• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  

چەنەبازەکانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان

Monday, 12/07/2021, 3:10

1358 بینراوە


لەم ساڵانەی دوایدا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە جێگەیەک ڕێک لە مەیدانی ئاژەڵان دەچێت، هەرچی هەڵدەستێت خۆی تێدا بەتاڵ دەکاتەوە، ئەوان بوونەتە ڕێپیشاندەری خەڵکی. هەندێکیان تاوتوێی سیاسییش دەکەن، هەندێکیان کۆمەڵایەتی، هەندێکیان سایکۆلۆژی. هتد. لە هەمووی سەمەرەتر تێکشکاوی وایان هەیە کە خۆی هەموو شتێکی دۆڕاندوە، کەچی دەیەوێت کۆمەڵگا پەروەردە بکات و خۆی بە ڕێنشاندەر دەزانێت. !
 چەنەبازەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەدوای شتێکەوەن کە خۆشیان نازانن چییە. ؟ 
لە ڕێگەی ئەم چەنەبازانانەوە هەموو ئەوەمان لەدەستداوە، کە بەدرێژایی ژیان شەڕمان بۆ دەکرد، هەرچیەک لەو هەرێمە کڵۆڵەدا ڕوو دەدات، چەنەبازەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستدەکەن و شەن و کەوکردنی ڕووداوەکان. ئاخر ئەم چەنەبازانە حەوت فرسەق لەڕووداوەکانەوە دوورن، کەچی مافبەخۆیان دەدەن قسەی بەرز و نزم بکەن. تراژیدیا لەوەدایە کە خەڵکانێکی بەتاڵ وەک چەنەبازەکان دێن و گوێ لەم پوچانە دەگرن کە هەموو خۆیان لێبۆتە عاریف و زانا و دانا، لەکاتێکدا جوگرافیای گوندەکەی خۆشیان نازانن، کەچی باس لە سیاسەت و چارەسەری نەخۆشی و دەوا و دەرمان و قازی و دادگاو نەوت و خۆراک و داودەرمان دەکەن، هەندێکیان لەسەر ڕووداوەکانی جیهانیش چەنە ئەدەن.. 
 ئەم چەنەبازانە لە سیاسییە سەربەتاڵەکانی هەرێم دەچن، ئاخر کەسێک لەژیانیدا دوو ئەزمونی نەبێت چوارکتێبی نەخوێندبێتەوە، دووکۆڕی ئەدەبی و چوار فیلمی مێژوویی سەیر نەکردبێت. لە خانەوادەیەکی تێکشکاو و داماو هاتبێت، دەتوانێت چیمان پێبڵێت ؟
جارێک مامۆستایەکی سویدیمان کە میوانداری کردین بۆ ماڵەکەی خۆی هەموو قوتابی پۆلەکە بەخۆشحالیەوە لەگەڵی چووین. 
 من ناوی مامۆستاکەم نابوو (ڕاستی) هەموو قوتابیەکانیش ناومان نابوو " ویکوپێدیا. یان فەرهەنگ " ئەو مامۆستایەمان هێندە زیرەک بوو تەنها پرسیارێک بەس بوو کە لێی بکەیت. ئیتر دەیبردیت بۆ گەشتێک کە لە بەهەشت دەچوو، پڕی دەکردیت لە زانست و زانیاری نەبیسراو. گرنگ نەبوو پرسیارەکە مێژوویی، سیاسیی، ئابوریی، یان هەر بابەتێکی تربوایە. ئەو ڕۆژەی کە چوینە ماڵەکەی ئەو بەتەنیا دەژیا دار و دیوار و مێز و زەوی کورسییەکان هەمووی کتێب بوون. بەشەرمەوە ووتی ببورن من ماڵەکەشم کۆکردۆتەوە بەڵام هەر شێواو دیارە. مۆنیکای هاوڕێمان پرسیاری لێکرد، کە داخۆ هەموو کتێبەکانی خوێندۆتەوە؟
لە وەڵامدا مامۆستاکەمان ووتی : دەبێ پرسیارەکەت بەشێوەیەکی تر بکردایە. کە داخۆ چی فێربووم لەم کتێبانە؟
 من ووتم : باشە مامۆستا تۆ بۆ نانوسی؟!
بە ڕووە خۆشەکەیەوە ووتی هەرجارێک کتێبێکی باش دەخوێنمەوە دەڵێم مرۆڤ دەبێت لەم کتێبە باشتر بنوسێت، دڵگران مەبن ساڵێکی تر خانەنشین دەبم چیرۆکی ئەو قوتابیە زۆرانەم دەنوسمەوە کە لەهەموو گۆشەیەکی دنیاوە هاتوون و من ئەو بەختەم هەبووە گوێم لە چیرۆکی ژیانیان بێت، بیرتان نەچێت نووسین و قسەکردن بەرپرسیارێتییەکی ڕەوشتە. ئێستا با قاوەکانمان بخۆینەوە. 
مامۆستاکەمان بەشەرمەوە قاوەی پێشکەشکردین. 
 چەنەبازەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی کوردیش هەموو شتێکیان وەکو خۆیان سەرەوژێر کردووە. گۆرانی، سروود، ئاین، سیاسەت، مۆسیقا، تەنانەت، مرۆڤ نازانێت چۆن لەم تالوکەیە دەرچێت. ئاخر تۆ بتەوێت سەیری بابەتێک بکەیت. لە پڕێکا کەسانی وا دێنە پێشەوە مرۆڤ شەرم دەکات هەر سەیری دەموچاو و بیچمیان بکات. 
بە داخەوە ژیان هێندە سەمەرە بووە، جێگەی ئەم هەموو ئەم ناهەمواریە بگرێتەوە. !
 گەر ئێمە بمانەوێت دنیا بگۆڕین لە دەرەوەی چەرمەسەرییەکان. چاکترە گوێ لە خۆمان بگرین، نەک لە چەنەبازەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە زۆر لەوانە تا ئێستا خۆیان وونن، کەچێ دەیانەوێت رێگا پیشانی خەڵکی بدەن. 
چ سەمەرەیەکە مرۆڤ لەمردنی بەر ڕوناکی بترسێت، کەچی لەتاریکیدا ژیانێکی تر قبوڵ بکات!
نازانم کامە عاریف بوو کە ووتی : خۆت فێری حەقیقەت بکە، بەڵام لە حەقیقەت بتێک دروست مەکە و مەیخوڵقێنە. 

 پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە