دەست خۆشیەک بە کوردستانپۆست و کەمال جەمال موختار قەرزدارم

Tuesday, 08/11/2022, 19:25

7419 بینراوە


مێژوو لێواو لێوە لەو رووداوانەی کە لە رابوردوودا ڕوویانداوە و کە لە داهاتووشدا روودەدەن.کوردی زیرەک ئەو کوردەیە کە شان بەشانی ئەو رووداوانە هەنگاو بنێ و هوشیارانە مامڵەیان دەگەڵدا بکات و هەڵیان سەنگێنێ. ڕێگوزەریی دیرۆک پڕە لە کەند و لەند و لێژ و هەڵدێر و کەوتن و هەستانەوە. ئەمەش ئازای گەرەکە قۆڵی لێ هەڵـماڵی و بۆ رزگاری نەتەوەکەی شەو و رۆژان ناس نەکات.
باشووری کوردستان وێنەی شەڕەنگایەکی لێ بەسەرهاتووە، کە داگیرکار و نەیار وەک دۆست و رزگاریدەر سەیر دەکرێن و دڵسۆز و پشتیوانی کوردیش پەراوێز خراون و دەخرێنە ناو زیندانی دەسەڵاتداری کورد. ئەوەی کە بە خەونیش بیری لێ نەدەکرایەوە کە رۆژگارێک بێتە سەررێی کورد بەشێک لە خاکی نیشتمان ئاوا لەت لەت و پارچە پارچي بکرێ.
سیاسەت لەو دەڤەرە وەک بازاڕی کۆیلە فرۆشەکانی بەسەرهاتووە. کۆیلە و کۆیلەدارکە بەشێکن لەو تڕاژیدیایە هەردووک لایەنیان کوردن. تاقمێک کۆیلەی بێویژدان بۆ پلە و پایە و بڕێک پارە هەر ڕۆژێک دەباوەشی دێوجامەیەکدا خۆ نیشان دەدەن و پشت لە ئاوات و ئامانجی رابوردوودیان دەکەن. تاقمێکیش کۆیلە کورد ئامێزی نیشتمانیان زۆر هەرزان بە بیانی فرۆشتووە و شانازیشی پێوە دەکەن.
لە چەند ساڵی رابوردوودا کاتێک وێنەکانیم لە رۆژئاوای کوردستان لە تەنیشت قارەمانێکی وەک مەزلوم عەبدی دەدیت، دڵم خۆش دەبوو ، کە دەمگووت، ئەوە لە باشووری بەدیلکراوی وڵات بە دەست ئەو دوو بنەماڵەیە کەسێکی ئازا و نەترس هەڵكەوتووە کە نیشتمانی کوردیان لە پلە و پارە خۆشتر دەوێ.
لاهورشێخ جەنگیم ئاوا نەدەناسی.دەمگووت بە بوێڕیی بەرەنگاری دەسەڵاتێک دەبێتەوە کە رەنگە ریشەکێشیان بکات و خەڵکی هەناسە ساردیش رزگاریان بێ.کاتێک خۆی دەگەیاندە ئاپۆڕای جەماوەر بە دەنگێکی بڵند قاویان دەکرد یاشێخ هاتووی رزگارمان بکەی.
کەچی ئەوڕۆ لە سایتە کوردیەکاندا هاتە بەرچاوم کە پەیوەندیی راستەوخۆی دەگەڵ مەسروور بارزانی گرتووە و داوای هاوکاری و هاوپەیمانی لێکردوە و بە ڕاشکاوی پێی راگەیاندوە دەڵێت، کە من قەت دژی تۆ نەبوم، تەنیا لەسەر داهاتی شاری سلێمـانی دەگەڵت ناکۆک بوم! راستە و راست بە مەسروور دەلێ، پرسی من دەگەڵ بنەماڵەکەت پرسێکی سیاسیی نییە، منیش لەو داهاتە بەشم دەوێ! ئیتر ئاو بێنە و دەستان بشۆن.
لەوەش سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە کە مەسعود بارزانی راستە و راست پەیامی داوەتێ و پێی گووتووە لەلایان ئیمەوە نیگەران مەبە ئەوەی لە دەستمان بێ کۆتاییت دەگەڵ ناکەین! ئیدی دەرکەوت ئەوەی کە بەشێک لە کۆمەڵگا هیوای لەسەر هەڵچنیبوو، پووچەڵ دەرچوو.
 ئەوسەردەم کە وام دەزانی لاهور شێخ جەنگی مرۆڤێکی نەترس و ئازا و کارزانە، چوون دژی گەندەڵێ و دزیی بۆتەوە، گەرچی کاتی خۆی وتارەکەی بەرپرسی کوردستانپۆست بەرێز کەماڵ جەماڵ موختارم خوێندەوە، کە لەسەر لاهور نووسیبووی، بە دوایدا راشکاوانە ئاگاداری کردمەوە کە ئەو لاهورە ئەو کەسە نییە، لایەنگرەکانی پشتی پێ ببەستن. بۆیە من ئەوڕۆ دەستخۆشییەک بە بەرێزیان قەرزدارم. ئەوکات من بیرم لەوە نەدەکردوە کە رۆژێك بێت لاهور شێخ جەنگی مل بۆ داواکانی بنەماڵەی بارزانی  بدات و خاوخوازیاری سازدانەوەی پەیوەندیی بێ دەگەڵیان بێت. هەرگیز بیرم لەوەش نەدەکردوە رۆژێک لە رۆژان مەسعود بارزانی پەیامی بداتێ و پێی بڵێ، هەرچی پێمان بکرێ بۆت ئەنجام دەدین و کۆتایی ناکەین.
باشووڕی کوردستان بەرەو داڕمانی سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری و ئەخلاقی هەنگاوی ناوە. ساڵەهای گەرەکە کە ئەو بارەقورسە راست بێتەوە. لەمەو بەدوا ئەو لاهورە کوردستانی گەورەم بۆ رزگار بکات، چەپڵەی بۆ لێندەم، کە  من هیچ هیوایەکم پێی نییە. ئەو هاوپەیمانی و پەیوەندیی دەگەڵ کەسانێكە کە بە خاتری رێفڕاندۆمێکی بێ واتا و نەگونجاو، نیوەی زیاتر لە خاکی باشووری کوردستان وەک قوماربازێک دۆڕاند، کەسیان لە ئاستی بەرپرسیارێتی مێژووی کورددا نیین و بەکەلکی کێشەی کورد نایەن، چونکە کەسیان خەسلەتی سەرکردە و رابەر نیین، کەسایەتییەکی لەرزۆک و خیانەتکاریان هەیە.
پرسیاری من لێرەدا بۆ ئەو کەسانەش ئەوەیە، کە تا ئەم دواییەش ستایش و لایەنگیڕیی لاهور بوون، ئەی ئێوە بۆ لەمەودوا چی دەڵێن. پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەنەوە با بچن نووسینەکەی بەڕێز کەمال جەمال موختار بخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە