زمانی دایک و ڕۆژێک

Saturday, 24/02/2024, 8:12

482 بینراوە


نووسین و توێژینەوە

کلیلە وشە: زمانی دایک،زمانی ئۆردوو،زمانی بەنگالی،زمانی کوردی،هەژار موکریانی،خانای قوبادی
دەستپێک: زمان بە پێناس و ناسنامەی هەموو نەتەوەیەک دادەنرێت. زمانی دایک،بە زمانی یەکەمی منداڵ دەگوترێت و یەکەم زمانیش دێتە ئەژمار کە منداڵ فێری دەبێت و دەکاری دێنێت و ئەویش بریتییە لە بەشێکی سەرەکی ناسنامەی کەسەکی، جڤاکیی و چاندیی زارۆک. لە ڕاستیدا زمانی دایک،بەو زمانە دەگوترێت مرۆ بۆ یەکەمجار فێری دەبێت،توانای بەسەردا دەشکێت،باشتر دەتوانێت پێی بئاخفێت ،بەکاری بێنێت،خۆی پێ بناسێت و خەونی پێ ببینێت.
زمانی کوردییش،بە یەک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سەرگۆی زەوی داەنرێت کە خودانی چوار دیالێکتی دێرین و زەنگینە کە هەر کامە لەم زاراوانەیش،دەیان بنزاریان لێ دەکەوێتەوە.
مێژووی خەبات لە پێناو پاراستنی زمانی دایکدا مخابن بەخوێن دەنووسرێتەوە و ئەم دیرۆکەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952 و خۆپیشاندانی بەنگالەکانی بن حوکمی ڕژێم و دەستەڵاتی ئەو کاتی پاکستان کە دەیەویست زمانی ئۆردوو بەزۆرەملێ بەسەریاندا بسەپێنێت.
ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت سەرەتا ئاوڕێک لە خودی پێناسەی زمانی دایک و پاشانیش گرینگیی و بایەخی زمانی دایک بداتەوە و ئەو ڕاستییەیش بخاتە بەردەم خوێنەر کە تا چەندە گرینگە مرۆ بۆ پاراستنی کولتوور و چاندەکەی خۆ،پارێزەری زمانەکەی بێت.
مێژوویەک بۆ زمانی دایک: 
نیوچە دووڕگەی هیندستان کە سەردەمی خۆی لە بن ڕکێف و حوکمی بەریتانیدا بووە،لە ساڵانی 1948-1947دا گۆڕانێکی قووڵ بەخۆوە دەبینێت و چوار وڵات دەبنە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆ. یەک لەم وڵاتانە پاکستان دەبێت کە لە بەشی ڕۆژاوای، خەڵکەکەی بە ئۆردوو و بەشی ڕۆژهەڵاتی بە زمانی بەنگلایی یان بەنگالی قسە دەکەن. ڕۆژی 21ی فێبریوەری ساڵی 1952 شۆڕشێک لەو پارەی بن حوکمی پاکستان لە لایەن بەنگالییەکانەوە دەست پێ دەکات کە ئەرچی خوێن دەڕژێت بەڵام لە ئەنجامدا دەستەڵات و ڕژێمی پاکستان پێملی زمانی بەنگالییەکان دەبێت و بە فەرمی ددان بە زمانیاندا دەنێت.
دیاکۆ هاشمی(1965)،نووسەر و زمانناس لە وتارێکدا سەبارەت بە زمانی دایک دەنووسێت: "هەموو یاسا نێونەتەوەیییە جیهانییەکان پاڵپشتی لە مافی زمانیی نەتەوەکان دەکەن. باشترین میناک لەو پێوەندییەدا "جاڕنامەی جیهانیی مافی زمان"ە کە "حەسەن قازی"(1946)لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. بۆ نموونە لە ماددەی 26دا دەڵێ: "هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێان دەوەشێتەوە پەروەردەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بدا بە ئەندامەکانیان بەتەواوی زمانی خۆیان فێر بن و لێی ڕابێن".
(دیاکۆ هاشمی،زمانی دایک)
لە وڵاتانی زێتر تاکڕەوی جیهانی سێیەمدا کە باوەڕیان بە یەک زمان،یەک نەتەوە و یەک ئاڵا هەیە،لەمێژە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت و دەرفەتی ئەوە بە کەمەنەتەوەکانی نێو ئەو وڵاتانە نادرێت لە پەنا زمانی فەرمیدا،زمانی نەتەوەکانی دیکەیش بخوێندرێت و پێی بنووسرێت. هەر ئەم سیاسەتە چەوتە،دەنگی نەتەوە بندەستەکانی کە خودان زمانی سەربەخۆن،بڵند کردووەتەوە و ئەم نەتەوانەیش لە پێناو پاراستنی زمانەکەی خۆدا تا هەنووکە خەباتێکی دوور و درێژیان کردووە و هێشتایش ئەم خەباتە هەر درێژەی هەیە و بە سەد داخەوە هێشتاکە گەلێک وڵات و ڕژێم هەیە کە دەرفەتی خوێندن و نووسین بە زمانەکانی دی نێو چوارچێوە دەستکردە جوگرافیاییەکەی خۆی نادات. 
کوردیش، یەک لەو نەتەوە دێرینانەی مێژووی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار کە پاش دابەشکران لە نێوان چوار ڕژێمدا هەر لەو سەردەمەوە تا هەنووکە بۆ پاراستنی زمانەکەی خۆی خەبات دەکات و لەم پێناوەیشدا قوربانییەکی زۆری داوە لێ هەرگیز دەستبەرداری زمانەکەی نەبووە و هەنووکەیش لەسەر داوا ڕەواکەی مکوڕە.
شاعیر و وەرگێڕی ناودیاری کورد"ناسر حیسامی"(1959) خاوەن شیعرێکی گەلێک ناسک و پاراو لەم پێوەندییەدایە کە قسەی نێو ناخی گشت تاکێکی کورد دەکات:
مەلان کاتێک لە باغان پۆل دەبەستن
درەخت کاتێک لەبەر باران دەوەستن
کە نەیزاری قەراخ گۆلاو لەبەر (با)
وەکوو شمشاڵژەنێک،شمشاڵ بەدەستن
مرۆڤی سەرزەوی کاتێک کە شادن،
کە غەمبارن،کە هوشیارن،کە مەستن
کە گیانداران لەبەر ئازار دەناڵن
دەنا کاتێک ئەویندار و بەهەستن
هەمووی بە زمانی خۆ دەدوێ و دەخوێنێ
ئەدی بۆچی زمانی من دەبەستن؟
(زمانی دایک،ناسر حیسامی)
2ی ڕەشەممە(21ی فێبریوەری)ساڵی 1999 لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە بۆ داکۆکی و پشتیوانی لە زمانی کەمەنەتەوەکان و پاراستن و پێشگرتن بە فەوتانی زمانیان،بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر کراوە.
بەڵام ئەم ڕۆژە( 2ی ڕەشەممە)،لە نێو ڕووپەلی ڕۆژژمێری نەتەوەی مەدا،ڕۆژی کۆچی دواییی کەسایەتییەکی نەتەوەپەروەریشە کە هەموو تەمەن و ژیانی خۆی بە زمان و چاندی میللەتەکەی بەخشی.
هەژار موکریانی(1991-1921)،یەکێکە لە کۆڵەکە و ئەستووندەکە سەرەکییەکانی پارێزەری چاند و زمانی کوردی کە لە ڕێی شیعر،وەرگێڕان و نووسینەوە،زێترین ڕاژە و خزمەتی زمانەکەی کردووە. هەژار بە یەک لە خەمخۆرە هەرەقەتییەکانی ئەم زمانەیش دادەنرێت،تا بەوێندەرێ دەڵێ:
بە کوردی دەژیم،بە کوردی دەمرم
بە کوردی دیدەم،وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەو
(بۆ کوردستان،هەر کوردم،ل21)
لەسەر مێژووی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، گەلێک پەڕتووک نووسراوە و بە سەدان وتاری زانستییش بڵاو بووەتەوە.بۆیە  بە پێویست نازانم پتر لەسەر ئەم پرسە بڕۆم.
ئەوەی بە لای منەوە گرینگە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت،سیاسەت و پلانی فەرهەنگییە کە زمان بە کۆڵەکە سەرەکییەکەی لەقەڵەم دەدرێت و گەرەک کورد لە ڕێی سیاسەتێکی ڕوونی فەرهەنگییەوە،هەر لە ژێرخانەوە دەست پێ بکات و پەروەردەی بنەڕەتی بەهەند وەربگرێت. ئەگینا دواتر ئاڵۆزستانێک چێ دەبێت و هەر یەکە و لە سووچێکەوە(بە ناوی زمانی دایک)،بە تەورەکەی دەستی،پەل و پۆی دارەکەی دەبڕێتەوە.کەس دژ بە فرەزاراوەیی و ئاوڕدانەوەی هەرەقەتی لە دیالێکتە هەرە دەوڵەمەندەکانی زمانی کوردی نییە و بگرە لەسەر هەمووانیشە بەهەندیان وەربگرین.
ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە هەر لە تەنیشت خۆمانەوە بە دەیان و بگرە سەدان زانستوەری کوردمان پێ شک دێت کە هەرگیز زمانی نەتەوەکەی خۆ،ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبووەتە خەم و پەرۆشیان. تەنانەت زۆر جار لە کۆڕ و کۆنفرانسەکانیشدا سووکێ بە لای زمانەکەی خۆدا تێدەپەڕن کە گوایە،زانستیی نییە. نابێژن بۆ خۆ هەرگیز توانای نووسینی وتارێکی زانستییمان بە زمانی خۆ نییە.
پڕ ڕوونە شێوە هزرینی بەشێک لە مرۆی زانستوەری کورد لە بن کارتێکەری زمانی سەردەستدایە و تا ئێستا نەیتوانیوە خۆ لە بن هەژموونی ئەو زمانە دەرباز بکات. چونکە هێشتاکە لەژێر سێبەری ترسناک و بۆری پەروەردە بە زمان و ئەقڵییەتی زاڵ و سەردەستدایە و بۆ خۆیشی باوەڕی بە خۆی و ناسنامەکەی نییە.
بەڵام با بزانین زمانی دایک چلۆن پێناسە دەکرێت و بۆچ گرینگە بەم زمانە بخوێنینەوە و بنووسین؟
وشەی دایک،لە باری زمانییەوە مەبەست هەمان سەرەکییە؛بۆیە زمانی دایک، هەمان زمانی باوباپیرانی مرۆیە. بە واتایەکی دی،زمانی دایک،بەو زمانە دەگوترێت کە مرۆ یەکەمجار فێری دەبێت،توانای بەسەردا دەشکێت،باشتر دەتوانێت قسەی پێ بکات،بەکاری بێنێت،خۆی بناسێت و خەونی پێ ببینێت.
بە زمانێکی دی،زمانی دایک،زمانی یەکەمی منداڵە و یەکەم زمانە کە زاڕۆڵە فێری دەبێت و دەکاری دێنێت و ئەویش بریتییە لە بەشێکی سەرەکی ناسنامەی کەسەکی، کۆمەڵایەتی و چاندیی زارۆک.
ئەی بۆچ زمانی دایک گرینگە؟
چونکە،زمانی دایک،شوناسی نەتەوەیە.هۆکارە بۆ ڕەنگدانەوە و وەرگرتنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەی. لە ڕێی زمانی دایکەوە،منداڵ دەتوانێت باشتر خۆی بناسێت و هەست بە ناسنامەی بکات و باشتر دەتوانێت تواناکانی دەربخات. هۆکارە بۆ فێربوونی زمانی دووەم و هەروەها کرانەوەی بە ڕووی ناسینی زمانی نەتەوەی تردا. دەنگی دایک و سۆزی،وا لە منداڵ دەکات لە بیرکردنەوە و فێربووندا کاراتر و چالاکتر بێت.
بۆ گەشەکردن،منداڵ پێویستی بە سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوک هەیە و ئەمەیش لە ڕێی زمانەوە دەگوێزرێتەوە.
پڕۆفیسۆر "کاتلین هۆگ"،زمانناس دەڵێ:  "لە ڕێی زمانی دایکەوە دەتوانیت باشتر  هەست و نەستت دەرببڕیت".
دوکتۆر "موحەڕەم ئاقازادە"(1347ی هەتاوی،1968)توێژەر و ڕاوێژکاری پێشووی بەشی فێرکاری لە بەرنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان،دەڵێ: "ئەوەی زمانی یەکەمی،زمانی  خوێندنگە نییە،لە قوتابخانەدا تووشی نائەمنیی و ناهێوریی لە باری سۆزداریی و عاتیفییەوە دەبێت".
"ئیسمایل بێشکچی"(1937)،کۆمەڵناسی تورک و گەورە داکۆکیکاری مافی کوردان،دەڵێ:"ئەگەر بتەوێت نەتەوەیەک سەرشۆڕ و کۆیلە و بێناسنامە بێت،پێویستە ئەلفبێی ئەو نەتەوەیە لەناو ببرێت و،ڕێگا نەدرێت بە زمانی دایکیی خۆی بدوێت".
شاعیری گەلپەروەری کورد،عەبدوڵڵا پەشێو(1946)یش دەبێژێت:"زمان،شەرەفمانە،نامووسمانە،غیرەتمانە،هەموو شتێکمانە".
ئەنجام:
زمان بە پێناس و ناسنامەی هەموو نەتەوەیەک دادەنرێت. مێژووی خەبات لە پێناو پاراستنی زمانی دایکدا مخابن بەخوێن دەنووسرێتەوە و ئەم دیرۆکەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952 و خۆپیشاندانی بەنگالەکانی بن حوکمی ڕژێم و دەستەڵاتی ئەو کاتی پاکستان کە دەیەویست زمانی ئۆردوو بەزۆرەملێ بەسەریاندا بسەپێنێت. بەڵام سەرەنجام ڕژێمی ئەو کاتی پاکستان ددان بە زمانی بەنگالیدا دەنێت و ئەم زمانە مافی خۆی وەردەگرێت. ڕێکخراوی نەتەوەکانیش بۆ داکۆکی و پشتیوانی لە زمانی کەمەنەتەوەکان و پاراستن و پێشگرتن بە فەوتانی زمانیان،ڕۆژی 21ی فێبریوەری ساڵی 1999 بە  ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر دەکات. زمانی کوردییش،بە یەک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سەرگۆی زەوی داەنرێت کە خودانی چوار دیالێکتی دێرین و زەنگینە کە هەر کامە لەم زاراوانەیش،دەیان بنزاریان لێ دەکەوێتەوە.  جگە لە پارێکی کوردستان(باشوور)ئەم زمانە هەرگیز بە فەرمی ددانی پێدا نەنراوە و دەرفەتی خوێندن و نووسین بەم زمانە نەدراوە کەچی سەرباری هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم، توانیویەتی خۆی بپارێزێت. 
فرەزاراوەیی لە نێو زمانی کوردیدا ڕاستە زۆر جار سەرئێشە دروست دەکات بەڵام  سەرێشەیەکی شیرینە و گەر بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە و بە بیرێکی نەتەوەییەوە سەیر بکرێت،دەتوانێت فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکگرتوویی نەتەوەییش بێت. لێرەوە ئەرکی ئێمەی کورد لەم سۆنگەوە گەلێک قورستر دەبێت کە پێویستە لە پەنا ناساندنی دیالێکتێک  بۆ زمانی فەرمی،ئەو دەرفەتەیش بە شێوەی یەکسان بخرێتە بەردەم ئاخێوەرانی زاراوەکانی دیکەیش  کە هەر کامە لە چوارچێوە جوگرافیاییەکەی نیشتمانەکەیدا بە دیالێکتەکەی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت تا هەموو پێکەوە ڕاگری خودی کۆڵەکە سەرەکییەکە بن کە ئەویش زمانی کوردییە و هەر لەم ڕێگەیشەوە دەتوانین هەستی نەتەوەیی لە نێو ناخماندا بڵندتر بکەینەوە و هەرگیزیش بەدیدەی هەڕەشە و مەترسی چاو لە هیچ کامە لە دیالێکتەکانی زمانەکەمان نەکەین.
بڵا هەموومان وەک خانای قوبادی(1778-1704) چاو لە زمانەکەمان بکەین:
 ڕاستەن مواچان فارسی شەکەرەن
کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن
پەی چێش؟ نە دەوران ئەی دنیای بەدکێش
مەحزووزەن هەر کەس بە زوبان وێش
(خوسرەو و شیرین،ل14)
ژێدەر:
1 -  ڕۆژی نێونەوەیی زمانی دایک،دیاکۆ هاشمی،ماڵپەڕی یاگەی زمانی کوردی
2 - ڕووپەڕی ناسر حیسامی لەسەر تۆڕی فەیسبووک
3 – بۆ کوردستان،دیوانی هەژار،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس،چاپی چوارەم،هەولێر،2001
4 - ڕۆژنامه‌ی شه‌رق و ماڵپه‌ڕی ئه‌سغه‌ر زارع که‌هنموویی asgharzareh.ir  ،شه‌ممه‌ 3ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 1392ی هه‌تاوی
5 - ڕۆژنامه‌ی "شه‌رق"،ژماره‌ 1471 ،ڕۆژی 3/12/1390،لاپه‌ڕه‌ی 19
6 - گۆڤاری بەیان،ژمارە 17،جۆلای 2021،بۆچ دەبێت بە کوردی بخوێنینەوە و بنووسین،هۆمەر نۆریاوی
7 – خوسرەو و شیرین،خانای قوبادی،لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاریی کورد،بەغداد،1975
و هەروەها چەندان ڕووپەڕی دیکە لەسەر تۆڕە جڤاکییەکان 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە