دەبێت وەزیرى داد هەڵوێست لە دژى لەشكرى تایبەت و دەسەبەسەركردنى بەڕێوەبەرى پۆلیس وەربگرێت

Saturday, 06/06/2009, 12:00

3890 بینراوە


دوابەدواى ئەوەى كە بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر عەمیدى ماف عەبدولخالق تەڵعەت بەپێى فەرمانى دادوەر و وەزیرى ناوخۆ و بە مەبەستى دەستگیركردنى تاوانبار لوقمان سەیودین، دەچێتە مەسیف سەلاحەدین، لە لایەن لەشكرى تایبەتى مەسعود بارزانى لە برى رادەستكردنى تاوانبار و بكوژ، بە پێچەوانەى هەموو یاسا دینى و دەستوورى و مرۆڤایەتیەوە لەشكرى تایبەت بەڕێوەبەرى پۆلیس دەستگیر دەكەن!
ئێمە وەكو كۆمەڵێك پارێزەر لە شارى هەولێر دەنگى ناڕەزایى خۆمان لە رێى ئەم سایتە دەسەڵات ترسێنەوە بەرز دەكەینەوە، كە ئەو كارەى بەرامبەر بە بەڕێوەبەرى پۆلیس كراوە ئیدانە و ریسوا دەكەین، هاوكات هەوڵیش دەدەین كە پۆلیسى ئینتەرپول و رێكخراوە مەدەنیى حكومیە مافەكانى جیهانى لێ ئاگادار بكەینەوە، چونكە پشتگیرى كردن لە بكوژێك هیچ یاسایەك قبوڵى ناكات، پێشتریش لە لایەن بەرپرسێكى ترى پارتیەوە لە شارى هەولێر دەستدرێژى كرایە سەر پارێزەر (خ. ش) و دواجاریش ترسیندرا كە لێدوان بۆ هیچ كەناڵێك نەدات، ئەوەى كە بەرامبەر بە بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارێك كراوە، دەبێت هاوڵاتیەكى دەرەجە 4 بخرێتە ژێر پێى چ رێكخرا و ناوچە و كوڕە مەسولێكى پارتیەوە؟!
بە پێى یاسا ئەوەى كە حەسانەى یاسایى هەبێت ئەم ئەندامانەى خوارەوە دەگرێتەوە، كە هەر كردەوەیەك تەشكیل بكرێت و ببێتە هۆى جەریمە، لێپرسینەوەى لەگەڵ ناكرێت تا وادەى پۆستەكەى تەواو دەبێت، ئەمەش بە لەبەرچاو گرتنى بەرژەوەندى گشتى وەك:
سەرۆكى هەرێم
سەرۆكى حكومەت
وەزیر
ئەندام پەرلەمان
سەرۆكى یەكە ئیداریەكان
بەڵام لە كاتى تەواوبوونى كارەكەى لێپرسینەوەى لەگەڵ دەكرێت، بەدەر لەمانە هەر كەسێكى تر كارێك بكات كە ببێتە هۆى جەریمە بە پێى یاسا لێپرسینەوەى لەگەڵ دەكرێت، تەنانەت ئەو كەسە پلەى لە هەر ئاستێكى سیاسیشدا بێت.
بەم پێیە بێت نەك لوقمان سەیودین، بەڵكو دەبێت شێخ مەنسوریش كە كەسى یەكەمى ئەو لیوایەیە لێپرسینەوەى لەگەڵ بكرێت، چونكە مەسعود بارزانى هەمیشە جەخت لە سەروەرى یاسا دەكاتەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە