له‌ سیته‌كه‌وه‌ تا دۆڵی بالیسان.. مه‌ڵۆیه‌كی تر له‌ سه‌ر خه‌رمانی كوردایه‌تی پارتی

Monday, 10.03.2022, 13:29

985 بینراوە


مانگی ئایاری 1968 پارتی له‌ بۆسه‌یه‌كدا له‌ سیته‌كی سلێمانی سوله‌یمانی موعینی و خه‌لیل مسته‌فازاده‌ (خه‌لیل شه‌وباش- ) ده‌ستگیرده‌كات، له‌ رێگه‌دا به‌ره‌و باره‌گای بارزانی خه‌لیل شه‌وباش له‌ نزیك گوندی قه‌سرێ گولـله‌باران ده‌كرێت و سوله‌یمان موعینیش دوای سوكایه‌تی و ئازاردان له‌ باره‌گاكه‌ به‌ هه‌مان چاره‌نوس ده‌چێت، شه‌هید ده‌كرێت و ته‌رمه‌كه‌ی راده‌ستی ساواك ده‌كرێته‌وه‌.
له‌ 5ی ئه‌یلولی 2022 گروپێكی 5 كه‌سی گه‌ریلا له‌ دۆڵی بالیسان سه‌ره‌تا به‌ درۆن لێانده‌درێت، دواتر هێزه‌كانی پارتی پارتی ده‌چنه‌ شوێنه‌كه‌ و به‌وته‌ی شایته‌حاڵه‌كان ده‌نگی ته‌قه‌ ده‌بیسترێت و پاشان دوو له‌ گه‌ریلاكان كه‌ بریندارن له‌گه‌ڵ ته‌رمی شه‌هیده‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و تائێستا نازانرێت له‌و پێنج گه‌ریلایه‌ كامانه‌یان شه‌هید بوون و كامانه‌یان زیندوون.
سێ له‌و گه‌ریلایانه‌ به‌ ناوه‌كانی فه‌ردین حسێنی، ئه‌میر یوسفی و ئارمان حه‌یده‌ری خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتن. فه‌ردین حسێنی (كارۆ كۆبانێ) وه‌ك خه‌لیل شه‌وباش خه‌ڵكی بانه‌یه‌.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2/10/2022 له‌گه‌ڵ ئاشكرا كردنی ناسنامه‌ی ئه‌و پێنج گه‌ریلایه‌، پارتی له‌ بری ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی چاره‌نوسییان بدات، له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك بندیواری رۆژهه‌ڵاتی و په‌یجی زه‌رده‌وه‌ هه‌وڵیدا هه‌م ئه‌و تاوانه‌ی په‌رده‌پۆش بكات و سه‌رنجه‌كان بۆلایه‌كی تر ببات.
له‌ یه‌ك كاتدا سێ حزبی كوردی (په‌كه‌كه‌، یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ) تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی به‌ نهێنی هێزیان بۆ سه‌ركوتی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران ناردووه‌! 
كاتێك له‌ چاوی خۆیه‌وه‌، له‌ چاوی مێژووی خۆیه‌وه‌ له‌ حزبه‌كانی تر بڕوانێت، بێگومان به‌ ئاسانی ده‌توانێت به‌م جۆره‌ تۆمه‌ت ببه‌شێته‌وه‌.
 حزبێك كه‌ له‌ سه‌رده‌می شا و دواتر قیاده‌موه‌قه‌ته‌وه‌ خه‌نجه‌ره‌ ژه‌هراویه‌كه‌ی له‌ پشتی كوردی رۆژهه‌ڵات رۆ كردووه‌ و باڵێكی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی بووه‌ له‌ دژی كورد و رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ داگیركردنه‌وه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات و هه‌ره‌سپێهێنانی شۆڕشی ئه‌و به‌شه‌ و ئێستاش به‌رامبه‌ر به‌ باكوور و رۆژئاوا به‌ ئاشكرا هه‌مان خزمه‌ت به‌ توركیا ده‌كات، پێم وانه‌بێت هه‌رگیز له‌ ئاست و پێگه‌یه‌كدا بێت باسی كرێگرته‌یی ئه‌م و ئه‌و بكات. 
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پارتی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌:
 یه‌كه‌م، لابردنی سه‌رنجه‌ له‌ سه‌ر تاوانه‌كه‌ی دۆڵی بالیسان
 دووه‌م، خزمه‌تێكه‌ به‌ كۆماری ئیسلامی، كه‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ ده‌یان ساڵه‌ كار بۆ دڕدۆنگ كردنی كوردانی پارچه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتر ده‌كات و تۆوی دووبه‌ره‌كی بڵاوده‌كاته‌وه‌
سێهه‌م،  ئه‌م دڵسۆزی و كوردایه‌تیه‌ ساخته‌یه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كردووه‌ته‌ ئه‌سبی ترۆڤا و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ جێگه‌ و پێگه‌ قایم كردن ده‌دات له‌ رۆژهه‌ڵات. له‌و رۆژهه‌ڵاته‌ی كه‌مه‌رشكێن ترین گورزی لێوه‌شاندووه‌.