بیرەوەری ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک: دوان لە مێژووێکی سانسۆرکراودا

Sunday, 01.03.2021, 22:17

2925 بینراوە


کتێبی "بیرەوەری رۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک" کە لەلایەن برای بەڕێز ئازاد کاکل نووسراوە، گێرانەوەی مێژووی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ـە، کە بەچڕی ئاماژە بە ململانێ و شەڕی نێوان پارتە سیاسیەکان لە دەشتی هەولێر و خۆشناوتیدا دەکات و هەندێ گێرانەوەی کورتی شەڕ و ململانێکانی پێشتر و ڕوونکردنەوەی مێژوویش دەگرێتەخۆی. کتێبەکان لە ساڵی ٢٠١٥ لەشاری هەولێردا چاپکراون. پێموایە هەر نووسینێکی بەویژدانانە لەم مێژووە لەم دیدە جیاوازەوە جۆرێک "سانسۆری" لەسەرە، بۆیە لای من گرنگی تایبەتی هەیە و پێموایە بەبێ زانینی ئەم مێژووە تێگەیشتنمان لە تێکۆشان و ململانێکانی خەباتی چەکدرای دوای هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلول ناتەواوە.
پێویستە بگوترێت کەوا بیرەوەری گێرانەوەی مێژووێکی دیاریکراوە سەبارەت بە بەسەرهاتەکانی کەسێک لەم ماوەیەدا لەدیدی ئەم کەسەدا، بۆیە گێرانەوەکە بەهاهەڵگرە و لایەنگیرە. چونکە ئەو کەسە خۆی کە لەناو ڕووداوەکاندایە، بەسەرهاتەکان بەپێی دیتن و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. سەبارەت بە گێرانەوەی مێژووێکی سیاسی کاتێکی دیارکراو، لەبەرئەوەی مێژووەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگەیەک هەیە، نووسینەوەی بیرەوەری ئەرکی نووسەر زۆر سەخت دەکات. دیارە نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی دەیەوێ چۆن مێژووەکە بگێڕێتەوە و چ ڕۆڵێک بەخۆی بدات، چونکە وەکو گوتم بیرەوەری گێڕانەوەیەکە لەدیدی تایبەتی کەسێکەوە. ئەگەر گێڕانەوە بیەوێ خۆی لە قەرەی بێلایەنی بدات، پێویست دەکات بەچاوی ڕەخنەوە بنووسێت، باش و خراپی خۆی و ئەوانیتر بڵێت، لەسەر خۆی و ئەوانیتر باز نەدات. ئەگەر خۆی لە ناو ڕووداوێک نەبووبێت و لەخانەی کەسی سێیەمدا بێت، پێویستە لەزاری کەسی یەکەم لەچەند دیدێکی جیاوازی ئەوانەوە بیانگێرێتەوە کە ڕاستەوخۆ بەشداری ڕووداوەکە بووین. هەروەها نووسینی ناوی کەسەکان و شوێنەکان، ژمارەی تەواو و ڕێککەوتەکان بیرەوەری بەهێز دەکەن و گرنگن. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و بێکێشە نییە. دیارە دەکرێ زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بنوسرێت.
هەرکە کتێبەکان گەیشتنە دەستم خۆم پێ نەگیرا و بەخێرایی لاپەرەکانی کتێبەکەم هەڵدایەوە و سەیرێکی خێرای ناورەۆکی کتێبەکانم کرد. سەردێڕەکان زوو بردمیانەوە سەرەتای هەشتاکان و برینەکانمیان کوڵاندەوە. لەدیدی منەوە سەردێرەکان گریانی خەباتێک بوو لە ئاقاری رامیارە هەرزەکاندا، تێئالانی هەست و سۆز بوو لە تەونی ئاڵۆزی مێژووی ئیپۆکێک کە تیایدا مرۆڤە جوانەکان وەکو گەڵا هەڵوەرین و خەونەکان بۆ ئارەزووەکانی سەرۆک و پارتی پێشڕەو لەخاچدران، ئەو ئیپۆکەی بۆ تاهەتایە برینداری کردم، بەڵام نەیتوانی پاکی و بوێری مرۆڤە جوانەکان لە ئەندێشە و هزرمدا بسڕنەوە.
کورد دەڵێ "گوریس لە ئەستووریدا دەپسێت"، لەم دووبەرگی ئەم کتێبەدا خوێنەر ئاشنایەتی لەگەڵ بەهێزیی حزبی سۆسیالیست لە دەشتی هەولێر و خۆشناوەتیدا پەیدا دەکات، نووسەر خوێنەر هەڵدەگرێ و بە دڕیی هەڵدێری شەڕی سەپێندراوی براکوژیدا تێیاندەپەڕێنێت و گوزارشتی ڕیالیستانەی پەرتەوازەیی و لاوازبوونی ئەم هێزە گەورەیە لە سنوری پارێزگای هەولێردا دەکات. بۆیە کتێبی "بیرەوەری ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک" گێرانەوەیەکە گوزارشتی لاوازبوونی پارتێکی گرنگی گۆڕەپانی خەباتە بەهۆی شەڕی براکوژیەوە. ئەو شەڕەی کە هەمیشە لەنزیکەوە بەشێوەیەکی سەرەکی خەڵکە ئاساییە شۆڕشگێرەکە داویانە و بۆ خەباتی ڕزگاری گەلیش باجێکی یەکجار قوڕس بووە و دەرهاویشتە نەگەتیڤەکانیشی لەسەر کۆمەڵگەدا درێژخایەنن.
لە ڕاستیدا بۆ کەسێکی ئاسایی دانیشتووی کوردستان ئاسان نییە لە ڕاستیە تاڵەکانی ئەو سەردمە سانسۆرکراوە بدوێت، دان بە هەڵە و کەموکوریەکانی حزبەکەدا بنێت و لەهەمان کاتدا بوێرانەش پەنجە بخاتە سەر تاوان و پێشێلکاریەکانی ئەو حزبانەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەسەڵاتداران. هەمیشە ئاسانە رەخنە لە حزبێک بگری کە دەسەڵاتی نییە و لاوازە یا لەناو چووە، بەڵام لە سەیری ڕەخنەگرانە لە مێژووی ڕابردووی حزبێک کە دەسەڵاتی هەیە بوێری و قوربانیدانی گەرەکە.
ئەم کتێبە خۆی جیادەکاتەوە لە گێڕانەی مێژووێک لەدیدی بەرپرسێکی سەردەمی شاخدا لەسەرووەوە بڕوانێتە ڕووداوەکانی خوارووی خۆی، بەڵکو ئەم کتێبە قاچەکانی خوێنەر دەباتە بنی لێژایی کەنداری ڕاستییە تاڵەکان. هەروەها گوزارشتەکانی ئەم کتێبە پەخشان نووسین و گوتن و گێڕانەوەی رۆمانسیانە نین، تاکو رووداو و بەسەرهاتەکان بە وشە و ڕستەی درێژدادڕی پڕلە ئاوەڵناو بنووسێرێنەوە، بەڵکو گێڕانەوەی پیشمەرگەیەکی ماندووە کە خوێنەر بە کۆڵدا دەدا و بێ ئەملاوئەولا دڕک و قامیشلانی ناو زەندۆر و هەرەتان دەبڕێ و دەچێتە پێش. گێڕانەوەکان لەدیدێکی بێ پێچ و پەناوە گوزارشت دەکرێن. ئەوانەی ئاگاداری رووداوەکان بوون و وابەستەی خەباتی ئەو سەردەمە بوون لە دەشتی هەولێر و کۆیە و خۆشناوەتیدا، زوو تێکەڵی هەناسەی نووسەر لە گێڕانەوەکاندا دەبن و هەنگاوەکان بەیەکەوە هەڵدێننەوە. دیارە پێموایە ئەوانەی کە بەم مێژووە و رووداوانە نامۆن ئەوانیش دەکەونە ژێر تەوژم و کاریگەری گێڕانەوەکان، چونکە گێڕانەوەی مانەوە لە دەشتوپەناو پەسیوان، ڕۆیشتنی شەوورۆژان، شەڕوپێکدادانی جەرگبڕی نێوخۆیی و گۆڕانی درامایانە لە ڕووداوەکاندا وادەکەن خوێنەر حەز بە تێگەیشتنی ئەو ڕۆژانەی پێشمەرگایەتی لەنزیکەوە بکەن.
ئەوەی کاک ئازاد لەم کتێبەدا دەیانگێڕێتەوە، کەمترن لەوەی کە ڕوویانداوە، وە ڕووداوەکان زیاتر هەڵدەگرن، هەروەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵام ئەوە گێڕانەوەی ساڵانێکی خەباتە کە زۆر کەم لەسەری نووسراوە. زۆرن ئەوانەی بەشداریان لەو ڕووداوانەدا کردووە، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی لەم دیدە جیاوازەوە لەسەریان نووسیوە. هۆکەشی ئەوەیە بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئەوە ناخوازن دەست بۆ ئەم مێژووە بەرن. دیارە هیچ گومان لەوەدا نییە، کە دەکرێ ئەوانەی لە ڕووداوەکانی ئەم مێژووەدا بەشداریان هەبووە لەگەڵ هەندێ لە وردەکاری گێڕانەوەکان ناتەبابن یا زانیاری دیکەیان هەبێت، ئەوەش تایبەتمەندیەکی سروشتی گێرانەوەی بیرەوەرییە، کە لە دیدی تایبەتی کەسێکەوەیە. لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە کتێبی "قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان"دا هەوڵمدا لەڕێگەی دیدار و چاوپێکەوتندا بەشێکی ئەو مێژووە بنووسرێتەوە و بڵاوبکرێتەوە. ئەوسا زۆر کەم لەسەر ئەم مێژووە نووسین هەبوو و ئەو نووسینانەی هەشبوون لاواز بوون. بێگومان ئەو نوسینەی کاک ئازاد کە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە بەشداریەکی زۆر گرنگە لە تیشک خستنەسەر ئەو لایەنە پەڕاوێزخراوەی خەباتی چەکداری ئەو سەردەمە.
ئازاد وەکو لاوێکی بێ بەش لە ژیانێکی ئاسایی بێ ئەزموون و تاقیکردنەوەی لاوێتی، وەکو خۆی دەنووسێت "لە هەڕەتی لاویدا بووم، زۆر ئاشقی تفەنگ و ڕەخت بووم. ئەوەندەی ئاشقی بەژن و باڵای تفەنگێکی بڕنۆ بووم، نیو ئەوەندەش ئاشقی بەژن و باڵای بەرزی کچە کوردێکی ئەسمەری چاو ڕەش نەبووم" . ئەو هێندە لەژێرکاریگەری هەواڵی پێشمەرگە گیانبازەکاندا بووە، یەکسەر ئەشقی تەفەنگ و یاخیبوون دەبێت. بێئاگایانە تووڕە لە ئارەزووە سەرکوتکراوەکانی گەنجێتی، تووڕە لە ترسولەرز و ژێردەستەیی دەسەڵاتی داگیرگەر، تامەزرۆ بەگەیشتن بە پێشمەرگایەتی و نەوزادی برا و هاورێ، یاخی دەبێت و بەپەلە ڕوو لە دەشت دەکات بۆ ئەوەی تازووە فریای کاروانی خەبات بکەوێت. ئازاد بێئاگا لە کیشە و ناکۆکیەکانی خەباتی چەکداری دەچێتە ناو باوەشی جەنجاڵی پیشمەرگایەتی.
نووسەر سەرەتای بیرەوەریەکانی بە چوونی خۆی بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی دەشتی هەولێردا لەژێر فەرماندەیی قادر مستەفادا دەست پێدەکات، بۆیە یەکسەر دێتەسەر ڕۆژە بەراییەکانی خەباتی چەکداری لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ دا، ئەوسا هێشتا لە دەشتی هەولێر پێشمەرگە بەڕۆژ نەیاندەتوانی لە گوند و ئاوەدانییەکاندا بە ئاشکرا بمێننەوە. ناوچەی دەشتی هەولێر و وراتی کۆیێ دەشت و گردۆڵکەی ڕووتی زۆرە، مانەوە لەم ناوچەیەدا شارەزایی دەویست لەکاتێکدا ڕژێمی بەعس لەبەهێزیدابوو و بۆسەی هێزەکانی جاش و ئەمن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زۆربوون، وە هەلیکۆپتەرەکانی ڕژێم ڕۆژانە لەسەر ناوچەکەدا گڕەگڕەیان بوو. نووسەر بەکورتی لەسەر ئەم شێوەیەی خەباتی پارتیزانی لەژێر سێبەری هەلیکۆپتەری بەعسدا دەوەستێت. دوای ئەوە بەکورتی دێتەسەر گوزارشتی هێزەکان و ناوەکانیان لە ناوچەکەدا، لێرەدا نووسەر باسی هەموو هێزەکانی پارتە سیاسیەکانی دەڤەرەکە دەکات کە حزبی سۆسیالست، یەکێتی، حزبی شیوعی و پاسۆک بوون. ئەمەش وێنەیەکی گونجاو بۆ خوێنەر لە قەوارەی هێزەکانی ئەو سەردەمە دروست دەکات. نووسەر دێتەوە سەر هێزەکانی حزبی سۆسیالیست و کێشە و کەموکوڕیەکانی ئەو هێزانە دەخاتەڕوو. پاشان گوزارشت لەهەندێ چاڵاکی هێزەکانی پیشمەرگە لە دەشتی هەولێردا لە نزیکەوە دەکات، چۆنیەتی شەڕی پارتیزانی ئەوێ لەنزیکەوە و لەناو ڕووداوەکەوە بەخوێنەر دەگەیەنێت. نووسەر لە گوزارشتی ناوچەکە و هێزەکانی ئەوێوە دێتەسەر بابەتی ململانێی پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و یەکێتی و پەرتەوازەیی هێزەکان، پارەکۆکردنەوە و سەرانە وەرگرتن، چاڵاکی و نەبەردی و گیانبەختکردنی پێشمەرگە و دەستی ڕژێم لەڕێزەکانی پێشمەرگەدا، پاشان دێتەسەر هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان هێزەکانی سۆسیالیست و یەکێتیدا وە ئەوەش دەبێتە بابەتی سەرەکی بیرەوەریەکان. بەمجۆرە بوون بە بەشێک لە هێزە گیانلەسەردەستەکانی پێشمەرگە دژ بە هێزەکانی ڕژێم کە ئەو خەونی پێیانەوە دەبینی، هێندە درێژەناکێشن کە ناکۆکی نێوان هێزەکان دەستپێدەکەن و لە پایزی ساڵی ١٩٨٢دا کێشەکان ئاراستەیەکی تەواو نەخوازراو وەردەگرن.
بۆ باشتر تێگەیشتن لە ناکۆكی نێوان ئەو دوو پارتە، نووسەر دەگەڕێتەوە دواوە و گوزارشت لە درووستبوونی بزوتنەوە و جیابوونەوەی لە یەکێتی و دواتر هەندێ لە شەڕ و پێکدادانەکان و کوشتنە ناڕەواکان، پاشان دەگەڕێتەوە سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی و ناکۆکی و پێکدادانەکان لەوێوە. ڕووداوەکان خوێنەر دەتاسێنن و لە یەکێکەوە دەیانگوازێتەوە بۆ یەکیتر. ئەگەر مەبەست لە گێرانەوی ڕابردوو دەرخستنی ڕاستیەکان بەشێوەیەکی گونجاو بێت، بێگومان گێرانەوە لەلایەن کەسی سێیەمەوە پێویستیان بە وردکردنەوەی زیاتر و دیدی جیاوازی زیاتر هەیە، دیارە نووسەر ئاگاداری ئەم لایەنەیە بۆیە هەوڵیداوە لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژە بە ڕووداوەکان بکات، ئەوەش گێرانەوەی ڕووداوەکانی دەوڵەمەند کردووە. وەکو بۆ نمونە لە ڕووداوی کوشتنی فەرامندەی هەرێمی ١٤ی سۆسیالیست عەوڵا سوور، دوای خۆدانەدەستی لەلایەن نەوشێروان مستەفاوە یا کوشتنی دیلەکانی شەڕی قەراسنج لەلایەن یەکێتیەوە ئەم هەوڵە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان تاڕادەیەکی باش دراوە، بەڵام بێگومان دەکرێ باشتریش بێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئاماژە بە چ سەرچاوەیەک دەکرێت. گێرانەوەی کەسی یەکەم لە دیدی دژ بەیەکەوە یا بەتایبەتی کەسانێک کە هیچ بەرژەوەندیەکی سیاسیان نییە زۆر گرنگە بەپێی توانا بۆ ڕووداوەکان هەبێت، کە لە ڕووداوی کوشتی شێرکۆی شێخ عەلیدا یا شەماڵ و سەربازدا وەکو پێویست نییە. بەڵام ئەم بابەتە کە لاکردنەوەیەکە لە ڕابردوو کە هەوڵێکی نووسەر بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بەڕووداوەکانی ڕابردوو لێرەدا کۆتاییان نایەت، چونکە ئەوەی نووسراوە هەموو زانیاریەکان نییە. کتێبەکە لەساڵی ٢٠١٥دا چاپ کراوە، ئێستا زانیاری زیاتر لەسەر زۆر لە ڕووداوەکاندا بڵاوکراونەتەوە و چاوەڕوانی زانیاری زیاتریش دەکرێت. بێگومان خوێنەر دەتوانێ لەلایەن خۆیەوە ئەرکی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر بکێشێت. پێموایە ئەوەی قوڕسایی زۆر بە کتێبی "بیرەوەریەکانی ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک" دەبەخشن و ناوەڕۆکەکەی دەوڵەمەند دەکەن، گێرانەوەی ئەو ڕووداوانەیە کە کاک ئازاد خۆی بەشداری ڕاستەوخۆی تیایاندا کردووە، لە نزیکەوە بە ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان ئاشنامان دەکەن.
وەکو گوترا دوای تەمەنێکی کورت لە خەبات دژ بە هێزەکانی ڕژێم، لەجیاتی دوژمن پارتەکانی گۆڕەپانی خەبات لولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی سینگی یەکتردەکەن. لە کۆتایی پایزی ١٩٨٢ دا گرتنی فەرماندەیەکی حزبی سۆسیالیست کاکەسوور قۆریتانی لە دەشتی کۆیە لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هاتنەکایەی کارەساتە جەرگبڕەکان بوو. کاکەسوور لەکاتی گەڕانەوەیدا لە چاڵاکیەکدا لەلایەن دۆست و برادەرانی کە یەکێتی بوون دەستگیر دەکرێت. زۆربەی پێشمەرگەکانی یەکێتی و سۆسیالیست لە ناوچەکەدا خەڵکی ناوچەکە بوون و دۆست و هاوڕێی یەکتر بوون، بەڵام وەکو ڕوویدا بەرژەوەندی حزب و بڕیارەکانی سەروو بە ئاسانی توانی سنووری تەبایی و ئاشنایەتی ببەزێنێت و براکان بەگژیەکدا بکەن. دیارە ئەوسا خەون و خولیای بوون بە پارتی پێشڕەو و بوون بە پاڵەوانی گۆڕەپان وەکو تایبەتمەندیی پێویستی پارتی شۆڕشگێر دەناسران. بەداخەوە کاکەسوور چۆن گیرا و بردرا، هەر ئەو بردنە دەبێ و هەرگیز ناگەڕێتەوە.
لەناوەڕاستی مانگی یەکی ١٩٨٣دا شەڕی گوندی نێرەگین و بۆسە و شکستی پلانەکەی هێزەکانی یەکێتی لە تیکشکاندنی هێزەکانی سۆسیالیست لە بەستی شەرغەدا، وە تاوانەکانی شەڕەکە ڕووداوێکە کە بە بەشداری نزیکەی ١٠٠٠ پێشمەرگەی هەردوو بەرە دەبێ، دەیان کوژراو و بریندار و دیل دەرئەنجامی ئەم شەڕە خۆکوژییە دەبن. بەداخەوە لەم شەڕەدا پێشمەرگەی دیل بەدەستی پێشمەرگە گولەباران دەکرێت. تائێستا زۆر کەم لەسەر ئەم شەڕە نووسراوە و لێرەدا خوێنەر دەتوانێ تاڕادەیەکی باش لە ڕووداوەکە بگات.
نووسەر لە زۆرداریی هەندێ لە پێشمەرگەکان سەبارەت بە کەسانی بەندکراو دەدوێ و ئاماژە بە بێویژدانی و نامرۆڤبوونی ئەندامانی پیشمەرگە لەبەرامبەر کەسانی بەندکراودا دەکات، وە ئاماژە بە بارودۆخی هێنانەدی ئەم پێشێلکارییە ناڕێکخراوەییە دەکات، ئەویش نەبوونی دادگایی و سزادانە لەبەر هێشتنەوەی کەس و هێزەکانە لە ڕیزی هەر لایەنەێک خۆیدا بەهەر نرخێک بێت. لەوێوە نووسەر دەمانبات بۆ شەڕی کەلی قەشقە و بۆسەی جاشەکانی سەر بە ڕژێم. لەم بۆسەیەدا شەڕی دەستەویەخە ڕوودەدەن، خەڵک و پێشمەرگە بەیەکەوە هێزی جاشەکان تێکدەشکێنن و هەڵیاندەبڕن. خۆزگە ناوی سەرۆکجاشەکان دەنووسران و تۆمار دەکران. وەکو ئەوە مێژووە و پێویستە بنووسرێنەوە. لە شەڕەکانی دیکەشدا ئەم بزرییە بەرچاو دەکەون، نووسینی ناوی سەرۆک جاشەکان لە شەڕەکاندا بۆ مێژوو گرنگن.
بەداخەوە شەڕی خۆبەخۆیی درێژەی هەبوو و ناوە ناوە دەست لەیەکتر وەشاندن بەردەوام دەبێ، نووسەر بە زنیجیرە دێتەسەریان، لە بۆسەدانانەوە بۆ شەماڵ و سەرباز کە دوو فەرماندەی یەکێتی بوون، بۆ شەڕی دۆڵی بالیسان و تێکشکاندنی هێزەکانی یەکێتی لەوێدا، وە بۆ شەڕی گرتنی ئاشقوڵقە و قڕاناقە و پشتائاشان و کۆمەڵکوژیەکەی ئەوێ دڵمان دەتەزێنن، ڕووداوەکان بەخێرایی گوزەردەکەن و هێشتا زامێک ساڕێژنەبووە، برینی دیکەی دێنەسەر.
دوای گرتنی سەرکردایەتی سۆسیالیست و شیوعی لە بناری قەندیلدا لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە، هێزەکانی سۆسیالیست تووشی پاشەکشە و پەرەتەوازەیی دەبن، شەڕی ناوخۆش لە خۆشناوەتی و دەشتی هەولێردا بەردەوام دەبێت، نووسەر لەلاپەڕە ١٣٥ دەنووسێت لەشەڕی جلبەسەردا زۆر تینووی بووە بۆ ئاو خواردنەوە دەچێتە ناو گوند و لە ماڵێکدا داوای ئاوی کردووە، ژنێک پێشوازی کردووە و ئاوی داوەتێ و گالۆنێکی پێنج لیتریش دۆی بۆ هێناوە تاکو بۆ هاوڕێکانی بیبات، ژنەکە لێی دەپرسێ "ئەرێ کاکە ئەو شەڕە لەگەڵ کێیە؟" ئازادی تینوو بەپەلە دەڵێ: "ئێمە سۆسیالیستین و لەگەڵ جەلالیەکانە!" ژنەکە پێی دەڵێ: "ئەوە کوردستان بەش دەکەن!؟ بەخوای کوڕم قەت نابینە هیچ!" شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام دەبن، کۆمەڵێ لە چەمی قەرەسالم، فەرماندەیەک لە گوندی گرتک، هەندێ لە پۆڕیجە، هەندێ لە پیرداود و هتد. بە گولەی پێشمەرگەکانی ئەو بەر دەپێکرێن یا بەدیل دەکوژرێن. لە زۆربەی بارەکاندا دیلەکان بێئەملاوئەولا لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە کوژراون. هەرەسی وردە وردەی ورەی پێشمەرگە، بێزاری لە شەڕی یەکدی، کوژرانی دەیان پیشمەرگە و سەرکردەی قارەمان وەکو سووتەمەنی شەڕی خۆبەخۆیی و ئارەزووی پێشڕەوخوازیی، ئازاد بێهیوا دەکەن و ئەوپەڕی نائومێدی دایدەگرێت و وەڵامێکی دروستی لەم هەموو یەکترکوشتنە دەست ناکەوێت.
دوای چۆڵکردنی خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر لەلایەن هێزەکانی حزبی سۆسیالیستەوە کە لەساڵی ١٩٧٨ـەوە پێشمەرگەی سۆسیالیستی لێ هەبووە، یەکێتی بۆ یەکەمجار پێیان چۆڵ دەکات و لەناوچەکەدا خۆی دەبێتە هێزی بێڕکابەر، یەکێتی شێخ جەعفەر بۆ ناوچەکە دەنێرن، لەلاپەڕە ١٦٧دا نووسەر دەنوسێت "شێخ جەعفەر خەڵکی سنووری دەشتی هەولێر نەبوو کەسی لەو سنوورە نەدەناسی، دار و بەردی ئەو ناوچەی لێ ببووە پارتی و سۆسیالیست و شیوعی، تووشی هەر کەسێک دەبوو لەناوچەکەدا شێخ با، ڕیش سپی با، پیاوماقول و جوتیاربایە، چ شوان چ گاوان بایە دەیگوت "سەگ باوک تۆ قایدەی؟ سەگ باوک تۆ حسکی؟ سەگ باوک تۆ حشعی؟ دەتکوژم! ڕەمیت دەکەم!" ... دوای ئەوە دارکاری لایەنگرانی پارتەکان و خەڵک و سوتاندنی ماڵە پێشمەرگە لە گوندەکاندا دەستپێدەکەن. 
 
نووسەر لەدرێژەی بیرەوەریەکانیدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی شەڕی پشتئاشانی دووەم دەکات، کە دووبارە هێزەکانی بەرەی جود و یەکێتی دەکەونەوە گیانی یەکتر، ئەمجارەیان هێزەکانی پارتی بەشداری لە شەرەکەدا دەکەن و هاوکارییش لە ئێران وەردەگیرێت. بەهەمانشیوە لەبەرەی یەکێتیدا دەگوترێت هاوکاری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەبووە. هێرشی هێزەکەی جود بەبێ ئاگای زۆر لە پێشمەرگە بەشدارەکان، بەستراوە دەبێت بە جەنگی عێراق و ئێران، بەتایبەتی شەڕی حاجی ئۆمەران کە پارتی ڕاستەوخۆ بەشداری تیدا کرد و وەکو دەگوترێت ئیدریس بارزانی بەرپرسی بووە. لە بەرگی دووەمی کتێبەکەدا درێژە بەم بابەتە دەدرێت و نووسەر دێتەوە سەر باسی شەڕی قەندیلی دووەم و چۆنیەتی کاردانەوەی سەرانی پارتی لە شکانی هێزەکەی حەسۆ میرخان، کە بووەتەهۆی شکانی ئەوانیتر. گومان لەوەدا نییە کە نووسەر زانیاری گرنگ لەسەر شەڕەکە بەخوێنەر دەگەیەنێت، بەڵام خۆزگە لەسەر ئەم بابەتە زیاتر دەنووسرا و زانیاری زیاتر کۆدەکرایەوە، چونکە ئەمە بابەتێکی گرنگە و کۆمەڵێ بەرژەوەندی ئاڵۆز لێرەدا پەیوەندیان بە شەڕەکەوە هەیە. دیارە لەهەردوولای جەنگەوە هەوڵدراوە سوود لە هێزکانی پێشمەرگە وەرگیرێت و بۆ مەرام و ئامانجی جەنگی هەردوو وڵات ڕاستەوخۆ بەکاربهێندرێن. بەتایبەتی لەبەرەی ئێراندا کە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پارتی هاوکاری ڕژێمی ئێرانیان لە بەرەی گردەمەند و حاجی ئۆمەراندا کردووە. لە شەڕی حاجی ئۆمەراندا لە مانگی ئۆگستدا ڕژێمی بەعس ژاری کیمیایی دژ بە هێزەکانی ئێران بۆ یەکەمجار لە جەنگدا بەکارهێنا. بۆیەکەمجار بەم بەرفراوانییە هێزێکی کوردی هاوکاری سوپای ئێران لە جەنگی ئێران- عێراقدا بکات. ڕژێمی ئێران هێرشەکەی لەژێر ناوی فەجری دوو ئەنجامدا (بۆ زانیاری زیاتر بۆنمونە سەیری وتاری فەجری حاجی ئۆمەران و جینۆسایدی بارزانیەکان، نووسینی عەلی مەحمود بکە). کاردانەوەی ڕژێمی بەعس گرتنی بەهەزاران مێرمنداڵ و پیاوی سەربە خێلی بارزانی لە ئۆردوگاکانی هەریر و دیانا و قوشتەپەدا دەبێت، کە دواتر هەموویان بەکۆمەڵ دەکوژرێن.
وەکو خوێنەر هەرزوو لەمیانەی خوێندنەوەی بیرەوەریەکاندا بەم ڕاستییە ئاشنا دەبێت کەوا کەسی خۆشەویستی یەکەمی نووسەر لە بیرەوەریەکانی ڕۆژە سەختەکاندا نەوزادی براو برادەرە، کە لەشەڕی کەلی قەشقە بە سەختی بریندار دەبێت، زامەکەی زوو چاکنابێتەوە و درێژەی دەبێت. هەرچۆنی بێت ماوەیەک لە سەرکردایەتی لە گوندی سێلوێ و زێوکە دەمێننەوە و دەرئەنجام دووبارە لەبەر سووڕبوونی نەوزاد کە فەرماندەی کەرت بووە و ویستی چوونەخوارەوەی بەهێز بووە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ خوارەوە بۆ ناو بەرەکانی پێشمەرگە دەدەنەوە. لەگەڵ ئەوەی هێشتا باری تەندروستی نەوزاد تەواو جێگیرنابێت. هەردووکیان بەناو سروشتی جوانی دۆڵ و شاخەکانی برادۆستدا تێدەپەڕن و لە گوندی بارزانی چۆڵکراودا دەگیرسێنەوە. نووسەر گوزارشت لە جوانی سروشتی ئەو دەڤەرە دەکات و پێیەوە سەرسام بووە، هەروەها لە هەڕەشەکانی شێخەکانی بارزان دەدوێ و کەدەبێتەهۆی ئەوەی هێزەکەی سۆسیالیست و شیوعی گوندەکەی ئەوان چۆڵکەن و بچنە گوندەکانی دەوروبەر. زۆرناخایەنێ کە بڕیاری گەڕانەوەی هێزەکان بۆ خۆشناوەتی و بەڕانەتی و دەشتی کۆیە و هەولێر دەدرێتەوە. هێزەکانی شیوعی و سۆسیالیست ٢٠٠ کەسێک دەبن بەفەرماندەیی قادر مستەفا و مەلا بەکر و عەلی حاجی و محەمەد حەلاق و هەندێکیتر ڕوو لە خۆشناوەتی و بەڕانەتی و دەشتی هەولێر و کۆیە دەکەنەوە، گەڕانەوە بۆ ناوچەکان زۆر سەخت دەبێت و لە جۆرێک لە خۆکوژی دەچێت، چونکە یەکێتی لە گفتوگۆدابوو و ژمارەی هێزەکانی زۆر ببوو، چەک و تەقەمەنیان زۆر بوو، شارەزای هەموو ناوچەکە بوون و کون بە کونیش لەدوو پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و شیوعی دەگەڕان. جگەلەوە ڕژێمی بەعسیش لەلایەن خۆیەوە هەوڵی لێدانیانی دەدا، یا هاوکاری یەکێتی لە لەنێوبردنیان و شەڕی کوردکوژیدا دەکرد. لە ٢٠ی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی زێبارۆک لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی تووشی شەڕ دەبنەوە، دوای شەڕێکی سەخت چەند پێشمەرگەیەک لەهەردووبەرەدا دەکوژرێن و بریندار دەبن. دوای ئەو شەڕە و شەکەت و ماندوو لە زێبارۆکەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کۆیە بەڕێدەکەون و کۆمەڵێک دۆل و شاخ و شیو و دەشت دەبڕن دەچنە گوندی قۆریتان و سەردانی ماڵی کاکەسوور دەکەن کە یەکێتی بەدیلیانگرت و دواتر بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی گولەبارانیانکرد. تەنها شەوێک لەوێ دەمێننەوە و لەبەر گەیشتنی هێزەکانی یەکێتی بەناچاری دەڕۆن. لەبەرەبەیاندا بەهەرەت و شاخان دەکەون و دوای دوو شەو ڕۆیشتن و شەکەتی لە گوندی قەراسنج دەگیرسێنەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی ڕووبەڕوونەوەی هێزەکانی یەکێتیان لەوێدا کردووە. لە گوندی قەراسنجدا هێزەکانی یەکێتی پێیان دەزانن، بەهێزی زۆرەوە، بە جادەکانی دەربەند و کۆڕێ و حوجراندا بەبەرچاوی هێزەکانی ڕژێم دەوریان دەگرن. لە ٢١ مانگی شەشی ١٩٨٤دا شەڕی کوردکوژی بەگەرمی لە گوندی قەراسنجی بناری چیای سەفین دەستپێدەکاتەوە... ئەم شەڕەی قەراسنج ڕووداوێکی پڕ لە تاوان و کارەساتە، کە کاک ئازاد زۆر بە ووردی لەدیدی خۆیەوە لەناو شەڕەکەوە بەجوانی گوزارشتی دەکات.
لەڕاستیدا نابەرابەریەکی گەورە لەنێوان ئەم دووبەرەی شەڕدا هەبوو، هێزەکانی سۆسیالیست و شیوعی ماندو و شەکەت بوون و کێشەی شوێنی حەسانەوە و کەمی تەقەمەنی و خۆراکیان هەبوو، هەرچی هێزەکانی یەکێتی بوون بەچەکی باش و تەقەمەنی زۆر و لەژێر چەتری ڕژێمدا بە ترومبێل و پیکاپ ئازادانە دەسوڕانەوە، هێزەکانیان کۆکردەوە و لەماوەیەکی کەمدا دەوری ئەو هێزەکەی سۆسیالیست و شیوعیان بەتەواوی گرت... لەکاتی ئەم شەڕەدا بەڕێککەوت بەهۆی سەردانی خزمێکمان لە گوندی کۆڕێ بووم، وەکو شایەدحاڵێک لە جادەی کۆڕێ و حوجراندا هێزەکانی یەکێتیم لەسەر جادە بینی، لەنێویاندا بۆنمونە هێزێکی دەشتی کۆیەی یەکێتیم بینی ترومبێلەکانیان ڕاگرت و هاتنەخاوەرەوە، پاشان بەپەلە سواربوونەوە و ڕۆیشتن، لەنێویاندا فەرماندەی کەرت شمدیل و دووانی دیکەم ناسیەوە کە ناوەکانیانم لەیاد نەماوە. بەڕاستی دیمەنیکی ئازاربەخش بوو، کە دەمبینی کورد دژی کورد شەڕ دەکا و ڕژێمیش هاوکاری پاسیڤ دەکات و سەیردەکات. نامەوێ چیتر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم، چونکە پێویستە ئەم کارەساتە لە کتیبەکەی کاک ئازاد خۆیدا بخوێننەوە.
لە کۆتاییدا دەکرێ بپرسین ئەم شەڕی ناوخۆیە لەپای چی؟ دەکرێ خوێنەر جۆرێک لە وەڵامی ئەم پرسیارەی لەم کتێبەدا دەستکەوێت. بێگومان لە هەردوو بەرگی بیرەوەریەکاندا زانیاری زۆر هەن کە لەم ماوە کورتەی ژیانی پێشمەرگایەتی گەنجێکی خێرلەخۆنەدیودا هەن. بیرەوەریەکان گێڕانەوەیەکی چڕی ڕووداوەکانی نێوان ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ ـە. گێرانەوەکان سەدان پرسیار دروست دەکەن و جەرگبڕن و کارەسات ئامێزن، ڕووداوەکانی مێژووێکی گرنگ گوزارشت دەکرێن، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە شایانی خوێندنەوەیە.
دەستخۆشی لە کاک ئازاد کاکل دەکەم و هیوادارم کاک ئازاد بەرگەکانی دیکەی بیرەوەریەکانی وەکو ئەو دوو بەرگە بەهەمان هەناسە و بە زانیاری زیاترەوە بنووسێتەوە و بەچاپی بگەیەنێت، کە بێگومانم کۆمەڵی ڕاستی گرنگی مێژوویی لەخۆیان دەگرن.