نەخێر یەکێتی حیزبی بنەماڵەیی نییە!

Saturday, 22/02/2014, 12:00

6682 بینراوە


وا دەزانم دوێنێیە لە تەمەنێکی هەرزەکاری چومە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە، هەرجارەی نامیلکەیەکیان دەدامێ بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە و پاشان وەك هەمیشە بە کاربۆن چەند نسخەیەکی لەسەر بنوسمەوە. یەکێك لەو نامیلکانە نوسەرەکەی ناوێكی زۆر نامۆی هەبوو (کیم ئیل سونگ) پاشان بۆم دەرکەوت ئەمە سەرۆکە کۆمۆنیستە شۆڕشگێرەکەی کۆریای باکورە. رۆژهات و ڕۆژ چوو کیم ئیل سۆن عومری درێژی بۆ گەلەکەی بەجێهێشت. ناڵێم هێندەی باوکی ڕەحمەتیم بۆی گریام، بەڵام تا چەند ڕۆژێك دڵم گیرابو. لەو وڵاتەدا پیاوێکی گونجاویان بۆ نەدۆزرایەوە ناچار گەلەکەی (کیم یۆنگ ئیل) ی کوڕیان بە خۆشحاڵیەوە خستە جێی! ئەویش چەند ساڵێك لەوە و بەر من خۆش. دیسانەوە پیاو قڕی تێکەوتەوە و ناچار (کیم یۆنگ ئون) ی کوڕی (کیم یۆنگ ئیل) دانرا. ئەمیان لە دایك بوی ١٩٨٤ ەو لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا بووە سەرۆك و دەسەڵاتدارترین کەسی وڵات و درندەترین دیکتاتۆرـ کۆمۆنیست. ئیتر هەر کیمە و بەدوای کیما دێت! قسەش لەگەڵ هەرکامیان دا بکەیت دەڵێت گەل دایناوین و مەحبوبی جەماهیرین!. 
کاتێك لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی قسە دەکرێت عەشیرەت و خێڵ و تیرە و دواکەوتویی و دڕەندەیی مرۆڤەکانت دێتە بەر چاو. کاتێك لە بنەماڵەی تاڵەبانی قسە دەکرێت کیم ئیل سۆنگەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆسیال دیموکراتیت لی دەبێت بە دێوزمە و هەزار دۆعای پیرێژنانە بۆ کەپیتاڵیزمی سەدەی ١٨ ش دەکەیت. 
لەم سەروبەری کێشمە کێشمەی دەسەڵاتی نێوان باڵەکانی یەکێتی سۆسیال دیموکراتەکانی کوردستان، کە دەکرێت بڵێیت کێشمە کێشمی بنەماڵەی تاڵەبانی و ووردە بنەمالەکانی سەرکردایەتیەکان دا قوباد تاڵەبانی لە چاوپیکەوتنیکی تەلەفیزیۆنی دا دەڵێت. نەخێر یەکێتی حیزبی بنەماڵەیی نیە!. منیش دەڵێم کوردستان پۆست و نوسەرەکانی هەر ئەمە مابو بیخەنە پاڵ یەکیتی ئەشەمبیلا وەك ئەوەی قوباد تالەبانی دەڵێت: نەخێر یەکێتی حیزبی بنەماڵەیی نیە! ئەم لیستەیەی خوارەوەش هیچ واقعێکی نیە و ئەم ناوانە یان دروسکراوی بێگانەن یان خەیاڵ و فەنتازی نوسەرەکەیەتی!. 

١ـ با لە مامە وە دەسپێبکەین خۆ ماڵیان ئاوەدان نەبێت سەریان لێ شێوانوین، نازانین بڵێن: (المرحوم یان الحی القیوم) ، بە هەرحاڵ ئەمەش سیاسەت و دبلۆماسیەتە! ئەو سەرۆکە نامەعلومە تارماییەکەشی هێشتا سکرتێری گشتی حیزب و سەرۆك کۆمارە، من المهد الى اللحد. ماشاڵا دەسەڵاتەکانیشی ئەوەندە زۆر و سەنگین بون ئێستا بە چوار نەفەر نەبێت پێیان هەڵناگیرێت، هێرۆی ژنی و مەلا بەختیار و دکتۆر بەرهەم و کۆسرەت رەسول.

٢ـ هێرۆی برایم ئەحمەد جگە لەوەی ئەندامی مەکتەب سیاسیە، بە فەرمی ژنی مامەیە بە نافەرمیش پیاو و کەڵەگاو نەعل و زلە هاوێژی هەموو سەرانی ژن و پیاوی ناو یەکێتیە!

٣ـ کاکە قوبادی دورە وڵات و دوور لە سۆز و باوەشی دایك و باوکی بۆ خزمەتی ئەم گەلە بەشخواراوە ساڵەهای ساڵە لە غەریبیدایە و نوێنەری حکومەتی هەرێمە لە ئەمەریکا. لەم بەینەدا مقۆ مقۆی جێگری سەرۆك وەزیرانیەکەشی لە ئارادا بوو ، بەشکو خوا بکات ئەزبەنیەکان قبوڵی بکەن و ئەو توڵفە نازدارەش بگەرێتەوە باوەشی نیشتیمان. 

٤ـ کاکە پاڤێڵ گیانیش خوا عەمر درێژی کات بۆتە مەتەڵ خۆ کەس نازانێت چیە؟! لەگەڵ دایەگیان دەچیت بۆ کۆبونەوەکانی مەکتەب سیاسی، لەگەڵ لاهوری ئامۆزا گیان و جەسوری بنەماڵەکە سەرپەرشتی دەزگای دژە تیرۆر دەکات. لەگەڵ باوە گیانیش دا بەشداری بڕیاری چارەنوسی دەکات و جار بە جاریش راگەیاندنی رۆژنامەوانی گرنگ و چارەنوسی دەدات، بە کورتی وەکو موعەمەر قەزافی رەحمەتی لێهاتووە ، هەموو شتێکە و بە فەرمیش هیچ نییە!

٥ـ شاناز گیانی خوشکی دادە هێرۆ خانیش بەرپرسی یەکێتیە لە بەریتانیا، عەمیدی خانەنشینە، دوای ئەوەی دکتۆر لەتیفی مێردی بووە وەزیر لە عیراق شانازیش کرایە نوێنەری یەکێتیی لە دەرەوە. شاناز کراوەتە بەرپرسی ناوەندی دەرەوە کە هەر مەڵبەندەکەی جارانە. ئەم فەقیرە بە پلەی عەمیدیش خانەنشین کراوە، بروانە ئەو لینکەی کوردستانپۆست کە بە بەڵگەوە بڕیاری خانەنشینییەکەی بۆ دەرچووە.

٦ـ ئەڵێن باس باس دێنێت وتمان مێردەکەی شاناز خانمیش لەتیفی شیخ جەمالی خەزێنە وەزیری رێگا و بانی عێراق بوو لە بەغدا! لێم مەپرسن چەند وەزارەتی تری بینیوە، یان ئیستا هەر وەزیرە یان پۆستێکی تری وەرگرتووە، ئەوەندە دەزانم لە دەوروبەری سلێمانی کارگەیەکی دروست کردبوو بۆ شەراب و بیرە دروست کردن، کوردستانپست کاتی خۆی ئەو هەوالەی بڵاوکردەوە، نازانم ئیستا بازاڕی چۆنە، ئایا ماوێتی، یان فرۆشتوویەتی و لەگەڵ پۆستی وەزیرییەکەیدا خەریکی چ کاسبیەکی تریشە.

٧ـ دادە لیلۆس، خوشکە نە ناسراوەکەی هێرۆ خانیش دبلۆمات و مستەشاری سەفیری ئێراقە و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ دا دەکرێت. ها لە بیرتان نەچیت تەنها ساڵێکی کۆلێژی پزیشکی لە بەریتانیا پێ تەواو نەکرا، بەڵام وای پێشان دەدا کە کۆلێژی پزیشکی لەو وڵاتە تەواو کردووە. سەرباری ئەوەش کرابووە مستەشاری سەفیری ئێراقی لە بەلجیکا بۆ کاروباری یەکێتی ئەوروپا!. دەك یەکێتی ئەوروپاش وێران بێت بە خۆی و سەرۆکەکەیەوە هێرمان ڤان رومپوی، بۆ نەگبەتی لەگەڵ ئەو هێرمانەدا دەرچوی هەمان زانکۆین بەڵام ئەو زۆڵ بوو ئابوری خوێند و مستەقبەلی خۆی یەکلایی و ڕوون کردەوە! من رۆژهەڵات ناسی و پاشان سیاسەت و میاسەتم خوێند بۆیە مستەقبەلی خۆمم فەوتان!

٨ـ مێردەکەی دادە لیلۆسیش فەقیرە ناوی کاک سابیرە سەفیری عێراقە لە چین!

٩ ـ جەنگی تاڵەبانی خوا ئاگای لێیە نازانم چیە بەڵام ئەولادە ساڵحەکانی هەریەکەیان شتێکن و سوپاس بۆ خواو لە ژێر سایەی سیستەمی بنەماڵەییی سۆسیال ـ دیموکراتی دا باش پێگەیشتون.

١٠ـ لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر، ئەمەیان سوعبەتی لەگەڵا ناکرێت، هەر باسی نەکەین باشە! . ئەڵێن لە هەمو خەتەرەکانی دونیا خەتەر ترە! ئەڵێن تاڵیبان نیە ناوی ئەم تاڵەبانیە ببیستێت خۆی تەڕ نەکات! کاکە بە خۆرایی نەیانکردۆتە مەنسولی دژە تڕ و وڕ!

١١ـ ھیوای شێخ جەنگی،تاقەتی سیاسەتی نیە و دەستی بەکڵاوی خۆیەوە گرتووە با نەیبات، تەنها خاوەنی کۆمپانیایەیەکە ئیشی دۆزینەوەو دەرھێنانی نەوت دەکات، لەناوچەی کۆیەو شوێنەکانی تر. جا ئێوە بۆ پێتان ناخۆشە؟ خۆ وڵات و شاری خۆی و باب و باپیرانیەتی. ئاخر ئەگەر یەکێک بچێتە دەرەوەی شار و بە دەست و بازوی خۆی چەندی بوێت کنگر دەربێنێ کەس ناوی دێنێت؟ ئیتر بۆ سەرزەنشتی ئەو بکەین حەزی لە کنگر نیە و نەوت دەردێنێ؟ خۆ ڕەنگە هەر هەمان مەبەستیشی هەبێت! لە پێشا نەوتەکە دەردێنێت پاشان دەیفرۆشێت و کنگری بۆ هەمو تاڵەبانیەکان پێ دەکڕێت! 

١٢ـ ئاسۆی شێخ جەنگی: لە سلکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقە ، جا توخوا بێکەسی و موحتاجی نەبێت ئەوەش ئیشە ؟!

١٣ـ ئاراسی شێخ جەنگی بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەکێتیە. داواشی کردووە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نۆکان بگرێتە ئەستۆ لەبەر ئەوەی گوایە "دلێری سەید مەجید" نەخۆشە و وازدێنێت. ئای دلێری سەید مەجیدو براکانی یادتان بەخێر، ئەوسا کە تۆ لە شاخ بویت لە خانووە گڵەکەی گەرەکی شێخانتانا لەگەڵ جەزای برات و هاوڕێیان دا هەزار و یەك کۆبونەوەم کردووە، خۆزگە لە بری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نۆکان دوکانێکی پیاوانەتان لەسەر سوچەکەی خانووە گڵەکەتان دەکردەوە بە خوا زۆر شەریفانە تر بوو. باواز لەو بێنین. بە ویژدانەوە قسە بکەن توخوا کێ هەیە لە کاکە ئاراس گونجاوتر و موستەحەق تر بێت بۆ شوێنەکەی کاك دلێر.

١٤ـ ئاواز شیخ جەنگی تاڵەبانی ئەویش حەتمەن شتێکە، بەڵام ئەو شتەی زۆر بە دڵ نەبووە بۆیە لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کاندیدی ژمارە ٢١ی لیستی یەکێتی بوو، خوا عەلیمە نازانم دەرچووە یان نا و تاقەتیشم نەبوو بەدوای دا بگەرێم، بەڵام ئەگەر دەرنەچوبێت خوا ئەوە بگرێت کە دەنگی پێ نەداوە ! حەتمەن ئێستا نان نیە بیخوات!

١٥ـ شێخ جمال تاڵەبانی (جمال عوسمان معروف عزیز) ئەویش هەر کەندیتی یەکێتی بو بۆ پەرلەمان، خەبەرم لەویش نیە دەرچو یان نا، جابە من چی؟، خۆ ئەو شڕە پەرلەمانە نە وەکو یانسیبە خوا وەکیل دەرچێ، نە بە خزمەت و رابورد و پرۆفایلە، نە خەڵکی بە بێکاریگەری بڕیار دەدات. کێ ناوی زل و دێی وێران بێت، کێ ناوی زۆر ئیبراز بکرێت و کێ بخرایە پێشەوەی لیستەکەوە ئەوا خەمی نەبێت دەدردەچێت. ئەوساش تامردن خۆی و ئەولادی قەپاتن و پەکیان ناکەوێت!

١٦ـ شێخ عبدالقادر تاڵەبانی ، رۆحم بە قوربانی هەرچی قادر و شێخانی قادریە ماشەڵای لێبێت کورێکی کاسب و ئیشکەرە، کۆمپانیاکانی بە ناوی (گرووپی کۆمپانیاکانی العادل المتحده‌) پەلیان هاویشتووە بۆ ئیران و توران تا دەگەنە فەرەنگ و شام و لوبنان. جا ئەم کوڕە قۆزە لێهاتووە زۆر سپۆرت و خێرخوازیشە، بەدەستێك خەریکی کەسابەتە و بە دەستەکەی تری خەریکی هاوکاری و پێشوازیە بەلێشاوەکانە بۆ یاریگا و وەرزشەوانەکان. خوا دەست بە باڵیەوە بگرێت و جەزای خێری باتەوە و نمونەی بۆ تاڵەبانیەکان زیاد بێت و لە تاڵیبان بەدور بێت.

١٧ـ شێخ ئامانج تاڵەبانی بەڕێوەبەری کارگێری (گرووپی کۆمپانیاکانی العادل المتحده‌) ی کاکە شێخ قادرە. خۆ نیازتان نیە کاکە شێخ قادر لەم زەمانە خراپ و پڕ لە هەرچی و پەرچیەدا ماڵ و موڵکی خۆی بخاتە بەردەستی بێگانە و خزمانی خۆشی بەتاڵ و حەتاڵ بسوڕینەوە؟!

١٨ـ ئاڵا تاڵەبانی ،ئەندام سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پەرلەمەنتار،خوشکەزای مامە. چی بکات فەقیرە گلەیی لەسەر خۆی نەهێشتووە و هەموانی قەرزاربار کردووە. بەو زەعیفەییەی خۆیەوە شانی داوەتە بەر ئەو ئەرکە گەورانە کە بە دە پیاوی قسە زلی وەکو من ناکرێت. خوا بیهێڵێت بۆ ئەم میللەتە ڕەش و ڕوتە!

١٩ـ دەی خوا بتگرێ بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی بە هۆی ئەم بێ معاشیەوە نەبوایە تۆم بە بیردا نەدەهاتەوە، خۆ هیچی وای نەمابوو لە بیرم بچیێتەوە ! بەخوا خەتای خۆیەتی کەسایەتیەکی سادەیە و حەزی لە خۆ دەرخستن نیە ، لە ماڵی خۆی و شوێنی کارەکەی خوا چی خستۆتە بەر دەستی دەیخوات و شوکری خوا دەکات و هەر بە تەبیعەتیش حەزی لە هاژ و هوژی میدیایی نیە بۆ وەزیفەکەی زەرەرمەندە!

٢٠ـ فەرھاد تاڵەبانی سەرۆکی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عیراق، خوا مەحفوزی کات لە ھەوڵێکی تێرۆرکردن رزگاری بوو. گوایە ھەوڵەکە لەرێی تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراو بەکاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەرھاد تاڵەبانییەوە ئەنجامدراوە و شوکور بۆ خوا بە پێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر تەنھا زیانی ماددی بەئۆتۆمبێلەکان گەیشتوە. سەر سەلامەت بێت و ماڵی میللەت مەحفوز بێت ئۆتۆمۆبێل هەر دەبێتەوە!

٢١ـ عەقید فەرەیدون تاڵەبانی ، ماڵی ویکیپێدیا ئاوا بێت من تا ئێستا نەمزانیبو عەقید کۆلۆنێلە ، دەنا خەریك بوو حسابی وودە تاڵەبانیەکانی بۆ بکەم و نەیخەمە لیستەکەوە. دەبا ئەمیشی لەسەر بێت نەوەکو دڵی لە خۆی دابمێنێت و بڵێ بە کەمیان زانیوم !

٢٢ـ بێگەرد دڵشاد شوکروڵا بە کورت و موختەسەری شێخ بێگەرد تاڵەبانی،ئاخر ئەمە چۆن یەکسانیەکە پیاوان نازناوی شێخ وەرگرن و ژنان لێی بێبەش بن؟ من لەم پیاوسالاریە یاخی دەبم و ژنانیش بە شێخ ناودێنم، بێگەردیش پشتیوانیم دەکات خۆ ئەو خانمەش وەك ئەوەی بۆتە عادەت ئەویش لێرەو لەوێ خۆی بە چالاکوانی یەکسانی ژنان و پیاوان دەناسێنێت. ئەوە ئیشی لابەلایەتی دەنا خۆی سەرقاڵی و بەرپرسی زۆر گرنگتری هەیە، ئەو خانمە بە رەنجی شان و بازوی خۆی گەیشتۆتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەکتەبی چاودێری و بەدواداچوون و ئاخر جاریش هەر بۆ کەشخە لە لیستی پەرلەمنتارانی یەکێتی دا لە ژمارە ٢ ی لیستەکەدا دانرا و بۆ داخی دڵی ناحەزان بێمنەت هەڵبژێردرا !.

٢٣ـشالاو شيخ سەلاح، ئەمیان بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆك کۆمارە. با شتەکان تێکەڵاو نەکەین ئەویان لە بەغایە و شوێنەکە حەساسە!. خۆ ئەوەندە بێئەقڵ و نەفام نین مامە بدەینە دەست بێگانە. خزم گۆشتیشی بخوات ئێسقانی ناشکینێت!

٢٤ـ شيخ سه‌لاح شيخ شەرەف تاڵەبانی، هەر ناوەکەی هاوار دەکات لە ئەشراف و کەڵە پیاوەکانی تاڵەبانیە، دەڵێن ماوەیەك پارێزگاری هەولێر بووە لە کۆیەوە. ئاموزاى مامەیە. با بێویژدانی بەرامبەر نەکەین نوسەری کتێبیشە لە بواری رەخنەی شیعریدا و یەکێکە لەوانەی سەرکردایەتی ە مەکتەب سیاسی یەکێتی حساب بۆ قسەکانی دەکەن. دوا داواکاری ئەوە بووە کە هیرۆخان یان یەکێك لە کوڕەکان مامە جێگای مامە بگرنەوە. هەزار جار دەمخۆش کاکە شێخ. بۆ مردو لەوە پاکتر دەشوردرێت؟!

٢٥ـ شێخ ئەشرەف شيخ شەرەف تاڵەبانی، خوا نەیبڕێت هەر شەرەفە و بەدوای ئەشرەفا دێت. بە پێی هەواڵی ناحەزان دەڵێن ئەم زاتەش لە وەزارەتی بەلەدیەی سلێمانی دا کاردەکات . جا ئاخۆ بەو ناو و نازناوەوە چی بکات ؟ نامەوێت خۆم خواوەکیل پلەیەکی بەمێ بەڵام برواش ناکەم دارێکی بەدەستەوە بێت و عەرەبانە دەستیەکانی بەر مزگەوتی گەورە یان حەوزە وشکەکە بڵاوە پیبکات. حەتمەن پلەیەکی هەیە لە ئاستی شان و شەوکەتی تاڵەبانیەکان دا بێت و شەرمەزاریان نەکات!

٢٦- جه‌میله‌خانی دایکی ئاڵاخان و خوشکی مامه‌ ئه‌ویش لێپرسراوی فرۆشتنه‌وه‌ی ته‌نده‌رو ته‌له‌فونکردن بوه‌ بۆ ئه‌ندازیارانی سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و پرۆژانه‌ی که‌ شه‌ریکه‌و که‌ شیرینی لێوه‌رگرتون تا خۆی پێیان بناسێنێ وه‌ک هه‌ره‌شه‌و گوره‌شه‌ وه‌ک وتم به‌ شیرینی ئیبتزازی ئه‌ندازیاره‌کانی ده‌کرد. (کوردستانپۆست: بەڕێزێک لە فەیس بوکدا بەناوی فوئاد خۆشناوەوە، لە کۆمێنتارێکدا ئەمەی بیری نووسەر خستبوویەوە، ئێمەش خستمانە ناو ئەم نووسینەوە.).

٢٧ ـ مەلا بەختیار تاڵەبانی؟! (ئەمەیان تازەیە) ئەگەرچی نە من خوازبێنی کەری کچەکەی مەلا بەختیار بوم و نە دایکم بەربوكی بووە. بەڵام لێرەو لەوێ دەڵێن گوایە کچەکەی مەلا بەختیار هاوسەری پاڤێڵ تاڵەبانیە، جا ئیش لەوە باشتر دەبێت؟ ئەگەر وا بێت ئیتر هیچ کێشەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆجیش لە نێواندا نامێنێت. خوایدەکرد کورد هەمو بە ژن و ژنخوازی دەبونە بنەماڵەیەك و یەکیان دەگرت ئەوا هیچ کێشەمان نەدەما و دەمێك بو ئەو خەیاڵە شاعیرانەیە دەهاتەدی و دەوڵەتی کوردیمان ئیعلان کردبوو!. جا ئەگەر مەلا بەختیار کچ بە کاکە پاڤێك نەدات بە کێی بدات؟ خۆ نایدات بە بێگانە. نەتانبیستووە کورد دەڵێت: پارو لەدەم بکەوێتە خوار بۆ کۆش باشە! لەوەش باشتر، ئەوا ئیتر جەنابی کاك مەلا بەختیاریش خۆی و ژنی کون و نوێی و ماڵ و منداڵی بونەتە ئەندامی عائیلەی مالیکە و خوا موبارەکی کات.
جا پیاو ماقوڵانی وەکو شێخ عبداللە تاڵەبانی، شێخ مەحمود تاڵەبانی ، شێخ عەتا تاڵەبانی و عەرزی بە خزمەتتان بکەم شێخ حوسێن شێخ رەحیم تاڵەبانی و ... هتد با هەر باسیان نەکەین ئەگەر هیچیش نەبن لە بۆنە و بۆنەکاریەکاندا تەنها ناوەکەیان بەسە ببنە میوانی ڕیزەکانی پێشەوە و مۆبیلە نەرمەکان. ئاخ بۆ لەقەبێکی تاڵەبانی! بەخوا هەزار ساڵی خەبات دێنێت و بە کولفەیەکونێک هەرچی گرێ کوێرەکانی ژیانتە دەکرێتەوە و دونیا بە ڕوتا پێدەکەنێت.
لە فەیس بوکەکەمدا ناوی تەنها ١٨ تاڵەبانیم دانابو، داوام لە ئەندامان و لایەنگرە عەیارە ٢٤ رەکانی یەکێتی کرد و سوێندی سەری مامەم دابون لیستەکەم بۆ بگەیەننە بیست و چوارە کەی خۆیان، لەو بروایەدا بوم بۆ ئەوان زەحمەت نەبێت، چونکە لە من باشتر ئاگاداریانن و لێیانەوە نزیکن ئەگەر چی وەکو نەعامە سەریان دەکەن بە لم دا یان چاویان لە ئاستا دەنوقێنن! کەچی تاقە ناوێکی نوێیان بۆ نەناردم. بەڵام بۆ داخی دڵی ئەوان و بە هاوکاری دۆستان لە ٢٤ یش تێپەری کرد و خوا دەزانێ ژمارەی راستەقینە لە چەندا دەوەستێتەوە؟!
ئاخ خۆزگە شێخ رەزای تاڵەبانیش دەما و دەبووە سەرۆك وەزیران و دەمڕاستی هەموو بنەماڵەی تاڵەبانیەکان، خۆزگە هەموو رۆژێکیش ئەو شیعرەی دەوتەوە و دەوتەوە کە دەڵێت:

مامەکەم قەحپە ژنە دەوڵەتی شەددادی هەیە
تالعی راهی بەرو بەختی خودا دادی هەیە
یەك دوو دێی داوەتێ سوڵتان بە پێی ئیتعامی تەعام
هەر یەکێکی بە قەد خەزنەیێ ئیرادی هەیە
لە هەموو جنسە مەتاعی سەد و هەشتادی هەیە
ئەم هەموو گەنج و خەزێنەی هەیە هێشتاکو تەرەس
نە هەوای جوود و نە مەیلی کەرەم و دادی هەیە
---------------------------------------------
خۆی بە هەرسورەت ئومێدی کەرەمم پێی هەیە لێك
رقی زۆرم لە رەشیدی کوڕی گەوادی هەیە
---------------------------------------------

هەزار ڕەحمەت لە گۆرەکەت شێخ رەزای تاڵەبانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە