خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ناو کوردستانپۆست (بەشی چوارەم و کۆتایی)

Friday, 19/04/2024, 18:00

451 بینراوە


شیعری حەوتەم: وڵاتی باران

شیعری هەشتەم : ویترین
شیعری نۆیەم : چاوم تاسەمەندی بەژنی دولبەر
خۆشبەختانە فریا کەوتم کە لەم خوێندنەوەیەدا بۆ شیعرەکانی ئیلهام موردای لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەوە، دوا شیعریشی کە ژمارە(٩) یە لەگەڵدا بێت و خوێندنەوەی بۆ بکەم، ئەم بەشەی کۆتایی، بووە خوێندنەوە بۆ سێ شیعری ئەم دەنگە تایبەتە لە ئەدەبیاتی ژنانی کورددا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی داگیرکراوی کوردەوە.

شیعری حەوتەم / وڵاتی باران

باران، ئەو خۆشەویستییە ئازیزەی کە لەگەڵ ڕۆحمان دەدوێت و پاکمان دەکاتەوە و دەمانژێنێتەوە، وڵاتەکەی ئیلهام بەوڵاتی باران و بەفر و بەرخۆدان ناسراوە، ئەم هەست و بزوتن و کەرەسەیەش، هیچ کاتێک لەم نیشتمانی بارانەدا ئاوا هەستی پێنەکراوە و ئاواش دەرگای دڵانی بۆ واڵا نەکراوە. ئەمە لە سەردەمێکدا دەگەشێتەوە کە ژنی کورد دووبارە پێناسە بۆ مێژووی نەتەوەکەی، نووسین و بەرخۆدان دەکاتەوە. ڕەنگێکی تر، دەنگێکی تر و ڕێگایەکی تر، لەبەر نیشتمانەکەی دەکات، بە خەڵکەکەی دەبێژێ و بە نەتەوەکەی پیشان دەدات. 
من کە بۆ ڕێگای سەدان ساڵەی خەباتی نەتەوەکەم دەڕوانم و لێی ڕادەمێنم، کەلێنە گەورەکە و نشووستە مەزنەکە دەبینم و خوێن دەگریم، لە هەمان کاتدا کە بۆ ئایندە دەڕوانم هەستێکی قوڵ بە توانا و هێزییەوە، ئیرادە و هیوا و ئاواتم پێدەبەخشێ. ڕەشاییەک ئەم وڵاتی بارانەی ئیلهامی داپۆشییەوە، دارستان ڕەش، هەنار خوێناو دەچۆڕێنێ...بەڵام ئاسمان شین دەچێتەوە و ساماڵە.
دارەکان، کە دەشێ لە مرۆڤەکانی سەر هەمان خاکی هاوبەشی نێوان دار و مرۆڤەکان کۆنترن بن، مانای بینەری هەموو کارەسەتەکان بووبن کە بەسەر مرۆڤەکانی ئەو نیشتمانەدا هاتوون، هەنار کە هەمیشە هێمای خۆشویستن دەدات و جوانیی وەفا بۆ مەسەلەیەکی گرنگ و هێژا پیشان دەدات، بەڵام ئێستا لە خوێنی خۆیدا، لە وڵاتی باراندا، دەگەوزێ. ژیان لەم وڵاتەدا کە خواستی زیندووبوونەوە تێیدا خواستێکی بەهێز و لەبەر چاوە، دەکوژرێ، بەڵام ئیلهام دەبینێ ئەو ئاسمانەی کە جێژوانی ئەستێرە و مانگ و باڵندەکانە، ساماڵە واتە ژیان لە داهاتوودا ئاوەدان و زیندووە و ئارامە. 
بینینی ژیان لەهەموو بزووتنێکی پێچەوانەی روخسارە ڕوکەشەکەیدا، کە لە هەناویدا موژدەی ژیانەوە دەدات، ئەو هاوکێشە گرنگەی ناو شیعرەکانی ئیلهامن، کە تایبەتمەندیی وردی سەرنج ڕاکێشن لە ناو شیعرەکاندا. هەمیشە چەند خەسڵەتێک لەناو شیعرەکانیدا، خوێنەر ڕادەچڵەکێنێ و ناچار بە بیرکردنەوەی دەکات. ژیانەوە دوای نووشست، کە دەکاتە بەرخۆدانێکی بەردەوام، ڕووناکی لە ڕەشایی شەودا، کە دەکاتە ئازادی و بیرکردنەوە لە ئازادی، واتە ئەم شاعیرە توانای بەسەر ئەو هونەرەدا دەشكێت، کە لە تاریکی ڕووناکی و لە کووشتن ژیان دروست بکاتەوە، ئەمەش ئەرکی لە پێشینەی کۆمەڵایەتی هونەرە( کە نووسینیش هونەرە)، کە بریتیە لە بەرهەمهێنانی ئازادی. شەوی یەڵدایە، ڕەشایی شەو لە درێژترین سەردەمی خۆیدایە، وڵاتی باران بۆتە وڵاتی ئاگر و شۆڕش، هەر چەندە شەو گڵکۆی شەهیدی داپۆشیوە و زوخاو ئەڕێژێ دایکی جەرگ بڕاو، بەڵام ئاسمان ساماڵە و ڕووداوەکان لەم شەوە ڕەشەی یەڵدادا، موژدەی ژیانەوە و گەشانەوە و ئازادیی دەدەن، دارەکان بینەری ڕووداوەکانن و شاعیریش بە ڕەنگی سەوزی گەڵای دارەکان، مێژووی بەرخۆدانی شەهیدی ئازادیی  دەنووسێتەوە، ئەو نووسینەوەیەی کە دەبێت بە بەشێک لە مێژووی تێکۆشانی ژنی کورد، سەربووردەی گەلێک، کە دەیەوێ و دەبێ ئازاد بژی. 

شیعری هەشتەم : ویترین

هیچ کاتێک ڕابووردمان لێ جودا نابێتەوە، ئێستا بە هەزاران داو دەمانبەستێتەوە بە ڕابووردوەوە، لە جامخانەی ئێستای ژیانماندا ڕابووردوومان ڕاکشاوە. ویترین ئەو پەردە نەبینراوەیە کە فیلمێکی چەند پاتبووەوەی لەسەر پیشان دەدرێت، باس لە پەراوێزخستن لە مرۆڤ دەکات، دەرکردنی مرۆڤ لە ناوەندی ژیانەوە بۆ کەنارەکانی ژیان، باس لە بوونەوەرێک دەکات کە سەردەمانێک سەرچاوەی بوون و ژیان و خۆشویستن بوو، بەڵام ئێستا بۆتە دووپاتبووەوەیەک کە هێندە سەردەمانێکی درێژی بەسەردا ڕابووردووە کە لای کۆمەڵگا بۆتە ڕەفتارگەلێکی بە نۆڕم بوو کە ئاسایی بەرانبەر بەم پەراوێزخراوە ئەنجامی دەدەن، تەنانەت شاعیر لەو بڕوایەدایە کە هێندە دووپاتکراوەتەوە، ئێدی خودی ستەملێکراوەکەش پێی ڕاهاتووە و بۆی گرنگ نییە کە چی ڕوودەدات. ئەم پەراوێز خستنە هەموو گرنگییەکان بێ بایەخ دەکات، کاتێک هیچ هاوارێک نابیسترێ هیچ گوێیەک نابیستێ و هیچ چاوێک نابینێ، بۆیە دوای ئەم پەراوێزخستنە گشت و ئەم ستەمە قورس و ئەم بێدادییە، چی دەبێت گرنگتر بێت لە خودی مرۆڤەکە کە فڕێدراوەتە پشتی مێژوەوە؟!!. 
هەموو دژە دیاردە ژیارییەکان لەم ناوچەیەدا لە میحرابی مزگەوتەکانەوە و لە لێکدانەوەی کتێبەکانەوە و بەدەستی خێڵێک کە قۆڵیان بۆ کوشتنی ژنێک هەڵماڵییەوە، بڕیاری لەسەر دەدرێت، چارەنووسی مرۆڤێک بۆتە یاری کردن بە شمشێرێکی خوێناوی کە جگە لە یاساکانی خۆی هیچ یاسایەکی دی قبووڵ ناکات. یاساکانی خێڵی چەقۆش هەمان یاسای داعش و هاوڕێبازەکانێتی، ئەگەر داعش لە پێوانەیەکی گەورەتردا پەلاماری ژنان دەدات، ئەوە بەو مانایە نییە ژنان لە کۆمەڵگا بێ داعشەکاندا ژیانیان پارێزراوە و ناکوژرێن، بەڵکو خێڵی مەرگ و خێڵی چەقۆ هەمان ڕەفتاری داعشیان هەیە و هەمان ڕەفتار دووپات دەکەنەوە. 
ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی چەقۆی خێڵ و ڕەفتاری داعشیان، وشیار بوونەوە بە حاڵی خۆ و گەڕانەوە بۆ خۆ و خۆ بوونە، بۆ شکاندنی ئەو کۆت و زنجیرانەی چاندراون لە ناخدا، کە ژن دەباتە سەر خۆ ناسین. مرۆڤیش کە خۆی ناسی ئێدی توانا و ئیرادەی بەهێز و زیندوو دەبنەوە و لێرەوە سەرەتای پچڕانی کۆتەکان و سەرەتای هەڵگرتنی بەرپرسیاریی و بوێری بڕیاردان لە ناخی مرۆڤەکەدا دەژێتەوە و ژن دەکات بەو مرۆڤەی کە ئێستا دەیبینین. 

شیعری نۆیەم : چاوم تاسەمەندی بەژنی دولبەر

من ژنێکی بوێرم، من ژنێکی دلێرم، جوانترین ناسنامە و پێناسەیەک کە ئیلهام بۆ خۆیی و ژنانی کوردی بوێر و دلێری هەڵبژاردووە. ئەم پێناسەیە باس لە سەربووردەیەکی مێژوویی دەکات کە درێژبۆتەوە تا ئەم سەردەمەی ئێمە،  ئەم مێژووە بە سێ قۆناغ دابەش بووە: سەرەتایەکی گەش، کزبوونی ڕۆڵی ژن کە ماوەیەکی زۆری خایاند و تەقینەوەی توانا و دلێریی و بوێری ژنانی کورد. ژنی کورد لە دوو حاڵەت زیاتردا ناتوانرێت پێناسە بکرێت: دلێر و بوێرە یا دلێر و بوێر نییە، ئەم دوو خەسڵەتەش لە خەسڵەتگەلە بنجییە باڵاکانی مرۆڤێکی ئازادن کە ئیلهام خوێندنەوەی بۆ کردوون و ڕەگەزەکانی دەناسێ و پێیان ئاشنایە، هەر لێکۆڵینەوەیەکی ژنی کورد لە خۆی، هەڵیدەگێڕێتەوە بۆ ئەم خەسڵەتە بنجیانە کە ئەنجامەکەی بە دڵنیاییەوە دەگاتە بەستێنی ئازادی یان گەڕان بە دوای ئازادیدا، بە چەند نیشانە دەناسرێتەوە لەوانە: گەڕانەوە  بۆ خۆ و بوونەوە بە خۆ، واتە ژنە مرۆڤەکە لەهەموو دەرکەوتنێکیدا خۆیەتی، ئاوێنەی کەسێکی تر نییە، لە هەموو نواندنەکانیدا خۆی شی دەکاتەوە، دەمەوێ بڵێم خۆی دەبێتە سەرچاوە، چوونکە لە قۆناغێکی سەرەتایی بوونیدا سەرچاوە و ناوەند بووە، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنجە سەرەتاییە لە حاڵەتێکی زۆر گەشەکردووی ئێستایدا، بۆیە کە دەنووسێ بۆن و ڕەنگی خۆی دەدات، کە دەدوێ باس لە بزوتنێک دەکات و کە دڵ دەدات بە نیشتمان و خەڵک و خاک بە گەشاوەیی لەوێدا دەردەکەوێ، کە ناچاریش دەکرێت بجەنگێ، سەردەکەوێ.
ئەم ژنە دلێرە کوردە، خۆی لە حاڵەتێکی تایبەتیدا پێناسە دەکات، کە لە حاڵەتی هیچ ژنێک ناچێت لە جیهاندا، ئەم بەرپرسیارێتییەکی گرنگ و چارەنووس سازی لە ئەستۆ گرتووە کە ئیتر کاتی بوو لە ئەستۆی بگرێت، لەم پرۆسەگرنگ و ئاڵۆزەدا کە کاتی زۆری برد تا گەڕانەوە سەرخۆ، ژنی کورد ژنە بەهەموو هەستە ئینسانییە بەرزەکانییەوە، لە هەمان کاتدا بوونەوەرێکی چالاکی هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەو پێناسەیەکی تری پێیە بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ڕوانین بۆ ژیان، بۆ هاوبەشی کردن و ڕێبەربوون بوون و بۆ ئازادی مرۆڤ. ئێستا ژنی کورد ئەزموونێکی تایبەت دەژی  کە ڕۆحی بە دوند و نزاری نیشتمانەوە دووراوە، پڕە لە وەفای ئینسانی و هەناسەکانی بۆنی شەونم دەدەن، ئەم ژیانە و ئەم ئەزموونە، ژنی کوردی وەک قامەتی چیاکان بڵندکردووە و دڵیان پڕ لە ئەڤین و خۆشەویستی بوونە ئینسانییەکەیە، کە ئەوان ئەمڕۆ ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێناسەیەکی نوێدا بۆی.
لەگەڵ ئەوەدا کە شەڕ داوێنگیری کۆمەڵگاکانی مرۆڤ بووە، بەڵام خەونەکانی ئەم ژنە دلێرانەی کورد، تژین لە ئاشتی، ئەم جۆرە خەونانە و ئەم جۆرە هیوایانە تەنیا لای کەسانێک هەن کە بڕوای تەواویان بەوە هەیە کە لە پێناویدا بەرخۆدان دەکەن. هەر ئەم خەسڵەتانەشە کە ژنی کوردی کردووە بەو شاژنەی کە دەناسرێتەوە. ئیلهام لەوە دڵنیایە کە داهاتوو بۆنی گەنم دەدات، وێنەیەکی تر لە ژیان و دەربڕینێکی هونەری لە ئایندە کە دەبێت زیندوو و پڕ لە بزووتن و مانا جوانەکانی بوون، بێت. ئەم دڵنیا بوونەش تەنیا وشە نییە بۆ ژنی کورد، ساتەکانی ئێستای ژنی کورد هەنگاونانە بۆ ئەو جیهانە کە دەستیان بە دروستکردنی کردووە و تاکو دێت وەک ڕووداوێکی جیاواز خۆی لە ماناکردنی ئازادی و شەیدایی و ئامانجە مرۆییەکاندا پیشان دەدات. شیعرەکانی ئیلهام باس لەو چیرۆکە نەنووسراوە دەکەن کە وا لە سەرەتای نووسینەوەیدایە، بەشێکی گەورە و پڕ لە بایەخی ئەم چیرۆکە ژنی کورد دەینووسێتەوە، لە وڵاتی باران و بەفر و نێرگزەوە، مژدەی ژیانێکی نوێ و ئازاد دەدات، بەو تێگەیشتن و پێناسە نوییەی کە ژنی کورد بۆیان دەکات...
خوێندنەوە و تێگەیشتنی من بوو بۆ(نۆ) شیعری دەنگێکی نوێ لە ئەدەبیاتی ژنانی کورددا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی کوردەوە، کە لە زمانە شیعرییەکەی وردبوومەوە، مێلودی ئەو زمانەم گوێ لێ بوو کە ساڵانێکی زۆرە ئەم نەتەوەیەی تێیدا دەژی و خەبات و بەرخۆدانی پێکردووە، باسی ئاواتە مرۆیی و جوانییەکانی نیشتمانەکەی پێکردووە، تا بۆتە زمانی ئازادی و خۆشویستن، لە ڕوانگەی منەوە، ئیلهام دەنگێکی نوێی ئەدەبیاتی کوردییە، ئەم ئەدەبیاتە بەتایبەت لە ناو ژناندا لە بەراوردێکی خێرا لەگەڵ بەشەداگیرکراوەکانی تری نیشتمان، ئەدەبیاتی ژنانی ڕۆژهەڵات هەنگاوی فراوانتری ناوە و نزیکبوونەوەیان و دەربڕینی ئەو مەسەلانەی کە کۆمەڵگای کورد گیرۆدەی بووە، لای ئەوان زیاتر و بنجی تر بۆی دەڕوانن. کرانەوەیەک لە شیعرەکانی ئیلهامدا هەیە کە تایبەت بە خۆیەتی، ئەو هەمیشە خۆیەتی و لە ڕوانگەی خۆیەوە مەسەلەکان دەبینێ، سادە بەڵام قووڵ وێنە شیعرییەکان بەدوای یەکدا زەمینەی گەیاندنی پەیامەکە دەڕەخسێنن، ژنێکی بوێر کە هەستەکانی خۆی سانسۆر ناکات، بۆیە بەو دڵگیرییەوە سەرنجی خوێنەرەکانی ڕادەکێشێ و ڕایاندەچڵەکێنێ. 
لێرەدا خوێندنەوەم بۆ بەشێک لە (شیعرەکانی ناو کوردستانپۆست) تەواو بوون، کە تایبەت بوون بە شیعرەکانی ئیلهام موردای. لە کوردستان پۆستدا، ماوەیەکی درێژە چەند ژنی دلێر و بوێر، بە نووسین و بە شیعر هاوبەشن لە وشیارکردنەوەی نەتەوەکەیاندا و لەسەر گرفت و خواست و ئازارەکانی نەتەوەکەیان هاتوونەتە دەنگ و لە گەلەکەی خۆیان بوونەتە خاوەن. ئەمەش گۆڕانگارییەکی مەزن و پێشوەچوونێکی گرنگ و پێویست بوو بۆ گەشەپێدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد، کە توانا و هیوا و ڕخسارێکی تری بە بزووتنەوەکە بەخشیووە. ئێستا ئەو توانا مەزنەی لای ژنی کورد هەبوو، لە وەستانەوە گۆڕاوە بۆ بزووتن، ئەمەش هێمایەکی گرنگی ئەو گۆڕانکارییەیە کە لە زەین و ڕوانین و تێگەیشتنی ژنی کوردا جێبەجێ بووە، واتە وزییەکی بێپایان لە وەستانەوە دەستی بە جوڵان کردووە، کە لە گەڵ خۆیدا هەموو کۆمەڵگاشی خستۆتە جووڵە. زەینی پیاوی کوردی شڵەقاندووە و کاریگەریی لەسەر ڕوانین و بۆچوونەکانیان کردووە سەبارەت بە ژن، ئێدی ژن لەیستۆکی خواست و پێویستییە تایبەتییەکانی پیاو نییە، بەڵکو ڕێبەرێکی ئاگا و وشیارە بە قۆناغ و دەرفەت و ناسینی زامەکان کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە، ئەو ژنانەی کە لە سەکۆیەکی ئازادیخوازیی کوردستانی وەک کوردستانپۆستدا دەنووسن، لە پێشەنگانی بزووتنەوەی کلتووریی نەتەوەکەدان، کە ئەویش بەشێکی گرنگی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی کورد پێک دەهێنێت. تا ڕادەیەکی زۆر ئەو باس و خوازانەی کە ژنانی کورد قسەی لەسەر دەکەن و ڕاوبۆچوونیان هەیە لەسەری، باسوخوازێکی کوردستانی سەر بە خواستە دێرینەکەی نەتەوەکەیە کە ئازادییە، هەر خۆی هەنگاونان ئەم ژنانە نووسین ، کەلێنێکی گەورەی لە چەندین بۆچوونی هەزارساڵەیی بنج بەستوو لە کۆمەڵگای کوردیدا دروستکردووە، کە هەنگاوی بەهێز و گرنگن بۆ داڕمانی گۆشەنیگاگەلێک کە سەردەمیان بەسەر چووە و لەگەڵ ڕەوتیی مرۆیی و پێویستییەکانی ئێستای ژیانێکی ئازاددا ناگونجێن و دەبێت لە ڕەگەوە کۆمەڵگای کوردستانییان لێ پاک بکرێنەوە.
لە بوارە کلتوورییەکەدا ڕۆژهەڵات و لە ناو ڕۆژهەڵاتیشدا ژنی کورد، پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییەیە کە بێگومان کاریگەریی لەسەر هەموو ژنانی کورد دەکات و تیشکەکەی بە ژنانی جیهانیش دەگات، ئەمەش لە بەرخۆدانی کۆبانێ، بەرخۆدانەکانی باکووری نیشتمان و ڕۆژهەڵاتدا زیاتر دەبینرێت، تا بەشە بندەستەکەی باشوور.
باشوور لە ڕواڵەتەکەیدا، تەفرەی چاو و زەین دەدات، کانگای بەرخۆدان و هێز و توانایەکی بێپایان لە باشووردا هەبووە/ هەیە، بەڵام تا ئێستا جگە لە چەند ژنێ کە ژمارەیان زۆر کەمە، سەرگەرمیی تەفرەدەرانە، چاوبەستەگیی هەڵخەڵەتێنەر و نا دروست ڕەواجی زۆرە و لەگەڵ بێبایەخکردنی پیاوی کورددا لە باشوور، ژنانی زۆر زیاتر و فراوانتر بێبایەخ و پووچ کردۆتەوە، لە کاتێکدا لە بەشەکانی تری نیشتمانە داگیرکراوەکەیدا دەگەشیتەوە، بۆیە کە بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوای نیشتمان دەڕوانی کەمایەسییە گەورەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە باشووردا دەبینی. 
بەهیوای بەردەوامیی و درێژەدان بە بەرخۆدانە کوردستانیی و نەتەوەییەکە بۆ ئەو بیر و قەڵەمە بوێر و دلێرانەی وەک بەشە هەرە دیار و گەشاوەکەی کلتووری کوردی لە سەکۆی ئازادیخوازیی و کوردستانی (کوردستانپۆست) پۆستەوە، بانگی ئازادی مرۆڤ و نیشتمان و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئازادیی ژنان دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە