ماستاوەکەی "توانا ئەمین" و کەڵتەکۆنەکانی چایخانەی شەعب

Thursday, 15/07/2021, 20:25

12972 بینراوە


زۆر لە وانەی خەریکی نووسین و وەرگێڕانی کتێبن گازندە لە بەختیان دەکەن و دەڵێت: ئێستا کەس کتێب ناکڕێ و کتێب ناخوێنێتەوە.
دنیایەکی سەیرە ...!  ئەوانەی کە دەم لە هونەر و شانۆ و سینەما و دراما و بە کوردی نواندنیش دەدەن، مرۆڤگەلێکی سەیرن،  ڕێز لە خۆیان و لە مێژوویان ناگرن، دەڵێن: خەڵکی ئێمە لە ناو کەناڵەکان دەبینن ئەوانی تر واتە هەڵوێست و جوامێری هەمووی قسەی پوچ و بەتاڵن.
کاتێک خەڵکی هەڵوێست و کردارەکانتان دەبینێت، قێز لە کتێب، شانۆ دراما و هونەرەکەتان دەکات و دەڵێن:
خۆ ئەمانە مرۆڤگەلی بەتاڵ و بێهەڵوێست و ماستاوچی و هەلپەرستن، ئیتر ئەگەر هونەرێکیشیان هەبێت، ئەوە ڕێک وەک کردارەکانیانە کە  ڕۆژانە دەینوێنن.
لە دوای شەڕی دووئامۆزا بەدفەڕەکە، کە کەس نەیزانی چۆن ئەم چەکلانە هاتنە لوتکەی دەسەڵات و لەسەر مێژووی حیزبێکی لە خوێنهەڵکێشراو دانیشتن، بونە سەرۆک و بەرپرس ..!؟
 هەر ئەمانە نا بەڵکو بنەماڵەی برایم ئەحمەد و مەلامستەفای قارەمانیش، کە وورچی لە ناوچەکە نەهێشت و بە کوردایەتی دەیفرۆشتەوە، وەک دوکانداریش سیاسەتیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، لەکاتێکدا هیچ لەم بارزانییانە نەخاوەنی هزری سیاسین، نەجێدەستیان لە شەڕێک و ڕووداوێکدا هەیە، جگە لەخیانەت و خۆفرۆشی و ڕاکردن و هەراجی نیشتمان، لەگەڵ خۆشیاندا کۆمەڵێک هەرچی و پەرچی، کە سەرتاپایان بۆیاخ و پۆتۆکس و فیلەرە بە تۆپەڵێک منداڵیی خۆیانەوە هێناونەتە ناو گەمەی دەستدرێژی کردن بۆ سەر خەڵک و خاک و نیشتمان .
لەهەمووی ناخۆشتر و بێتامتر نوسەر و هونەرمەندی ماستاوچی و کەسانی بێهەڵوێستە، کە بونەتە دەموچاوی ئەم دەسەڵاتە، زۆر بە ئاگایانەوە پاساو بۆ ئەم دەسەڵاتە دەهێنەوە و بەکارەکتەری سیاسی و حەکیم ناویان دەبەن.
توانا ئەمین: لە وەسفی سێ ئامۆزاکەدا هێندە ماستاوی کردووە، من وەک خوێنەری سوهراب و تاگور، داوای لێبوردن لەم دوانە دەکەم، کە ئەم توانا ئەمینە، هەندێک لە کتێبەکانیانی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی، لە هەمانکاتدا لە توانا دەپرسم: ئەرێ بەڕاست سوهراب و تاگور چیان لە پاڤێل و قوباد و لاهور دەچێت؟! 
توانا دەڵێت: "باڤڵ تاڵەبانی زۆر خۆیەتی، حەسمی و کەللەڕەق و قسە ڕەقە، بەڵام تا ئەوسەر یەک ڕاستە هێڵە، بواری مراوغە و پێچاوپێچی تێدا نییە، توانای سازشی لاوازە".
پاشان بە قوباد دەڵێت: قوباد، کە نەرم و نیانە؛ گۆچان و غەزەب و دۆ و دۆشاو تێکەڵکردنەکەی تاڵەبانی لەم کوڕە گەورەیاندا بە تەواوی کۆبۆتەوە.
بۆ لاهوریش دەڵێت: ئەگەرچی کوڕی تاڵەبانی نییە، بەڵام زیاتر لە کوڕەکانی ڕەنگ و بۆی تاڵەبانی هەڵگرتووە، سیاسییە، موجامیلە، لەسەرخۆیە، میواندۆست و کۆمەڵایەتییە، هەمیشە حەزی لە ناو خەڵکە. نەرم و نیانە، گرنگی بە میدیا و سۆشیالمیدیا دەدات . 
ئیتر لێرەوە لەم کەسە دەگەیت و ڕێک گومانت نامێنێت کە توانا بۆ لاهور کاردەکات و ١٠ساڵ خۆی ووتەنی خەڵوەتەکەی گەڕانەوە بوو بۆ ماڵی شێخ جاش و تەکیەگەرمەکەی تاڵەبان.

لەم ڕۆژانەدا لە یوتوب ڤیدۆیەکم دی، کە لاهور بە ئارەقی ناوچەوانی خۆی و لەسەر ئەرکی پاچکاریەکەی و پیزە دروستکردنەکەی و قاپشتن و دریڤەرێکەی چوو چایخانەی شەعبی نوێژەن کردەوە. ئەمە سەری چەندەمین جارە ئەم چایخانەیە نۆژەن دەکرێتەوە، جارێک عومەر فەتاح و سەردەمێکیش پیرێژنە هێرۆ، ئێستاس لاهور . 
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانیش بوو "عومەری کەریم ئاغا و جەمال عەبدول " بوو بە سەر و ڕیشی سپییەوە وەک دووکەڵتەکۆن، دوای فشەکەرێکی وەک لاهور کەوتبوون. من شەرمم لەخۆم کرد، مرۆڤێک بیەوێت یاری بە کەسایەتی خۆی بکات وەک ئەمانە دەکات، ئاخر عومەری کەریم ئاغا تۆ خولەچەخماخەی ڕاست و وەستا سڵێوەیت؟ جا وەرە عومەری کەریم ئاغا بەو تەمەنەوە دوای چەکلێکی وەک کوڕە شێخێکی سەرەک جاش بکەویت و کەسایەتی خۆی و مێژووی ژیانی هونەری خۆی بخاتە بەر ڕەخنە.
جەمال عەبدولیش لە ئامادەیی ڕۆشبیر مامۆستام بوو، من وەک قوتابیەکی کۆن لە جێگەی ئەم مامۆستایە  تەریق بوومەوە .. دیارە ئەمە جاری یەکەم نییە کە هەڵوێستی خراپ بێت، لە١٧ی شوباتیشدا، کە هاوکارمان "ئەزمڕ " ئاگاداری کرد، بەڵام هیچ فێر نەبوو، چونکە ئەم مامۆستا خەرەفاوە  لەسەر ئەو ماستاوە ژیان دەکات.
 ئیتر هەر خەڵکی ماستاوچی و نووسەری قەشمەر و هونەرمەندی خەرەفا و  کەسانی سەرسپی بوو دەچون بە دەور و بەری لاهوردا و  قسەیان لەگەڵ دەکرد!
بەڕاستی سلێمانی فسفس پاڵەوانی لێنابڕێت.
بۆیە د.عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ و حەمەی مەلاکەریم و دەیانی تر، کە سەدان کتێبێان نووسی کتێبەکانیان لەپیش خۆیانەوە مردار بۆنەوە.
 ئێمە گەلێکین بەدەگمەن یەڵماس گۆنای، ئەحمەد کایا، لەناوماندا لە دایک دەبێت. زۆری نووسەر و هونەرمەندەکانمان لەوە دەچێت شەوە لێی دابن، بۆیە هێندە، بەتەنگ مێژوو کەسایەتی و کەرامەتی خۆیانەوە نین سۆسیال مێدیاش ئەم چاکەیەی هەیە زوو هەواڵەکانمان پێدەگەیەنێت.
گرنگە مرۆڤ ئاگای لە کەسایەتی خۆی بێت. لەو ماوەیەدا جوتیارێک کە بەڕاستی خەریک بوو سەرسامی دەکردم و بەدڵ خەریک بوو خۆشم دەویست، کەچی لە پڕ لەسەر گۆڕی مەلامستەفای ئاشبەتاڵچی بینیم، ووتم نەکەی بەهیوام چاوم هەڵەی کردبێت، کەچی بەرچنە هەناری شارەزوور و هەڵەبجەی بۆ بردبوو.
بەڕاست ئێمە چین!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە