تووندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Friday, 07/06/2024, 21:36

1319 بینراوە


"لە هەموو تەمەنێکدا شەڕی ڕەگەزەکان زۆربەی هەرە زۆری شەڕە لەسەر سێکس" دۆناڵد سایمۆنز

خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی پیاوان بۆ پەسندکردنی دەستدرێژی سێکسی:
- پاڵنەرێکە بۆ ئەو پیاوانەی نەیان توانیووە بگەنە کرداری جووتبوون لەڕێی شێواز و ئامرازە ئاسایییەکانی بەستنی پێوەندی خۆشەویستی.
- پەسندکردنی قوربانییە پیتدارەکان بۆ نەوەنانەوەیەکی ئاسان، بێ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵان.
- پتربوونی ڕێژەی تۆماوی ڕێژێندراو لە کاتی دەستدرێژییە سێکسییەکان، بەراورد بە ڕێژەی تۆماو لە سێکسکردنی ئاسایی.
- زێدەبوونی وروژاندنی سێکسی لە پیاواندا، ئەو دەمەی تووندوتیژی و هێز بەکار دەهێندرێت.
- دەستدرێژی سێکسی بەرانبەر بە هاوسەر لەو دەمەی کێبڕکێی تۆماو بوونی هەبێت، واتە کاتێک گومان، یاخۆ بەڵگە هەبێ لەسەر ناپاکی مێیینە.

خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی ژنان دژ بە دەستدرێژی سێکسی:

- پێوەناڵین و ئازاری دەروونی لە دەستدرێژیە سێکسییەکان، لە هەستکردن بە سووکایەتی و بێڕێزی، دڵەڕاوکێ، ترس، توڕەیی و خەمۆکی و چەندانی گرفتی دی.
- هەڵبژاردنی هاوسەرێک لەسەر بنچینەی قەبارەی لەش و پلە و باڵادەستی کۆمەڵایەتی، ئەو شتانەی دەبنە ڕێگر لەبەردەم هەر پیاوێکی دی بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەریان.
- نێزیکی ئەو شوێنانە نەبنەوە کە جێی مەترسین، بەتەنیا نەچنە مەیخانەکان، یاخۆ هاتوچۆکردن لە ناوچە چۆڵ و تاریکەکان، بەتایبەتیش لە کاتی پیتداری و ئەو دەمانەی ئەگەری سکپڕبوونیان لە بەرزترین پلەیە. 
- خۆلادان لە پیاوە نامۆیەکان، یان مانەوەیان لە شوێنێکدا بەتەنیا لەگەڵ پیاوێک بەبێ ئەوەی بەچاکی بیناسن. 
2- دوورکەوتنەوە لە خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنە سێکسییەکان، لە لەبەرنەکردنی جلوبەرگی تەنک و ڕووت.

تووندوتیژی سێکسی و خۆگونجاندنە پەرەسەندووە دژەکانی

لەم بەشەدا پشکنینێک دەکەین، لەبارەی تووندوتیژییەکانی پیاوان بەرانبەر بە ژنان و بەرگریکردنی ژنانیش بۆ خۆپاراستن و ڕێگریکردن لێیان. بە هەراسانکردنە سێکسییەکان دەست پێ دەکەین، پاشان لەو مشتومڕییانە دەکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی ئایا پیاوان خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوویان لەلادا پەیدا بووە بۆ پەنابردنە بەر دەستدرێژیکردنە سێکسییەکان، یان نا؟ لە کۆتاییدا دەگەڕێین بەدوای گریمانە و ئەو بەڵگانەی پێیان وایە، ژنانیش جۆرە خۆگونجاند‌ێکیان پەرە پێ داوە دژ بە دەستدرێژییەکان.

هەراسانکردنە سێکسییەکان

گەلەک کێشە و گرفت ڕوو دەدەن لەسەر سێکسکردن و پێک گەیشتنە سێکسییەکان، نەک تەنیا لە چوارچێوەی ژوانی دڵداران و پێوەندی خۆشەویستی و ژیانی هاوسەرگیریی، بەڵکوو لە دەرەوە و شوێنی کارکردنیش بوونی هەیە، لەبەرئەوەی مرۆکان بەگشتی زۆر جار بەدوای پێوەندییەکی سەرپێیی و کاتیی، یاخۆ بەمەبەستی هاوسەرگیریی درێژخایەن دەگەڕێن.
هەراسانکردنە سێکسییەکان (التحرش الجنسي - Sexual Harassment) پێناسە دەکرێن بە: هەوڵێکی سێکسی ناپەسند و نەخوازراوە، هەندێ کەس پێی هەڵ دەستێت لە دەرەوە و شوێنی کاردا (Terpstra & Cook, 1985). هەندێ لە هەراسانکردنە سێکسییەکان بە شێوازێکی سادە و سووک دەکرێن وەک، چاوبازی و سەیرکردنێکی بێزارکەر و وتە و توانج لێدانی سێکسی، هی واش هەیە دەگاتە پێشێلکاری جەستەیی هاوشێوەی، دەست لێدان لە سنگ و مەمک و سمت، یان نێوان ڕانەکان. هەراسانکردنە سێکسییەکان ململانە و زۆرەوانییەکی تووند بەرپا دەکەن، بەهۆی بوونی جیاوازییەکی دەروونیی و هەستێکی پەرەسەندوو لەنێوان پیاوان و ژناندا (Browne, 2002, 2010).
ڕەنگە هەراسانکردنی سێکسی هاندەرێک بێت لە بانگهێشتنێکی ئاشکرا لە پێناو بەیەک گەیشتنە سێکسییە کورتخایەنەکان، بەڵام لەتەک ئەوەشدا ئەو ئەگەرە بەدوور نابیندرێ کە بۆ ئارەزووکردن بێت لە دەرخستنی دەسەڵات، یاخۆ گەڕان بەدوای پێوەندییەکی سۆزدارانەی بەردەوام و هەمیشەیی.
بیروڕای وا هەیە دەبێژێت، هەراسانکردنە سیکسییەکان بەرهەمی نەخشە و پلانێکی پەرەسەندووی گرینگی سێکسییە لەلای پیاوان و ژنان، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ڕایانەش چەندان نموونە هەن لە چیرۆک و بەسەرهاتی قوربانییان بەگوێرەی: ڕەگەز، تەمەن، باری هاوسەرگیریی، جوانی شێوە و سەرنجڕاکێشی جەستەیی، هەروەها کاردانەوەیان بەرانبەر بە بانگهێشتە سێکسییە نەخوازراوەکان و ئەو هەلومەرجانەی تێیدا ڕووبەڕووی هەراسانکردنەوەکان بوونەتەوە.
بەگشتی زۆربەی ئەوانەی دووچاری هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە ژنانن، ئەمەش لە تۆژینەوەیەکدا بەدەر دەکەوێت کە لە ژمارەی سکاڵاکانی تۆمار کراون لە بەشی ئیلینۆی مافی مرۆڤ بەدرێژایی دوو ساڵ، ئەوەی ژنان 67 سکاڵا بوو، کەچی هی پیاوان تەنیا 5 بوو. لە تۆژینەوەیەکی دیکەدا، لە ژمارەی 10.644 کارمەندی حوکمەتی فیدراڵی %42ی ژنان تووشی هەراسانکردنی سێکسی بوونە و پیاوانیش %15 (Gutek, 1985). هەر لەبارەی ئەو بابەتەوە لە یەکێک لە پارێزگەکانی کەنەدا، 93 هەراسانکردنی سێکسی دەستنیشان کراوە لە ژنان، بەرانبەر بە 2 ڕووداو لە پیاواندا، لە پیاواندا ئەوانەی هەراسانکردنەکەیان ئەنجام داوە هەر پیاو بوونە.
لەمانەوە بەچاکی بۆمان ڕوون دەبێتەوە ژنان قوربانی سەرەکیی هەراسانکردنە سێکسییەکانن، زۆربەی هەرە زۆری ئەنجامدەرانیش پیاون. لەبەرئەوەی ژنان بە سروشتی خۆیان لە پیاوان هەستیارترن و پتر پێوەی دەناڵن، بۆیە ژنان لە پیاوان زیاتر پێیان ناخۆشە و هەست بە بێزاربوون دەکەن (Buss, 2003; Colarelli & Haaland, 2002; Rotundo, Nguyen, & Sackett, 2001).
دەشێ هەر ژنێک ببێتە ئامانجی هەراسانکردنە سێکسییەکان، بەڵام زۆرینەی قوربانیان لە ژنان لەوانەدا چڕ دەکرێنەوە کە گەنج و جوانن و شوویان نەکردووە. لەبەرئەوەشە پشکنینەکان دووپاتی دەکەنەوە، ژنانی سەرووی تەمەنی چل و پێنج ساڵ گەلەک کەمتر دووچاری هەراسانکردنەکان دەبنە بەراورد بە کچان و ژنانی بچووکتر و گەنجتر (Studd & Gattiker, 1991). تۆژینەوەیەک پێمان دەڵێت، ژنانی ئیشکەری نێوان بیست ساڵی و سی و پێنج ساڵ %72ی سکاڵاکان لەلایەن ئەوانەوە بووە، هەرچەندە ئەمانە لەو کاتەدا تەنیا %43ی ڕێژەی هێزی کاریان پێک دەهێنا، ژنانی بەتەمەنتر لە چل و پێنج %28ی هێزی کار بوون، تەنیا %5ی سکاڵای تۆمارکراو هی ئەوان بوون. لەمانە و لە هیچ تۆژینەوەیەکدا ڕێژەی ژنانی بەتەمەن پتر نەبووە لەوەی گەنجان، لە ڕووبەڕوو بوونەوەیان بەرانبەر بە هەراسانکردنە سێکسییەکان.
زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی، پێشبینی کاردانەوەیەکی لۆژیکی دەکات لەو کەسانەی تووشی هەراسانکردنە سێکسیان دەبن. لە ڕاپرسییەکدا پرسیار لە هەردوو ڕەگەزەکە دەکرێت، ئایا هەست بەچی دەکەن ئەگەر هاوکارێکیان لە ڕەگەزەکەی دیکە داوای سێکسکردنیان لێ بکات؟ لە %63ی ژنان بە سووکایەتی و ڕەفتارێکی ناشیرین تێی دەگەن، کەچی %17یان پێیان خۆش دەبێ، بەڵام زۆربەی پیاوەکان بەپێچەوانەی ژنەکان %15ی بە سووکایەتی دادەنا، %67شیان پێی خۆشحاڵ دەبوون و وەک پیاهەڵدانیان دەبینی. وەڵامەکان و کاردانەوەکان بەچاکی لەگەڵ لۆژیکی خۆگونجانە پەرەسەندووەکانی بەیەکەک گەیشتنی سێکسی لەلای مرۆکانی کۆنینەی مێژووی پەرەسەندن یەک دەگرنەوە، لەبەرئەوەی پیاوان هەمیشە کاردانەوەی ئەرێنییان هەبووە بۆ سێکسکردنێکی خێرا و خۆڕایی و بڵاوکردنەوی نەوە، ژنانیش هەرگیز پێیان خۆش نەبووە وەک شتگەلەک کە تەنیا بۆ سێکسکردن لێیان بڕواندرێ، لەگەڵ ئەوەش سێکسکردن لەدەرەوەی هاوسەرگیریی لەوانەیە دووچاری مەترسی سکپڕی و کێشەی بەخێوکردنی منداڵی بێباوک ببێتەوە.
هاوکات ئاستی هەستکردن بە ناخۆشی و پێوەناڵینی ژنان لە بانگهێشتنە سێکسییەکان، بەندن بە پلە و پایەی ئەنجامدەری هەراسانکردنەکە. لە تۆژینەوەیەکدا، 109 ژنی خوێندکاری زانکۆ بێزاربوونی خۆیان دەردەبڕی، ئەو دەمەی پیاوێکی نەناسیاو داوای ژوانیان لێی دەکردن بە پلەی پیشەیی جیاجیا، لەگەڵ ئەوەی چەندان جار بەدوای یەک داواکانیان ڕەت کردۆتەوە (Buss, 2003). ئاستی تووڕەیی و بێزاربوونی ژنان بە حەفت پلە دیار دەکران، پێوەرەکە لە نێوان 1 (ڕەفتارێکی کەمترین بێزارکەر) و 7 (یەکجار بێزارکەر) بوو. لە هەمووی ناخۆشتر و بێزارکەرتر ئەو کاتە بوو داواکەرانی ژوان و پێوەندی سۆزداری لەلایەن ئەمانەوە بووایە، کرێکاری خانوو و باڵەخانەکان (4.04)، کۆکەرەوەی خاشاک (4.32)، کرێکارانی پاککردنەوە (4.19)، کرێکارانی بەنزینخانەکان (4.13)، کەمترین بێزاربوونیش بەرانبەر بە داواکانی خوێندکارانی ساڵی یەکەمی کۆلێژی پزیشکی بوو (2.65)، خوێندکارانی بڕوانامەی بەرز (2.80)، موزیکژەن و گۆرانیبێژەکان (2.71). واتە پلەی کاردانەوە و هەستکردنەکان دژ بە هەراسانکەران، دەوەستێتە سەر پلە و پایەی ئەو کەسەی بە هەراسانکردنە سێکسییەکان هەڵ دەستێت (Colarelli & Haaland, 2002).

تووندوتیژی سێکسی

شەڕانگێزی و تووندوتیژی شێوازێکی گرینگە پیاوان پەنای بۆ دەبەن، لەپێناو سنووردارکردنی تێچووی گەیشتن بە سێکس، هەرچەندە ئەگەری هەیە مەترسی بە شێوەی تۆڵەسەندنەوە و زیانی لەکەدارکردنی ئابڕووی لێ بکەوێتەوە. ڕەفتارەکانی تووندوتیژی برێتین لە داواکاری و بانگهێشتن بۆ سێکسکردن بە زەبری هێز و بەزۆر سەپاندن، بە دەست لێدان لە لەشی ژن بەبێ ڕەزامەندی ژنەکە خۆی، ئەمانەش ئەو دەمە ڕوو دەدەن کە ڕێککەوتنی هەردوو لا بۆ سێکسکردن شکست دەهێنێت.
لە ڕاپرسییەکدا داوا کرا لە خوێندکارانی ئاستی زانکۆ لە ڕەگەزی مێێینەدا، بۆ دیارکردنی 147 ڕەفتاری بێزارکەر و هەراسانکەر کە لەلایەن پیاوانەوە بەرانبەریان دەکرێت، لەمەشدا پێوەرێکە لە نێوان 1  و 7 بوو (Buss, 1989b). زۆربەی ژنان ڕێژەی 6.5یان دایە تووندوتیژی سێکسی، هیچ ڕەفتارێکی دیکەیان پێ هێندەی بەکارهێنانی تووندوتیژی سێکسی بێزارکەر و هەراسانکەر نەبوو، جنێو و سووکایەتی و لێدان و ئازاردانیش هەرگیز ناگانە ئاستی تووندوتیژی و دەستدرێژکردنە سێکسییەکان، ئەمەش بە تۆژینەوەیەکی سەربەخۆ سەلمێندرا کە لەسەر کەسانێکی وەڵاتی هۆڵەندا کراوە (ter Laak, Olthof, & Aleva, 2003). لەمەوە دەگەینە ئەو بەرەنجامەی هەرچەندە ژمارەیەک لە پیاوان بیروڕای جیاجیاشیان هەبێت لەبارەی ئەم بابەتە، بەڵام بێگومانین ژنان بەهیچ شێوەیەک ئارەزووی سێکسی بەزۆری و سەپێندراو ناکەن.
تەواو پێچەوانەی ئەمە، پیاوان تووندوتیژی سێکسی لە ژنانەوە بە کێشەیەکی یەکجار گەورە دانانێن، پێیان وایە ژنێکی تووندوتیژ لەرووی سێکسییەوە، زیانی گەلەک کەمترە بەراورد بە بابەتی دیکە ناخۆش و بێزارکەر. بۆ نموونە، هاوشێوەی ئەو پرسیارانەی پێشوو لە پیاوان کرا، بەهەمان پێوانەی 7 پلەیی، زۆرینەیان 3.02یان بۆ ڕەفتاری تووندی سێکسی ژنان دانا، بەوەی ئەگەر لە ژنانەوە بێت ئەو هەڵسوکەوتە تووندە، ئەوا هەراسانکردنێکی کەمی لێ دەکەوێتەوە. نەک هەر ئەوەندە، بگرە هەندێک لەو پیاوانە تووندوتیژی ژنانیان پێ خۆش بوو، ڕەفتارەکان ئەگەر ژنان پێی هەڵ بستن دەبێتە هۆی وروژاندنی پتری هەستی سێکسی پیاوان. سەرچاوەی گرفت و پێوەناڵینی پیاوان بە پلەی یەکەم ناپاکی هاوسەرەکانیان، یان ئازاردانی زارەکی و لەشی بوون، ئەمانە بۆ پیاوان لە هەمووی بێزارکەرترە، بە ڕادەیەک 6.04 و 5.55 پلەیان بەدوای یەکدا پێ دەدا، کاتێک ئەمانە لەگەڵ دەستردرێژی و تووندوتیژی بۆ سەر ژنان بەراورد دەکران.
ڕاستییەکەی جیاوازی نێوان ژنان و پیاوان لەبارەی ئەم پرسە جێی سەرنجە و نائارامی بەرپا دەکات، بەوەی پیاوان ناتوانن بەچاکی لە هەست و نەستی ژنان بگەن و وای بۆ دەچن، بەکارهێنانی تووندوتیژی سێکسی بەرانبەر بە ژنان یەکجار ڕەفتارێکی نەرێنی نییە. هەر بۆیەش کاتێک داوایان لێ کرا ڕای خۆیان بدەن و ڕێژەیەک دیار بکەن لە 7 پلەکەی ئاماژەمان پێی دا، لە کاریگەری ئەو ڕەفتارانە لەسەر ژنان، ئەوا 5.8یان بۆ دادەنا، ئاشکرایە ئەمەش کەمترە لەو 6.5ی ژنەکان خۆیان دیاریان دەکرد. لەبەرچی گوترا ئەو جیاوازییانە دەبنە هۆکاری نائارامی؟ چونکە هەندێک لە پیاوان پەنا دەبەنە بەر هەڵسوکەوتە شەڕانگێز و تووندە سێکسییەکان، لەبەرئەوەی شکست دەهێنن لە هەڵسەنگاندنی ئاست و ڕادەی کاریگەری و ناڵین و ئازاری ژنان بەهۆی ئەو ڕەفتارانەوە.

دەستدرێژی سێکسی و خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی پیاوان

دەتوانین دەستدرێژی سێکسی (الاغتصاب - Rape) پێناسە بکەین بە: بەکارهێنانی هێز، یاخۆ هەرەشەکردن لەپێناو گەیشتن بە سێکس. ئەمەش یەکێکە لە پرسە هەرە گرینگەکانی بووەتە هۆی بەرپاکردنی مشتومڕییەکی یەکجار زۆر لە دەروونناسی پەرەسەندنەکی، بۆ زانینی ئەوەی ئایا ئەمە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووە لەلای پیاوان لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتیدا، یانیش دەستدرێژی سێکسی تەنیا دەرنجامێکی لاوەکییە بۆ میکانیزمە جۆراوجۆرەکانی پەرەسەندن؟
بەڵگەیەکمان لەبەردەستە نێرەکانی مێشی دووپشکەیی (Scorpionflies)، جۆرە ئەندامێکی گیرەکییان هەیە (دەیگرێت و لەشوێنی خۆیدا دەی وەستێنێت)، تەنیا لە کاتی دەستدرێژی و زۆرەملێی سێکسیدا بۆ سەر مێیینە چالاک دەبێت، بۆ جووتبوونی ئاسایی بەکار ناهێندرێت (Thornhill, 1980). هاوکات بەڵگەی دیکەش هەن لەلای مەیموونی ئۆرانگوتان تایبەتمەند بە دەستدرێژی سێکسی، هەرچەندە لە ئاژەڵە سەرەکییەکاندا ڕیزپەڕ و دەگمەنە، چونکە مەیموونی بۆنۆبۆ و شیمپانزی هیچ پێکهاتە و جۆرە ڕێبازێکی جیاوازیان نییە لە دەمی دەستدرێژییە سێکسییەکاندا بەکاری بهێنن (Maggioncalda & Sapolsky, 2002).
ئەو بیردۆزەی پێی وایە دەستدرێژی سێکسی خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووە، پێشنیازی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی سروشتی لە هەندێ بارودۆخدا پێشینە نێرینەکانی دەستدرێژی سێکسییان دەکرد پێ پەسندتر بووە لە نێرینەکانی دی. لایەنگرانی ئەم بیردۆزە، بەلایەنی کەمەوە شەش تایبەتمەندی لە خۆگونجاندنەکان دەخەنە ڕوو کە لە نێرینەدا پەرەی سەندووە (Thornhill & Palmer, 2000):
1- هەڵسەنگاندنی ئاستی بێهێزی ئەوانەی کە ئەگەر هەیە ببنە قوربانی دەستدرێژییە سێکسییەکان (بۆ نموونە، لە کاتی جەنگ، یان دوور لە جەنگەکان لەو دەمانەی ژنەکان کەسێکی وایان نییە بیان پارێزێت وەک، هاوسەر، یاخۆ کەسوکاریان).
2- (گۆڕان)ێکی هەستیار ببێتە پاڵنەرێک بۆ دەستدرێژی سێکسی لەو پیاوانەی نەیان توانیووە ڕەزامەندی ژنان بەدەست بهێنن و بگەنە کرداری جووتبوون (ئەو پیاوانەی شکستیان هێناوە لە دۆزینەوەی هاوسەرێک لەڕێی شێواز و ئامرازە ئاسایییەکانی بەستنی پێوەندی خۆشەویستی).
3- پەسندکردنی قوربانییە پیتدارەکان (لە نەوەنانەوە) بۆ دەستدرێژی سێکسی.
4- پتربوونی ڕێژەی تۆماوی ڕێژێندراو لە کاتی دەستدرێژییە سێکسییەکان، بەراورد بە ڕژاندنی تۆماو لە سێکسکردنی ئاسایی و ڕەزامەند.
5- زێدەبوونی وروژاندنی سێکسی لە پیاواندا ئەو دەمەی هێز بەکار دەهێندرێت، یان کاردانەوە بۆ نیشانەکانی بەرگریی مێیینە لە سێکسکردنی ڕەزامەند.
6- دەستدرێژی سێکسی بەرانبەر بە هاوسەر لە هەلومەرجێک کێبڕکێی تۆماوی تێدا هەبێت (وەک ئەوەی بەڵگە هەبێت لەسەر ناپاکی مێیینە، یاخۆ گومانی ناپاکی لێ بکرێت).
بە پێچەوانەی ئەم بیروڕایانە، ئەو بیردۆزەشی دەستدرێژی سێکسی بە بەرهەمێکی لاوەکی پەرەسەندن دادەنێت (Symons, 1979)، وای بۆ دەچێت دەستدرێژی سێکسی بەرهەمی لاوەکی دانەڕێژراوە و لە هیچ میکانیزمێکی پەرەسەندنەوە هەڵ نەبژێردراوە وەک: 
- ئارەزووی نێرەکان لە جۆراوجۆری سێکسی.
- سێکسکردن بەبێ وەبەرهێنان و ئەرکی هاوسەرگیری و بەخێوکردنی منداڵان.
- هەستیاری دەروونی بۆ هەل و دەرفەتە سێکسییەکان.
- بوونی توانا گشتییەکان بۆ بەکارهێنانی تووندوتیژی جەستەیی بۆ گەیشتن بە چەندان ئامانجی جیاجیا.
ئەوەی پێوستی بە ئاماژە پێکردنە، تا ئێستە هیچ یەک لە لایەنگرانی دوو بیردۆزە کێبەرکێیەکە بۆ چەسپاندنی بیروڕاکانی، خاوەنی بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە نییە. ڕاستە لە کاتی جەنگەکاندا دەستدرێژی سێکسی زۆر جار ڕوو دەدات، بەڵام دزی، تاڵانکردن، تێکدان و کاولکاری، تاوان و دڕندەیی بەرانبەر بە دۆڕاوانیش دیاردەگەلەکی باو و ناسراون. ئایا بۆ سەرلەبەری ئەو ڕەفتارانە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووی تایبەتی بوونی هەیە، یاخۆ گشتیان بەرهەمی لاوەکین بۆ میکانیزمەکانی دی؟ لەبارەی ئەمەوە لێکۆڵینەوەکان وەڵامی کۆتایییان پێمان نەداوە.
ڕاستییەکەی دەستدرێژیکەران پتر ژنانی گەنجی تەمەنی شیاو بۆ منداڵبوون دەکەنە ئامانج، قوربانیانی دەستدرێژییە سێکسییەکان لە %70یان تەمەنیان لە نێوان شازدە ساڵ و سی و پێنج ساڵیدایە (Thornhill & Thornhill, 1983). توێژینەوەیەکی دی لەسەر دەستدرێژی سێکسی لە کاتی هەڵکوتانەسەر و دزیکردندا دەری خست، دزە نێرەکان لە هەموو تەمەنەکاندا زۆرترین ئەگەری دەستدرێژیکردنیان بۆ سەر ئەو ژنانەیە تەمەنیان لە نێوان 15-29 ساڵییە (Felson & Cundiff, 2012). بەوەشەوە مەیلی دەستدرێژیکەران لە ئازار و زیان پێ گەیاندنی ژنانی گەنج و بەپیت، نابێتە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە چی بە هاوڕایی، چی بە دژکاری بە هەر یەکێک لەو دوو بیردۆزەی دەستدرێژیکردنە سێکسییە کێبەرکێیەکان. دەشێ ئەم بەرەنجامە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوو بێ لە پیاواندا بۆ پەسندکردنی ئەو ژنانەی نیشانەکانی بەپیتبوونیان تێدایە لە چوارچێوەی گەیشتن بە هاوسەر و جووتبوونی ئاساییدا (بڕوانە بەشی 5)، کەواتە بوونی خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی دەستدرێژیکردن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسانە پێویست نین.

جیاوازی تاکەکەسی لە ئارەزووکردنی دەستدرێژییە سێکسییەکان

ئاشکرایە پیاوان لە ئارەزووکردنیان بۆ دەستدرێژیکردنە سێکسییەکان جیاوازن. لە تۆژینەوەیەکدا داوا لە پیاوان کرا بهێننە بەرچاویان، هەلێکیان بۆ ڕەخساوە بتوانن ژنێک ناچار بکەن بۆ سێکسکردن لەگەڵیان بەبێ ویستی ژنەکە، لە کاتێکدا هیچ ئەگەرێک نەبێت پێی بزاندرێن و بدۆزرێنەوە. لە %35ی ئەوانەی بەشداری ڕاپرسییەکە بوون دەیان گوت، لەوانەیە لەو هەلومەرجەدا پەنا ببەینە بەر دەستدرێژی سێکسی، هەرچەندە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا ڕێژەیەکی گەلەک کەم بیری بۆ دەستدرێژیکردنە سێکسییەکان دەچوو (Malamuth, 1981; Young & Thiessen, 1992). ئەگەرچی ڕێژەیەکی تا ئەم ئاستە مەترسیدارە و تووشی دڵەڕاوکێمان دەکات، بەڵام دیسانەوە پشتگیرییەکی ڕوون و بەهێز پێشکێش ناکەن بۆ بیردۆزی خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی دەستدرێژییە سێکسییەکان، چونکە ڕاستییەکەی ئەگەر بەهایە ڕووکەشەکەی بەرەنجامەکانیش وەربگرین، ئەوا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە زۆرینەی پیاوەکان لە دەستدرێژیکەرەکان نین.
ژمارەیەکی زۆر لە دەستدرێژیکەرە سێکسییەکان ئاستێکی بەرز لە وروژاندنی سێکسییان لێ بەدەر دەکەوێت لە ئەزموونەکاندا، وەک چۆن پێوراون لەڕێی ڕەقبوونی نێرئەندامیان ئەو دەمەی گوێیان لە چیرۆکەکان دەبوو و وێنەی تووندوتیژییە سێکسییەکانیان دەبینی، کەچی بەشێکی یەکجار کەم لەوانەی دەستدرێژی ناکەن ئەم وروژاندنانە لەلایاندا ڕووی دەدا. گەلەکیش لە دەستدرێژیکەران شتێکیان هەیە پێ دەچێ پەیوەست بێت بە ژیانی تایبەتی خۆیان، وەک ئەوەی چالاکی سێکسییان زوو دەستی پێ کرد بێ و چەندان ئەزموونی سێکسی جۆراوجۆریان لە ژیاندا هەبووبێ، ویستی ئەنجامدانی تاوانە ناسێکسییەکانیشیان هەیە هاوشێوەی دزی و هەڵکوتانەسەر و شەڕانگێزی و دەستدرێژیکردنە لەشییەکان. تێکڕای ئەم پرسانە ئاماژن بۆ ئەگەری بوونی ئارەزوو لە بەشێک لە پیاوان بە تایبەتی، نەک تەنیا بۆ دەستدرێژییە سێکسییەکان، بەڵکوو بۆ تاوانکاری و هەڵسوکەوتی دژ بە کۆمەڵگەکەیان (Lalumiere و ئەوانەی دیکە، 2005). لەبەرئەوەشە دواجار پێویستە تێکڕای ئەو جیاوازییە تاکەکەسییانە لەبەرچاو بگیرێن و بەچاکی دەستنیشان بکرێن، لە هەر بیردۆزێکدا کە لە دەستدرێژیکردنی سێکسی بکۆڵێتەوە.

گریمانەی بێبەشبوون لە هاوسەر

زاناکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی تۆژینەوەیەکیان کرد بۆ دیارکردنی تایبەتمەندییەکانی پیاوان لە شەڕانگێزی و تووندوتیژی سێکسییان (Malamuth, 1996 ؛ Malamuth و ئەوانەی دیکە 1991). ئەم لێکۆڵەوانە دوو ڕێبازگە بۆ تووندوتیژی سێکسی دەستنیشان دەکەن؛
یەکەمیان پێی دەگوترێت، ڕێبازگەی ناکەسییەتی: ئەمەیان ئەو نێرینانە لەخۆ دەگرێت کە بەهایەکی گەلەک گەورە دەبەخشنە شاڵاو و هێرشە سێکسییەکان، ئەوانەی دەبنە هۆکاری بڕوا بەخۆبوون و وەرگرتنی پلە و پایەیەکی تایبەت لە نێو هاوەڵانیان. بێگومان هەموو نێرینەیەک بەدوای پێکگەیشتنێکی ناکەسییەتی کورتخایەن دەگەڕێت، مەرج نییە پەنا بباتە بەر تووندوتیژی سێکسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خولیایەکی لەم شێوەیە لەڕووی ئەژمارەکییەوە بەندە بە بەکارهێنانی تووندوتیژی سێکسییەوە.
دووەمیشیان ناو دەنرێت بە، ڕێبازگەی نێرایەتی شەڕانگێز: ئەم ڕێبازگەیە دوو پێکهاتەی پێکبەند لێک دەدات.
1- یەکەمیان کەسێکە، بێبەشە لە ئارامی و دڵنیایی، بەرگریکەرە، یەکجار هەستیارە، تووندتیژ و شەڕانگێزە، دوودڵ و گوماناوییە، تێکڕای ئەمانەشی بەتایبەتی بەرانبەر بە ژنانە.
2- هەستکردن بە چێژ و خۆشی لە زاڵبوون و دەست بەسەراگرتنی ژنان.
لەبەرئەوەشە ئەو پیاوانەی بەگوێرەی پێوانەی نێرایەتی شەڕانگێز پلەیەکی بەرزیان پێ دراوە، زۆربەیان خاوەنی مێژووەکی پڕاوپڕن لە پێوەناڵین و ئازاری فەرامۆشکردنیان لەلایەن ژنانەوە. بۆیە گوێمان لەو جۆرە دەربڕینانە دەبێت وەک: "گەلەک جار لە ژیانمدا دووچاری فەرامۆشکردن و تووڕهەڵدان بوومە لەلایەن ژنانەوە" و "بێگومانم لە ژیانمدا تووشی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تووندوتیژ دەبم لەلایەن ژنانەوە" (Malamuth, 1996). ئەم پیاوانە هەست دەکەن ڕووبەڕووی چەندان جۆرە ئازار، فریودان، ناپاکی، هەڵ خەڵەتاندن و یاری پێ کردن بوونەتەوە لەلایەن ژنانەوە. زانا مالاموس پێشنیازی ئەوە دەکات کە نێرایەتی تووندوتیژ و شەڕانگێز ڕێ بە پیاو دەدات خۆ بەدوور بگرێت لە سۆزداری و تێگەیشتن لە ئازار و هەست و نەستی قوربانییەکان، لەبەرئەوەی ئەم هەست و سۆزانە دەبنە بەربەست لەپێش بەکارهێنانی تووندوتیژی سێکسی.
گرینگترین پرسی تۆژینەوەکان لە ئاوێتەکردنی هەردوو ڕێبازگەکە دەستەبەر دەبێت و باشترین زۆرترین پێشبینیمان بۆ دەخاتە ڕوو، لەبارەی تووندوتیژی سێکسی. واتە ئەو پیاوانەی هەردوو ئاراستەکەی ناکەسییەتی بۆ سێکسکردن و نێرایەتی شەڕانگێز دەگرنە بەر، لە گشت ئەوانەی دیکە پتر دووچاری مەترسی تاوانکاری تووندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان دەبنەوە. ئەم تۆژینەوەیە دەکارێ پێشبینییەکی دەروونی پەرەسەندنەکی بکات بەم جۆرە: پیاوێک لە ژیانیدا بێبەش بووبێ لە گەیشتن بە سێکسکردن لەگەڵ ژنان، ئەگەری بەکارهێنانی شێوازە سێکسییە شەڕانگێزانە و تووندوتیژییەکانی پتر دەبێت (Lalumiere, Chalmers, Quinsey, & Seto, 1996). ئەمەش بوو ناوی گریمانەی بێبەشبوون لە یار، یاخۆ هاوسەری پێ درا (Quinsey & Lalumiere, 1995; Thornhill & Thornhill, 1983, 1992). پیاوان پەرەیان بە خۆگونجاندێک داوە بەگوێرەی ئەم گریمانەیە، ڕێبازی پێکگەیشتن بە سێکس مەرجدارە، واتە ئەوەی نەتوانێت ببێتە جێی سەرنجی ژنان و نەکارێت یارێک، یان هاوسەرێک مسۆگەر بکات بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەوا تووشی بێ ئومێدی دەبێت، ئەمەش وای لێ دەکات شێوازی تووندوتیژ و دوژمنکارانە بەکار بهێنێت، نەوەک بەتەواوی و بەیەکجارەکی فەرامۆش بکرێت.
بۆ لێکۆڵینەوە لەو گریمانەیە، ڕاپرسییەک کرا لەسەر 156 نێرینەی جیاڕەگەزخواز (پێوەندی دەبەستن لەگەڵ ڕەگەزەکەی دی)، تەمەنیان لە دەوروبەری بیست ساڵ دەبوو (Lalumiere و ئەوانەی دیکە، 1996). پێوەرەکانی ناچارکردن و دەستدرێژییە سێکسییەکان، دوو جۆرە ناچارکردنیان لەخۆ دەگرت، ناچارکردنە نالەشی و ناچارکردنە لەشییەکان. نالەشییەکە وەک، "ئایا هیچ کاتێک سێکست لەگەڵ ژنێک کردووە کە بەڕاستی ژنەکە ئارەزووی لێ نەبووە، بەڵام هەستی کردووە ناچار کراوە بەهۆی فشار و گوشارە بێژەیییەکانت؟"، لەشییەکەش هاوشێوەی، "ئایا هیچ کاتێک سێکست لەگەڵ ژنێک کردووە کە بەڕاستی ژنەکە ئارەزووی لێ نەبووە، بەڵام تۆ تا ڕادەیەک هێزی لەشیی خۆت بەکار هێناوە بۆ ناچارکردنی؟". لێرەدا هەڵسەنگاندنی گەیشتنێکی سەرکەتووانە بە سێکس لەڕێی پێوەری گەیشتنی سەرکەتووانە لە خودی کەسەکەدا هەستی پێ بکرێت، ئەو گوتانەی ئەم دەستەواژانەی تێدایە وەک "ڕەگەزەکانی دیکە کە من حەزم لێیانە و پێیان سەرسامم، لە بەرانبەر ئەوەدا ئەوانیش حەزیان لەمنە"، "گوێم لە گەلەک پێداهەڵگوتن دەبێت لە ئەندامانی ڕەگەزەکەی دیکە"، "لەلایەن ئەندامانی ڕەگەزەکەی دیکە زۆر جار بانگهێشت دەکرێم بۆ سێکسکردن"، "ئەندامانی ڕەگەزەکەی دیکە سەرنجم ڕادەکێشن".
دەرەنجامەکانی بەدەستەوە هاتن پێچەوانەی پێشبینی ئەوانە بوون، پشتیان بە گریمانەی بێبەشبوون لە دۆست و هاوسەر دەبەست بۆ ڕاڤەکردنی دەستدرێژییە سێکسییەکان. لەبەرئەوەی پیاوەکانی پلەیەکی بەرزیشیان هێنا بەگوێرەی پێوەری باوەڕبەخۆبوون و هەستکردنیان بە سەرکەوتن لە گەیشتن بە سێکس، دیسانەوە لە توندووتیژی و دەستدرێژیشدا پلەیەکی بەرزیان تۆمار دەکرد. هەر لەم ڕووەوە، ئەو پیاوانای ئەگەری داهاتی دواڕۆژی خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا پێشبینی دەکرد، ئارەزووی بەکارهێنانی ناچارکردنی لەشییان پتر بوو بەراورد بە پیاوەکانی لەو باوەرەدا نەبوون لە دواڕۆژدا دەبنە خاوەن داهاتێکی زۆر. بەکورتی، گەلەک لە دەرەنجامەکان شکستیان هێنا لە لایەنگیرییان بۆ گریمانەی بێبەشبوون لە هاوسەر، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی گریمانە دەروونییە پەرەسەندنەکییەکانیش بەرئەزموونن و دەشێ بەهەڵە بخرێنەوە.
زیاتر لە سی ساڵ بەر لە ئێستە، دۆناڵد سایمۆن (Donald Symons)، دەبێژێت: "من پێم وانییە ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستمانە هێندە بێت بۆ ئەوەی ڕێمان پێ بدات بڵێین، دەستدرێژی سێکسی لە خودی خۆیدا خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووی هەڵبژێردراوە لەلای نێرینەی مرۆڤ" (Symons, 1979, p. 284). بەڵگەکانی ئەمڕۆکە بەرەو ئەوەمان دەبەن کە بڕیار بدەین ئەو دەستەواژەیە ڕاستە و لەجێی خۆیەتی، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین نەبوونی بەڵگە بەڵگەی نەبوون نییە. لەڕاستیدا هەڵهێنجانی دەرەنجامەکان لە هۆکارەکانی دەستدرێژی سێکسی گرێ دراون بە هەڵوێستە ئایدیۆلۆژییەکان، ئەمەش بووتە بەربەست لەپێش هەنگاوی تۆژینەوە گەورەکان، ئەوانەی دەکرا بتوانن هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم دیاردە ناشیرینە دەست نیشان بکەن (Jones 1999, 2005 Lalumière و ئەوانەی دیکە).

خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانی ژنان دژ بە دەستدرێژی سێکسی

لەگەڵ بوونی گشت مشتومڕییەکان بۆ گەڕان بەدوای ڕاڤەیەکی گونجاو لەبارەی دەستدرێژییە سێکسییەکان و دیارکردنی پاڵنەرەکان لەلایەن پیاوان، هاوکات پێویستە لە قوربانییەکانیش بکۆڵینەوە. لێرەدا خاڵێکی هاوبەش هەیە لەسەر باری دەروونی قوربانیان کە سەرجەم بیردۆزەکان تێیدا کۆک و هاوڕان ئەویش، دەستدرێژی سێکسی کردارێکی خراپە و زۆر جار زیانێکی یەکجار گەورە بە قوربانییەکان دەگەینێت. بۆ ئەم تێڕوانینە هیچ بیردۆزێکمان گەرەک نییە، تەنیا ئەوەندە دەبێ پشکنینێک بکەین، تا بزانین بۆچی دەستدرێژیکردنە سێکسییەکان هێندە گاریگەرییەکی نەرێنیی تووندیان هەیە لەسەر قوربانییان؟
سەرەتای کێشەکە لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە دەستێوەردانێکی نالەبارە بۆ مافی ژنان لە هەڵبژاردنی هاوسەرێک، ئەو بابەتەی گرینگترین و بنچینەترین پرسە لە ژیانی سێکسی هەر ژنێکدا (بڕوانە بەشەکانی دیکە). ئەو ژنەی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر، ئەگەری زۆرە لە کاتێکی نەگونجاودا تووشی سکپڕبوونێکی نەویستراو ببێت لە پیاوێکەوە کە خۆی هەڵی نەبژاردووە. سەرباری ئەوە قوربانییەکە دووچاری سزا، یان ڕەخنە و سەرزەنشتی تووند دەبێ، دەرەنجام دەبێتە هۆی لەکەداربوونی ئابڕوو و لەدەستدانی پلە و پایە و کەمبوونەوەی داخوازییان بۆ هاوسەرگیریی لە داهاتوودا، ئەوە دەمەشی پێشتر هاوسەریان هەبووبێ، بەرەوڕووی مەترسی جیابوونەوە دەبنەوە لە هاوسەرەکانیان. زۆرینەی ژنانی قوربانی دەستدرێژییە سێکسییەکان لەڕووی دەروونییەوە دەناڵێنن لە: هەستکردن بە سووکایەتی و بێڕێزی، دڵەڕاوکێ، ترس، توڕەیی و خەمۆکی و چەندانی گرفتی دی.
بە لەچاوگرتنی تێکڕای ئەو گرانباریی و تێچوونە گەورانە، ئەگەر دەستدرێژی سێکسی بەدرێژایی مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ ڕووی دابێ، ئەوا شتێکی سەیر و نامۆیە هەڵبژاردنی سروشتی لە ژناندا ڕێی خۆش نەکردبێ بۆ پەرەسەندنی چەند میکانیزمێک بۆ بەرگریکردن و خۆپاراستن لە بوونیان بە قوربانی. پێویستە ئاگەداری ئەوە بین ئەم پرسە جیایە لەوەی، ئایا پیاوان خۆگونجاندنێکیان بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژیکردن پەرە پێداوە، یان نا. چونکە لە بنەڕەتەوە، ڕێی تێ دەچێت ژنان جۆرە بەرگرییەکی پەرەسەندوویان لەلادا پەیدا بووبێ دژ بە دەستدرێژی، تەنانەت ئەگەر دەسترێژی بەتەواوی بەرهەمێکی لاوەکیش بێت بۆ میکانیزمەکانی دیکەی دوور لە دەستدرێژی سێکسی لە پیاواندا. هەرچەندە نەکارین بەرەو ڕابردوو بگەڕێنەوە بۆ دەستنیشان کردنی ئەوە بەدڵنیایی، بەڵام تۆمارە مێژوویەکان و تۆژینەوەکانی بواری مرۆناسی، زۆر بەپتەویی ئاماژە دەدەن بەوەی دەستدرێژییە سێکسییەکان لە سەرجەم کولتوورەکان و لە گشت سەردەمێکدا بوونیان هەبووە (Buss, 2003; Lalumiere et al., 2005).
هەر لە سێمای (Semai) ناوەڕاستی مالیزیاوە بگرە، تا دەگەیتە کونگ سان (Kung San) لە بۆتسوانا، گەلەک ڕووداوی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراون. ڕاستییەکەی، ئەو کۆمەڵەیەی لە ئەمازۆندا تۆماس گریگۆر لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون، وشەی تایبەتییان هەیە بۆ دوو جۆرە دەستدرێژی، یەکیان بۆ دەستدرێژی سێکسی (antapai)، ئەوەی دووەمیش بۆ دەستدرێژی بەکۆمەڵ (aintyawakakinapai)، یاخۆ دەستدرێژی لەلایەن گروپی چەتەکانەوە (Gregor, 1985).
خانمە زانای مرۆناسی پەرەسەندنەکی باربرا سموتس (Barbara Smuts)، بەڵگەکان لەم چەند دێڕەدا چڕ دەکاتەوە: "هەرچەندە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی پیاوان دژی ژنان لە شوێنێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بەڵام تۆژینەوە و ڕاپرسییە کولتوورییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو کۆمەڵگەیانەی پیاوان زۆر بەکەمی پەلاماری ژنان دەدەن، یان دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەریان، دەگمەنن" (Smuts, 1992, p. 1).
کەواتە ئەگەر دەستدرێژی سێکسی سەرچاوەی مەترسییەکی هێندە گەورە و بەردەوام بێت بۆ سەر ژنان، دەبێ ئەو بەرگرییە پەرەسەندووانە چی بن کە لەڕێیانەوە ژنان بتوانن سنوورێک دابنێن تاکوو نەبنە قوربانی ئەو هەرەشەیە؟ بۆ ئەم بەرگرییانە کۆمەڵێک گریمانە پێشنیاز کراون:
- پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ نێرەکانی دیکە بە شێوەی "هاوڕێیە تایبەتەکان" بۆ خۆپاراستن (Smuts, 1992).
- هەڵبژاردنی هاوسەرێک لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی پیاوان لە قەبارەی لەش و پلە و باڵادەستی کۆمەڵایەتی، ئەو شتانەی دەبنە ڕێگر لەبەردەم هەر پیاوێکی دی بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەریان، ئەمەشیان دەناسرێت بە "گریمانەی پاسەوانی تایبەتی" (Wilson & Mesnick, 1997).
- بەستنی هاوپەیمانییەتی مێیینە-مێیینە بۆ پاراستن لە پیاوان (Smuts, 1992).
- پەرەپێدانی چەند جۆرە ترسێک کە دەبنە پاڵنەرێک بۆ ژنان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی وا خۆیان دەرنەخەن، ئەگەری مەترسی دەستدرێژی لەسەریان پتر بکات (Chavanne & Gallup, 1998).
- دوورکەوتنەوە لە چالاکییە مەترسیدارەکان لە کاتی پیتدارییدا (هێلکەی ئامادە بۆ پیتێن)، بۆ کەمکردنەوەی دەستدرێژی سێکسی لەو دەمانەی ئەگەری سکپڕبوونیان لە بەرزترین پلەیە (Chavanne & Gallup, 1998). 
- پێوەناڵین و ئازاری دەروونی لە دەستدرێژیە سێکسییەکان، وا لە ژنان دەکات لە داهاتوودا خۆیان بەدوور بگرن لێی (Thornhill & Palmer, 2000).
هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان لەو گریمانانە زۆر لەمێژ نییە دەستیان پێ کراوە، بەڵام بەڵێنێکی گەورە و مەزنن بۆمان و چاوەڕوانی گەلەک شتی گرینگیان لێ دەکرێت.
لەسەر بنچینەی ئەو گریمانانە، ئەو ژنانەی دەرمانی دژە سکپڕی وەرناگرن، دەبێ نێزیکی ئەو شوێنانە نەبنەوە کە جێی مەترسین، وەک بەتەنیا چوونە مەیخانەکان، یاخۆ هاتوچۆکردن لە ناوچە چۆڵ و تاریکەکان، بەتایبەتیش لە قۆناخی پیتدارییان بەراورد بە کاتەکانی دیکە لە سووڕی مانگانەیان (Bröder & Hohmann, 2003; Chavanne & Gallup, 1998). ترسانی زێدە لە دەستدرێژی پێوەندییەکی ئەرێنی هەیە بە ڕەفتارە خۆپارێزەکان، هاوشێوەی خۆلادان لەوەی لە شوێنێکدا بەتەنیا لەگەڵ پیاوێک بن بەبێ ئەوەی بەچاکی بیناسن، یانیش پیاوێک ئارەزووی سێکسی بەهێزی هەبێ و بەردەوام بەدوایەوە بێت.
ژنانی گەنج زیاتر لە دەستدرێژی سێکسی دەترسن لە ژنانی بەتەمەن، ئەوانەی ترسیان پترە لە هەڵکوتانەسەر و دزی لێ کردنیان، ئەم زانیارییانەش تەواو یەک دەگرنەوە لە هەژمار و دەرەنجامی تۆژینەوەکانی دەکرێن لەبارەی دەستدرێژییەکان (Pawson & Banks, 1993). ڕاپرسییەک لەسەر 844 ژن لە وەڵاتی سلۆڤاکیا کراوە، کچانی پاکیزە (سێکسیان نەکردووە و پەردەی کچێنییان ماوە) پتر خۆیان بەدوور دەگرن لە ژنانی نەپاکیزە (Prokop, 2013). لەگەڵ ئەوەی گریمانەی (پاسەوانی تایبەتی) ڕاستەوخۆ ئەزموونی لەسەر نەکراوە، بەڵام هەر ژمارەی سکاڵای ژنانی شووکردوو کەمترە لەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە (Wilson & Mesnick, 1997).
هاوشێوەی ئەوانە و جارێکی دی، بۆ ڕوونکردنەوەیەکی چاکتری خۆگونجاندنەکانی ژنان دژ بە دەستدرێژی سێکسی، ئاماژە دەدەین بە لێکۆڵینەوەکانی مەککیبین و هاوڵەکانی (2009)، ئەوانەی چوار ڕێکاری باویان دەستنیشان کردووە کە ژنان بەکاری دەهێنن بۆ خۆ بەدوور گرتن لە دەستدرێژییە سێکسییەکان (McKibbin, Shackelford, Miner, Bates, & Liddle, 2010):
1- دوورکەوتنەوە لە پیاوە نامۆیەکان، یان مەترسیدارەکان (دوورکەوتنەوە لەو پیاوانەی ناسراون بەوەی خۆیان بە زۆر بەسەر ژناندا دەسەپێنن).
2- دوورکەوتنەوە لە خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنە سێکسییەکان (لەبەرنەکردنی جلوبەرگی تەنک و ڕووت).
3- دوورکەوتنەوە لە تەنیابوون (مانەوە لە نزیک کەسانی دیکە لە کاتی چوونە دەرەوە).
4- ئاگەداری و هۆشیاری لە بوونی دەستدرێژیکەران و شارەزابوونی شوێنەکانی دەوروبەر (بۆ نموونە، سەیرکردنی دەوروبەری خۆت پێش هاتنە دەرەوەت لە ئۆتۆمبێل)، (McKibbin, Shackelford, Miner, Bates, & Liddle, 2010).
دواجار بەکورتی دەبێژین، ئەو تۆژینەوە و ئەزموونانەی کراون تا ئێستە، ئەگەرچی بە ڕادەی پێویستیش نین، بەڵام دیسانەوە گەلەک هیوابەخشن بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی بەرگرییەکانی ژنان دژی دەستدرێژییە سێکسییەکان. بە سەرنجدان لە ڕێژە بەرز و مەترسیدارەکەی دەستدرێژی سێکسی لە ژینگە و کۆمەڵگە هاوچەرخەکان، هەوڵێکی زۆر و لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی گەرەکە بۆ گەڕان بەدوای دیارکردنی شێواز و ڕێکارە گرینگەکانی دژ بە تووندوتیژی و دەستدرێژییەکان و زانینی ڕێژەی کاریگەرییان. پێویستبوون بەمەش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕدرێ، ئینجا چی بۆمان بەدەر بکەوێت ئەو ڕێکارانە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووی تایبەتمەندن، یاخۆ بەرهەمی لاوەکی میکانیزمەکانی هەست و سۆزدارییە گشتییەکانن.
............................................

سەرچاوەکان؛ 

Evolutionary Psychology
The New Science of the Mind ... David M. Buss

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە