خەلکی کوردستان تەمبەلن

Wednesday, 01/11/2023, 23:54

1003 بینراوە


لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت ئەم میللەتە بەهۆی تەمەڵی و خەوخۆشییەکەوەیەتی وا ناچێتە سەر شەقام ، ئەوەتا دوای ئەوەی سێ مانگ موچەیان لێ بڕی ، جا لە دەڤەری سەوزدا خۆی کوشت ، سەعات و نیوێک هاتە سەرشەقام !! .. من دڵنیام ئەم میللەتە شفتە بووایه قبوڵی نەدەکرد ئەمدیواودیوی بکەی ، لایەکی ئەسووتا و لایەکی کاڵ ئەبوو ..وەک چۆن دەڤەرێکی زەرد و پاییزە و ..دەڤەرەکەی تری کەسک و بەهارە ، ئاخر توخوا شتی وا ئەبێ ؟ بەڵێ ئەبێ ..
مناڵی تەمەڵتان دیوە بەیانیان سەد بەهانە دێنێتەوە بۆ ئەوەی نەچێ بۆ قوتابخانە ، بەخوا بابە سەرم ئێشێ ، لووتم گیراوە ، نەخۆشم ، شەو تا بەیانی خوم لێ نەکەوتووە ، سکم ئێشێ ...با پێنج دەقەی تر بنووم ، ئەم میللەتە تەمەڵەیش بە هەمان شێوەیە ، سەیر ئەکەیت شەڕی غەزە و ئیسڕائیلە ، ئەڵێ : خەتای غەزەیە ، ئەو دەستپێشخەریی کردووە .. یان ئەڵێ کە ئەنفال و کیمیاباران کراین ، جەماعەتی غەزه چییان بۆ کردین ؟ ..ئەی مولازم موحسین فەڵەستینیی نەبوو ؟!! 
لە کاتێکدا ئەمانە خۆیشیان  لە کاتی کیمیایی و ئەنفالەکەدا خەریکی کەیف و سەفای خۆیان بوون ، تەنانەت لە شاری سلێمانیدا خانوویان نەدەدا بە کرێ بە هەڵەبجەیی و گەرمیانییەکان پێیان ئەووتن قەدەغە و سەربەگۆبەندن ..! .. ئینجا باسی مولازم موحسین ئەکا ، کەچی باسی جاش و تەواری و مستەشارە کوردەکان ناکا کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان کرد لە سەرخستنی ئەنفالدا ، بەو حیسابەی ئەوان بێ مادام فەوجێ خائینمان هەیە ، ئیتر کورد هەمووی خائینە و ئەبێ وەک غەزە جینۆساید بکرێ ..
باشە کاکە ، وا خەڵکی غەزە دوژمنی باوک و باپیرمانن ، ئەی بۆچی خۆپیشاندانێ ناکەن بۆ پشتگیریی جولەکەکان کە سەدەهایان لێ کوژراوە و لێ گیراوە و بێ سەر و شوێن کراوە ؟ 
لێرەدا ئیتر نازانن چی بڵێن ، بە پرخەیەک وەڵامت دەدەنەوە ..
ڕەنگە بڵێم تاکە قسەی نێچیرڤان بارزانیی کە بە دڵم بێ ، ئەوە بوو کە کاتێ نۆرە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بوو ،  ووتی : ( خەلکی کوردوستان تەمبەلن ) وابزانم بە زمانی فارسیش بیووتایە هەر دەرئەچوو ..بە ڕاستی وەسفێکی جوانی بۆ کرد ..
جاران کە مناڵ بووین و تەمبەڵیی ئەیگرتین و لێی ئەخەوتین ، بانگیان ئەکردین هەستە برنج و گۆشتە ، وەڵاممان نەدەدایەوە ..بە حیساب خەوتووین و ئاگامان لێ نییە ، کە عەسریش لە برساندا لە خەو ڕائەپەڕین ، ناچاری شلەی سارد و سڕ و بنکڕی بنی مەنجەڵەکە ئەبووینەوە و وەک هار ئەمانخوارد ..
ئێ میللەتیش ئەگەر لە پرخەی خەودا نییە ، کە یەک ڕۆژ موچە دوا دەکەوێ  ، قورتمی ئەو دەسەڵاتە ئەگرم و پڕۆژە حیزبی و باڵەخانەکانی ڕادەگرم .. نەک دوای سێ مانگ بێ موچەیی ، ئینجا سەعات و نیوێک جادەیەک بگرن و دوای ئەوە بۆ ناو پێخەفەکانیان بگەڕێنەوە  .. ئەمە مەدالیای خۆپیشاندانە نەک خۆپیشاندان خۆی  ..بڕواتان بێ دەسەڵاتداران ئەوەندە پێکەنینیان بەم خۆپیشاندانانە دێت ئەگەر بەلایانەوە عەیب نەبووایە ، ئەیانووت دانەیەکی تریش بکەن پێخەفەکانتان عایدی ئێمەیە ..

ــوێنەکە ناوەڕاستی لەندەنە ، ئەمڕۆ  ، ئینگلیزەکان خۆپیشاندان ئەکەن لە دژی کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەزه بە چەکی کۆکوژی جولەکە و ئەمریکا ــ 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە