ئەنفال .... جینۆسایدی نەتەوەیەک

Monday, 15/04/2024, 10:16

758 بینراوە


ئێواره‌یه‌کی ساردی پایزی 2012‌، یه‌کێک له‌ که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فیزیۆنی سوید بووه‌ میوانی دێی گۆپته‌په‌. چاوی کامێره‌که‌ بۆ مناڵه‌کانی گۆپتەپە‌ ده‌گه‌ڕا. دوای‌ ماوه‌یه‌کی که‌م‌ مناڵه‌کان له‌ ده‌وری کامێره‌که‌ کۆبوونه‌وه‌‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س پرسیار له‌ مناڵه‌کان بکات، که‌وتنه‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌ نه‌بیستراوه‌کان. وێنه‌ی به‌سه‌رهاته‌ کوژراوه‌کانیان به‌ چیلکه‌کانی ده‌ستیان له‌سه‌ر زه‌وییه‌ قوڕینه‌که‌ ده‌کێشا. به‌سه‌رهاته‌کان هه‌میشه‌ ده‌دوێن...بەسەرهاتەکان هاواردەکەن... له‌گه‌ڵ کوشتن و به‌ زیندەبە‌چاڵکردنی ئه‌و هه‌موو چیرۆک و هۆنراوه‌ و لای لایه‌یه‌دا، له‌گه‌ڵ سوتاندنی ئه‌و هه‌موو ڕه‌ز و باخ و مزگه‌وته‌دا. که‌س پرسیاری بۆردومانکردن و بۆمی کیمیاوی له‌م  مناڵانه‌ی گۆپته‌په‌ نه‌‌کرد، هاوکات خۆیان بۆ چاوی کامێره‌ باسی ئه‌و ڕۆژه‌یان ده‌کرد که‌ فڕۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی سه‌دام دێیه‌که‌یانی به‌ بۆمبی کیمیاوی بۆردومانکرد... به‌سه‌رهاته‌کان هه‌میشه‌ ئامادەییان له‌گه‌ڵ مناڵه‌کاندا هەبوو‌. 
کاتێک دێی گۆپته‌په‌ له‌ لایه‌ن ڕژێمی سه‌دامه‌وه‌ بۆردومانکرا هێشتا ئه‌م منداڵانه‌‌ له‌ دایک نه‌ببوون. به‌ڵکو دایکی ئه‌م منداڵانه‌ ته‌مه‌نیان هه‌ر ده‌ بۆ دوانزده‌ ساڵانێک ده‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌سه‌رهاته‌کان لە ژیانی منداڵانی دێ دا بوو.  به‌سه‌رهاته‌کان له‌ هه‌وادان‌، له‌ چەم و رووبارەکاندا،‌ له‌ یارییه‌کانی منداڵه‌کاندان‌... ‌ به‌سه‌رهاتی کیمیاویباران، به‌سه‌رهاتی دایکوباوکیانە‌، به‌سه‌رهاتی نه‌نکیانه‌، به‌سه‌رهاتی باپیره‌یانه... ئه‌م به‌سه‌رهاتانه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ن. چاوی کامێرە لەسەر مناڵه‌کان بوو کە یارییان دەکرد، له‌ پڕ هەروەک ئەوەی یەکێک پرسیارلە مناڵەکان بکا، باسی ئەو رۆژەیان دەکرد کە گۆپتەپە کرابوو بە دۆزەخ، باسی نه‌نکیان ده‌کرد که‌ له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێک هه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌. 
شیلانی ته‌مه‌ن ده‌ ساڵ وتی:  "تا ئێستاش دایکم چاوه‌ڕوانی خوشکه‌که‌ی و دایکێتی که‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌!
مناڵەکان باسی ئەنفال دەکەن...
ئەنفال وشەیەکی عەرەبییە، لە ناوی سورەتی هەشت لە قورئانەوە وەرگیراوە، بە مانای 'تاڵانی جەنگ' دێت. 
لە مێژووی نوێی نەتەوەی کورددا، وشەی ئەنفال لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٨٧ەوە واتایەکی دیکەی وەرگرت. 
ئەنفال ناوی زنجیرەیەک هێرشی سەربازییە لە لایەن ڕژێمی بەغداوە بۆ بەکۆمەڵکوشتن و لەناوبردنی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا. سەرۆکی ئەوکاتەی ڕژێمی ئێراق، دیکتاتۆر سەدام حسێن، لە ڕۆژی ١٨\٣\١٩٨٧ بۆ نەمانی یەکجارەکی کێشەی کورد، عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی، کرد بە سکرتێری گشتیی حیزبی بەعس لە 'باکوور!' ڕاستەوخۆ هەموو دەسەڵاتی سەربازی و مەدەنی خستە ژێر دەسەڵاتییەوە. 
عەلی حەسەن مەجید لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانیدا لە شاری کەرکووک، لە بارەی کوردەوە دەڵێت: ''ئێمە چیمان لێیان دەست کەوت؟ وتم لەوانەیە چەند پیاوێکی باشیان تێدا بدۆزینەوە. بەڵام هەرگیز نەماندۆزینەوە. دەبێت سەری ئەم سەگانە پان بکەمەوە، دەبێت سەریان پان بکەمەوە. بەخێویان بکەم؟ ها! نا، دەبێت بە بلدۆزەر بیاننێژم''. 
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، میکانیزمی جینۆساید بە دانانی عەلی کیمیایی، لە مانگی مارس،(مارت) ١٩٨٧دا دەستی پێ کرد و تا مانگی ئەپرێل (نیسان) ی ١٩٨٩ بەردەوام بوو. 
لە ساڵی ١٩٨٧دا ڕژێمی بەغدا بڕیاری دا، کە هێزە چەکدارەکان، هەر کەسێک، گیانلەبەرێک، یا هەر ئاژەڵێک لەو ناوچانەدا (هەموو ئەو ناوچانەی وەکو ناوچەی جەنگی دەستنیشان کرابوون) ببینن، بیانکوژن. هاوکاتیش شەو و ڕۆژ ناوچەکان بۆردوومان بکرێن بۆ کوشتنی زۆرترین ژمارەی کورد. 
ئەنفال چی بوو؟
ئەنفال دۆزەخی ڕژێمی بەغدا بوو، لەسەر خاکی کوردستان، ژن و پیاوی کورد، منداڵ و ساوای کورد و کچ و کوڕ و لاوی کوردی، تێیدا دەسوتێنرا، کوردستانی داگیرکراوی تێدا دەسوتێنرا، دۆزەخێک بوو، مەگەر تەنیا جوولەکەکانی ژێر دەسەڵاتی هیتلەر و نازیستەکان لە دۆزەخی وەهادا کۆتایی بە ژیانیان هاتبێت. 
ئەنفال لە سێ هەنگاو پێک هاتبوو: 
هەنگاوی یەکەم: دیاریکردن
هەنگاوی دووەم: کۆکردنەوە
هەنگاوی سێیەم: لەناوبردن 
هەموو رووبەری خاکی کوردستانی باشوور، جگە لەنێو شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و کەرکووک، کرابوون بە هەشت بەشەوە:
ئەنفالی یەک: گوندەکانی یاخسەمەر، سەرگەڵوو، بەرگەڵوو. 
ئەنفالی دوو: ناوچەی قەرەداغ. 
ئەنفالی سێ: ناوچەی گەرمیان 
ئەنفالی چوار: ناوچەی ئاوی دوکان و ناوچەکانی نێوان هەولێر و کەرکووک. 
ئەنفالی پێنج، شەش و حەوت: شەقڵاوە، ڕەواندز، بالیسان، ئاکۆیان، وەرتێ، خەلیفان، ڕانیە و هیران. 
ئەنفالی هەشت: ناوچەی بادینان 
ئەم ناوچانە، هەموویان بە ناوچەی شەڕ(قەدەغەکراو، ناوچەی موحەرەمە) ناو برابوون، هاتوچۆکردن تێیاندا قەدەغە بوو، هەر کەسێک، یان گیانلەبەرێک، لەم ناوچانەدا ببینرایە، دەگیران و دەکوژران. 
لە کاتی ئەنفالدا، هێرشی سەربازی بە هەموو جۆرە چەکێکی قورسەوە بۆ ناوچەکان دەکرا و هاوکاتیش فڕۆکە جەنگییەکان بە چەکی کیمیایی بۆردوومانی دەکرد.
دانیشتوانی گوندەکان ئەوانەی لە هێرشەکاندا نەدەمردن و دەمانەوە، بە لۆریی سەربازی دەیانگوێزانەوە بۆ ئۆردوگای زۆرملێ. دوای تاڵانکردنی ماڵەکانیان خانووەکانیشیان دەرووخاندن و لەگەڵ زەویدا تەختیان دەکردن. 
زۆربەی کات لە نیوەشەودا، ڕژێمی بەعس بە لەشکری گەورە و هەموو جۆرە چەکێکی قورسەوە هێرشیان دەکردە سەر گوندەکان، بۆ نموونە لە هێرش بۆسەر ناوچەی بادینان، دووسەد هەزار سەربازی عێراقی، بە پشتیوانیی فڕۆکە و هەموو جۆرە چەکێکی قورسی دیکە بەشدارییان کرد، فڕۆکەکان بە بەردەوامی ناوچەکانیان بە چەکی کیمیایی بۆردوومان دەکرد.
لە ١٦ ی مارس ی ١٩٨٨ دا ڕژێمی ئێراق شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرد، واتا پێش بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجە و پاش ئەویش ڕژێمی ئێراق، سەربەستانە کوردستانی باشووری بۆ تاقیکردنەوەی هەموو جۆرە چەکێک، کردبووە ئازمایشگە. 
لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١دا چواردە تەن بەڵگەنامە گیران و دران بە ڕێکخراوی (Middle East Watch) لەگەڵ ناوی ٣٥٠ کەس کە لە نێوڕووداوەکانی ئەنفالدا ژیابوون و لەو دۆزەخە ڕزگاریان بووبوو.
 (Middle East Watch) ماوەی دوو ساڵ لەم بەڵگەنامانەی کۆڵییەوە و  چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا (واتا هەر ٣٥٠ کەسەکەی کە ڕزگاریان بووبوو) ئەنجامدا. ئەنجامی ئەم کارانەی لە پەرتووکێکی ٢٧٠ لاپەڕەیدا لەژێر ناونیشانی 'جینۆساید لە ئێراق- کەمپینەکانی ئێراق دژی کورد' بڵاو کردەوە. بەپێی بۆچوونی (Middle East Watch) ئەنفالکردنی خەڵکی کورد، بە هیچ شێوەیەک جیاوازی لەگەڵ بەکۆمەڵکوشتن و جینۆسایدی جوولەکەکان لە لایەن هیتلەرەوە نییە. 
یەکێک لەو کەسانەی کە لە ئەنفالدا ژیا و لەو دۆزەخە ڕزگاری بوو، ناوی تەیموور بوو، خەڵکی گوندی کوڵەجۆی گەرمیانە. تەیموور دەگێڕێتەوە: ''کاتێک کە هەموو دانیشتوانی گوندەکەیان گرت، بردیانین بۆ سەربازگەی قۆرەتوو، لەوێ لەگەڵ دایکم و سێ خوشکم و سەدان ژن و مندالی دیکەدا، لە پیاوان جیا کراینەوە و لە هۆڵێکدا دایاننابووین، لە درزێکی هۆڵەکەوە باوکمم لە دەرەوە بینی، چەندان زیل ئامادە کرابوون، جلیان لەبەری پیاوەکان دادەکەند تەنانەت پێڵاوەکانیشیان، دوو کەس دوو کەس دەستیان دەبەستن، فڕێیان دەدانە زیلەکانەوە و دەیانبردن. ژنەکان لە ژوورەوە دەگریان، لە خۆیان دەدا و دەیانلاواندەوە. دەمانزانی بۆ کوشتنیان دەبەن. ''بەیانییەکی زوو، دە ڕۆژ دوای بردنی باوکی و پیاوەکانی دیکە بۆ مردن، هەموو ژن و منداڵەکان کۆ دەکەنەوە و بە ئۆتۆمبێلێکی سەرگیراو، بەرەو باشووری عێراق و سنووری سعودیە دەبرێن، تەیمور دوای ئەوەی کە چاوبەستەکەی خۆی لادەبا، توانی ئەم دیمەنانە ببینێت. ''کە دایانبەزاندین هەموو لە تینوێتی و برسێتیدا شەکەت بووبووین. کات ئێوارەیەکی درەنگ بوو، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک چاڵێک ئامادە کرابوو. خراینە ناو چاڵەکانەوە. دنیا بێدەنگ بوو. کەسێک دەنگی لێوە نەدەهات. کەسێک نە خۆی ڕاپسکاند و نە قیژەیەکی کرد. ئەو دەنگەی کە هات، دەنگی ئەفسەرەکە بوو، دوا بەدوای ئەویش دەنگی گوولە. لە دوو لای چاڵەکەوە بۆمان دانیشتبوون. گولەیەکم بەر کەوت و هەڵسامەوە و بە هەورازی چاڵەکەدا هەڵگەڕام. سەربازەکە پاڵێکی پێوەنام و گولەیەکی تریشم بەرکەوت. سەربازەکان بڵاو بوونەوە و بلدۆزەرەکانیان کەوتنە ئیش. بە چاڵەکەدا هەڵکشام. کە ئاوڕم دایەوە لاشەی هەموویانم بینی، سارای دایکم، گێلاس و لەیلا و سروەی خوشکم، سێ پوورم، مەعسومە کە هەشت مناڵی هەبوو، کچێکی بچکۆلەم بینی جلێکی کوردیی لەبەردا بوو دەجوڵایەوە، گولەیەک بەر دەستی کەوتبوو، ئەو لەگەڵمدا نەهات و وتی دەترسم، لە سەربازەکان دەترسم، ناتوانم بێم''. 
تەیمور بە برینداری خۆی ڕزگار دەکات و پاشان خێڵێکی عەرەب لە بیاباندا دەیدزۆنەوە و لە لای ئەوان دەمێنێتەوە. تا لە پایزی ساڵی ١٩٩٠دا بە ڕێگەیەکی نهێنیدا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. 
دەنگێکی تر لەو دەنگانەی کە لە دۆزەخی ئەنفال ڕزگاری بوو: 
"زیلەکانیان پڕ کردبوو، جێگەی یەکێکی تری نەدەگرت. چەند سەرباز و ئەفسەرێکیش لە زیلەکەدا بوون، بەرەو نوگرەسەلمان دەیانبردین، لەو ڕێگەیە ڕووبارێکمان هاتە ڕێ ژنێکی گەنج منداڵێکی شیرەخۆرەی لە باوەشدا بوو، منداڵەکە دەگریا. سەربازەکان هاواریان لە دایکەکە کرد کە منداڵەکە ژیربکاتەوە. بەڵام منداڵەکە هەر دەگریا و دایکەکەش هیچی پێ نەبوو تا منداڵەکەی پێ ژیر بکاتەوە، لەپڕ یەکێک لە سەربازەکان دەستی دایە پەلی منداڵە ساواکە و هەر لە زیلەکەوە منداڵەکەی هەڵدایە ناو ڕووبارەکەوە." 
ئەنفال دۆزەخی دەوڵەتی ئێراق بوو لەسەر خاکی کوردستان بۆ گەلی کوردیان دروستکردبوو...مناڵ و ژن و پیر و لاوی کوردیان تیا دەسوتاند...
ئەم دەوڵەتە دروستکراوە، ٣٦ ساڵ دوای تاوانی جینۆساید و ٢١ ساڵ دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆر، داوای لێبووردنی لە گەلی کورد نەکردوە... چ کارەساتێکیشە کە کورد خۆی هیچ داواکارییەکی لەسەر دەوڵەتی ئێراق نیە کە داوای لێبووردن لە نەتەوەی کورد بکا و قەرەبووی خەڵکی کورد و خاکی کوردستان بکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە