نەبووونی دەوڵەت و کاریگەرییەکانی لەسەر کەسێتی تاکی کورد

Wednesday, 02/02/2022, 16:45

4306 بینراوە


لەم وتارەدا دەمەوێت لەسەر نەبوونی دەوڵەت و کاریگەرییەکانی لەسەر کەسێتی تاکی کورد بنووسم.  
ئاشکرایە کورد یەکێکە لەنەتەوە کۆنەکانی ناوچەکە کە تائێستا نەیتوانیوە بگاتە ئازادی و سەربەستی و دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ، نەبوونی دەوڵەتیش کاریگەری سلبی و نەرێنی لەسەر کەسێتی و دەروونی هەریەکێکمان درووستکردووە. بۆ ئەمە سەرەتا بەپێویستی دەزانم لەسەر دەوڵەت بدوێین و بزانین دەوڵەت چییە ؟ دیارە پێناسەی زۆر هەن، بەڵام پێناسەی هەرە گونجاو بۆ دەوڵەت: بریتییەلە ناوچەیەکی جوگرافی کە سنوورەکانی دیاریکراوبن، وە کۆمەڵە خەڵکێکی لەسەر بژین کە نەژاد و زمان و کەلتوور و مێژوو و ئابووری هاوبەشیان هەبێت، هەروەها دەسەڵاتێکیش سەروەری بەسەر ووڵاتەکەدا هەبێت و شەرعیەتی خۆی لێوە وەربگرێت. دیارە لەم پێناسەیەدا هەست بەبوونی سێ پێکهێنەری سەرەکی دەکەین، ئەوانیش ( ناوچەیەکی جوگرافی - خەڵک یان نەتەوە - دەسەڵاتی سیاسی)ن. لەم سێ پێکهێنەرەدا، دەبینین کورد خاوەنی ناوچەیەکی جوگرافی پان و بەرینە کە دانەبڕاوە لەیەک و سنوورەکانی دیارن، هەروەها ئەو خەڵکەی لەسەر ئەم ناوچە جوگرافییە دەژین نزیک بە (٩٥٪)ی بەنەتەوە کوردن، نەژاد و زمان و کەلتور و مێژوو و ئابوری هاوبەشیان هەیە. پێکهێنەری سێیەم کە دەسەڵاتی سیاسییە، ئاشکرایە کورد بەدرێژایی مێژوو نەیتوانیوە دەسەڵاتێکی سیاسی پێکبهێنێ کە سەروەری بەسەر تەواوی خاکی کوردستاندا هەبێت. بۆیە خاکەکەی لەلایەن نەتەوەکانی دراوسێوە داگیرکراوە، خەڵکەکەشی ژێردەستەی (فارس و تورک و عەرەب) بوون، سامان و خێرو بێری ووڵاتیش بۆ ئەوان چووە.
بێگومان تائێستا بەهانەی باو لەناو کوردا ئەوەیە، کە کورد ئۆباڵی درووست نەکردنی کیانێکی سەربەخۆی خستووەتە ئەستۆی دەرەوەی خۆی، ڕووداوەکان، دۆخەکان، کاتەکان، دڕندەیی داگیرکەرانی بەهۆکار زانیوە.  دیارە ئەم بەهانەیە تەواو نامەنتقی و ناواقعییە، باشە..... نەوە هات و نەوە ڕۆیشت، سەدە هات و سەدە تێپەڕی، هەزار ساڵ نا، بەڵکو بوو بەدوو هەزار ساڵ، ڕووداوەکان، دۆخەکان، هەلومەرجەکان، دەیان و سەدان جار گۆڕانکارییان بەسەردا هات، هەر هەلومەرجێکی لەبار و گونجاو بۆ کورد نەهاتە پێشەوە تا دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ و ببێتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ ؟ دوو هەزار ساڵ بەس نەبوو بۆ ژێر دەستەیی، خۆخواردنەوە و کڕوزانەوە لەداگیرکەر تا بە بەزەیی بێت و کەمێک لەمافی زەوتکراوی خۆمانمان پێ بداتەوە ؟ ئایا ئێمە خۆمان هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتییانە نین کە بەسەرماندا دێن ؟
دیارە هۆکاری زۆر هەن بۆ نەبوونی کورد بەخاوەن کیانێکی سەربەخۆ، بەتێگەیشتنی من ساویلکەیی تاکی کورد و لاوازی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ خاک و زمان هۆکاری سەرەکییە. لەویژدانی هەریەکێکماندا شتی بڤە و حەرامکراوی زۆر هەن، جنێودان و سوکایەتی کردن بەدین و خودا، شەرەف و ئەخلاق، بنەماڵە و عەشیرەت......هتد، بەڵام هەرگیز جنێودان بەخاک و نیشتمان، خیانەتکردن لەووڵات لەویژدانی زۆربەماندا نەبووەتە شتێکی حەرامکراو، ئەنجامدەرانی بەنەعلەت لێکراو و قێزەون سەیر ناکرێن.  لەهەواڵی ڕۆژانەی ئەم کۆمەڵگەیەدا، دەبینین لەسەر مۆڕەیەک، جنێوێک، هۆڕنێک، توانجێک لەسەر نامووس، عەشیرەتێک دەبڕدرێتەوە، بەڵام داگیرکەران شەرەف و کەرامەتمان کە خاکە داگیریان کردووە، خۆشمانیان ژێر دەستە کردووە، بەلێشاو لێمان دەکوژن و لەناومان دەبەن، نقەمان لێوە نایات، تەنانەت هەندێکمان دەستخۆشیان لێ دەکەین و گاڵتە بەسەربەخۆی و ئازادی دەکەین.   بڕوانن بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆوە چیمان لێ بەسەر هاتووە، داگیرکەران زمان و کەلتوری خۆیانیان بەسەرماندا سەپاندووە، زمان و کەلتوری کوردیشیان قەدەغەکردووە، منداڵەکانمانیان ناچارکردووە کە بەزمان و کەلتوری ئەوان بخوێنن و پەروەردە بکرێن. هەروەها میللەتەکەمانیان ڕووبەڕووی ڕاگواستن و بەزۆر کۆچ پێکردن، ئەنفال و کیمیابارانکردن، لەناوبردن و کوشتن، قڕکردن و جینۆسایدکردن کردووەتەوە، سەنتەری ئایدۆلۆژیای داگیرکەران ئەوە بووە کە کورد وەک ئیتنیک نەهێڵن و بیسڕنەوە. دەبینین ساڵ لەدوای ساڵ، ڕێژە و ژمارەی کورد کەم دەبێتەوە و لەناو نەتەوەی سەردەستەدا دەتوێنرێتەوە، دەیە لەدوای دەیە سنوورەکانی کوردستان بەرتەسکتر دەبێتەوە و ڕووبەری خاکەکەی کەمتر دەکرێتەوە.
کاریگەری ئەم دۆخی داگیرکارییە لەسەر کەسێتی تاکی کوردیش ڕەنگی داوەتەوە، دەبینین تاکی کورد لەبەرامبەر تاکی نەتەوەکانی داگیرکەردا چەند لاواز و شکاوە، چەند مات و سەرکزە، چەند چەماو و زەلیلە، چەند هەست بەکەمی دەکات.  تاکی داگیرکەر، وەک سەردار و ئاغا دەبینێ، وەک ئەوەی ئەم کۆیلە و ئەو خاوەن کۆیلە بێت، وە پێویست بێت لەسەری خزمەتی بکات، گوێڕایەڵی بێ و فەرمانەکانی جێبەجێ بکات.  لەژێر فەرمانی ئەواندا ئامادەیە بەگژ نەتەوەکەیدا، بچێتەوە و هەموو مێژووی خۆی بسڕێتەوە، حاشا لەزمان و کەلتوری خۆی بکات، تەنها لەپێناو ئەوەی بەدڵسۆزی بزانن و قبوڵی بکەن. داگیرکەران بەدرێژایی مێژوو، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوین، هەریەکەمان دەیان نموونەمان لایە لەوانەی کە پیاوی داگیرکەر بوون، بۆ ئافەرینێکی دوژمن قەسابخانەیان لەسەر لاشەی هاوزمانانی خۆیان درووستکردووە. ئەم گوێڕایەڵییە بۆ نەتەوەکانی تر بووە بەخوومان، ئێستا تاکی کورد حەزی لەوەیە گوێڕایەڵی کەسێکی تر بێت و مێشکی لەلایەن کەسێکی ترەوە ئاراستە بکرێت، دەبینین ئێستا بەتێکرا سیاسییەکانی کورد دڵسۆزی داگیرکەرەکانن و لەژێر بڕیار و فەرمانەکانەکانی ئەواندا کاردەکەن، ئەندامەکانیانیش بەئاواز و گۆرانی ئەوان هەڵدەپەڕێنن.
لەکۆتایدا بەداخەوە ئومێد بڕاوم، تاکی کورد بەئاگا نایاتەوە، لەخەوی خەفڵەتدا مەلە دەکات، خوێندەوارەکانی دەمەتەوری داگیرکەران دەلێسنەوە، سەرکردە بۆینباخ لەملەکانی کەلەی زل و قاوغی بەتاڵن، هەر ڕۆژەی بەناوی شتێکەوە دەخەڵەتێنرێن، ڕۆژێک بەناوی دینەوە، ڕۆژێک بەپۆستی ژێر بۆشەوە، ڕۆژێک بەئیمتیازاتی مادییەوە... لەژێر خێمەی داگیرکەراندا کۆدەکرێنەوە بۆ پشتکردنە برا و شکاندن و سڕینەوەی برا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە