ئەرێ تۆ بلێیت ئێمەی کورد گەلێکی شێتۆکە نەبین؟!

Wednesday, 30/09/2015, 18:57

5015 بینراوە


ئا لەم رۆژەدا کە نەتەوەی کورد لە هەموو لایەکی کوردستاندا بەناڕەوا خوێن لە جەستەی کچ وکوڕ و پییر و زاڕۆکی دەڕژێ، سەتان گەنجی لەولاتڕاکردووی دەبنە خۆراکی ماسیی و نەهەنگی زەریا ، کەچی ئێمەی بندەست و دیل و بەشخوراو، لەجیاتیی هۆشی خۆگوشین و بییرکردنەوەی ژیرانە و بەخۆداچوونەوەی بابەتانە ، دەچین ((جێژنە پییرۆزە))لەبەکدەکەین ، وەک ئەوەی جێژن بۆنەیەک بێ بۆ مردوومردن و کۆستکەوتن بەکاربێ نەک بۆ کاتی شادیی و بەختیاریی . خوای خۆشمان بە هەنگڤینزمانی کوردیی ئاهوڕایی ناپەرستین ، وەک ئەوەی خوا لە زمانی ئێمە نەگا . سەرەڕای هەژاریی و برسێتیی زۆربەی زۆری خەلکەکەمان ، بەسەتان ملیۆن دۆلار دەبەینەدەرەوە بۆ ولاتێک کە شاکانی هیچ رۆژێک وشەیەکی خێریان بۆ کورد بەدەمدا نەهاتووە . هەر لەو ولاتەدا سالانە بە هەزاران گا دەکڕین و سەردەبڕین و لاکەکانیان فرێدەدەین ، پێشمانوایە خوا بە رشتنی خوێنی گای بەستەزمان لە گوناهەکانمان خۆش دەبێ . لە کاتێکدا بەو پارەیە دەیان قوتابخانە و نەخۆشخانە و دەرمانخانە و باخچەی گشتیی و یاریگە و مەلەوانگە لە کوردستاندا دروستدەکرێ و زگی هەزاران برسیی و بەلەنگازی پێ تێردەکرێ و هەلی کار بۆ بێکاران دابیندەکرێ . 
لێرەدا بە یادی ئێوارانی کەرکووکەوە کە لە چایخانەی ئازادیی یان ماجیدییە لەگەل دوو هەلبەستوان و رٶشنبییری گەورەی کورد، ئەلیی باپیراخای کەرکووکیی (کەمالیی) و ئەبدولخالیق ئەسیریی کەرکووکیی و هاوڕییانی ئەو سەردەمە ، مامۆستا ئەوڕەهمان رەزا گۆگجەیی و مامۆستا مستەفا نەریمان و نووسەر ئەبدولسەمەد خانەقا و هەردوو گیانگەش ئەلیی ئەسکەریی و جەبار جەباریی پێکەوە دادەنیشتین ، ئەم هەلبەستەی کەمالیی دووباە دەکەمەوە کە سەت سالێک لەمەوە بەر چڕاندوویەتی:
جەژن جەژنی کەسێکە کە سەربەست و هوڕ بژێ ...
بێ باک و ئازاد هەر وەک کوڕ بژی..
ئەرێ کوردی هەژاری کولۆل جەژنی جیی؟ 
بڕۆ بۆ خۆت بگریی سەربەقوڕ بژی ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە