پەیامێک لە (بەرەی خەڵک)ەوە، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی سبەینێ

Friday, 21/02/2020, 22:05

5058 بینراوە


لای هەمووان ئاشکرایە کە "بەرەی خەڵک" کورت و پوخت، پاکسازیی ئەم دەسەڵاتەی بە نیگا گرتووە و بە کۆمەڵگای وەها ڕاگەیاندووە کە سەرانی ئەم دەسەڵاتە دەبێ توندترین سزا بدرێن و غەدر و تاڵان و تاوانی دەیان ساڵ دەرهەق بە خەڵک هیچ لێخۆشبوونێکی بۆ نییە و مێژووی تۆماری پڕ ڕیسوایی و بەدئەخلاقیی و شەرمەزاریی ئەم پێڕەی دەسەڵات دەبێ ئاوەژوو بکرێتەوە و وەک قێزەونییەک لە خیانەت لە خەڵکی کورد بسڕدرێنەوە!
بۆ ئێمە خۆیپیشاندان و ڕێکارەکانی بەرگریی، کە خەڵک خۆی چۆنی هەڵدەبژێرێت، ماف و ئەرکی کۆمەڵگایە کە ئیتر بەهانەیەکی نەماوە بۆ بێدەنگبوون لە وەها دەسەڵاتێکی چەپەڵ و چەتەگەر، ئەوەی لێرەدا گرنگە خۆپیشاندانی هەر دەستە و گروپێک، کە ڕەوایی ئەم دەسەڵاتەی دان پێدا ناوە یەکسان نییە بە ئیرادەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا بۆ خستنە قەفەزی تاوانی دەسەڵاتەوە، بۆیە دان پێ دانان و کارکردن لەژێر سایەی وەهمی دیموکراسیی بوونی ئەم جۆرە لە دەسەڵات، بە تەواوکردنی ڕەواکردنی دەسەڵاتە و بانگەشەکانی تەواو دەبێ و بێ ئەندێشەی لە چوارچێوە گرتنی سەرانی ئەم دەسەڵاتە وەک تاوانبار لە مێژوویەک... هەوڵدان بۆ فشار بۆ چاکسازیی ئومێد هەڵچنینە لەسەر دەسەڵاتی پێرێک دز کە وەها جووڵە و ئامانجێک لە خۆپیشاندان بۆ چاکسازی، سینی زێڕین بۆ شەرعیەتیی تەواوەتی بە سیستەمە سەپاوەکە، بەدیاری دەداتەوە بە دەسەڵات.

"بەرەی خەڵک" لەگەڵ هەموو بەرەنگارییەکدایە لە بچووکترین ئاستیشدا بێ درز بخاتە پەیکەرەی دەسەڵاتەوە و بە گوتار و ئامانج هەڵوەشانەوەی دەسەڵات لە بنەڕەتەوە و لێپێچینەوە لە مێژوویەک سەرئەنجامەکەی بێ! لێرەوە هەر گروپ و لایەن و حزبێ ئەم ڕەواییە لەسەر بنەمای ئەخلاقیی و نەتەوەیی بەدەست بهێنێ و بەشێک نەبووبێ لە سیستەمەکە و لە کێکی تاڵانەکەی نەخوارد بێ، دەکرێ ئاڵای بەگژاچوونەوەی دەسەڵات هەڵبگرێ و کۆمەڵگا پشتیوانی لێ بکا.

وەک "بەرەی خەڵک" هەمیشە کار و ڕامان ئەوە بووە، هیچ داواکارییەک لەم دەسەڵاتە ناکرێ و مۆڵەتی لێ وەرناگرێ! چونکە ئاشکرایە هەموو داوایەک شەرعاندنی بوونە ستەمکار و پڕ تاڵان و تاوانەکەیەتی، لێرەوە "بەرەی خەڵک" بۆ هیچ داواکارییەک، کە هەنگاوی ڕاستەقینە نەبێ بۆ پەکخستن و داڕزاندنی دەسەڵاتی لەم چەشنە... لە پارکێکدا و بە لیستێک داواکارییەوە (کە دەسەڵات دەیەوێ ئەندیشەی ئینسانی کوردی پێ سنووردار بکا و لە قاڵبی کۆیلەدا بیانهێڵێتەوە) ڕەوایی ئەم سیستەمە بەسەر کۆمەڵگای کوردییەوە دان پێدا نانێت و خوێ ناکات بەسەر زامی خەڵکەوە و نائومێبوون ناکات بە بژاردەی هەمیشەیی بۆ کۆمەڵگای کوردیی!

بەرەی خەڵک ناچێتە شەقام گەمەکە بۆ دەسەڵات تەواو بکا، بەڵکو دنەی کۆمەڵگا دەدا و نیگای ژێراوژوور کردنی مێزی گەمەی تاڵانی حزبەکان و دەسەڵاتەکەیان دەکا!

بەرەی خەڵک
٢١ی ٢ - ٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە