كێ چی لە كێ بردەوە ؟

Tuesday, 18/10/2022, 22:58

5142 بینراوە


ئێمەی كورد تاكە میللەتی بە ژمارە زۆری سەر ئەم كۆی زەویەین كە تا ئێستا خاوەنی دەوڵةت نین . لە دوای جەنگی دووەمی جیهان و كۆتایی هاتنی ئیمپڕاتیۆڕیەتی  عوسانی گەلی كورد دابەشكرا بەسەر چەندین وڵاتداو لەوكاتەوە تا ئێستا گەلی گورد لە خەباتی بێ وچاندایەو ئەجەنگێ لەپێناوی پێكهێنانی دەوڵةـی سەربەخۆی خۆیدا ، بەڵام تا ئێستا نەبوۆتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی . سەرەڕای بونی هۆكاری زۆر لەبەر دەم پێك نەهاتنی دەوڵەتی كوردیدا. كورد خۆی هۆكاری سەرەكی بوە كە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە .  
میللەتی كورد میللەتێكی خێڵةكی دواكەوتوەو بەردەوام خەریكی شەڕكردن و یەكتر لەناوبردنن . یەكێك لە خەسڵەتە خراپەكانی ئەم میللەتەی ئێمە ئەوەیە كە هەرگیز یەكتریان قبوڵ نییە ولە هیچ قۆناغێكی خەباتدا لەسەر یەك سەركردە ڕێك نەكەوتون و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوشدا  سەركردەیەك  دروست نەبوە  كە بتوانێت هەموو كورد لە ژێر یەك چەتردا  كۆ بكاتەوە . زۆر لە سەركردەكانی جیهان وتویانە كوردەكان ناتوانن ببن بەخاوەنی دەوڵەت چونكە هەرگیز ناتوان لەسەر یەك سەركردە ڕێك بكەون و یەكتریان قبوڵ نییە.
 تا ئێستا سەركردەیەكی كورد دروست نەبوە كە هەموو كوردی لە خۆی خۆشتر بوێـت . هەر سەركردەیەك  كەدەركەوتوە زیاتر  بیری لەوە كردۆتەوە كە خۆی و خێڵەكەی ببنە گەورەو دەم سپی ئەوانی تر  . هەمویان وەكو كەسانی شۆڕشگێڕو بەرگریكار خۆیان بە سەركردەو پێشەواو ڕزگار كەری میللەت زانیوە تا ئەوجێیەی كە هەر خۆیان كەسی یەكەم بن وتەنانەت بە  پێك هێنانی دەوڵەتی  كوردیش ڕازی نەبون ئەگەر لەسەر دەستی خۆیان نەبوبێت . لە ئەنجامی ئەم خۆویستییەی  خۆیان هەر كاتێك كەسێكی بەتواناتر لە ئەویتر دەركەوتبێت ، لە بری ئەوەی هاوكاری بكەن  و پشتوانی لێ بكەن  بۆنەتە دوژمنی و شەڕیان لەگەڵ كردوەو لە پێناوی لەناو بردنیدا بۆنە پیاوی دوژمنەكانی كورد  . مێژوی كورد پڕیەتی لەم حیكایەتانە . 
ئەگەر دوای ڕاپەڕین و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەعس دوای ساڵی 2003 بە نمونە وەرگرین ، كورد گەورەترین هەلی مێژویی بۆ ڕەخساو كۆی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بونە پشتیوانی میللەتی كورد . ئەگەر گەلی كورد لە باشوور خاوەنی سەركردەی كارێزماو خۆنەویست و شارەزای بواری  سیاسەت و  دڵسۆز بوایە ، گوماتی تێدا نییە  كورد دەبوو بە خاوەنی نیمچە دەوڵەت لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراقیدا. 
 بەڵام هەمومان دەزانین سەركردەكانی كورد چ كارەساتێكی ناخ هەژێنیان بەسەر ئەم میللەتەدا هێنا هەموی لە پێناوی ئەوەی كام سەركردەی خاوەن عەشرەت  ببنە خاوەن و دەم سپی هەموان . بزانن لەو پێناوەدا چۆن ئەم میللەتیان  توشی دوژمنایەتی و  یەكتری  لەناو بردن كرد . لە بری ئەوەی شانازی بە سەركەوتنەكانمان بكەینەوەو یادیان بكەینەوە ، یەكێتی یادی خیانەاتی  31 ئاب دەكاتەوەو ، لە بەرامبەریشدا پارتی یادی  خیانەتی 16 ئۆكتۆبەردەكاتەوە . 
لە بری ئەوەی  هەمووتواناكانمان  بخەینە گەڕ بۆ ئاشتەوایی گشتی و یەكخستنی ڕیزەكانی ناوماڵی كوردو گێرانەوەی ئەو خاكەی چەندین ساڵە لێمان داگیر كراوەو بەردەوام ناوچە كوردیەكان لە ژێر هەڕەشەی تەعریبدان . بەڵام بەهۆی ناكۆكیە كانی ناو سەركردەی بەناو حیزبە سیاسیەكان، خاكی كوردستان بەردەوام وەكو چۆن هەندێك قوماش بە شتن دەچێتەوە یەك و كورت دەبێتەوە  خاكی كوردانیش  بەردەوام بچوك دەبێتەوە و دەچێتە یەك .
ناكرێت لێرەدا هەموو مێژو و ڕأبوردوی كورد بنوسم . ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بكەم  ئەوەیە  كەماوەی یەك سالة هەڵبژاردن لە عێراق كراوەوتازە بە تازە خەریكە حكومەت پێك بهێنرێت و خواش دەزانێت چۆن حكومەتێكی لێ دەردەچێت و ئەنجامی بە كوێ دەگات . لە ماوەی ئەو ساڵەدا كە هەڵبژاردن كراوە  یەكێتی و پارتی بەردەوام شەڕەدەنوكیانەو كۆبونەوە دەكەن و یەكتری دەشكێنن و لە ڕقی یەكتری  دەبنە پیاوی ئەم و ئەو و ناوماڵە كورد تێك دەدەن ئابڕوی  كورد دەبەن لەبەر دەم ڕای گشتی حیهانیدا . هەموو ئەمانە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارە  كە بە حساب پشكی كوردە .  پارتی دەڵێت بۆمن . یەكێـی دەڵێت  پشكی منە  . سەدان كۆڕو كۆبونیەوەیان لەسەر یەكلایی كردنەوەی ئەم پۆستە كرد و نەگەیشتە ئەنجام  و نەیانتوانی لەناو خۆیاندا یەكلایی بكەنەوە . دواجار لەناو پەرڵەمانی  عێراق یەكلایی كرایەوە بەڵام ئەوەندە بە شێوەیەكی گاڵتـە جاڕی و قێزەون و دوور لە هەموو ئەتەكێتێك ،  پۆستەكەش سوككراو حەیای كوردیشی تێدا برا .  
یەكێتی و پارتی لە پێناوی ئەو پۆستەدا بەردەوام خەریكی خۆبچوك كردنەوەو ماستاوكردن و مەرایی و مامەحەمەیی بون ولەبەر دەم  نەیارەكانی كوردا و گومانی تێدا نییە  ئێرانیش بێ لایەن نەبوو لە یەكلایی كردنەوەی ئەو پۆستەدا . ئەوەی كە بەلامەوە زۆر گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم  ئەوەیە : هەمووئەو بەرپرسانەی كورد كە تا ئێستا لە بەغدابون  لە دروستبونی  حكومەتی عێراقەوە دوای نەمانی دەسەڵاـی بەعس بە سەرۆكی كۆماریشەوە كە بەشی كورد بوە بەقەدەر قنچە جگەرەیك سودیان بۆ كورد نەبوە وتەنها دەسكەوتی شەخسییان  بەدەست هێناوەو خۆیان دەوڵەمەند بون .
مامجەلال لە هەمو سەرۆك كۆمارەكانی كورد بەتواناتر و شارەزاتر و ناسراوتر بوە ڕێزی تایبەتی لای هەموو عەرەبەكانیش هەبوە . بەڵام نەیتوانی هیچ دەسكەوتێكی تایبەت  لە ڕێگای پۆستەكەیەوە  بۆ كورد بەدەست بهھێنێت ، چونكە ئەو پۆستە پۆستێكی تەشریفاتییەو دەسەڵاـی نییة .  كەواتە با پرسیار بكەین ئەو پێداگریەی مەسعود بارزانی لەسەر وەرگرتنی  پۆستی سەرۆك كۆمار بۆچی و لە پێماوی چیدا ؟. بەهانەی مەسعود بارزانی  بۆ ئەوەی دكتۆر بەرهەم نەبێتەوە سەرۆكی كۆمار بۆچی و لە بەر چی ؟. 
پۆستێك كە هیچ سودێكی بۆ گەلی كورد نەبێت و تەنها هەر ناو بێت  بۆ وەرگرتنی موچە بێت  ئەوە دێنێـت ئەم هەمو كێشمە كێشمەی لەسەر دروست بكرێت و بە جۆرێك ناومالێ كوردی لەسەر تێكدراوە  بۆ سەدساڵیش  حەیای كوردی پێ براوە لەبەر چاوی دۆست و دوژمن و ڕای گشتی ناوخۆ و جیهانیدا . ئەندام پەرلەمانەكانی فركسیۆنە كوردیەكان   كە بەناو نوێنەری كوردن لە بەغدا  هەر یەكەیان ڕوی لە شوێنێكەو  ڕێك بونە دوژمی یەكتر و  پیاوی فراكسیۆنەعەرەبەكانی ناو پەرلەمان . 
كەواتە ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و كڵاویش نەكەینە سەری خەڵك بەشداری كورد لە بەغدا لە پێناوی بەدەست هێنانی مافەكانی كورد نییەو هەموو ئەوانەی لە بەغدا دەبن بە سەرۆكی كۆماریشەوە تەنها بۆ وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتە بۆ خۆیان و هیچیتر .  ئێستا و دوای یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆما رو كرانەوەی گرێ كوێرەی پڕۆسەی سیاسی و  گەیشتنی مەسعود بارزانی بە ئاواتەكانیشی كە بریتییە لەوەی  كە قسەكەی سەركەوت و نەیهێشت دكتۆر بەرهەم ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، ئێستا كاتی ئەوەیە بزانین و بپرسین لە كۆتاییدا  : كێ چی لە كێ بردەوە ؟.  یان بە شێوەیەكی تر بڵێین كێ سەركەوت و كێ دۆڕاندی ؟.
بە بۆچونی من یەكێتی و پارتی كە دوولایەنی سەرەكی كێشەكەو نەیاری یەكتری بون لە لایەك و كۆی گشتی كوردیش هەمومان دۆڕاوین و هیچ لایەكمان سەركەوتو نەبوین و هیچ لایەنێك لە لایەنێكی تری نەبردۆتەوە . ئەوەی براوەی یەكەمە  لەم پڕۆسەیدا  نەیارەكانی خۆمانن . ئەوانەن حەقی ئێمەیان خواردوەو تازە ترسیان لە ئێمە نەماوە چونكە دڵنیا بون لەوەی كە ناومالێ كورد بە جۆرێك تێك چوەو پەرتەوازە بوە ، هەرگیز نەبنە مەترسی بۆ سەریان . 
ئەگەر سەرنجتان دابێت دوای ئەوەی دكتۆر لەتیف بوو بە سەرۆكی كۆمار جۆرەها لێدوانی سەیرو سەمەرەو گاڵتە ئامێزلێرەو لەوێ گوی بیست  دەبوی لە لایەن نوخەبەی بەناوسیاسی و ڕۆشنبیرەوە كە بەرأستی  زۆر ناخ هەژێنن  ئەگەر كەسێك لە خەمی ئایندەی ئەم میللەتدا بێت ، بەڕاستی حەق وایە بەزەییمان بە خۆماندا بێتەوە چونكە زۆر داماو و فەقیرین . 
هێڤیدار ئەحمەدی ئەندام پەڕلەمانی پارتی دەڵیێت:  بەربژێری پارتی سەرنەكەوت ، بەربژێری دڵخوازی پارتی  كە دكتۆر لەتیفە سەركەوت . هێڤیدار ئەحمەد دەڵێی دڵداری دەكات . لە لێدوانێكی تریدا دەڵێت : لەسەری  بڵندەوە بڕیاری سەرۆك كۆماردرا . نازانێت  ئەو سەری بلندەی ئەو باسی دەكات  هەر ناوەو كەی ویستیان بە درونێك  كۆتایی پێ دێنن . 
هوشیار زێباریش دەڵیێت: ڕوداوەكانی ئەمڕۆ سەلمالندیان  ناوەندی  بڕیاری كورد لای سەرۆك بارزانیپیە . نازانم ئەگەر لێی بپرسم كام ناوەندی بڕیار ؟  ئایا  سەرۆك بڕیاریداوە  هەرچی سوپای بێگانەیە  لە هەرێمی كوردستان دەریان كات ؟. ئایا بڕیاری داوە ناوچە داگیر كراوەكان  بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كورد ستان ؟.  لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی و هەل هەلەكانیان  بە بۆنەی  سەركەوتنی دكتۆر لەتیفەوە لە حساب نایەن .سەیركەن كەسێكی وەكو شاخەوان عەبدوڵا كە جێگری سەرۆكی پەڕلەمان عێراقە كە كاتی خۆی باوكی جێگری موستەشار بوەو دەبوایە هەر لە ڕوی نەیەت  دەم بكاتەوە دەڵێت: دكتۆر بەرهەم  بە دەنگی كورد نەبۆتە  سەرۆك كۆمار بۆیە نوێنەری كورد نییە . باشە ئەی جەنابتان بە دەنگی كێ  بونە جێگری سەرۆكی پەڕلەمان ؟. لەو لاشەوە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن: لە ڕابودودا پارتیمان شكاندوەو لێرەش بەدواوە دەیانشكێنین  و ئەوانیش لەم قسە بێ ماناو وبێ ناوەرۆك حەلەق و مەلەقەیان زۆرە .
 لەولاوە فازیل بەشارەتی دێتە دەنگ و دەڵێت دەبێ بافل تالەبانی داوای لێبوردن لە سەرۆك بارزانی بكات . بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە بەجۆرێك كەوتونە وێزەی یەكتری و سوكایەتیكردن  بە یەكتری وەكو دوو دوژمنی ڕاستەقینەو خوێن خۆری یەكتری وەكو ئەوە ی جارێكی تر قسە لەگەڵ یەكتری نەكەنەوە . ئێستا بیر بكەنەوە هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەم دوو بنەمالة دواكەوتوە دوژمن بەیەكە بەڕێوە دەچێت و جاوەرن بە هیوابن لە ژێر سایەی ئەمانەدا میللەت بحەسێتەوە . 
 یەكێكی تر دەڵێــت : سەرۆك بارزانی ئەو بەستەڵەكەی كە لە كۆنەوە هەبوە تواندیەوە كە مێردی شازی ئیبڕاهیم ئەحمەدی كردە سەرۆك كۆمار  گوایە باوكی شاناز نەیاری سەرۆك بوە . ئەی تەڕ وانییە . یەكێكی تر دەڵێت : لێرەدا هەر دكتۆر بەرهەم  بۆبە قوربانی . نازانم  دكتۆلار بەرهەم بۆچی بۆتە قوربانی و چ غەدرێكی لێكراوە ؟. 
لێرەدا زؤر بە كورتی هەندێ سەرنج و بۆچونی خۆم دەنوسم . 
یەكەم : كە یەكێتی دەڵیت : لەوە پێش پارتیمان شكاندوەو لێرەش بەدواوە دەیانشكێنین . ئەوە قسەیكی زۆر بێ مانایە  چونكە دوژمنەكان هەوڵ دەدەن یەكتری بشكێنن . ئێوە دوو حیزبی بەناو كوردین و لە حكومەتدا یەشدارن  ئەم قسەیە  چ مانایەكی هەیە ؟. سەرۆك بارزانی  كە دكتۆر لەتیفی كردبێتە سەرۆك كۆمار تەنها لە پێناو سەركەوتنی قسەكەی خۆی بوەو تا مەسعود بارزانیش بمێنێت ، بەستەڵەك هەر دەمێنێت  .  نەتان دی چۆن لە ڕێگای بافڵ تاڵەبانیەوە  لاهوری شێخ جەنگیان پەڕاوێز خست چونكە لاهوریان بە نەیاری خۆیان دەزانی .  . بەڵام نابینن ئێستا خەریكن لە لاهۆر نزیك نزیك دەبنەوە  بۆئەوەی كێشە بۆ كوڕەكانی مامجەلال دروست بكەن . كەواتە ئەمانە گەواهی ئەوە دەدەن كە سەرۆك بارزانی سەرچاوەی هەموو كێشەكانی هەرێمی كوردستانە . 
مەسعود بارزانی هۆكاری سەرەكی تێكدانی ناو ماڵی كوردەو بەڕاستی وەكو سیاسەمەدارێكی گەورەی كورد بیر ناكالتەوەو ئەگەر بیویستایە  لە دوای وەفاتی مامجەلال و كاك نەوشیروانەوە كۆتایی بە دوژمنایەتی  كورد و كورد دەهێنا . بەڵام دەركەوت ئەم پیاوە ئەگەر دوژمنی ڕاستەقینەو بەرامبەریشی نەبێت ، دوژمنی وەهمی بۆخۆی دروست دەكات .  وەكو دەریش دەكەوێت ئەو ناتونێت ناومالێ خانەوەدادەكەی  خۆشی ڕیك بخات . 
من ڕقی شەخسیم لە هیچ كەسێكی سیاسی نییە . ڕەخنەی من ئەوەیە نابێ كەسێك خۆی بە سەرۆك بزانێت و بەرژەوەندیەكانی كورد لە لایەك و تێكدانی ناو ماڵی كورد  بكاتە قوربانی  پۆستی سەرۆك كۆمار  بۆ هەركەس و لایەنێك بێت . دەبێ بارزانی كە خۆی بەسەرۆكی هەرێم  بزانێت  هەمیشە  قوربانی بە هەموو شتێك بدات لە پێناوی بەرژەوەندی  گشتی گەلی كوردا .
  ئەگەر ئەوەی لێ بەدەركەین  دەپرسم دكتۆر بەرهەم  بۆچی بۆتە قوربانی ؟.  كەسێكك دوای ڕأپەڕین بێ ئەوەی دڵۆپێك  عارەق بكات  هاتۆتە سەرحازری لەسەر حسابی ماندو بونی پێشمەرگەو خوێنی هەزاران  شەهید بۆتە سەرۆكی كۆمار و  سەدان ملیۆن دۆلار لەبەر چی بۆتە قوربانی ؟. خۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر ئەو تاپۆ نییە . ئەگەر دكتۆر بەرهەم پیاوێكی خۆنەویست بوایەو بەرژەوەندی كوردو یەكێتیشی لە خۆی بە گرنگتر بزانیایە كاتێك زانی  دەبێتە كێشە  بۆ ناو ماڵی كورد ، دەبو  بڵیــت ، ئەگەر هەموو كێشەكە منم من ئەو پۆستەم ناوێت .
 لە لایەكی تریشەوە كە یەكێتی بەردەوام دەیانگوت تاكە كا دیدی ئێمە هەر دكتۆر بەرهەمە . بۆچی  ڕێگایان دا  دكتۆر لەتیف خۆی بپاڵێوێت ،  خۆ ئەگەر لە سەرەتاشەوە  هەر بڕیاریان دابوو دكتۆر لەتیف بەربژێری یەكێتی بێت بۆچی ئەوهەموو كێشمە كێشان لەگەڵ پارتی دروست كرد و هەر لە سەرەتاوە دەستبەرداری دكتۆر بەرهەم ەبون .  باشە ئەم هەموو سیناریۆو درۆو دەلەسانە لەپێناوی چیدا ؟. گەلی كورد بە گشتی  ڕۆژانەوبەردەوام ڕوبەڕوی مەترسی گە ورە دەبێتەوە . كوردانی باشور هەلێكی باشیان بۆ هاتە پێشەوەو ئەگەرحیزبە دەسەڵاتدارەكان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدابونایە و لێزان بونایە دەیانتوانی دەسكەوتی گەورە  بەدەست بهێنن بەڵام لەبەر ئەوەی یەك نەبون هەموو شتێكیان لە دەستدا . ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵات و خاوەن بڕیارە بە پلەی یەكەم پارتی و بە پلەی دووەم یەكێتییە و حیزبەكانی تر هیچیان بە دەست نییە و تەنها قسە دەكەن و كەسیش گوێیان بۆ ناگرێت .
 لە ئێستادا یەكێتی و پارتی  لە شێوەی دوو خێڵی گەورەدان  لە لایەن دوو كەسەوە ئیدارە دەكرێن . ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەردوك لایان  وەكو ڕةعیەتەكانی  عەشیرەتەكان وان و خاوەنی هیچ بڕیارێك نین و تەنها كاریان بەرگریكردنە لە سەرۆكی حیزبەكانیان و هەرچی كەم و كورتی و  پۆخڵەوانت هەیە بۆیان بپۆشن. لە بەرامبەر ئەوەدا خاوەنی ئیممتیازاتی تایبەتی خۆیانن وەكو سەیارەو موچەی باش و پاسەوان و زۆر شتی تر . زوربەی سەركردەكانی ئێستای ئەوحیزبە كەسانی تازەن وخاوەنی خەباتی ثێشمەرگایەتی نین و هیچ ماندوو نەبون . بۆیە ئەوان كەسانی گوێرأیەڵن و هەرگیز ڕەخنەش ناگرن و ئەو نازو نیعمەتەی بەسەریدا كەوتوە بە ئاسانی  لە دەستی خۆیانی نادەن . 
ئەوەی كە ناویان لە خۆیان ناوە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر كەسانێكن كە مێشكیان شۆراوەتەوەو  خاوەنی هیچ دیدو بۆچونێك نین و بێدەنگ بون لە بەرامبەر ئەو هەموو ئیمتیازانەی وەریدەگرن .   سەرۆكی ئەو حیزبانەش پێویستیان بە كەسانی ئاوا هەیە . كەواتە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر لە بەرمەترسی گەورەدایە .  ئایندەی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەردەستی دوو كەس ئەوانیش فڕیان بەسەر سیاسەتەوە نییەو بە میزاجی شەخسی خۆیان بڕیار دەدەن .  لە لایەكی تریشەوە   بارودۆخی سیاسی عیراق و ناوچەكەو دنیاش لە بەرژەوەندی مانەوەی ئەم دوو حیزبە دەسەلاـدارانەیەو  ئەوانیش چۆنیان بوێت وا دەكەن . 
بۆیە كاتی ئەوەیە كە نوخەبەیەكی ڕؤشنبیرو دڵسؤز ئەوانەی كە خۆیان بە خەمحۆڕی ئەم میللەتە دەزانن  هیممەت وجوڵە بكەن و خەڵك لە مەترسییەكانی ئایندە ئاگادا بكەنەوە بەو هیوایەی ڕەوتێكی سیاسی بە هێز لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە پێك بهێنرێت .  خۆ ئەگەر خەڵك هەر وەكو ئێستا بێدەنگ بێت . گومانی تێدا نابێت بارودۆخەكە  هەر وەكو ئێستا دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت . 
سەیر كەن لە هەموو وڵاتانی جیهانی دێموكراتیدا ئەگەرلە كاتی هەڵبژاردنیشدا حیزبەكان و سەرۆكی حیزبەكان یەكتری تۆمەتبار بكەن و هێرشیش بكەنە سەر یەكتری لە پێناوی بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگدا بەڵام  كە ئەنجامەكە دەرچوو دۆڕاو پیرۆزبایی لەبراوە دەكات و هەموو شتێك كۆتایی دیـت و دۆڕاوەكانیش دەبنە پاڵ پشت بۆ سەركەوتوەكان لە پێناوی وڵاتەكەیاندا . 
سەیر كەن  دوای ئەوە  پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بۆوە لە بری ئەوەی كۆتایی بە چەلەحانێكان بهێنن  گەرمتریان كردووە . هەمویان دەڵێن بردمانەوەو سەركەوتین . ئاخر لە كێتان بردەوەو بەسەر كێدا سەركەوتن ؟.  ئەم قسە دوژمنەكان بە یەكتری دەڵێن . ئایا ئێوە دوژمنی یەكتری و ئەم وڵاتەن ، یان هاوڵاتی ئەم وڵاتە ؟.  لە هەموو حاڵەتێكدا  هەردوك لاتان دۆڕاون  بەرامبەر بە یەكتری و نەیارەكانتان كردە پاڵەوان بەسەرخۆتان و گەلەكەتان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە