‌پێویستی هه‌بوونی ئابوورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌ کوردستاندا

Thursday, 07/09/2023, 22:36

4069 بینراوە


له‌ سه‌رده‌می کۆڵۆنیالیزمدا ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر، که‌ره‌سه‌ی خاوی وڵاته‌ ژێرده‌سته‌کانیان به‌ خاوی ده‌برده‌ وڵاتانی خۆیان و له‌وێ له‌ کارگه‌ی جۆراوجۆردا کاڵاوپێویسته‌کانی بازاڕی خۆیان و وڵاتانی ژێرده‌ستیان به‌رهه‌م ده‌هێنا و پاشان له‌ بازاڕه‌کانی وڵاته‌ ژێرده‌سته‌کانیان دا به‌ خه‌ڵکی وڵا‌ته‌که‌یان ده‌فرۆشته‌وه‌.  به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م وڵاته‌ ژێرده‌ستانه‌ ده‌بوونه‌ بازاڕێک بۆ که‌ره‌سه‌و کاڵای ده‌وڵه‌ته‌‌ کۆڵۆنیالیزمه‌کان. هاوکاتیش‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ژێرده‌ست‌ بواری دروستکردنی کارگه‌و کومپانی لێزه‌وت ده‌کراو کۆمه‌ڵگاکه‌ له‌ دواکه‌وتوویی و نه‌زانیندا ده‌مایه‌وه.  سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزم به‌ یارمه‌تی سامان و که‌ره‌سه‌ی خاوی وڵاتانی ژێرده‌ست درێژه‌ی ده‌کێشا. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ وڵاتانی کۆڵۆنیالزم گه‌شه‌ی ده‌کردو پێشده‌که‌وت.
گه‌ر ئێمه‌ گه‌شتێک به‌ کوردستاندا (به‌ هه‌موو به‌شه‌کانیه‌وه‌) بکه‌ین، دووره ‌ده‌ستی‌ لە نەبوونی کارگه‌و کومپانیای پیشه‌سازی و کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی تەکنیکی، سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردستان به‌ که‌ره‌سه‌ی خاو، به‌ ئاشکرا ده‌بینین.
ئاشکرایه‌ که‌ گه‌شتوگوزار فاکته‌رێکی گرنگه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئابووری وڵات. شاروشارۆچکه‌کانی ڕۆژئاوای تورکیا له‌ که‌ناری ده‌ریای ناوه‌ڕاست،‌ بۆته‌ شوێنی گه‌شتیاره‌ ئه‌وروپیه‌کان. ئه‌م ناوچانه‌ ده‌ستی پێشکه‌وتن و شارستانێتی به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر له‌به‌رچاو گه‌یشتووتێ و هه‌موو ئاسانکارییه‌ک بۆ گه‌شتیاری ئه‌وروپی به‌ وردی بیری لێکراوه‌ته‌وه‌. به‌‌مه‌ش ئه‌م ناوچانه‌ ‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ له‌ ئابووری تورکیادا.  به‌ڵام گه‌ر مرۆڤ له‌م ناوچانه‌وه‌ به‌ره‌و کوردستانی باکوور بڕوات ده‌بینێ که‌  هێندە گرنگی به‌ باکووری کوردستان نه‌دراوه و جیاوازیی نێوان ده‌وڵه‌تێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار به‌دی ده‌کرێت. هاوکاتیش که‌ره‌سه‌ی خاوی کوردستان ده‌برێت بۆ شاره‌کانی تورکیا تا له‌وێ له‌ کارگه‌کاندا کاڵا پێویستیه‌کانی خه‌ڵک به‌رهه‌م بهێنرێت. ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ کوردی شاره‌کانی کوردستان به‌ هۆی نه‌بوونی کارگه ‌ وکومپانیا، بۆ ئیش ده‌ستکه‌وتن ڕوویان کردۆته‌ شاره‌کانی ئه‌سه‌ته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌.
له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش زۆر لە  شاره‌زاو به‌توانا بۆ کارکردن له‌ بواره‌کانی خۆیاندا ده‌بێت ڕووبکه‌نه‌ تاران و شاره‌گه‌وره‌کانی دیکه‌ی ئێران. هیچ کارگه و کومپانیا‌یه‌کی  گه‌وره‌ له‌ کوردستاندا نیه. گه‌ر مرۆڤ گه‌شتێک به‌ کوردستاندا بکات ده‌بینێت که‌ ده‌ستی ئاوه‌دانی و شارستانێتی زۆر دووره‌  لێوه‌ی.
له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 1923 وه‌ تا ڕووخاندنی ڕژێمی فاشیستی به‌غدا هه‌ر هه‌مان دیارده‌ی سه‌رده‌می کۆڵنیالیزم له‌ کوردستانی باشووریش پیاده‌ ده‌کرا. له‌‌ شاری که‌رکوک نه‌وتێکی زۆر ده‌رده‌هێنرا، به‌ڵام نه‌وته‌که بۆ پاکردنه‌وه‌‌ ده‌برایه‌ پاڵاوتگا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری که‌رکوک. که‌ره‌سه‌ی خاوی کوردستان ده‌برا بۆ شاری به‌غدا و شاره‌کانی تری عێراق تا له‌ کارگه‌کاندا کاڵاو پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌رهه‌م بهێنرێت. زه‌وی به‌ پیتی کوردستان مین ڕێژده‌کرا، کیمیاویباران ده‌کرا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان متمانه‌و بڕوای خۆی له‌ سه‌ر به‌رهه‌می خۆماڵی نه‌بێت و پابه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بێت. به‌م شێوه‌یه‌ش شاروشارۆچکه‌کانی کوردستان ماکی شارستانی و  پێشکه‌وتنی لێزه‌وتده‌کراو مرۆڤی کورد هیچ ده‌رفه‌تێکی نه‌بوو که‌ تواناو شاره‌زایی خۆی له‌ کوردستاندا به‌کاربهێنیت.   ‌ 
له‌ دوای  ڕووخاندنی رژێمی فاشیستی به‌غدا‌ و هه‌ڵگرتنی ئابڵووقه‌دانی ئابووری له‌ سه‌ر ئێراق، سنووره‌کانی نێوان کوردستان و جیهانی ده‌ره‌وه‌‌ بۆ هێنانی کاڵاو پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵ کرانه‌‌وه‌. ئه‌مڕۆ‌ ده‌رفه‌تێکی زۆر گرنگ بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌ڵکه‌وتوه‌ بۆ دروستکردنی کارگه‌و کومپانی خۆماڵی.
نه‌وتی کوردستان سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئابووری ژیانی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌روه‌ها‌ کوردستان بێجگه‌ له‌ نه‌وت به‌ جۆره‌ها سه‌رچاوه‌ی سروشتی دیکه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین له‌ بری دروستکردنی کارگه‌ و کۆمپانیای کوردی له‌ کوردستانی ئازاد دا، شاره‌کانی کوردستان بۆته‌ بازارێکی کراوه‌ و سه‌ربه‌ست بۆ کاڵاو که‌لو په‌لی ئێرانی، تورکی. ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی کوردستان بوونه‌ته‌ کڕیارو‌ به‌کارهێنه‌ر، نه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ر. خه‌ڵکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ ده‌بینێت له‌ به‌هێزکردنی ئابووری وڵاتانی تورکیاو ئێراندا، له‌ کاتێکدا ئه‌م وڵاتانه‌ سه‌رمایه‌ی بازرگانانی کوردستان به‌ره‌و وڵاته‌کانی خۆیان ڕاده‌کێشن هاوکاتیش بازاڕی کوردستان ده‌رفه‌تی کاری له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا دروستکردوه.‌ باجه‌که‌شی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌یدات.
بازرگانانی کوردستان ده‌توانن هه‌موو جۆره‌ ته‌کنیکێکی پێشکه‌وتوو له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکاوه، بۆ به‌رهه‌مهێنانی کاڵاوکه‌لوپه‌لی خۆماڵی‌ بهێننه‌ کوردستانه‌وه، ده‌توانرێت له‌ بری جۆره‌ها خۆراکی قوتووی ئێرانی و تورکی، کوردستان خۆی به‌رهه‌می بهێنێت. له‌ بری کڕینی شه‌ربه‌ت و دۆندرمه‌ی ئێرانی بازرگانانی کوردستان خۆیان ده‌توانن باشترین و پێشکه‌وتوترین مه‌کینه‌ی پێویست بهێننه‌ کوردستانه‌وه‌، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی خۆی پێویستیه‌کانی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت. زۆر گرنگه‌ که‌ سه‌رمایه‌دارانی کورد سه‌رمایه‌که‌یان بۆ دروستکردنی کاڵا و به‌رهه‌می خۆماڵی بخه‌نه‌ گه‌ڕ، له‌ بری ئه‌وه‌ی ته‌نیا بیر له‌ قازانجی خێرا بکرێته‌وه‌. ‌ گه‌لی کوردستان پێویسته‌ متمانه‌ی له‌سه‌رخۆی بێت و پابه‌ندی کۆمپانیا هاوسێکان نه‌بێت. ئابوورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد مه‌رجی سه‌ره‌کی پێشکه‌وتنه‌ له‌ کوردستاندا. هاتنی کاڵا له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ ناو کوردستان و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی کوردستان  سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. هێزه‌ ده‌ره‌کیه‌کان و دەوڵەتی ئێراق هه‌رکات بیانه‌وێ ده‌توانن ته‌نگژه‌یه‌کی ئابووری گه‌وره‌ بخه‌نه‌ بازاڕی کوردستانه‌وه‌. 
له‌ نێوان ده‌وڵه‌تانی یه‌کێتی ئه‌وروپادا هه‌موو کاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌ک له‌ بازاڕی ئازاد دا سه‌ربه‌سته‌. کاڵاوکه‌لوپه‌لی هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام به‌بێ جیاوازی به‌ سه‌ربه‌ستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ململانێ له‌ سه‌ر نرخی کاڵاو که‌ل وپه‌ل. دیاره‌ ئه‌م ململانێیه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی نرخ و باشترکردنی کوالتی که‌ل و په‌لی به‌رهه‌مهێنراو له‌ بازاڕدا، کە له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کڕیاره‌. به‌ڵام هه‌موو وڵاتێک ئابووری سەربەخۆی خۆی هه‌یه‌ و جڵه‌وی پلانی ئابووری خۆی به‌ ده‌ست خۆیه‌وه‌یه‌تی.
ئه‌مڕۆ، ته‌نیا کوردستان بۆته‌ بازاڕی وڵاتانی درواسێ و خه‌ڵکی کوردستانیش ته‌نیا کڕیار و به‌کارهێنه‌ره‌، ئه‌م باره‌ تایبه‌تییه‌ش مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌مان لادروستده‌کا‌ به‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی متمانه‌ی له‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی‌ درواسێ‌ بێت. ‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ پرسێکی سیاسیه‌ و ده‌بێت به‌ زووترین کات هه‌وڵبدرێت ئه‌م پابه‌ندی ئابوورییه‌ که‌م بکرێته‌وه‌. کاتێک بازاڕه‌کانی وڵاتانی دراوسێ  بۆ که‌لوپه‌لی به‌رهه‌مێنراوی کوردستان ئازاد بوون،  ئه‌و کاته‌ ده‌کرێ ململانێی ئابووری له‌ نێوان کۆمپانیا و کارگه‌کانی ئه‌م  وڵاتانه‌شدا له‌ بازا‌ڕه‌کانی کوردستاندا دروستبێت.‌ ئه‌و کاته‌ بازاڕ ئازاده‌ له‌ هه‌ر دوو دیوی سنووردا. ئه‌گه‌ر نا، ئابووری کوردستان به‌ پابه‌ندی ده‌مێنێته‌وه‌ و دروستبوو‌نی ته‌نگژه‌یه‌کی ئابووری له‌ کوردستاندا ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی کاته ‌و هیچی تر.
(ئەم وتارەم نزیکەی دەساڵ لەمەوبەر نوسیومە و هەر ئەو کات لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بڵاو بۆووە)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە