سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


پرۆژەی کریستۆ و هونەری سەردەمەکەمان

Thursday, 09.23.2021, 3:12

935 بینراوە


پاش هەموو بزوتنەوە هونەریەکانی سەدەی بیست، هەنوکە هونەرمەندان لە جیهانادا بە بەردەوامی بەو ڕەوتە مێژوویە، لەم ساتەوەختەدا خەباتی سیاسی و ژینگە دۆستی و فەمینیستی و تەنگژیە کۆمەڵایەتیەکان وەک سوژە بەرجەستە دەکەن . ئەم باسانەش لەلایەن سیستەمێکەوە نەسەپێنراون بەسەر هونەرمەنداندا وەک لە ڕبوردودا بە ڕیالیسمی سۆسیالیستی، بە لۆژیکی بەردەوامیە. 
هونەری کۆنسێپتوێل  وەک کارێکی هونەری بۆ خۆ دەربازبکردن لە سوژە، بەسەر چووە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ سەردەمەکەمەندا ناگونجێت، وەڵامی ڕووداوەکا نادەنەوە، لەبەر ئەوەی جیهان روبەروی  تەنگژیەگەلێکی بێ شومار دەبێتەوە و هونەرمەند ناتونێت بێ هەڵوێست بێت لێی.
 ئەگەر کاری کریستۆ ( christo ) بەستراوەتەوە بە سەردمێکی زێڕینی کۆمەڵگەوە لە ئەوروپا ؛ لە ساڵانی شەستا،  لەو سەردەمەدا کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی لە ئاشتیەکی کۆمەڵایەتیدا دەژیان، دوور لە تەنگژی ئابوری و ژینگەو ...تاد، کاری کریستۆ لەو سەردەمەدا ئەفراندنی بۆنەیەک بوو بە بێ سوژە  بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی بەلای کارێکی ئێفێمێردا. ئەگەر کارەکانی کریستۆ لەسەردەمی خۆیدا بە ناڕاستەوخۆ خزمەتیان بە سیستەم نەکردووە و دژی سیستەمیش بوون بە ناڕاستەوخۆ، ئەوا ئەمڕۆ لەم سەردەمەدا کاری   christo  دەچێتە خزمەتی سیستەمەوە، لەبەر ئەوەی هیچ باسێک ناهروژێنێت جگە لە دیمەنێکی دڵفڕێن نەبێت کە لەسەردەمی خۆیدا وەک کارێکی ئەپسورد دەبنیرا. هەرچەندە بە راڤەکردنی سایکۆلۆژی دەتوانرێت ببەسترێتەوە بە ژیانی خێزانی کریستۆوە لە بولگاریا لە ژێر سیستەمی کۆمۆنیست لەو دەمەدا، کاتێک خۆیی و خێزانەکەی ڕوبەڕوی تەنگژی بونەتەوە؛ داپۆشینی ئۆبژەیەک راڤەی فرۆیدی بۆدەکرێت، لەهەمان کاتا کریستۆ کارەکەی خۆی وەک کارێکی هونەری ناناسێنێت، جگە بەرجەستەکردی ئۆبژەیەک لەدەرەوەی مۆزەخانەکان، ئەفراندنی ئۆبژەیەکی بێ مانا لە دەوەوەی ئۆبژە خۆی، بە بێ ئەوەی گوێبدات بەو کۆنسێپتەی دراوە بە هونەر وەک باسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئێکۆنۆمی، مۆراڵ و فەلسەفی. ئۆبژەیەک کە بتوانێت سەرنجی کەسانی لاکۆڵان ڕاکێشێت بەلای خۆیدا. هیچ مەسجێکی نیە جگە لە داپۆشینی مۆنیمۆنتێک بۆ ئەفرراندنی دیمەنێکی سەرنجڕاکێش، ئەبێت ئەو ڕاستیەش بڵێین؛ بینینی کارێکی کریستۆ لە نزیکەوە سەرسوڕهێنەرە، کارێکی دەستڕەنگینی نایابە.
هەرکاتێک کۆمەڵگە لەسەردەمێکدا لە شێوەیک لە بەختەوەریدا دەژی،  هونەرمەندان دەچنە خەڵوەتو گۆشەگیریەوە، کاری هونەرماندان بە خۆڕسکانە پڕکردنەوەی ئەو پانتایەیە بە کاری بێ سوژە، ئەم کاردانەوەیە ئەگەر خۆڕسکانەیە، ئەوا راستیەکمان بۆ واڵا دەکات ئەویش ئەوەیە هونەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرەدراوە بە باری ژیانی کۆمەڵگەوە لە  سەردەمەکەیدا، هونەرمەند ڕەنگدانەوەی ئەو ئەتمۆسفێرەیە، ئەمەش نەک تەنها وەک گوزارشتکردن لە شێوازێکی ژیان بەڵکو پڕکردنەوەی ئەو پانتاییە بە کاری هونەری سەرسوڕهێنەر و سەرنجرڕاکیش،  بەڵام بەبێ هروژاندنی باس، بەتایبەتی کریستۆ ساڵی1958 کاتێک دەگاتە پاریس ئاشنایی بە بزوتنەوەی ڕیالیسمی نوێ دەبێتو لەو بزوتنەوەیەوە ئیلهامی کارەکەی رەگی داکوتاوە؛ کاتێک هونەرمەندانی ڕیالیسمی نوێ کەرەسەی سروشتیان بەکار دەهێناو دژی هونەری ئەپستراکت، لەهەمان کاتا هەندێک پێرفۆرمەنسیان دەکرد، بۆ نمونە لەسەر شەقامەکان پاڵ دەکەوتن بۆ ڕیگرتن لە خەڵکی،  تەنها بۆ دروستکردنی بۆنە و سەرنجڕاکێشان و خەریککردنی خەڵکی بە کاری بێ هودەو ئەپسوردەوە، بەڵام ئەمڕۆ پاڵکەوتن لەسەر شەقامێک هیچ گرنگیەکی نیە، لەبەر ئەوەی خەڵکی ڕؤژانە بەتەنیشت دەیاها بێ لانەدا گوزەردەکەن بەبێ ئەوەی سەرنجیان بدەن، بونەتە دیکۆر، بونەتە عامودێکی کارەبا، ئۆبژەیەکی ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان، هونەرمەند ناتوانێت بە پاڵکەوتن لەسەر شەقامێک بۆنەیەک بئافرێنێ و سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا رابکێشێت، یان باسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بهروژێنێت بە داپۆشینی مۆنیمۆنتێک.
بزوتنەوەی ڕیالیسمی نوێ Jean Tinguely
بزوتنەوەی ڕیالیسمی نوێ؛ Arman
کاری هونەرمەند Christio
بۆیە هونەرمەندانی ئەمڕۆ بە پێی پێوسیتی سەردەمەکەمان  پیرفێرمەنسەکانیان ئەنجام ئەدەن، بۆ نمونە هونەرمەندی ڕوسی؛ Piotr Pavlenski کە سێکی پەناهێندەیە لە فەرەنسا، ساڵی 2017 ئاگری بەردایە بانکێک لە فەرەنسا لە مەیدانی باستیل وەک کاردانەوەیەک دژی بانکو مولتی ناسیۆنال، پاش ئەوەی لەوەوبەر لە روسیا ئۆفیسی KHB ی سوتاند ساڵی  2016. لە ئاکامی ئەم پێرفۆرمەنسە هونەریەیدا، هونەرمند خۆی بینیەوە لە بەردەم داداگادا، دادیار ووتی ؛ ئەم داداگایە تۆزێک تایبەتە، چونکێ هونەرمەند و دادگا ڕوبەڕوی یەکتر نابنەوە. واتە هونەرمەند هەرگیز دادگایی ناکرێت لەبەر ئەوەی گڕتێبەردانی بانقیک لەلایەن هونەرمەندێکەوە وەک کارێکی هونەری، دەچێتە ڕەهەندێکی ترەوە، جیوازە لە سوتاندنی لەلایەن هێلەکە زەردەکانەوە ئەگەریش هەمان ئامانج بپێکن. هونەرمەند لە ئاکامی ئەم کارەیدا بە بە بڕێک پارەی ڕەمزی سزادرا لەلایان دادگاوە لەبەر ئەوەی زیانی بە موڵکی پریڤات گەیاندبوو، بەڵام ئەو وتی هەرگیزئامادە نیە ئەو پارەیە بدات. ئەم هونەرمەندە چەندەها کاری سیاسی دەکات دژی سیستەم وەک کارێکی هونەری کە تەواو وەڵامی داواکاریەکانی سەردەمن.
هونەرمەندی روسی Piotr Pavlenski لە کاتی سوتاندنی بانقەکەدا
هەروەها هونەرمەندی چینی Ai Weiwei ئەویش دوای ئەوەی لە چین خۆی دەربازکرد لەبەر ئەوەی بەهۆی کارە هونەریەکانیەوە توشی تەنگژی بوبو لەگەڵ سیستەمو سەردەمێکی ژیانی لەبەندیخانە بەسەر برد، ئەمڕۆ وەک پەناهێندەیەک لە ئەوروپا دەژی. چەندەها  جۆر کاری هونەری دەکات کە هەندێک جار کارەکانی سنوری هونەر تێدەپەڕینن و دەبنە کاری ئیومانیستی و ڕاستەوخۆ خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەنو زۆر خۆیان لەکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئازادی تاک هەڵدەقورتێنێت، لەبەر ئەوەی سەردەمەکەمان ئەوەی گەرەکە و هونەرمەندیش کەسێکە ئاستی ئاگایی هەمیشە پێشەنگە، هونەر هەموو سنورێک دەشکێنێت، هەر کارێکیش بە مەبەستی هونەر بەرجەستەکرابێت  دەچنە خانەی هونەرەوە. 
هونەرمەند Ai Weiwei
لە کارێکی هونەریدا ؛ کاتێک کامپی بیانیەکان لە یۆنان لەلایەن UN  ەوە بە خێرایی چۆڵکرا و خێزانە بیانیەکان لەبەر کەمی کات بە خۆیانو مندالەلاکناینەوە گوێزرانەوە،  کاتیان نەبوو کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیان بەرن، بەهەزارەها تەن کەلوپەلیان لەدوای خۆیان جێ هێشت، کەلوپەلەکان بریتی بوون لە جلوبەرگی منداڵان و کتێب و کەلوپەلی خێزانی و بیرەوەری. هونەرمەند؛ Ai Weiwei هەموو ئەو کەلوپەلانەی بە شۆفێڵ کۆکردەوە و لە شوێنێکدا سەدەها کەسی خستەکار بۆ شوشتنی جلوبەرگو درونەوەی جلەکان و وئوتولێدانی یەک بەیەکیان، بۆیاخکردنی کەوشی منداڵانو....تاد، پاشان هەموو کەلوپەلەکانی گەیاندەوە بەخاوەنەکانی. ئەو وەک هونەرمەندێکی پەناهێندە نەهاتووە لە ژێر بورجی ئیفڵدا چەپڵە بۆ سیستەم لێبدات. ئەمانەو چەندەها کاری تری هونەمەندان بۆ بەرگریکردن لە ژینگەدۆستی بەرگری کردن لە مافی مێینە، لەبەر ئەوەی سەردەمەکەمەنا ئەوەی گەرەکە.  بەڵام سیستەم ئەم هونەمەندانە ناخاتە پێشەوە لەبەر ئەوەی تەنگژی بۆ ئەو دەنێنەوە. 
هونەرمەند Ai Weiwei لەکاتی ڕێکخستنی کەوشی منداڵانی پەناهێندە
کەلوپەلی پەناهێندەکان
Ai Weiwei وەک ئالان کوردی
مرۆڤ  بونەروەرێکی سیاسیە، هونەرمەند مرۆڤێکی بەئەگایەو خۆی بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر بە ڕوداوەکان، مەبەست لە سیاسەت پارتێکی سیاسی و دەنگدان نیە، مەبەستمان لەوەیە کە هونەرمەند ئەو کارانە بەرجەستەدەکات کە بەهزریدا تێدەپەڕن لە سەردەمەکەیدا بەگوێرەی پیویستی سەردەمەکەی بە ئاگاییەوە، واڵاکردنی هەقیقەتی سەردەمەکەیەتی، واڵاکردنی ئەوەی شاراوەیە یان ئەوەی پێویستە بوترێت و ڕایەلەبکرێت بۆ ڕاچڵەکاندنی دەوروبەرەکەی، ئەو وەک هزرێکی ئاگا هەموو باسەکان دەگرێتە خۆیی و دەرهاویشتی دەکات بە کارێکی هونەری و بەرگێکی نوێی دەکات بەبەریا،  میکانیزمو پالنەریش ئێگۆیە، ئێگۆیە کە توانایەکی بێ ئەندازە دەخاتە گەڕ بۆ داپۆشینی پردێک، ئێگۆیە بانقێک دەسوتێنێت، پێڵاوی منداڵان و جلوبەرگی پەناهێندەکان کۆدەکاتەوە خاوێنیان دەکاتەوە و بۆیان دەباتەوە.  ئێگۆ دەڵێت سەیرم بکەن ئەوە منم ئەو کارە ئەنجام ئەدەم، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە ئەوەیە چۆن ئێگۆ خۆی وەردەچەرخێنت ؟  بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە  یان  سەرنجڕاکێشانیان بە کارێکی بێ سوژە لە کاتێکدا سوژەکان ئەمڕۆ کەڵەکە بوون و ناتوانین خۆمانی لێ بشارینەوە . هەردەم وتراوە؛ هەموو مرۆڤێک ئەشکەنجەی بونو ژیان دەچیژێت، بەلام ئەوە هونەرمەندە ئەو ئەشکەنەجەیە وەردەچەرخێنێت بۆ بەرهەمێکی پیرۆز. بۆیە بەرامبەر هەر سەردەمێک هونەرێک دەبێتە شایەتی ڕاستەقینەی، ئەو شایەتیەش مەرج نیە وێنەیەکی ڕیالیسمی سەردمەکە بێت، ئەو شایەتیە خۆی دەبینێتەوە لە کایەیەکی ئێجگار ئاڵۆزدا؛ هەندەک جار  خۆیان لە بەرگی بەرپەرچدانەوەدا دەبیننەوە بۆ بەلادابردنی هزری کۆمەڵگە کاتێک تاکەکانی بێهودەن لە بوون، هروژاندنیانە، ڕاچڵەکاندنیانە، سەرسوڕماندنیانەو، بەڵام کاتێک دەبینن وا خەریکە زەویکەی ژێر پێماندا دادەڕمێت، لە خەڵوەت دێنەدەرەوە و بە ڕشکاوانە  و ڕاستەوخۆ دەبنە بڵندگۆی دەستنیشانکردنی هۆکارەکان. 
بۆیەکا ئەگەر هونەری کۆنسێپتوێل لەسەردەمی خۆیدا پێویستیەکی سەردەمەکە بوو، کۆنسێپتوێل بەمەبست بیرۆکەیەکی گشتی دێت بۆ ئەنجامدانی کارێکی هونەری، بە بێ ئاراستەیەکی دیاریکراو، بە بێ سوژە.  پرۆژەی داپۆشینی کەوانەی سەرکەوتنیش لەلایەن کریستۆوە دەکەوێتە هەمان رەهەندەوە. پرۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961، کە لەلایەن شارەوانی پاریسەوە قبول کراوە و پاش چەندەها ساڵ ئەمڕۆ ئەنجامدرا  بە بۆنەی مردنی هونەرمەندەوە ساڵی 2020 ، دوای ئەوەی کریستۆ ساڵی 1985 پردی  (Pont neuf  ) ی داپۆشی لە پاریس بەهەمان شیوەی ئەمڕۆ کەوانەی سەرکەوتن. دەبێت بوترێت کە پرۆژەکانی کریستۆ پرۆژەی گەورەنو پارە و توانایەکی بێ ئەندازەیان پێویستە بۆ ئەنجامدانی، بەتایبەتی دروستکردنی ملوێنەها قوماشی ئەستور و تایبەت بۆ ئەو مەبەسەتە، بۆیە خاوەنی شەریکەیەکی تایبەتە بۆ بەڕیوەبردنی کارەکانی کە پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆر کرێکاری شارەزا لەو بوارەدا. 
هێڵکاری پرۆژەی کەوانەی سەرکەوتن Christo
ماکرۆن ڕۆژی کردنەوەی پرۆژەکە
کاتێک پرۆژەی پردی (pont neuf) ئەنجامدرا، قوماشەکانی برتیتی بوون لە 40 هەزار مەتر چوارگۆشە و 12 تەن ئاسنو 300 کرێکاری تایبەتو 12 ئەندازیار. لەبەر ئەوەی قوماشەکان لە ئەڵمانیاوە دبەتایبەت روستکرابوون بەنرخێکی گران، بۆئەوەی کریستۆ تاکس نەدات ناچار دوای پرۆژەکە 40 هەزار مەتر چوارگۆشەی قوماش سوتێنران، ئەو سەردەمە ئەم کارە ناڕەزایی نەنایەوە، لەبەر ئەوەی نەک باسی تەنگژی ژینگە نەدەکرا، هەروەها باری ئابوری خەڵکی لە ئاستێکی بەرزدا بوون خەڵکی ناڕەزاییان دەرنەبڕی، بۆیە ئەمڕۆ لە کاتی ئەنجامدانی پرۆژەی کەوانەی سەرکەوتن، لە میدیاکاندا زۆر باسی ڕیسایکلی قوماش و ماتریالەکانیان دەکر، هەروەها پێداگریان دەکردەوە لەوەی کە حکومەت پارەی نەخستۆتە پرۆژەکەوە نەوەکا نارەزایی خەڵکی لێ بکەوێتەوە، ئەبێت ئەو ڕاستیەش بوترێت کە کریستۆ پرۆژەکانی بە فرۆشتنی ماکێتو رەسمی پرۆژەکانی ئەنجام ئەدات، هەرچەندە بە ناڕاستەوخۆ یارمەتی لە دەزگا هونەریەکانیش وەردەگرێت.  
داپۆشینی پردی pont neuf بە پرۆژەی کریستۆ ساڵی 1685
هونەرمەندی راستەقینە ئەو هەرەمەندەیە کە گوزارشت لەسەردەمەکەی خۆی دەکات، بۆیە ئەگەر کاری کریستۆلە ڕابوردودا ڕاستەوخۆ خزمەتی بە سیستەم نەکردووە، رەوتێکی هونەری بووە، ئەوا ئەمڕۆ بۆتە دیکۆر و فۆلکلۆر، دەوری گرنگ نابینێت لە هەلماڵینی هەقیقەت و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە، بەدوبارەبکردنەوەی ئەم کارە لەگەڵ  زەمەندا، دەبێتە کارێکی زیاتر بازرگانی و سیاسی بۆ داپۆشینی تەنگژیەکان و خزمەت زیاتر بە سیستەم دەکات.
لێکدانەوە و سەرنجدان لەم کارە هونەریانەی ئەوروپا گرنگن بۆ هونەرمەندانی کوردستان، بەڵام کاری هونەرمەند بەستراوەتەوە بە زەمەنو بە سەردەمەوە، بە شوێنەوە، هونەرمەندانی کوردوستان دەبێت سەرنجی چواردەوری خۆیان بدەن، سەرنجی روداوی ناوچەکەیان بدەن، ڕاوی ئەو بیرۆکانە بکەن کە بەهزریاندا تێپەڕ دەبێت، کەلوپەلی ناوچەکە بەکار بهێنن، نابێت بە شێوەیەکی ساکارانە ئەوەی دەیبینن لە ئەوروپا دوبارەی بکەنەوە، وەک چۆن ئەنتەلکتوێلەکان ناتوانن خۆیان بیربکەنەوە، بە هزری ئەنتەلەکتوێلەکانی ئەروپا بیردەکەنەوە و ڕستەو باسی فەیلەسوفان دوبارەدەکەنەوە بە بێ قوڵبونەوە. هونەرمەندان دەبێت خۆیان بچنە قولایی ناخی خۆیانەوە، چی بە هزریاندا گوزەردەکات ! ئێمە ناتوانین کارێکی هونەری بەرجەستە بکەین، وەک ئەوەی دەچین بۆ ئۆفیسێک؛ لەکاتی وێنەکێشان و بەرجەستەکردنی کارێکی هونەریدا وەک فەرمانبەرێک کار بکەینو دوای کارەکە بیر لە باسێکی تر بکەینەوە.  ئەمڕۆ ئەوکارە هونەریانەی دەیان بینین لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی نەبەستراونەتەوە بە روداو و ژیانی خەڵکو ناوچەکەوە، تەنانەت ئەو کەرەسانەی کەبەکاریان دەهێنن  لە پێرفۆرمەنسەکاندا هێجیان کەرەسەی ناوچەکە نین، باسەکانیان هیچ پەیوەندی بەو شوێنەوە نیە کە تیایادا دەژین، وەک ئەوەی لەشیان لە کوردستان بێت و هزریان لەئەوروپا.
پرۆژەی داپۆشینی کەوانەی سەرکەوتن لە پاریس لەلایەن هونەرمەند ( Christo) ەوە پێشنیار  بۆ شارەوانی پاریس لە ساڵی  1961،  دوای مردنی هونەرمەند ئەنجامدراوە، تێچوی پرۆژەکە 14 ملوێن ئۆرۆیە، کریستۆ لە ساڵی  2020لە تەمەنەی 85 ساڵیدا لە ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد. پرۆژەکە لە 18  ی سەپتەمبەرەوە هەتا 3 ی ئۆکتۆبەر بەردەوام  دەبێتن