژی کوردانی رۆژئاوای کوردستان...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە