ئۆباما: لەمەودوا لەگەڵ یەپەگە کار دەکەین

Saturday, 03/10/2015, 23:01

2838 بینراوە


باراک ئۆباما سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەى بەرنامەى ڕاهێنان و چەکدارکردنى دژبەرەکانى بەشار ئەسەد ئیتر لەمەو دوا لەگەڵ هێزە کوردییەکان (یەپەگە) کار دەکەین.
ئاژانسى هەواڵى سپوتنیک ئەمڕۆ سێ تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ بڵاویکردەوە، باراک ئۆباما لە کۆشکى سپى و لە وەڵامى ڕۆژنامەنووساندا وتى "ئیتر لەمەو دوا لەو شوێنانە کە بەرنامەى ڕاهێنان و پڕچەککردنى سەرکەوتو بێت کارى تێدا دەکەن".
ئۆباما ئەوەشى وتووە "بۆ نمونە ئێمە لەگەڵ ئەو هێزە کوردییانەدا، کە لە شەڕى دژ بە داعش سەرکەوتو بوون کار دەکەین".
بەپێى قسەکانى باراک ئۆباما "شەڕى سوریا شەڕى ئەمریکا و سوریا نییە و شەڕى گەلى سوریا و ڕژێمێکى دڕندە و دیکتاتۆرە".
باراک ئۆباما لەبارەى سیاسەتەکانى ئێران و ڕووسیا لە سوریا ئەوەشى وتووە "ئێران و ڕووسیا پشتیوانە سەرەکییەکانى ڕژێمى سوریان و سیاسەتەکانى ڕووسیا و ئێران لە سوریا سەرکەوتو نابێت و دەبێت بەڵا بۆیان، بۆیە پێویستە ئەو وڵاتانە سیاسەتى خۆیان بەرامبەر بە سوریا بگۆڕن".
ئۆباما باسى ئەوەشیکردووە "بە ڤیلادمیر پوتین سەرۆک کۆمارى ڕووسیاى وتووە لە ناوبردنى داعش لە بەرژەوەندیى ئەمریکا، ڕووسیا و هەموو جیهاندایە، بەڵام پوتین هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و هێزە لیبڕاڵەکانى دژبەرى سوریا دانانێت و هەموویان بە تیرۆریست دەزانێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە ئەوە قبوڵ ناکەم".
قسەکانى باراک ئۆباما لەبارەى کارکردنى هاوبەش لەگەڵ یەپەگە لە کاتێکدایە، ئەو چەکدارانەى کە حکومەتى ئەمریکا ڕاهێنانى پێکردبوون و ڕەوانەى سوریاى کردبوون بەشێکى زۆر لە چەکەکانیان ڕادەستى بەرەى نوسرە کردبوو.
ئەوەش بووە هۆى ئەوە پلانەکەى ئەمریکا بۆ ڕاهێنان و پڕچەککردنى گروپە چەکدارەکانى سوریا سەرکەوتو نەبێت.
ر.م

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە