لەساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ئەحمەد فەقێ ڕەشدا: تێبینیەک لەسەر لاپەڕەیەکی کتێبەکەی مەسعود بارزانی

Saturday, 26/11/2022, 22:03

6394 بینراوە


گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی خەباتی سیاسی گەلی کورد بەرپرسیارییە و پێویستە بەئەمەکەوە و ڕاستگۆیانە گوزارشت لە ڕووداوەکان بکرێت، چونکە ئەوە گوتنە لە مێژووی ڕابردووی ئەو گەلە کە تەژییە لە ڕووداوی گرنگ کە تیایدا خەبات و شۆڕشگێڕی لەگەڵ تاوان و یەکترکوژی دەستلەملانێی یەکن. ئەگەر ئەو بەرپرسیارییە بۆ کەسێکی سادە قوڕس و گەورەیە، ئەوا بۆ سەرۆکی پارتێکی ئەو سەردەمە زۆر قورستر و گەورەترە.  
ماوەیەک بەر لەئێستا کتێبێکی سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی بەناوی "بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگری چوارەم ١٩٧٥ -١٩٩٠" بڵاوکرایەوە. دیارە زانیاریم لەسەر ئەوە نییە ئەو کتێبە چۆن نووسراوە و کێ بۆی نووسیوەتەوە، هەروەها هێشتا کتێبەکەشم نەکەوتۆتەدەست و نەمخوێندۆتەوە، ئەوە نەبێت لێرەو لەوێ شتێکی لێ بڵاوکراوەتەوە یا ڕەخنەی لێگیراوە. 
لێرەدا تەنها لەسەر یەک لاپەڕەی کتێبەکە کە دیوومە هەروەستە دەکەم و بەپێویستی دەزانم تێبینی ڕەخنەگرانەی خۆمی لەسەر بنووسم، لەلاپەڕە ٢٢٢ دا مەسعود بارزانی دەنووسێت "کاتی خۆی ئەحمەد فەقێ ڕەش کادیری لێژنەی ناوچەی باڵەک و بەرپرسی دەرگەڵە بوو، چەندین سندووقی کەلوپەلی سەربازی دزیبوو و هێنابوویە بەرەکانی شەڕ، بۆیە لەگەڵ محەمەد وازیان لە حزب هێنابوو، ئێستاش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی سۆشیالیستە". 
بەڵام ئایا ئەحمەد فەقێ ڕەش کێیە؟ لێرەدا نامەوێ بەدرێژی لەو بابەتە بدوێم وەکو لە وتارێکمدا بەدرێژی لەسەرم نووسیووە کە لینکەکەم لە خوارەوەدا داناوە، بەڵام بەکورتی و پوختی ئەحمەد فەقێ ڕەش ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بوو، لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە دژی ڕژێمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ دا بەشداری چاڵاکانەی کرد، فەرماندەی هەرێمی ٩ی باڵەکی سۆسیالیست بوو. بەپێی گوتنی هاوڕێیانی فەرماندەیەکی زیرەک و ئازا بووە. بەپێی پلانێکی داڕێژراو لەژێر چەتری ئێران و پارتیدا دوو پێشمەرگەی پارتی بەناوەکانی ئازاد عەریف شێخە و ڕەسول حوسێن لە شاری شنۆ لە ڕێککەوتی ٢٦/١١/١٩٨٥ دا تیرۆر دەکرێت. پێویستە بگوترێت کاتێ ئەحمەد فەقێ ڕەش لەسەنگەری پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتدابوو و شەڕی دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەکرد، مەسعود بارزانی و پارتی پێش سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئیسلامی کەوتبوون و ڕاوە پێشمەرگەی حزبی دیموکراتیان دەکرد. بێگومان دەکرێ زۆر لەمبارەیەوە لە جیاوازی لەنێوان ئەو دوو کەسەدا بنووسرێت بەڵام لێرەدا وازی لێ دەهێنم.  
بابێینەوە سەر نووسینەکەی کە دوو دێڕ و نیووی بێ سەروبەرە و کۆمەڵی پرسیار هەڵدەگرێت. دەنووسێت "کاتی خۆی" بەمجۆرە کاتەکە دیار نییە و نازاندرێ کەی و لە چ ڕێککەوتێکدا بووە. واتە نازاندرێ کەی ئەوە ڕوویداوە. هەروەها بێگومان مەسعود بارزانی خۆی لەوێ نەبووە، وەکو پێموایە ئەو نەچۆتە نزیک بەرەکانی پێشەوە، بەڵام ئاماژە بەوەش ناکات کێ و بەپێی چ سەرچاوەیەک ئەوەی بیستووە. بۆیە سەرچاوەکەش دیار نییە. پاشان دەنووسێت "چەندین سندووقی کەلوپەلی سەربازیی دزیبوو و هێنابوویە بەرەکانی شەڕ". بەوردی نازانین ئەو کەلوپەلە سەربازییە چییە. کە ناوی سندوق دەهێنیت کەواتە دەکرێ فیشەک و شتیتر بووبێت. بەڵام کەلوپەلی سەربازی لە کێ و لە کوێ دزیببوو و بۆ کوێی بردبوو؟ بەرەکانی شەڕ لە کوێ؟ وڵامی ئەو پرسیارانە هەمووی بزرن و نازانین لە کوێ و بۆ کوێ! گریمان ئەوە ڕاستە و ئەو تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیی بردووە. ئەگەر ئەو بێ پرس تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیی لە کۆگایەکی تەقەمەنی پارتی لەپشتەوەی بەرەکانەوە بردبێ و بۆ پێشەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، دەکرێ بەنیازی باش بووبێت، ئەوجا ئەو داوای کردوە، بەڵام نەیدراوەتێ بۆیە دەکرێ بێ پرس کەلوپەل و تەقەمەنی بردووە و لە بەرەکانی شەڕدا بەکاری هێناون. یا زانیوویەتی هاوکاری ناکەن بۆیە پرسی نەکردووە و کەلوپەلەکانی بردووە. لەم دیدەوە ئەو وەکو بەرپرسێکی خاوەن بەرپرسیاریی ئەوەی کردووە کە بەرپرسانی سەرووی ئەو نەیان کردووە، ئەگینا لەبەرچی دەبێ ئەو تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی بۆ بەرەکانی شەڕ بێ پرس بە "دزی" ببات. بەرەکانی شەڕ ئەو شوێنەیە شەڕی لێدەکرێت و پێویستی بەچەک و تەقەمەنییە. دیارە ئەگەر تەقەمەنی تەواو لەبەردەستدا نەبن بەرگری یا هێرش ناتواندرێ بکرێت. بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی پێشمەرگەی پارتی بوون جوداکاریەکی زۆر لە مامەلەکردن لەگەڵ پێشمەرگە و کادیرەکانی خواروودا هەبووە، ئەوانەی پیاوی دڵسۆزی سەرۆکی پارتی کۆچکردوو مەلا مستەفا بارزانی و کوڕەکانی بوون هەرچیان بوویستبا پێیان دەدرا، بۆ ئەوانەی تر وانەبووە. بابێنەوە سەر نووسینەکەی مەسعود بارزانی. دوای ئەوە دەنووسێت "بۆیە لەگەڵ محەمەد وازیان لە حزب هێنابوو". ڕستەیەک کە هەموو گوتنەکانی پێش ئەوە دەخاتە گۆشەی سەرسوڕمان. دیسان نازانین کەی و لە چ ڕێککەوتێکدا بووە. وشەی "بۆیە" دوای کردەوەیەک دێت پێویست بە ڕوونکردنەوە بکات. بۆنمونە "نەخۆش بووم، بۆیە نەهاتم". بەڵام ئەو ڕستەیە لەگەڵ ئەوانی بەرلەوە تێک ناکاتەوە. لەبەرچی ئەو تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی دەدزێ بۆ بەرەکانی شەڕ و لەبەرچی ئەوە هۆکارە بۆ وازهێنان لە حزب؟ ئایا ئەوەیە هۆکاری وازهێنان لە حزب یا هۆکاری دیکە هەیە و مەسعود بارزانی حەز بەناوهێنانی ناکات. ئایا وازهێنانی ئەو وەکو هەزاران پێشمەرگە و کادیری پارتی نەبوو کە لە دوای هەرەسی خەباتی چەکداریی ساڵی ١٩٧٥ ـەوە هات؟ کە مەلا مستەفا بڕیاریدا چەک دابنێت، پارتی لەبەریەک هەڵوەشایەوە و هەرکەسە خۆی سەرپشک بوو بۆ کوێ بڕوات، ئەحمەد فەقێ ڕەشیش وەکو خەڵکی دیکە وازی لەپارتی هێناوە و ڕێگەی خۆی گرتووە. 
دەکرێ مەسعود بارزانی مەبەستی ئەوەبێت بڵێت ئەو وازی لە حزب هێنابوو، بۆیە کەلوپەلی سەربازی بەدزی حزب بۆ بەرەکانی پێشەوە بردبوو، بەڵام دووبارە بۆ و لەبەرچی کەسێ وازبهێنێت کەلوپەل و تەقەمەنی بۆ بەرەکانیی پێشەوە دەبات؟ ڕێگەی دەچتێ بۆ ئەوە بێت هەڵیانبگرێ بۆ ڕۆژی تەنگانە یا لەئەگەری هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداریدا، وەکو بەر لەگەڕانەوەی هەزاران کەس بۆ بندەستی ڕژێمی ئێراق کۆبوونەوە و ڕاگۆڕینەوە لەنێوان گەلێ لە کادیرانی ناڕازی بەمەبەستی هەڵگیرسانەوەی خەبات دوور لە دەستی مەلا مستەفا و پارتی هەبووە. ئەگەر وابووبێت کەواتە کارێکی باشی کردووە. 
بەپێی زانیاریەکان کە لەکەسانی نزیکی گیانبەختکردوو ئەحمەد فەقێ ڕەش وەرمگرتووە و پێشتریش لە وتارێکمدا ئاماژەم بۆ کردووە، ئەحمەد فەقێ ڕەش تا ئاشبەتاڵی بەهاری ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ پارتی بووە و وەکو خەڵکی دیکە ئاوارەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، دوای ئەوە وەکو زۆر لە کادیر و پێشمەرگە ناڕازیەکان لە پارتی، زوو دەگەڕێتەوە دیوی باشووری کوردستانی بندەستی ئێراق و خۆی دەداتە دەست، لەلایەن ڕژێمەوە دەستبەسەر دەکرێت و بۆ خوارووی ئێراق دووردەخرێتەوە. کە لە ساڵی ١٩٧٦ دا بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان دەستی دایەوە چەک، ئەویش خۆی دەگەیەنێتە بزوتنەوەی سۆسیالیست و لە هەرێمی باڵەکایەتی دەست بە خەباتی چەکداری دەکاتەوە. 
بەکورتی ئەگەر مەبەستی مەسعود بارزانی بەر لە ئاشبەتاڵ بێت وەکو ئەو ناوی بەرەکانی شەڕ دەهێنێت، ئەوسا ئەحمەد فەقێ ڕەش وازی لە پارتی نەهێنابوو و تا ئاشبەتاڵی ٧٥ لەگەڵ بوو. ئەگەر مەبەستیشی دوای هەرەسی ٧٥ ـە ئەوا دوای ئەوە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بوونی نەمابوو و شەڕی پێشمەرگە دواتر پارتیزانی بوو.  بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو گوتنەی مەسعود بارزانی جگەلەوەی قسە هاویشتنێکی ڕەمەکی بازاڕییە، بێسەروبەرە و بنەمایەکی دروستی نییە. 
لەلایەکیتر مەسعود بارزانی لەو چەند دێڕەدا هەوڵ دەدات کەسایەتی ئەحمەد فەقێ ڕەش نزمکاتەوە وەکو ئەوەی کە ئەو کەسێکی هێندە گرنگ نەبوو و دزیش بوو کەچی لەناو حزبی سۆسیالیست بۆتە ئەندامی سەرکردایەتی. پێموایە ئەگەر ئەحمەد فەقێ ڕەش لەگەڵ پارتی بمابووایە بەرزدەکرایەوە و ئێستا لای مەسعود بارزانی وەکو پاڵەوان بەرزدەکرایەوە. وەکو ئەوان هەروابووین ئەوەی لەگەڵیان بێت پاڵەوانە و ئەوانەیتر ئەگەر نەیانشکێنن، ئەوا ناویشیان ناهێندرێت. دووبارە ئەو گوتنە ئاستێکی نزمی تێگەیشتنە کە بارگاوییە بە ڕقهەڵگرتن. 
وەکو لەسەرتادا ئاماژەم بۆیکرد دوو چەکداری  پارتی ئەحمەد فەقێ ڕەش تیرۆر دەکەن، بەمجۆرە پارتی لەتیرۆرکردنەکەدا ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە.  بەپێی ئەو کورتە نووسینە بێسەروبەرە، مەسعود بارزانی هەر بەوە ناوەستێ کە پێشتر ناڕەوا تیرۆریان کرد و بکوژەکانی داڵدەدا،  ئێستا دەیهەوێ ناوی ئەحمەد فەقێ ڕەش بزڕێنێ و وەکو "دز" بە خەڵکی بناسێنێت. بەڵام ئەوەی گیانبەختکردوو ئەحمەد فەقێ ڕەشی ناسیبێت دەزانێ ئەو چەندە سەرکردەیەکی پاک و ئازا و بەتوانا بوو، چەندە لای خەڵک و پێشمەرگە خۆشەویست بوو، بەو گوتنە بازاڕی و بێ بنەمایانەش ناوی ئەو پارتیزانە شۆڕشگێرە تیرۆرکراوە لەکەدار نابێت. لە کوردەواریدا پەندێک هەیە دەڵێت " لە دز وایە هەموو کەس دزە". 

بۆ ناسینی ئەحمەد فەقێ ڕەش و چۆنیەتی تیرۆرکردنی دەتوانن سەیری ئەو لینکانە بکەن:

- تیرۆرکردنی سەرکردەی سۆسیالیست ئەحمەد فەقێ ڕەش چۆن و لەبەرچی؟
- ئەحمەد فەقێ ڕەش: شۆڕشگێڕێکی تیرۆرکراوی لەبیرکراو


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە