حیزبی بێ پەیام

Wednesday, 09/05/2018, 10:37

2605 بینراوە


ئەگەر بە شێوەیەکی سووک و ئاسان پێناسەی حیزب بکەین ، ئەوا دەڵێین :  بریتییە لە گردبوونەوەی کۆمەڵە کەسانێک لە ڕێکخراوێکدا، کە باوەڕی تەواویان بە بیروباوەڕێکی دیاریکراوی سیاسییە و تێدەکۆشن بۆ گرتنەدەستی هەموو دەسەڵات ، یان بەشێکی ،  بە مەبەستی سەپاندنی سیاسەتی خۆیان ،  بە گشتیش سێ جۆر حیزب هەیە :  یەکەم :  حیزبی خاون ئایدۆلۆجییەکی دیاریکراو ، کە بە تەواوی  پابەندە بە بەرنامە و بیرۆکەی تایبەتی خۆیەوە و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا ،  بە موو لە ڕێبازەکەی  لانادات .  جۆری دووەمیش  ئەو جۆرە حیزبانەیە ، کە بە پێی بارودۆخ بەرنامەکەی خۆیان دەگۆڕن .  پاشان جۆری سێیەمیشیان  حیزبی بنەماڵەیە ، کە کەسێکی سەر بە  بنەماڵەیەکی خۆسەپێنەر  سەرکردایەتی دەکات و بە چاوی مێگەل سەیری ئەندامەکانی دەکات  و  بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، ڕێبازەکەی دەگۆڕێت ، بەبی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەیرە و پڕۆگرام و ڕای ئەندامەکانی .  دوای نەمانی سەرۆکیش نەوەیەکی خۆی بەبێ هەڵبژاردن و چەپڵەی درۆی  ئەندامەکانی  جێگای دەگرێتەوە .  بێگومان هەتا ئێستا  ئەمجۆرە حیزبانە بە زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بوونیان هەیە .  
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی یەکێتی نیشتمانی و بە تایبەتیش پارتی لە جۆرەکانی  حیزبی بنەماڵەن .  پارتی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە ، تا ئەمڕۆ ، کە دەکاتە ٧٢ ساڵ یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات ، یەکێتیش بە هەمان شێوە  ماوەی  ٤٣ ساڵە یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات و دوای نەمانی سەرۆکەکانیان نەوە و خزمەکانیان جێگایان گرتوونەتەوە و دەستیان بەسەر هەموو جومگە گرنگەکاندا گرتووە .  جا لەگەڵ ئەوەشدا پرۆگرامی ئەم جووت حیزبە لەسەر کاغەز ، هاوتای پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبە سوشیال دیموکرات و حیزبە پێشکەوتووەکانی دنیان و خاوەنی سەنتەری ستراتیجی و لێکۆڵینەوە و چەندین ڕاوێژکاری سیاسین  ، بەڵام لەو هەموو ماوە دوورودرێژەدا  نەیانتوانیوە کورد بگەیینە کەنارێکی ئارام ، چونکە سیاسەتی ئەم حیزبانە تەنها  سەرۆک خۆیەتی و لە پێناوی مانەوە و بەرژەوەندی خۆیدا  ئەوەی ویستبێتی کردوویەتی، بەبێ ئەوەی ڕێز ، یان حسابی چڵە پووشێک  بۆ پەیڕە و پڕۆگرام و سەنتەری ستراتیجی و ڕاوێژکاری سیاسی و  ئەندامەکانی حیزبەکەی بکات .  لە ساڵی ١٩٧٥ دا و بۆ ئەوەی جڵەوی شۆڕشی ئەیلول نەکەوێتە دەستی کەسانی تر ،  بە فەرمانی یەک لایەنەی سەرۆکی پارتی ،  جاڕی ئاشبەتاڵ درا  و نزیکەی ( ١٢٠ )  هەزار پێشمەرگەی ئازا چەکی دانا و میللەت و وڵاتیان ڕووبەرووی مەترسی گەورە و گران کردەوە .  لە ساڵی ٢٠١٧ دا و بە بێ بوونی پایەکانی دەوڵەت و پشتگیری دنیای دەرەوە و یەکڕیزی ناوەوە  ، مەسعود بارزانی بڕیاری ریفراندۆم دەدات و بە دەمی خۆشی دەڵێت : ( حساب بۆ یەک کەس ناکەم )  ، واتە گویێ لە کەس ناگرم و بڕیاریش تەنها بڕیاری خۆمە . ئەنجامەکەشی ئەو ماڵوێرانییە بوو ، کە بە چاوی خۆمان بینیمان .  لە ساڵی ١٩٦٤ دا  جەلال تالەبانی بە بیانووی ئەوەی مەلا مستەفا عەشایەر  و کۆنەپەرست و تاکڕەوە  ، چەک بە روویدا هەڵدەگرێت و ئاگری شەڕی براکوژی هەڵدەگیرسێت و هەزاران ڕۆڵەی هەژار دەبنە خۆراکی ئەو شەڕە نەگریسە ، پاش ڕاپەرینیش دژایەتی نێوانیان بە فووی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان  سەرلەنوێ دەگەشیتەوە و گڕ و بڵیسەی ئێسک و پروسکی  هەزاران ڕۆلەی کورد دەکات  بە سوتوو ، کەچی جەلال تالەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ، دەچیتە سەر گۆڕی بارزانی و داوای لێبوردنی لێدەکات و لە پرسەی حەمایل خانی دایکی مەسعود بارزانیشدا بە دەمی خۆی دەڵێت : ( لە پشت هەموو مرۆڤێکی مەزنەوە ژنێک هەیە ) .  جا ئەگەر بارزانی مەزن بوو ، ئەی ئەو هەموو خوێنەتان بۆ ڕشت ؟! . ئەمانە نموونەی خەروارێکن لە هەڵویستی خۆ پەرستانەی  سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی  پارتی و یەکێتی  .   بە کورتی لە حیزبی بنەماڵەدا سەرجەم ئەندامەکانی ڕۆڵی تووتی دەبینن و  سەرۆک هەموو شتێکە و سیاسەتیش بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی دەکات .  بەردەوامیش لە هەوڵی سرینەوەی بەرامبەرەکەیدایە ، تا بەتەنها خۆی بەشی شێری بەربکەوێت .  جا لەبەرئەوەی پارتی لە فێڵ و تەڵەکە و دانووساندا ئەزموونی لە یەکێتی  زیاترە ،  ئەوا توانیویەتی دەست بەسەر سەروەت و سامانی هەرێمدا بگرێت و ڕیزەکانی یەکێتی پەرت و لاوازبکات و بیکات بە پاشکۆ و شاگردی خۆی .  هەر بیرکردنەوەی پارتیشە لە ناوچەی سلێمانیدا لە هەوڵی دروستکردنی قەوارە و هەڵخەڵەتاندنی ئەندامی حیزبەکانی تردایە . ئەم سیاسەتە قۆرخکارییە چەوتەشە کارێکی وایکردووە  ماوەی بیستوحەوت ساڵە نەیانتوانیوە لە دەسەڵاتدا بەرنامەکانی خۆیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا جێبەجێ بکەن ، ئەوەندی لە هەوڵ و خەمی مانەوەی خۆیان و لاوازکردن و شکاندنی شکۆی  یەکتری و لایەنەکانی تردا بوون ،  ئەوەندە لە خەمی دواڕۆژی میللەتدا نەبوون .  جا ئەگەر ئەم دوو حیزبە بە تەنگ کێشەی میللەتەوە بوونایە ، ئەوا دەبوو باوەڕی تەواوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەبووایە و  دوای داخستنی پەرلەمان و شکستە گەورەکەی ریفڕاندۆم .  وازیان لە دەسەڵات بهێنایە و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنیان بکردایە و هەرێمیان لەو حاڵە نالەبارەی ئەمڕۆ ڕزگاربکردایە  ، کەچی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاتوون ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیان خستۆتە دوای هەڵبژاردنی عیراقەوە ، تا ئەگەر لە هەڵبژاردنی عیراقدا وەک پێشوو دەنگی خۆیان هێنایەوە و سەنگ و قورسایی خۆیان بە دڵبوو  ، ئەوا بێ ترس   بڕیاری هەڵبژاردن لە هەرێمدا دیاری دەکەن ، خۆ ئەگەر نەشیانتوانی ساختە بکەن  و  دەنگیێان نەهێنا و تووشی شکستبوون  ،  ئەوا بە  بیانووی جیاوازی بێ بنەما  هەڵبژاردنی هەرێم دوادەخەن و بە  تۆپزی لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێننەوە ...  وەک ڕۆژی ڕووناکیش لێم ئاشکرایە ، مانەوەی ئەم حیزبە بێ پەیامانە ،  لە نسکۆیەکەوە دەماندەنە دەست نسکۆیەکی گەورەتر ، ئەو کاتە  دەبێ  خەونی ڕزگاری کورد ، وەک کورتانەکەی جەجاڵ  سەرلەنوێ  لەسەرەوە بدروێنەوە ،  کە دیارە ئەمەش خاوەی نەزانینی خۆمانە و  دەبێ بیدەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە