قاسپەی دەنگێکی هەورامانی

Thursday, 28/12/2023, 15:52


(کورتە گوزەرێک بە ڕووبەرە هونەرییەکەی مامە بەخشەدا)

یەکەم:هەورامان،مەکۆی ڕەسەنەنترین نەغمە کوردییەکانە؛مێژووی هونەری کورد ئەمەمان پێ دەڵێت. ناخی هەر مرۆیەکی هەورامانی و بگرە خودی باڵندە و شاخ و داخی ئەم دەڤەرە لێوانلێو لە مێلۆدی و ئاوازی هەرە کۆن و ڕەسەنە و هێشتاکە هونەرمەندان(سترانبێژ و ژەنیار)وەک پێویست نەیانتوانیوە ئەم سامانە هەرە زەنگین و دەوڵەمەندە بە ئەرشیڤ بکەن و بیخەنە سەر گەنجینەی هونەری کوردی.
دوویەم:لە خەیاڵدان و یادگەی گشت مرۆڤێکی هەورامانیدا سووچێک دانراوە بۆ گۆرانیبێژێک کە سۆزی ناخەکەی ڕاست لە دەنگی ژەرەژ و کەوی سەربەرزاییەکانی نیشتمان دەچێت. کە دەسترێت ،هەموو هەورامان خۆی دەبێتە مێلۆدی و گۆرانیی کوردیت دە هێندە لە لا شیرینتر و لەبەردڵانتر دەبێت.
ئەم دەنگە خاوەنی ڕابردوویەکی گەشە و لە هەر شار و شارۆچکە و گوند و شاخ و پێدەشتێکی هەوراماندا زایەڵەی بڵند و جێ پەنجەی خزمەتی دیارە.
"جەهانبەخش غەففووری"یان هەمان "مامە بەخشە"ی لای هەورامانییەکان،بە یەک لە دەنگە شاز و ڕەسەنەکانی سترانی هەورامی دادەنرێت و شانبەشانی کەڵە هونەرمەندانی وەک ئۆسمان هەورامی(1935)،شەفیع کەیمنەیی(1942)، حەمەحسێن کەیمنەیی(1933)،جەمیل نەوسوویی(1946)و سەباح هەورامی(1962)،ڕابردوویەکی پرشنگداریان بۆ گۆرانی هەورامی دروست کردووە و ئەمڕۆکە بە سەدان هونەرمەندی دی،درێژەپێدەری ڕێباز و ڕێچکە هونەرییەکەی ئەم گۆرانیبێژانەن.
هونەرمەند بەخشە،بە یەک لە ئەستووندەکە سەرەکییەکانی ئاواز و مێلۆدی ڕەسەنی کوردی دادەنرێت کە لە هەورامانی سەرکەشەوە دەنگی بە هەموو نیشتماندا بڵاو دبێتەوە. هەفتا(70)ساڵ ڕاژە و خزمەت بە گۆرانی هەورامی بۆ خۆی بەڵگەیەکی هەرە ڕوونە بۆ سەلماندنی هەمان ڕاستی. ئۆسمان کەیمنەیی،جەمیل نەوسوویی و فەتحوڵڵا جوانڕۆیی(1952)،لە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی ئەم هونەرمەندە دێنە ئەژمار کە پێکەوە دەیان گۆرانییان تۆمار کردووە.
زۆر جار مرۆ کە گوێی لە گۆرانییەکی بەخشە دەبێت،لە کوێی ئەم گەردوونە بەرینە بیت،ڕاست خودی هەورامانی بیر دەکەوێتەوە چونکە ئاواز و مێلۆدی ئەم بەشەی نیشتمان لە سترانیدا خۆ دەردەخات. ڕاستە ئۆسمان کەیمنەیی بە "پاشای سیاچەمانە" دادەنرێت بەڵام بەخشەیش یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاچەمانەیە.
سێیەم: لەو نێوانەدا ئەوەی بەخشە لە گۆرانیبێژانی دی جیا دەکاتەوە،ڕووی لە وردە بەزم یان هەمان بەزمی چەپڵەیە لە نێو گۆرانیی هەورامیدا کە داهێنەرەکەی خودی ئەم هونەرمەندەیە و مۆرکی خودی خۆی پێوەیە. بۆیە بەخشەی هونەرمەند لە نێو گۆرانی هەورامیدا بە سەرتۆپی بەزمی چەپڵە لە قەڵەم دەدرێت.
چوارەم: بەخشەی هونەرمەند ڕاستە خەڵکی گوندی "شۆشمێ"ی سەر بە شارۆچکەی دڵبزوێنی "نەوسوو"ە بەڵام هەر لە تەمەنی گەنجییەوە ڕوو لە شاری جوانڕۆ دەکات و بەشی زۆری تەمەنی لە قەڵای جوانڕۆدا وەپشت سەر دەنێت. هەر لەم ڕێگەیشەوە پێوەندییەکی پتەو لە نێوان دەڤەری جافایەتی بە ناوەندێتی جوانڕۆ و نەوسوو دروست دەکات و هەر لە ڕێی ئەم هونەرمەندەوە بە سەدان لاوی گۆرانیبێژی ئەم ناوەی نیشتمان،شوێن ڕێچکەکەی دەکەون و بە هەورامی دەسترن.
بەخشە بەدرێژایی تەمەنی، 50 گۆرانی بە گوڵجاڕی سترانی کوردی دەبەخشێت. کرمان کرمانە،ئەی کەڵی ملبەرز ،نەهیەی خاڵماوی،عەجەب فەڕ بەخشەن،گوڵە وەحاجی مریەم و ئاوەدان جوانڕۆ ،لە سترانە دیارەکانی مام بەخشە دێنە ئەژمار کە بۆ هەمیشە لە یادگەی مرۆی ئەم دەڤەرەدا دەمێننەوە.
پێنجەم:هونەرمەند مامە بەخشە، یەکەم کەسیش دەبێت کە ئامێری دەف دێنێتە نێو گۆرانیی هەورامی و سۆزی نێو ئامێری دەف لە نێو تەکیە و خانەقا و مزگەوتەوە بۆ دنیای گۆرانی کوردی دەگوێزێتەوە و هەر لەم ڕێگەیشەوە دەنگی گۆرانی و ئامێر ئاوێتەی یەکدی دەبن. ئیدی لێرە بەدواوە سترانی هەورامی پێ دەنێتە نێو قۆناخێکی دی و زۆر خێراتریش بە هەر هەموو کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە.
جێی ئاماژەپێدانە هونەرمەند جەهانبەخش غەففووری(بەخشە)ساڵی 1936(1316ی هەتاوی)لە گوندی "شۆشمێ"ی نێزیک شارۆچکەی "نەوسوو"ی سەر بە شاری "پاوە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت و سەرەنجامیش ڕۆژی 12ی گەڵاڕێزانی 2723(2023)لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە شاری جوانڕۆدا کۆچی دواییی دەکات و خاکی ئەم ناوەی نیشتمان دەبێتە دوا هەواری.
ژێدەر:
1 - کەڵی ملبەرزوو هەورامانی،ماڵپەڕی فرات((ANF،نۆڤمبەری 2023
2 - خاڵۆی ڕێبواری هونەر و جوانی،عوسمانی نووری(ڕێبین)،گوتاری نوێ
3 - بە احترام مامۆ بەخشە و برای هنرمندان جوان،دکتر محمد یعقوبی،دەنگی نۆریاو
4 - باوەرین ئەو ساز شیوەن سەدایێ،پەیامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بۆ کۆچی تاهەتایی هونەرمەند بەخشە
5 - دەنگێک بە قووڵایی و پانتایی هەورامان،دەنگی نۆریاو

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە