پڕۆژەی گونجاو بە راپرسی

Friday, 07/06/2024, 21:14

5051 بینراوە


لە ئەمریکا کاتێ پرۆژەیەکی بیناسازی و تەلارسازی و بازرگانی هەڵتۆقێ،پێشەکی شارەوانی لەو شوێنەی پرۆژەکە بنیات ئەنرێ وەك ئاگاداری وەیان ساینێکی گەورە هەڵئەواسن و تەواوی پرۆژەکە و چۆنێتی و کاتەکەی دەست نیشان ئەکرێ و داوا لەهاوڵاتیان ئەکرێ گەر ڕەخنەیەك وەیان پێشنیارێك هەبێ، ئەوا پێوستە لەماوەی 30 بۆ 90 ڕۆژ پێش دەست پێکردنی پرۆژەکە، پێشکەشی شارەوانی بکرێ. بەمانایەکی تر وەك ڕیفراندۆم و ڕاپرسیەك دائەنرێ.
بۆ نمونە چەندین جار هەوڵدرا کەوا مزگەوتێك لەناوچەیەکی دیاریکراو لەلایەن چەندین ڕێکخراوی ئیسلامیەوە ، لێ لەبەرئەوەی ئەو خەڵکە ڕێگەیان نەدا بە دروست کردنی بۆیە ناچار پرۆژەکە نەکراو و خەڵکەکە لەڕێگای ئەو ڕاپرسیەوە ڕەتیان کردەوە،،ئەمە بۆ هەر پرۆژەیەکی تریش هەر گونجاوە و بەو شێوەیە ڕۆتینیاتی خۆی وەرگرتوە.
وەك ئاشکرایە بەردەوام شارەکان لەگەورەبوونێکی چاوەڕوان نەکراوون، هەر بۆیە گەلێ کێشە و قەیران ڕووبەڕووی شارەوانی و خەڵکەکە بۆتەوە.. زۆرجار پرۆژەیەك چەندین ساڵ پێشکەش بە شارەوانی ئەکرێ و ماوەیەکی زۆر زۆری ئەوێ بۆ ئەوەی بزانن ئەکرێ وەیان ناکرێ. بوونی هەلی کار و چەقبوونی بەشێوەیەکی دیار لەنێو شارەکاندا وای کردوە هەوربڕەکان گەلێ زیاتر و زیاتر ببن کەئەمەش خۆی لەخۆیدا کێشەی هەڵئاوسانی مرۆیی و پەستان لەسەر هێلەکانی گواستنەوە دروست ئەکا.. بۆیە چارەسەری ئەم کێشەیە بەستراوەتەوە بەو لایەنانەی ڕێگە بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەدەن چیان ئەوێ بیکەن و زۆرجار سیاسیەکان دەم چەور ئەکرێن بۆ ڕێگا خۆشکردن بۆ بەرنامەکانیان.
پرۆژەکان کە لێرەدا مەبەستمان لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و ئوتێل و ئەپارتمانەکانە شارەوانی بەو مەرجە ڕێگا ئەدا بە دروست کردنیان کە چەندین یەکەی تایبەت دابین ئەکرێ بۆ ئەو کەسانەی توانای کڕینیانی ، نیە. ئەڵبەت لەشارەکان جگە لە دەوڵەمەند و پارەدارەکان خەڵکی ئاسایی و دەست کوورت و هەژار و کەم داهات هەیە، هەر بۆیە شارەوانی ڕەچاوی ئەوە ئەکات و لەسەر کۆمپانیای تەلارسازەکان و هەوربڕەکان مەرجی بە خۆڕایی وەیان بڕێکی زۆر کەم لە کرێ دابین ئەکەن بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن لەوێ بژین وەیان کڕیار بن. واتە جۆرێك لە بالانس هەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان پرۆژەکانیان دروست بکەن و لەهەمان کاتیشدا هاوڵاتیە کەم داهاتەکان و کەم دەرامەتەکان ، لێی بژین. چونکێ وەك ئەزانرێ بنچینەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بە بێ ڕەچاوکردنی گشت چینەکانی کۆمەڵگا،بەدی نایەت.
کێشەی پرۆژەکانی کوردستان و ئەو کۆمپانیانەی دەسەڵات بۆ ئەوەنیە تەنها داهاتەکانیان قەبەتر بکەن و هاوڵاتیش مایە پووچتر بێ، بەڵکە هیچ پلان و ڕاپرسیەك ناکرێ لەسەر ئەو پرۆژانەی کە ئەیکەن. خەڵکی بە گشتی ناتوانن و نازانن چی ئەگوزەرێ لەو ووڵاتەدا، حزبە بەناو سیاسیەکان و بنەماڵەکان خۆیان ئەوەی بیانەوێ ئەیکەن و گوێ لەکەس ناگرن..هەروەها شتێكمان نیە بەناوی ڕێکخراوی شارەوانی و بەرهەڵستکاران تا بکەونە خۆیان و ووتارێكیان هەبێ بۆ ئەوەی دەسەڵات گوێیان بۆ شل بکەن.
مەبەستی بنەڕەتی دەسەڵاتدارن تێك و پێك دانی شار و گوند و دارو بەردێتی..ئەوان ئەو پرۆژانە ئەکەن و دواتر لەژێر چەتری هاوڵاتیبوونی عێراق و گەرم بوونی ژینگەی خوارووی عێراق و کێشەکانی نێوان سووننەو شیعە درێژە بەو پرۆژانە ئەدەن عەرەب نیشتەجێی کوردستان ئەکەن..دەسەڵاتی بنەماڵەکان جگە لە کەڵەکە کردنی سەروەت و سامان ، ئەیانەوێ کورد لە ووڵاتی خۆی دەرپەرێنن و عەرەب بخەنە شوێنیان تا کەس دژیان ڕانەپەڕێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە