ئەو پێشمەرگەیە لەسەرچی شەپەڵاغەی لە قاسملوو دا؟

Monday, 13/03/2023, 19:22

5929 بینراوە


واوێدەچی ئەو بوونەوەرەی کە لە کوردستانی ئیڕان وعیڕاقدا دەژین وناوی خۆیان ناوە پێشمەرگە، قەرارە گیانی خۆیان بۆ رزگاریی نیشتمان فیدا بکەن.هەرچی بیری لێدەکەمەوە ئەو تفەنگچیانە تەنیا و تەنیا کەوتوونەتە خزمەتی بەرپرسانی حیزبیی وبنەماڵە وکاریان بۆتە پاراستنی سەروەت و سامانی حیزبەکان، بەتایبەت لە باشوری کوردستان سێ دەیە زیاترە ئەو رێکارە بەردەوامە.کاتێکیش لە ناوچەیەکی ئەو دووبەشە لە وولات شەڕێک روودەدا، لە پێش هەمواندا بەرپرسانی حیزبیی و پێشمەرگەی حیزبیی ڕادەکەن وشوێنی شەڕ جێدەهێلن.
لە کاتی خۆیدا لە کوردستانی ئێران کە زانرا پاسداری کۆماری ئیسلامی بۆ گرتنەوەی شارەکان وەرێکەوتوون، پێش هەموان بەرپرسانی حیزبیی بە غار خۆیان گەیاندە سەر سنوورە دووردەستەکانی نزیک باشووری کوردستان و چەکداریی حیزبیش سەرەڕۆیانە شەڕی ماڵوێرانکەریان بە دووقۆلی سپای پاسداران وخۆیان بەسەر خەڵكی بێچارە داسەپاند و کوشتن و گردتن و وێرانکردنی چەند شاڕێکی کوردستانی ئێرانی گرتەوە و بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو.هەردوو کلاچەیان پێ بوو، کەس نەیدەوێرا فززەی بێ وئەو شەرە سەرکۆنە بکا.

سیامەند شیخ ئاغایی لە کتێبی خۆم وباپیرانم دا ئاوادەڵێ:

بەرێز سیامەند لە قاسملوو زۆر نزیک بوو، دەڵێ: کە زانرا سپای پاسداران خەریکی گرتنەوەی شارەکانە، ئێمە خۆمان گەیاندە گووندێکی دوورەدەستی سەر سنوور.پارەیەکی چاکمان دا بە باغەوانی ئەو گووندە، کە لە ناو باغەکەیدا مەلەوانگەیەکی باشی هەبوو بۆ مەلە وئاوژەنی وئاودێڕی ناوباغ دروستی کردبوو.رۆژانە تا سەعات ٣ی دوانیوەڕۆ ئێمە و بەرپرسانی دیکە مافی ئەوەمان هەبوو مەلەی تیدا بکەین.لە ساعەت سێ بەولاوە تەنیا قاسملوو بۆی هەبوو مەلەی تیێدا بکا، بە واتایەکی دیکە مەلەوانگەکەی / قۆرغ / دەکرد بۆ خۆی.
ئەو لە کاتێکدایە کە خەڵكی چەند شارێک لە کوردستانی ئێڕان لە لایان پاسدارو چەک بە دەستی حیزبیی تووشی کوشتارێکی دوولایە بوو بوو،.رۆژگارێکی دژوار و نامۆ بوو، خەڵك هەبوو رۆڵەی کوژراوی خۆی لە حەوشەی ماڵەکاندا ناشتبوو! کەچی قاسملوو و بەرپرسانی دیکەی حیزبیی خەریکی مەلە و رابواردن بوون.یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی قاسملوو ئەوە بوو کە هیچکات خۆی لە بەرەی شەڕ نزیک نەدەکردوە، نەکا فیشەکی بەرکەوێ.وەکی دیکەش بۆی نەبوو، کە کەسی یەکەمی حیزبێک یان بەرپرسانی ئەوحیزبە بچنە بەرەی پێشەوەی شەڕ مەگەرناخواستە و بە ناچاری تێبکەون.قاسملوو کەسێکی خوێندەوار بوو، بەڵام ئەوەندەش بە غیرەت نەبوو، کە باسی لێوە دەکەن.

بۆچی ئەو پێشمەرگەیە شەپەڵاغەی لە قاسملوودا؟

هۆنینەوەی ئەفسانە و درۆ و دەلەسەی حیزبیی وەک خۆر وەهایە و کۆمەڵگای تەنیوە.نەهامەتیی ئەو کارە ناشیرنەش داوێنی کۆمەڵگای نالەبار کردوە.زۆر جار زانای ناوکۆمەڵگاش باوەڕ بەو درۆیانە دەکا تا کەسی تایبەت بەرەو ئاسمان راکێشێ.ناوی ئەو کارەش دەنێ خۆشەویستیی بەرانبەر بەو سەرکردەیەی کە ئەو خۆشی دەوێ.
ئەوانەی کە لە سەر رەخنە گرتن لە قاسملوو تڕۆرکراون یان لە حیزب دەکراون یا ناوناتۆڕەیان لەسەردانراوە تاهەڕەشەیان لێکراوە کەم نین.هەرگیز جاڕێک قاسملوو نەیگووتووە با جودا بیرەکانمان نەکوژین، یا دەریان نەکەین.حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شکاندنی کەسانی رەخنەگەری خۆیان پلەی یەکەمی بەردەکەوێ.
لە سەر رووپەڕی، (ورمێ کوردستانە)، کەسێک بە ناوی هوشێار ئەحمەدی بە شانازیەوە ئەو بابەتەی دانابوو، منیش وەک خۆی لێرەدا دەیگوازمە بۆ خوێنەری بەرێز تا بۆ خۆی بڕیار بدا، ئەو قسانە چەندی بە چەندە؟

هوشیار ئەحمەدی دەڵی:

ئێژن کاتی خۆی شەڕێکی قورس و نابەرابەرلە نێوان پێشمەرگە و سپای دڕندەی ئێڕانا هەبووە.پەیتا پەیتا هەواڵ و ڕاپۆڕتی شەهید بونی کادر و پێشمەرگە و فەرماندەران دەگات، د.قاسملووش وێڕای کۆمەڵێ پێشمەرگە و ئیسکۆڕتەکانی لە ناوچەی هەوشار ئەبن.
د.قاسملوو بڕیار ئەدا بەرەو شەڕگەکە بڕوات.یەکێ لە ئیسکۆڕتەکان دووسێ جار تکا و لاڵە هەوڵ ئەدا پێشی پێ بگرێ.بەڵام قاسملوو سوورە لە سەر ڕۆیشتن.پێشمەرگەیەک تووڕە و دەستەوەستان ئەمێنێتەوە وهەتا هێزی تێیا ئەبێ شەپەڵاغەیەک (زللەیەک ) ئەرسێنێتە بنا ملی دکتوری رێبەر! ئیسکۆڕت و پێشمەرگەکانی تر تووڕە ئەبن وچەک لە سەر پێشمەرگە تووڕەکە رائەگرن.
قاسملووش کە سارد ئەبێتەوە و لە دڵسۆزیی و خەمخۆریی پێشمەرگەکە تێدەگات، دۆخەکە ئارام ئەکاتەوە ولە بڕیاری رۆیشتن بۆ بەرەی شەڕ پاشگەز ئەبێتەوە.پێشمەرگەکەش بە گریانەوە دەست ئەکاتە ملی قاسملوو و پێی ئێژێ، کاک دوکتور ئەگەر ئێمە هەموومان شەهید بین وتۆ بمێنی، هیوامان هەیە کە هەقمان بستێنی.ئەگەرتۆ شەهید ببی، ئێمە ناتوانین هەقت بستێنین وجێگات پڕ بکەیەنەوە!

کۆتاوەلام:

نەتەوەیەک بە تەمای تاکە کەسێک بژی کە مافی بۆ وەردەگرێ، ئەگەر ئەو کەسە نەما، ئەو نەتەوەیەش بەرەو کوژانەوە هەنگاودەنێ، درەنگ دەگاتە هیواکانی.من نازانم بەرێزهوشیار ئەحمەدی چۆنی لە رووهەڵاتووە ئەو درۆ و دەلەسانەی کە بۆ قاسملوو تەنراون، لەسەر فەیسبوک بڵاوی بکاتەوە تا ڕای گشتی لێی ئاگادار کاتەوە؟ ئەرێ ئەوانەن مێژووی پڕ لە کارەساتی نەتەوەیەکی دابەشکراو؟ کەسانێک هەبون لە سەر رەخنە گرتن لە قاسملوو دەستوری گرتن وکوشتن و تیرۆڕیان بۆ دەرچووە! جا چ دەگا بەوکەسەی کە شەپەڵاغەی لێدابێ!
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم، هەزار ئەوەندە بیرەوەریم هەبێ لە حیزب و سەرکردەی حیزبیی، هیچکات لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوی ناکەمەوە، چون ئەو جۆرە بابەتانە جگە لەوەی مێشکی گەنجی کوردی پێ دەخەسێنێ هیچ قازانجێکی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە