بەرکەوتنەوەم لەگەڵ کوردستاندا (بەشی یەکەم)

Wednesday, 06.01.2022, 15:10

924 بینراوە


1
هاوینی 2004 لە ئەڵمانیاوە گەڕامەوە بۆ کوردستان. پێشتر دوو سەفەرم بۆ ئەوێ کردبوو، یەکەمیان 1994 دوای 14 ساڵ بۆ ماوەی مانگێک، ئەویدیکەیان ساڵی 2003 بۆ ماوەی دوو حەفتە، لێ هەردووکیانم بەهۆی نامۆبوونمەوە لە ڕەچەڵەکی خۆم وەک شکست ئەزموون کرد. بۆیە ئەم جارە کە ڕۆیشتمەوە بۆ ئەوێ، "خۆم" بە پلەی یەکەم مەبەست بووم، بەدووی ئەوەدا کارکردن، ئەوەش سەرەتا نەک لە زانکۆ، بەڵکو وەک مامۆستای سەرەتایی لە گوندێکی چەپەک. لێ برایەکم تێبینییەکی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەو پرسە پێدام: گەر ببیت بە مامۆستای سەرەتایی، ئەوجا ئەوە لە گوندێکیش، هەموو کەس دەڵێن بڕوانامەکەت تەزویرە و لەبەر ئەو هۆیەش خۆت دەشاریتەوە. ئەوە قەنائەتی پێهێنام هەوڵ بدەم لە زانکۆ کار بکەم. بە هەر حاڵ، ئامانجی سەرەکیم هەوڵدان بوو بۆ ژیان لەنێو جڤاکی زێدی خۆمدا کە لێی نامۆ بووبووم و توانای ژیانم لەگەڵ هیچ کەسێکیدا نەمابوو، بەڵکو چەندین ساڵ بوو تەنیا لە نێوەندی ئەڵمانیدا دەژیام. ئاخر لە ناخەوە ئەو ڕەوشەم پێ قبووڵ نەدەکرا، بەڵێ لەو دوورەوە بەڕۆشنی دەرکم دەکرد کە کوردبوون چەند بارێکی گرانە بەسەرمەوە / بەسەرمانەوە. بەڕاستی خۆش نییە کە مرۆڤ هەندێک هەڤاڵی لە کەسانی زێدی خۆی نەبێت و زوو زوو بییان بینێت. هەندێک جار بە خۆمم دەگۆت، گەر تورک، ئەجەم یان ئەرەب بامایە، ڕێگەیەکی ئاسانترم بۆ ژیانم دەگرتە بەر.
هەروەها گەرەکە جەخت لە پرسێکی کرۆکی بکەم: من بۆ ئەوێ "نەگەڕامەوە"، جا گەرچی ئەوە بەرواڵەت گەڕانەوە بوو. ئاخر ئەوە نەشیاوە. مەغزای پەندە کوردییەکەی "بەردی هەڵکەنراو شوێنی خۆی ناگرێتەوە" ئەوەیە کە غەریب لەڕیشەکەوتووە. لە بنەڕەتدا من ماوەی یازدە ساڵ ژیانەوە لەوێ هێشتا هەر غەریب بووم و هەمیشە غوربەت لە ناخمدا ئامادەگیی هەبوو – وەک کەتواری خودی خۆم. ئاخر، سارتر واتەنی، بۆخۆبوون، یان بەگشتی ببێژین: غەریب-کەوتوو هێشتا ئەوە نییە کە ئەو ئەوەیە، بۆیە لە لێرەبوونی ئامادەییانەیدا بەتەواوى شیاوى پێناسەکردن نییە، لێ ئەو هەروەها ئەوەیە کە ئەو هێشتا ئەوە نییە، بۆیە ئەو تەنیا بۆ ئایندە هەیە، بە واتایەکى دی، ئەو تەنیا وەک "شیمانە" شیاوى دیاریکردنە. کەواتە بوونی ئەو هەرگیز نەدراوە، بەڵکو هەردەم پرسیارلێکراوە، ئەویش چونکە ئەو هەمیشە بەڕێى نەبوون-ى ئەویدیبوونییەوە لە خۆى جیابۆتەوە. بۆیە ئەو کە هەمیشە لەژێر پرسیاردایە، تەنیا بە خۆڕاپسکاندن لە هەر دۆخێکی خۆیی و خۆفڕێدان بۆ نێو دۆخێکی نوێ دەتوانێت خۆی دروست بکات. لەم ڕوانگەیەوە دەشێت هەموو ژیانێک ببێت بە ڕۆمان. کەچی سەیر ئەوەیە، تا ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا کەسان دەناسم کە دوای پتر لە چڵ ساڵ ژیان لەم دەڤەرە ژیاری و کولتوورییەدا ئامادەن لەسەر هەموو شتێک گفتوگۆ بکەن بەبێ ئەوەی هەرگیز بوێرن "خۆ"یان بکەن بە تێما، بەڵێ نایانەوێت هیچ لەبارەی خۆیان بزانن، چونکە ترسنۆکن.
جگە لەوە بەیەکگەیشتنەوەی بەم چەشنەی مرۆڤ و دەڤەرە کولتوورییەکەی، لەنێو خۆیەوە گەلێک شیمانەی بۆ ئەزموونکردنی جیاواز لەخۆگرتووە، واتا ئەزموونکردنی ڕەوشگەلی ئەوتۆ کە کەسانی قاڵبووی ئەوێ دەرکیان ناکەن، بەڵێ لەوێ خەڵک، برادەران، کەسوکار، بەگوێرەی خوو و نەریتەکانی ژیانیان بەسانایی دەیانژێنن، ئەوان وەک کوڕان و کچانی باوان و دایکانیان پێگەیشتوون و کەم یان زۆر بەرپرسیاری وەردەگرن، شەڕ دەکەن، یەکدی لە ماڵی یەک دەردەکەن، ناکۆکی دەنێنەوە و ئاشتدەبنەوە، دەست دەنێنە بینی دایک و باوکیان و هاوکات پێداگری لەوە دەکەن کە گۆیا دڵسۆزی ئەوانن، بەم شێوەیەش ژیانیان بەڕێدەکەن. لێ غەریب بە پێچەوانەوە کە بە زایین و ماوەیەکی ژیان سەر بە ئەوانە، لە ئاگایی خۆی و ئەزموونی کولتوورییەوە چیدی سەر بە ئەوان نییە، بۆیە هەردەم ترس ناخی تەنیوە – بێگومان ترسی لێرەبوونی (وجودی) خۆی.
کوردستان ساڵی 2004 لە گشت ڕوویەکەوە لە ڕەوشی بنیاتناندا بوو، ئەوە رواڵەتگەرایانە، ئەوجا هەرچی دەستپێدەکرا، نزیکەی نیوەناچڵ، نالەبار، سەرپێیی بوو. بێگومان لەم بوار و لەو بواردا گۆڕانی جددیش هەبوو. بە هەر حاڵ، گەشبینییەکی وروژاو، سۆزمەند، نائاگا، کەسێتییەکانی تەنی بوو، لە گشت لا خەڵک لە هەڵپەی بیناسازی و خواردن و خۆپۆشیندا بوو، هەڵپەی گەیشتن بە بڕوانامە، کردنەوەی دوکانی بازرگانی یان پیشەی دەستی. لێ خوێندنی زانکۆیی سەنگێکی تایبەتی هەبوو، چونکە لە ئایندەدا پرێستیژێکی بۆ خوێندکار مسۆگەر دەکرد. هەروەک جارێک خوێندکارێکی سەنگین، لێ دەوڵەمەند کە بەو گەنجێتییە فیرمای پی ڤی سیی هەبوو، گۆتی: "ئاخر گەر بڕوانامەم نەبێت، کچ شووم پێناکات". هاوکات خوێندنی زانکۆیی مایەی گۆڕینی پلەی سەربازی و فەرمانبەری بوو، بۆیە تەنانەت کەسانی بەتەمەن دەچوون بۆ لای بەرپرسە حیزبییەکانیان و تکایان لێدەکردن کە بە هەر شێوەیەک بێت دەرفەتی وەرگرتنیان لە زانکۆ بۆ بڕەخسێنن. بەم شێوەیە حیزبەکان ئەوەندە جاهیلیان بۆ خوێندنی زانکۆیی و تەنانەت خوێندنی باڵا نارد، کە ئیدی ئەمڕۆ زۆرینەیان وەک مامۆستای نزیکەی هیچ نەزان بوون بە هۆکاری بێسەروبەری و بەرەڵایی لە زانکۆکاندا.
بەڵێ ڕۆیشتنەوەم بۆ کوردستان بەریەککەوتن بوو – بە ئەرێنی یان نەرێنی. لەتەک هەڤاڵانی منداڵی و گەنجێتیدا پەیوەندیم دامەزراندەوە، دۆستایەتیی نوێم بنیاتنا، کەسانی جیاوازم لە ڕووی کەسێتی، کامڵبوونی تەمەن و خوێندن و خۆپێگەیاندنی هزرییەوە ناسی. وەلێ هەندێکی بەیەکگەیشتنەکان ڕەوشی ڕاچڵەکێنەریان دەخستەوە و پێکڕا لەنێو جەرگەی دامەزراوەدا ڕوویان دەدا. کاتێک لە زانکۆی کۆیە دامەزرام، یەکەم ڕۆژی دەوامکردنم مامۆستایەکم ناسی و ئامۆژگاریی کردم کە تا دەکرێت لە نێوان خوێندکاران و خۆمدا دیوارێک هەڵبچنم، ئەوە بێگومان تا بەرزتر بێت باشترە، چونکە بەو شێوەیە خوێندکارەکان ناتوانن سەریان لە دیوارەکەوە دەربخەن. زۆر سەرم سووڕما. بە خۆمم گۆت، من هاتووم بۆ ئێرە تاکو بژیم، جا لەگەڵ هەر کەسێکدا بێت – دوکاندار، ئەڕەبانچی، مامۆستا یان پێشمەرگە. لە ڕاستیشدا هەر ئەوها لەوێ ژیام و ئەم کراوەییەش خەڵکی زێدی خۆمی باشتر پێناساندم. دوای چەند ساڵێک ژیان لەوێ، تەنانەت لە سەردەمی دوای دەستپێکردنی تەنگژە ئابوورییەکەدا، هێشتا هەر سەرم لەوە سووڕدەما کە ڕێژەی دز لەو وڵاتە چەند کەم بوو – ئەوە مەگەر بۆ پۆلیس پێویست بایە گرنگیی پێبدات، وەلی لە ڕووی جڤاکییەوە سەنگێکی ئەوتۆی وەرنەدەگرت، بە بەروارد لەگەڵ زۆر وڵاتی جیهاندا کە کوشتن و بڕین و فڕاندن لەسەر شەقام و لەنێو کۆڵاناندا سەر بە ژیانی ڕۆژانەن. بێگومان ئەم ڕەوشە ئەمڕۆ گۆڕانی نەرێنیی بەسەردا هاتووە، چونکە بەتایبەتی ئاینبازانی ئیخوانی و سەلەفی شووڵیان لێهەڵکێشاوە و بەبێ ترس نەخۆشییە دەروونییەکانی خۆیان، بەتایبەتی سێکسیسزمیان، بە ڕستەی ئاینی بەرجەستە دەکەن و فاکتەرێکی سەرەکین بۆ تەنینەوەی قێزەوەنی و تەنانەت مرۆڤکوژی، هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ شەللاتێتی لە نێوەندی سیاسیدا پتر باڵادەستی وەردەگرێت.