١٧ی شوبات ئەو ڕۆژەی هەرگیز لە بیرناکرێت

Saturday, 17/02/2024, 11:02

1334 بینراوە


ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ١٧ی شوبات، یادی خۆپیشاندانەکەنی هەرێمی کوردستانە، دوای ١٢ ساڵ تێپەڕبوون، بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هێشتا خواستەکانی خەڵک وەک خۆی ماون و هێشتا برینەکانی ئەوکات کە بە ڕژانی خوێنی ڕێژوانی تەمەن ١٥ ساڵ لەبەردەم لقی ٤ی پارتی دەستیپێکرد، لە بیرناکرێت بە خۆپیشاندانی مامۆستایان و دواکەوتنی مووچە بایکۆدکردنی خوێندن تاکوو ئێستا بەردەوامە .
١٢ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوت لەگەڵ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، کە هاوکات بوو لەگەڵ بەهاری عەرەبی، خەڵکی سنوری شاری سلێمانی، بۆ داواکردنی خزمەتگوزارییەکان و فەراهەمکردنی ئازادیی و ژیانێکی باشتر لە بەردەرکی سەرا خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان کرد، کە دواتر لە شار و شارۆچکەکانی دیکە درێژەی پێدرا و ماوەی زیاتر لە ٦٥ ڕۆژ بەردەوام بوو، چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە.
خۆپیشاندانەکە لەکاتێکدا گرژی تێکەوت کاتێک خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی لە ئێوارەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، بەرەو شەقامی سالم بەڕێکەوتن و لەکاتی تێپەڕبوونیان بە بەردەم بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، پاسەوانانی بارەگاکەی پارتی بە چەکەوە لە سەربانی بارەگاکەیانەوە، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە گەنجێكی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی ڕێژوان عەلی شەهید بوو، چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، کە هێشتا برینی جەستەیی بەشێکیان هاوشێوەی خواستەکانیان ساڕێژ نەبووە.
لە ڕۆژانی دوای ١٧ی شوباتدا، خۆپیشاندانەکان زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی کوردستانە گرتەوە، کە لە ماوەی زیاتر لە ٦٥ ڕۆژی  بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکاندا لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، كەلار و چەمچەماڵ، ١٠ گەنج بە گوللـەی چەکداران و پاسەوانانی بارەگا حزبییەکان شەهیدبوون و دەیان کەسی دیکەش لە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و دوای زیاتر لە دوو مانگیش خۆپیشاندانەکان بەبەکارهێنانی هێز لەو ناوچانە کۆتاییان پیهێنرا، ئەوە جگە لەوەی دەسەڵاتدارانی پارتی بە زەبری هێز ڕێگەیان نەدا لە هەولێر و دهۆک خەڵک ناڕەزایی دەرببڕن و تائێستاش بەشێکی زۆر لە تەقەکەرەکان و بەرپرسەکانیان سزا نەدراون و بگرە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە ، 
دوای توندوتیژییەکی زۆر خۆپیشاندان و ناڕەزایی کۆتایی پێهێندرا ، بەڵام دواتر خەڵک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەردەوام بوون ، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی ٢٠٢٠  جارێکی دیکە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگاتەوە لوتکە ‌و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و خەڵک و بەتایبەت گەنجان بۆ هەمان داواکارییەکانی پێشوویان و پێدانی مووچە ڕژانەوە سەر شەقامەکان و لە ماوەی سێ ڕۆژی خۆپیشنداندا لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هەشت گەنجی دیکە، بە گوللـەی پاسەوانانی بارەگا حزبییەکان و هێزە ئەمنییەکان شەهید کران، ئەوە جگە لەوەی زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریش بریندارکران.
هەر لەو سەر و بەندەشدا لە سنوری بادینان و هەولێر، پارتی دژی دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان ڕەشبگیریی دەستپێکرد و زیاتر لە ٧٠ کەسی ئازادیخواز، چالاکوان، مامۆستا، ڕۆژنامەنوسی دەستگیر کرد، کە لە سالی پاردا  ٢٠٢٣ دادگایی هەولێردا شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس و چوار کەسی دیکە لە لایەن دادوەرێکەوە سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
سزادانی ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە بە زیندانیکردنی شەش ساڵ . بە وتەی چالاکوانان و چاودێران دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دوای ١٢ ساڵ تێپەڕبوون ، بەسەر ڕووداوەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوایی هێشتا خواستەکانی خەڵک وەک خۆیی ماون هێشتا برینەکانی ئەوکات کە بە ڕژانی خوێنی ڕێژوان و گەرمیان و بیلال لە سڵێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ دەستی پێکرد تاکوو ئێستاش خوێنی لێدەتکێت و بە مووچە نەدان و گوێنەدان بە ناڕەزایی مامۆستایان و بێباکی لە ئاست خراپی گوزەرانی هاونیشتیمانان خوێنی لێدەتکێت …
ئێمەش لە یادی حەفدەی شوباتدا لە سەرجەم شارەکانی بەریتانیا ئەو یادە بەرزڕادەگرین ، خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامی پێدەدەین ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە