لە کتێبی چیرۆکەکانی چیا (بۆردوومان )

Saturday, 11/03/2023, 18:22

4803 بینراوە


کەم ڕژێمی سەر ئەم ئەستێرەیە هەیە ، یان چاکتر بڵێین کەم ووڵاتی ئەم جیهانە  پان و بەرینە هەیە ،لەڕێگەی ناردنی چەک و تۆپ و مین و جبەخانەکانیانەوە   دیاری تاوانی بۆگەلی ئێمە نەناردبێت  و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانیش  وەک بابە نوئێلی جەژنی کرستانەکان ، لەئاسمان و زەوێوە  دیارێکانیان بەسەردا هەڵداوین و دارو خاک و چەم و گوندو نزارو دۆڵ و نوالەکانیان پڕکردووین لەدەنگ و هەراو زەهر . 
مرۆڤ و ئاژەڵ و درەخت و سروشتیان خەڵتانی تاوانەکانی خۆیان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان کردوە .  بەندە گەلێ جار ڕێکەوتی بۆردمانم کردوەو لەناویا ماومەتەوەو  بوومەتە شاهیدی تاوانەکان ، من تەنها نەبووم کەماومەتەوە ، بەڵام کاتێک من چیرۆکەکانی چیام دەنوسێوە ، بیرم کردەوە دەکرێ ئاوڕێکیش لە و قەسابخانانە بدەمەوە کە لەڕێگەی ڕاجیمە و تۆپە زەبەلاحەکان و فڕۆکە جەنگێکان و هەنتەرو کۆپتەرەکان و مینە چێنراوەکان   دەکران . 
 نازانم  و ژمارەی  جارەکانی بۆردومانەکانم لەیاد نییە ، بەڵام زۆر زۆرە کە بەپارێزراوی لەناو دوکەڵ و پارچەو کیمیاویدا  قوتار بووم . 
ڕۆژێک لە گوندی سەرگەڵو بووم کە بارەگای مەڵبەندی دووی لێبوو  دوانیوەڕۆیەک بوو چەند فڕۆکەیەکی جەنگی هاتنە سەر گوندەکە ، ڕێکەوت من لە ئادەبخانەی ناو ماڵی خوادابووم ، جێگەکە بەبەردی قایم بیناکرابوو ، ئەوەی چوبێتە ئەوێ دەزانێ جێگەیەکی تاڕادەیەک مەحکەم بوو ،
 دۆشکەیەک بەرامبەر مەڵبەندبوو ، ریزێک  گولەی بۆ ئاگادارکردنەوە تەقاند و چەند چرکەیەکی نەخایاند لەئاسمانەوە فڕۆکەکان ڕشانەوە ، ناڵەو زریکە و هات و هاوار گوندەکەی بردەلای عەرشی خوا  ، پارچە دارو بەردو باروت وەک باران دەباری ، پاش کەمێک ٨ مرۆڤی کورد  بوونەقوربانی ، بەدەستەکانم و بەدەمی پێمەڕە گۆشتی هەنجن هەنجنی مرۆڤمان کۆدەکردەوە  سەری پەڕی و  دەست و قاچی  شکاوی هەلاهەلا ، لەم تراژیدیایەدا چواریان  لەیەک خێزان بوون ، بەر لەچەند خولەکێک لەگەڵ شەهید شەماڵ دا قسەمان دەکرد ، شەماڵ چاوێکی تیل بوو دەیوت :دەچم بۆ ئێران دەڵێن لەوێ بەنەشتەرگەری  چاوم بۆ چاکدەکەنەوە .  
کە سەیری لاشە هەنجن هەنجنەکەی شەماڵم دەکرد نەم دەزانی چی بڵێم ، ئیتر گەیشمە یەقینێک   مرۆڤ  دەبێت  بەرلەهەمووشتێک  خۆی خۆش بوێت و خۆی لاجوان بێت .
 بیرمە بەشەماڵم ووت : من لەبەر خاتری هۆنراوەیەکی نالی حەزم دەکرد چاوم خێل بوایە ، کاکەگیان  خێلی  هیچ خەوشێک نییە.  من  لەگفتوگۆکەماندا بەشۆخێوە پێکەنیم ، دوایی  مەرگی ئەو جوامێرە کە چەند خولەکێک بوو بەر لەمردنی ، ووتم بۆ وام پێووت ...!؟ 
ئاخر قسەش وەک دەرچوونی  تیرێکە لەکەوان ، ئیتر گەڕانەوەی ئاستەمە .
لەوڕۆژەوە فێربووم کە گوێ بۆ هەموو خەوە سادەکانی خەڵک بگرم و  هیچ نەڵێم ، مرۆڤ بەهیواوە جوانە کە هەیبێت ، دەنا چۆن دەتوانین  درێژە بەژیان بدەین ، لەم جەهەندەمەی بۆیان خوڵقاندووین ؟
 ڕۆژێک  لە مەڵبەندی بادینان بووین ،ڕۆژێکی زۆر نازداربوو لە سەر زێی گەورە جل و بەرگەکەم شت و تا جلەکانم لەبەر خۆرەکە ووشک بۆوە  خەریکی مەلە کردن بووم ، پێشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی کە دوایی زانیم خەڵکی شاری حلەبوو پیرەمێردێک بوو  بەقولاپێک خەریکی ڕاوی ماسی بوو  لە تابلۆیەکی چینی یان ڤێتنامی دەچوو چونکە شەپقەیەکی پوشی لەسەرنابوو هەتاو سوتاندبووی خۆشی پێستێکی ڕەشی هەبوو ڕوویەکی خۆشو خەندەیەک بێمنەت لەسەر دەموچاوی بوو ، من لەگەڵ هاوڕێکانما  کە زێکە  هەمووی چەند شەقاوێک لەبارەگاوە دووربوو ،گەڕاینەوە .،پاش یەک دوو دەمژمێر چەندفڕۆکەیەکی جەنگی هات و دەستیان کردە بۆردمان ، ئێمە زانیمان کە بۆمبەکانی کیمیایییە ، بارەگای مەسیحێکان لەتەنەیشتمان بوو پێمان ووتن  کە کیمیاویە ،بەگوێیان کردین ، بەڵام هاوڕێیانی حشع  وەک گاڵتە کردن  وەریان گرت ، بیرمە یەکێکیان ووتی: دەبێت گەڵای دارەکان وەک پایز بووەرن  باڵندەکان  لەفڕین بکەون  ئەوسا ئەوەکیمیاویە . 
ئێمە بەرەوچیاکە ڕۆشتین هیچ زیانمان نەبوو  بەڵام پاش ماوەیەک چوار یان زیاتر لە هاوڕێیانی حشع  گیانیان سپاردو شەهید بوون ، من چوم تا سۆراغی ماسیگرەکە بکەم ، بەڵام خۆش بەختانە  ئەو بەر تاوانەکەی بەعس نەکەوتبوو .
ئێمە لەئەزمونەوە فێر بووین ، ئەوانیش بە تیوری خوێنبوویان ، لام وایە لێنین بوو ووتبووی "ئەزمونێک لەژیاندا لە کۆڵی کتێب  سودمەنترە ".
شەوێک لەگوندی قزلەر تۆپی کیمیاوی دەهاویشت چونکە شەوی پێشتر ڕەوەیەک پازدار لێرەبوون .  گوندەکە نیمچەچۆڵکراو بوو ، ئێمە لەماڵێکدا بووین دوو نهۆم بوو تۆپێک دای لەماڵی تەنیشتمان لەگەڵ کاک سامان عوسماندا لە نهۆمی ژێرەبووین ، نیوەی شەو بوو ئیتر لەوێ نەماین ، سێ چوارکەس کە بەر کەووتبوون خەڵکی ناودێ  بوون بەرەو دۆڵەڕووت و  پاشان سلێمانی چووبوون  ، لەسەر شەقامی ٦٠مەتری زامدارەکانیان گرتبوو  کەزانیبویان بە بۆردمانی کیمیایی زاماربوون ، بۆهەتاهەتایە  وونیان کردن .  نازانم چەند جار بۆردمانم بینیوە بەهەموو شێوەکانیەوە بەتۆپ بە ڕاجیمە  بەکۆپتەر  فڕۆکەی جەنگی ، کیمیاوی و هاوەن  . دوو ئەزموون  یارمەتی دەربوون لە بۆردمان نەکردن  یەکێکیان کە زیاتر لەمەڵبەندەکاندا پەیڕەودەکرا  هێشتنەوەی  بیانێکان بوو ، دیارە ڕژێم لەڕێگەی تیمەسیخوڕێکانی دەیزانی کە بیانێکان لەوێن ، لە سماقولی  هەندێک بیانی ڕاگیرابوو ، لە سەرگەڵوش بەهەمان شێوە ،  بۆ ماوەیەک ئەو جێگایانە تۆزێک پارێزراو بوو ن. دووهەمینیان ئاو هەوابوو ، ئەگەر ئاسمان هەورو تمار بوایە ئەوە فڕۆکەکان ئاساریان  لەهیچ جێگەیەکەوە نەبوو ، تەنانەت کە ئاسمان  هەورو باران بوایە دەنگی تۆپەکانیش  نەدەهاتن .  بۆردمان  تاکە تاوانە کە کەمترین قسەی لەسەر کراوە   ، جگە لەهەڵەبجەو  سەوسێنان و گۆپتەپە ، کەلەڕاستیدا  قەوارەی تاوانەکان زیاتر بوو لەو جێگایانە کەئاماژەم پێدا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە