بۆ نوێنەرانی شارە کوردنشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

Monday, 24/10/2022, 21:12

4227 بینراوە


ڕای کوردستانپۆست

زیاتر لە دوو دەیە زیاترە وەک ستافی کوردستانپۆست دەرگامان واڵاکردووە لە ئاست وشیاریی نەتەوەیی و رێگا پێدان بە گرتنی رەخنە لە دەسەڵاتدارێتی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز لە باشووری کوردستان.
لەو کاتەوە کوردستانپۆست بە باشی شاهیدیی دەدات، کە بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی رۆژبە رۆژ لە باشووری کوردستان بەرەو ماڵوێرانیی هەنگاو دەنێ. لەو ماوەیەدا هەر هەڵوێستێکمان هەبووبێت لە پێناو نیشتمان ونەتەکەماندا بووە، هەرگیز بەرژەوەندیی شەخسیی خۆمان ڕەچاو نەکردووە.
هەروەک ئاگادارن رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێڕان ماوەی مانگێک دەبێت، کە بەراپەڕێنی خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیڕان دەستی پێکردوە. لەوەها بارودۆخێکی هەستیاردا بێدەنگی و بێ لایەنیی هەر تاکێکی کورد لە ئاستی ئەو سەرهەڵدانە بە زیانێکی گەورەی نیشتمانیی و نەتەوەیی وەردەگەڕێتەوە، بۆیە لێرەوە بانگەوازمان بۆ ئەو کوردانە هەیە کە لە چەند ساڵی رابوردوودا خۆیان وەک نوێنەرانی پارڵـمان لە تاران ناوزەد کردووە و لەسەر حیسابی خەڵكی بەشمەینەت بوونەتە خاوەنی ژیانێکی خۆش و گەلیش لە خراپترین باردودۆخی ژیاندا دەژی، کە لە راستیدا ئەو نوێنەرە کوردانەی خۆیان بە نوێنەری خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن، تا ئیستا هیچکات نەیانتوانیوە کە ویست و خواستی گەلەکەمان لەو بەشە لە وڵات دابین بکەن.
ئەو نوێنەرانە بە بێ مۆڵەتی کاربەدەستانی باڵای ناو پارڵمانی ئێڕان وەک نوێنەڕێکی کارتۆنی دێن و دەچن، چالاکی خۆیان لە دەستداوە. بۆیە پێشنیاریی ئێمەش وەک کوردستانپۆست بۆ ئەو کەسانە ئەوەیە کە تا درەنگ نەبووە دەست لە کار بکێشنەوە و تێکەڵی ویست و خواستی سەرهەڵدانەکانی خەڵک ببنەوە. ئەو کارە داوایەکی رەوای نیشتمانییە، کە دەبێت وەک ئەرکێکی ئەخلاقییش چاوی لێ بکرێ. ئیتر ئێوە نوێنەریی راستەقینەی خەڵک نین، ئەگەر خۆتان لەو سەرهەڵدانانە دوور رابگرن. باشترین کارئەوەیە کە دەست لە کار بکێشنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە