هۆکاری بوونی زمان لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Friday, 19/04/2024, 20:07

531 بینراوە


"زمان، وەک هۆشیاری لە پێویستییەوە سەرهەڵ دەدات، پێویستی بە پەیوەندیکردن لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە." کاڕل مارکس

پەرەسەندنی زمان

زمان توانایەکی گەلەک ناوازە و نایابە، لەبەرئەوەی تەنیا بە بەدەرکردنی هەندێ دەنگ و هات و هاوارێک لە دەممانەوە، دەتوانین کۆمەڵە پێکهاتەیەکی چڕ و تۆکمە دروست بکەین بۆ ئەو بیرۆکانەی سەرهەڵ دەدەن لە هزر و هۆشی یەکدیماندا (Pinker, 1994). زمان بابەتێکی یەکجار سەخت و ئاڵۆزە هەرگیز نەتوانین بە چەند دێڕێکی کەم لێی بدوێین. ئەوەی لێرەدا بایەخی پێ دەدەین و لێی ورد دەبینەوە دوو پرسی گرینگ و سەرەکیین لە دەروونناسی پەرەسەندنەکیدا.
1- ئایا زمان خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووە؟
2- کامە کێشەی خۆگونجاندنە ئەگەر هەبێ کە زمان لەپێناویدا پەرەی سەندووە تا چارەسەری بکات؟

ئایا زمان خۆگونجاندنە، یاخۆ بەرهەمێکی لاوەکییە؟

گوتووێژ و مشتومڕییەکان لەنێوان دوو بەرەدان، لە بەرەیەکدا دوو کەسایەتی ناودار هەن، نوام چۆمسکی زانای زمانناسی بەناوبانگ و زانای زەویکۆڵزانی کۆچکردوو ستیفن جەی گۆڵد. هەردووکیان پێ دادەگرن لەسەر ئەوەی زمان بە هیچ شێوەیەک بە خۆگونجاندن داناندرێت، بەڵکوو بەرهەمێکی لاوەکییە، یان کاریگەرییەکی لاوەکییە بۆ گەشەسەندنە فرە مەزنەکەی مێشکی مرۆڤ (Chomsky, 1991; Gould, 1987). بە ڕای ئەم دوو زانایە مێشکی مرۆڤ خۆی بەرهەم و دەرەنجامی هەڵبژاردنی سروشتییە، بەوەی کاتێک مێشک گەیشتە ئەو ئاستە لە قەبارە و ئاڵۆزییە لەڕادە بەدەرەکەی ئێستەی، بووە هۆی سەرهەڵدانێکی خۆبەخۆی زمان، وەک یەکێک لە چەندان کاریگەری و دەرکەوتەی لاوەکی دیکە. ئەم زانایانە پێیان وایە ئەگەر ئێمە بێین و ملیاران دەمارگەلی مێشکی بە بەستەیەک بئاخنینە کەلەنێکی بچووک کە کاسەسەر دای دەپۆشێت، ئەوا بەئاسانی زمانی لێ پەیدا دەبێت. ئەمە هاوشێوەی گەرمیی بەبەرهەم هاتووە لە گڵۆپێک، بەو واتایەی تۆ ناتوانیت گڵۆپێک دروست بکەی بۆ ئەوەی ڕووناکیت پێ بدات، بەبێ لێوە دەرچوونی بڕێکی دیارکراو لە گەرمیی بە شێوەی بەرهەم و دەرنجامێکی لاوەکی. زمانیش بۆ مێشکە زلەکەی مرۆڤ وەک گەرمییە بۆ گڵۆپەکان، واتە بەرهەمێکی لابەلایییە، نەک شتێکی سەرەکی بێت بۆ مەبەست و پیشە و کار و فەرمانەکانی خۆی. ئەگەرچی ئەم ڕاڤەیە بۆ بابەتی گڵۆپەکە ئاشکراو و ڕوونیش بێت، بەڵام لەبارەی مێشکەوە تا ڕادەیەک سەخت و ئاڵۆزە، چونکە یاسا فیزیکییەکانی دەبنە هۆکاری دەرکردنی گەرمیی وەک بەرهەمێکی لاوەکی بەتەواوی ناسراون، کەچی هەتا ئێستە هیچ یاسایەکی گونجاومان نییە بۆ پێکبەندی کۆمەڵێک لە دەماری چڕکراوە و پەستێنراو کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی زمان.
لەڕاستیدا هەندێ لە زاناکان پێیان وایە، بیروڕاکانی چۆمسکی-گۆڵد لێکدانەوەیەکی شاراوە و سۆفیگەرییان لەخۆ گرتووە. بۆیە پێ دەچێت لەم دواییانەدا چۆمسکی و هاوەڵەکانی تۆزێک نەرمییان نوواندبێ، بۆ ئەوەی بوار بڕەخسێنن بۆ ئەگەری ناساندنی زمان بە شێوەی خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوو. لەسەر ئەم بنچینەیەوە پێشنیار دەکەن کە زمانی مرۆڤ ڕەنگە بە فشارە تایبەتییەکانی هەڵبژاردنی سروشتی سەیر و ناوازەی مێژووی ڕابردووی پەرەسەندنمان ڕێنمایی کرابێ، کە تایبەتە بە ڕابردووی پەرەسەندنمان، یاخۆ دەرنجامێک بووبێ (بەرهەمێکی لاوەکی)، لە جۆرە جیاجیاکانی پێکهاتە دەمارەکییەکان (Hauser, Chomsky, & Fitch, 2002).
زانای دەروونناسی پەرەسەندنەکی ستیفن پینکەر (Steven Pinker)، ڕابەرایەتی بەرە پێچەوانەکەی ئەم پرسە دەکات، پێی وایە زمان خۆگونجاندنێکی پتەو و نایابە لەپێناو گەیاندنی زانیارییەکانەوە کە لەلایەن هەڵبژاردنی سروشتییەوە دروست کراوە (Pinker, 1994; Pinker & Bloom, 1990). پینکەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە و دەڵێت، لەبەر بوونی ئەو پێکهاتە قووڵ و یاسا و رێسایە یەکجار نایاب و ڕێکوپێکەی زمان کە بۆ ئەرکی پێوەندیکردن نەخشێندراوە، هەرگیز ڕێی تێ ناچێت بەرهەمێکی لاوەکی و ئاسایی بێت بۆ مێشکێکی زل و گەورە. ئەو یاسا زمانەوانییانە کۆمەڵە چەمکێکیان تێدایە جیهانین، هاوشێوەی شتگەلە فەرهەنگییەکانی وەک پیتی پێوەندی، ناو، ئاوەڵناو، کار و بکەر، ئەوانەی چەند بنەمایەکن بۆ پێکهێنانی ڕستە. هاوکات ئەو ڕێسایانەش لەخۆ دەگرێت کە هەڵ دەستن بە ڕێکخستنی ڕیزبەندی وشەکان لە ڕستەکاندا، تاکوو ئەو مانایە خوازراوەی مەبەستە بدەن بەدەستەوە. لە زمانێکی وەک ئینگلیزی ڕستەی "سەگ گازی لە پیاوێک گرت" لەگەڵ "پیاوێک گازی لە سەگێک گرت" مانایە جیاوازەکەیان گەلەک ئاشکراو و ڕوونە. هەر هەموو زمانەکانیش جۆرە وشانێک و شێوازێکیان هەیە بۆ جیاکردنەوە و دابەشکردنی کات (لە ڕابردوو، ئێستە، یاخۆ ئایندە)، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری دەربڕینە واتاییەکان و جیهانییەکان.
پینکەر ئاماژە بەوە دەدات منداڵان زوو و لە تەمەنەی دەوروبەری سێ ساڵان فێرە ئاخاوتنێکی ڕێک و زیرەکانە دەبن و دەکارن گەلەک ڕستەی سەخت و دژوار دابڕێژن، بەبێ ئەوەی فێر بکرێن، یاخۆ بچنە فێرگە و خوێندنگەکان. هاوکات پابەند دەبن بە نهێنی ڕێساکانی ڕێزمان، هەرچەندە لە کۆمەڵگەکەیاندا بەچاکی دیار و ئاشکراش نەبن. سەرباری ئەمە زمان بەندە بە هەندێ شوێنی تایبەتی لە مێشکدا، ئەوانەی دەناسرێن بە ڕووبەری وێرنیک و ڕووبەری برۆکا (Broca’s area -Wernicke’s area )، هەر زیانێکیش بەر ئەم دوو ڕووبەرە بکەوێت دەبێتە هۆی تێکچوون و شێوانی زمان و ئاخاوتن.
وا پێ دەچێت ڕێڕەوی دەنگ لە مرۆڤدا، بە پێچەوانەی ئاژەڵە سەرەکییەکانی دیکە بەتایبەتی بۆ دەرکردنی گەلەک جۆرە دەنگی جیاجیا چێ بووبێ، وەک چۆن قورگ کەتووەتە ژێرەوەی گەروو. دەرەنجام هەستی بیستنمان، واتە میکانیزمی گوێبستیی دەنگەکان، تایبەتمەندییەکی تەواوکەر و وردمان پێ دەبەخشێت کە لەو ڕێیەوە بکارین لە کۆد و هێمایەکانی دەنگی ئەو ئاخاوتنانە تێ بگەین کە لەلایەن مرۆڤەکانی دیکەوە بەرهەم دەهێنرێن. لێرەدا پینکەر پێشنیاری ئەوە دەکات، ئەگەر ئێمە بێین و هەموو ئەو خاڵانە پێکەوە گرێ بدەین، ئەوا دەبێتە بەڵگەیەکی فرە بەهێز کە زمان خۆگونجاندنێکی پەرەسەندووە، ڕێک هاوشێوەی دیارکردنی شوێنەکان بەهۆی دەنگدانەوە لە شەمشەمەکوێرەکان و دەزوو و ئانتێنەکانی هەستکردن لە مێروو و مەگەزەکاندا، یاخۆ بینینە سێ دووریی و بەرجەستەکەی مەیموونەکان. زمان نەخشەسازییەکی ئاڵۆزی گشتگیر و جیهانیی بۆ گەیاندنی زانیارییەکان نیشان دەدات، بەمەش ئاکامەکانی هەڵبژاردنی سروشتی دەبێتە تاکە ڕاڤەی ناسراو بۆ سەرچاوەی پێکهاتە زیندەکییە ئاڵۆزەکان لە پەرەسەندندا (Pinker & Bloom, 1990). پینکەر پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی، زمان شتێکی سروشتی و خۆرسکە (غەریزە)، بەو واتایەی "مرۆڤەکان دەزانن چۆن بدوێن بە کەم تا زۆر بە هەمان ئەو شێوەیەی جاڵجاڵۆکە دەزانێت چۆن تۆڕ و تەونەکەی دەچنێتەوە ..... زمان گونجاندنێکی بایۆلۆژییە بۆ گەیاندنی زانیارییەکان" (Pinker, 1994).

بۆ چارەسەرکردنی کامە گیروگرفتی خۆگونجاندن زمان پەرەی سەندووە؟

بیردۆزی باو لەبارەی کاری زمان پێمان دەڵێت، زمان پەرەی سەندووە بۆ ئاسانکاریی پێوەندیکردنەکان، واتە بۆ ئاڵوگۆڕی زانییارییەکان لە نێوان تاکەکاندا (Pinker, 1994). گۆڕینەوەی زانیارییەکان دەکارن یاریدەر بن بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئەرک و فەرمانەکان: ئاگەدارکردنەوەی خێزان و هاوڕێیان لە مەترسییەکان، پێدانی زانیاری بە هاوپەیمانان بۆ شوێنی تووی پێگەیشتوو، ڕێکخستن و هەماهەنگی لە کاتی ڕاوکردن و جەنگەکان، بەدەستهێنانی ڕێنمایی بۆ دروستکردنی پەناگەکان، کەرستە و ئامرازەکان، چەک و شتانێکی دیکەی جیاجیا.
سێ بیردۆز پێشنیار کراون و کێبڕکێ دەکەن سەبارەت بە کار و فەرمانەکانی زمان، هەر هەمووشیان دەچنەوە سەر ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان.
یەکەم: گریمانەی گۆتەگۆتە کۆمەڵایەتییەکان (Robin Dunbar, 1996).
بەگوێرەی ئەم گریمانەیە زمان پەرەی سەندووە بۆ ئاسانکاری بەڕێوەبردن و پاراستنی یەکگروتوویی و پێوەندی نێوان کۆمەڵە گەورەکانی مرۆڤ. زانای پەرەسەندن ڕۆبن دەنبار دەبێژ‌ێت، زمان لەپێناو ئەوەدا پەرەی سەندووە تا تۆڕە ئاڵۆزەکانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک بخات وەک، کێ پێوەندی سێکسی لەگەڵ کێدا دەبەستێت، کێ فێڵی لە کێ کردووە، متمانە بەکێ بکرێ بۆ پاراستنی ڕاز و نهێنییەکان، کێ دەکرێ وەک هاوڕێیەکی باش، یان هاوبەش بێت لە هاوپەیمانەتییەکان، کامە هاوپەیمانەتی نیشانەکانی لێکترازانی تێدا بەدەر دەکەوێت، کێ خاوەنی پلەوپایەیەکە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک و بەرانبەر بە کێ. دەنبار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە زمان جۆرێکە لە (بایەخدان و بەتەنگەوەهاتنی کۆمەڵایەتی)، لەبەرئەوەی قەبارەی کۆمەڵەکان هێندە زێدە بووە کە ئەستەمە مرۆڤ بتوانێ کاتێکی پێویست تەرخان بکات بۆ تاکەکانی هاوپەیمانەتییەکان، تاکوو لەڕووی جەستەیییەوە بایەخیان پێ بدات و چاودێرییان بکات، هەروەک چۆن شیمپانزییەکان پێی هەڵ دەستن.
جارێکی دیکە دەیڵێنەوە کە زمان پەرەی سەند بۆ پتەوکردنی پێکبەندی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆمەڵە گەورەکاندا، لەڕێی قسەوقسەڵۆک و گۆتەگۆت بە مانا فراوانەکەی، واتە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لەبارەی ئەوەی کێ بکەر و ئەنجامدەری چییە و بەرانبەر بە کێ. ئەم بیرۆکەیە وەک بیردۆزێکی تەواو بۆ پەرەسەندنی زمان، گەلەک ڕەخنەی ئاراستە کراوە، لەبەرئەوەی مرۆڤەکان زمان بۆ زۆر بابەتی جوراوجۆری پتر لە گۆتەگۆتی و بایەخدان و بەتەنگەوەهاتنی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن (Scott-Phillips, 2007).
دووەم: گریمانەی پەیمان، یاخۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی (Deacon, 1997).
بیرۆکەیەکی دیکەیە بۆ سەرچاوە و ئەرکی زمان، بەپێی ئەم گریمانەیە، کێشەکانی جووتبوون ئاڵۆزتر و سەختتر دەبوونەوە ئەو دەمەی ڕاوکردنی ئاژەڵە گەورەکان سەریان هەڵدا. پیاوان دەبووایە هاوسەرەکانیان بە تەنیا بەجێ بهێڵن لەکاتی چوونە دەرەوەیان بە مەبەستی ڕاوکردن، ئەمەش دەبووە هۆی زێدەبوونی ئەگەری ناپاکی و مەترسی هێرشکردنە سەریان. بەگوێرەی ئەم بیرۆکەیە زمان پەرەی سەندووە بۆ ئاسانکاری لە گرێبەستییەکی ڕوون و ئاشکرای هاوسەرگیری. بەمەوە پیاوان و ژنان توانیان بەئاشکرا و لەبەرچاوی هەمووان بەڵێن بدەن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرک و مافی هاوسەرگیرییان، بەمەش یەکدی و گشت کەسانی نێو کۆمەڵگەکەیان تێ بگەینن کە هاوسەرەکەیان یاساغ و قەدەغەن بۆ ئەوانەی دی.
لەڕاستیدا ئەم گریمانەیەش دووچاری گەلەک کێشە و ڕەخنەی تووند بووەتەوە لەوانە: شکست دەهێنێت لە ڕاڤەکردنی ئەوەی کۆمەڵە گەورە یەکگرتووەکان لە بنچینەوە چۆن دێنە پێکهاتن و دامەزراندن، هاوکات پێی ناکرێ پێمان بڵێت بۆچی هەندێ جۆر دیکەی ئاژەڵان گرفتی جووتبوونی چارەسەر کردووە بەبێ پەنابردنەبەر زمان، شکستیش دەهێنێت لە ڕوونکردنەوەی هۆکاری لێکترازان و هەڵوەشانەوەی پەیمانەکانی هاوسەرگیریی (Barrett, Dunbar, & Lycett, 2002).
سێیەم: گریمانەی شەهرەزاد (Miller, 2000).
گریمانەیەکە بەناوی کارەکتەری سەرەکی چیرۆکی هەزار و یەک شەوە کراوە، گوایە پادشایەک لەبەر مەترسی ناپاکی بڕیار دەدات هەر کچێک بخوازێت لە شەوی یەکەمدا بیکوژێت، کاتێک شەهرەزاد دەبێتە ژنی ئەوا شەوانە چیرۆکێکی بەچێژ بۆ پادشا دەگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی تەواوی بکات، پادشاش لە خۆشی چیرۆکەکان کوشتنی شەهرەزاد هەموو شەوێک دوا دەخات.
بنەمای ئەم گریمانەیە لەوەدایە کە مێشکە زلەکەی مرۆڤ لەبنەڕەتەوە هاوشێوەی کلکی تاوسە، بەو واتایەی ئەندامێکی سێکسی هەڵبژێردراوە و پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی ببێتە نیشانەیەک بۆ بەدەرخستنی بوونی توانایەکی گونجاوی بەرز لە کەسەکاندا کە ئەگەری هاوسەرگیرییان لێ دەکرێت. بە سەرسامکردنی ئەوانەی شیاون بۆ هاوسەرگیریی لەڕێی گاڵتەوگەپ، گوتەی سەرنجڕاکیش و پێکەنیناوی، چیرۆکی نامۆ و وشەگەلە ئەفسووناوییەکان، بەمانەوە ئەو کەسانەی توانایەکی باڵایان هەیە لە زمانەوانی و داڕشتنی ڕستەی وێژەیی ڕێکوپێک، هەلی جووتبوون و بەدەستهێنانی هاوسەریان زیاتر و باشترە لەو ڕکابەرانەی بە زمانێکی لاواز و تێکئاڵاو دەدوێن و ناتوانن بە شێوازێکی جوان هەستیان دەرببڕن.

هەڵبژاردنی سێکسی و سەرچاوەی زمان

پینکەر و بلوم (1990) ئاماژەی بەوە دەدەن، " زۆرینەی سەرۆک هۆزەکان هەم دواندەری چاک و بەهرەمەندن و هەمیش خاوەنی ژنی زۆرن، ئەمەش بێگومان پاڵنەر و هاندەرێکی مەزن و ناوازەیە بۆ هەر کەسێک کە نەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە، چۆن کارامەیی زمانەوانی دەکارێت جیاوازییەکی داروینی دروست بکات".
لەگەڵ ئەوەش گریمانەی هەڵبژاردنی سێکسی دەربارەی سەرچاوەی زمان ڕووبەڕووی چەندان کێشەی دەبێتەوە. خۆگونجاندنە هەڵبژێردراوە سێکسییەکان بە شێوەیەکی گشتی جیاوازییەکی بەرچاو و سەرنجڕاکێش لە نێوان ڕەگەزەکاندا نیشان دەدەن، لە کاتێکدا زانراوە ژن و پیاو توانای زمانیان بە نزیکەیی یەکسانە. ئەو خۆگونجاندنانە لە قۆناخی پێگەیشتندا بەدەر دەکەون، لەبەرئەوەشە کەسەکان پتر لەو قۆناخەدا بەتووندی دەچنە ناو کێبڕکێی جووتبوون و هەڵبژاردنی هاوسەر، کەچی زمان زۆر زوو و لە سەرەتای تەمەندا سەرهەڵ دەدات، بەرزترین ئاستی پەرەسەندنی زمان لە سێ ساڵیدا دەبێت (Fitch, 2005). لە لایەکی دیکەوە، زانراوە زمان تا کۆتایی قۆناخی هەرزەکاری ناگاتە ئاستێکی پێگەیشتوو و تەواو لە کارامەیی و توانا ڕاستەقینەکانی – ئەمەش لەڕاستیدا دەرەنجامێکە پشتگیری لە گریمانەی هەڵبژاردنی سێکسی میلەر دەکات (Scott Phillips, 2007).
هەرچەندە گەلەک جار ئەم گریمانانە بە شێوەیەک گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت وەک ئەوەی کێبڕکێیان لەنێواندا هەبێ، یاخۆ دژکار و پێچەوانە بن لەگەڵ یەکدیدا، بەڵام دیسانەوە بەتەواوی ئەگەری ئەوە هەیە زمان بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندبێ بۆ چارەسەرکردنی چەندان جۆرە کێشەی خۆگونجاندنی جیاجیا، ئینجا هەرچی پاڵنەرێکی سەرەتاییشی هەبووبێ بۆ سەرهەڵدانی. ڕاستە زمان بەکار دەهێنرێ و پێ دەچێت بەباشی داڕێژرابێ بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی جیهانی فیزیکی و کۆمەڵایەتی (Cartwright, 2000)، بۆیە ناکرێ بیردۆزی باو و ناسراوی گەیاندنی زانیارییەکان بەلاوە بنرێت Pinker & Jackendoff, 2005)).
لەبەرئەوەیە لەو کاتەوە زمان پەرەی سەندووە، هیچ هۆکارێک نییە بەرەو ئەو بیروڕایەمان ببات بڵێین، پێویست بوو لەسەر هەڵبژاردنی سروشتی بەکارهێنانی زمانی تەنیا لە ئەنجامدانی ئەرکە بنەڕەتییەکەدا سنووردار بکردبایە. بەڵکوو دەیتوانی پەرەسەندنی پتر بەدەست بهێنێت، بەهۆی بەکارهێنانی لە پێکبەندی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، چاودێریکردن و ئاگەداربوون لە کەسانی فێڵباز، ئاڵوگۆڕی خۆشەویستی و دڵداریکردن لەگەڵ هاوسەرەکان، گرێبەستی پێکهێنانی هاوسەرگیریی، بەستانی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ کۆمەڵەی دراوسێکان (Redhead & Dunbar, 2012). هاوکات دەکارێ پەرە بسێنێت بۆ کاریگەری و کارتێکردن و یاریکردن بە کەسانی دیکە - ئەوەی ناوی لێ نراوە بە "زیرەکی ماکیاڤێلی" (Byrne & Whiten, 1988). ئەم زیرەکییەش پێناسە دەکرێ بە، توانی بوونەوەرە زیندووەکان بۆ بەشداریکردن لە کاروبارە باش و سەرکەوتووە کۆمەڵایەتییەکان، بەوەی هەردەم کێبڕکێیەکی تووند هەیە لەنێوان کەسەکان بۆ گەیشتن بە بەرزترین پلەی کۆمەڵایەتی و نەوە خستنەوە، بۆ ئەمەش پەرە دەدرێت بە جۆرە ڕێکارێکی ماکیاڤێلییانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. بە ئەزموون سەلمێندراوە کە مرۆڤ زمان و گۆتەگۆت و قسەوقسەڵۆک بەشێوەیەکی بەربڵاو بەکار دەهێنێت بۆ یاریکردن بە پلەوپایە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەی سوکایەتیکردن و کەمکردنەوەی بەها و پێگەی ڕکابەرەکانیان لەپێناو کێبڕکێی گەیشتن بە جووتبوون و هاوسەرگیریی (McAndrew, 2008; McAndrew & Milenkovic, 2002; Schmitt & Buss, 1996).
بەکورتی، هەرچەندە شێوازەکانی پێشوو جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پەیوەندیکردن، یان ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان ئەرکێکی پەرەسەندووە بۆ زمان، بەڵام ئەگەری زۆرە زمان دواتر پەرەسەندنی پتری بەخۆوە بینیبێ، یاخۆ هەڵبژێردرابێ بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشەی خۆگونجاندنە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە بەجوانی تەوەرەی سەرەکی ئەم بابەتە لەم بەشەدا دەخاتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەی زمان لە ڕووی مێژووییەوە دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ڕێبازی لکێکی دەروونناسی مەعریفی، یان زانستەکی، بەڵام بە لایەنی لۆژیکییەوە ناتوانرێ جیا بکرێتەوە لە سنووری لکێکی دەروونناسی کۆمەڵایەتی.
...........................

سەرچاوەکان؛ 

Evolutionary Psychology
The New Science of the Mind ... David M. Buss

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە