دەوڵەتی پارتی یا دەوڵەتی کوردستانى ؟

Friday, 27/11/2015, 22:40

2712 بینراوە


هەر جارێک پارتی هەست بەداشکانی جەماوەری یاخود بونی فشاریک بەسەریەوە بکات، هەمیشە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئەبێتە سەرباسی راگەیاندنەکانو لێدوانی بەرپرسەکانی بەخودی  سەرۆکی پارتیشەوە..
هیچ کوردێک لەچوار پارچەی کوردستانیش نیە خەون بەبەدیهێنانی ئاواتی دێرینەی گەلەکەی نەکات، ئەمەش خەونێکی مەشروعە، بەڵام ئەو قسەوباسانەی دەوڵەت لەلایەن بارزانی وبنەماڵەکەیەوە ئەدرێن بەگوێی خەڵکەوکەوە تەنها پروپاگندەیەکی ئیعلامیە زۆر بێلەززەتیش بوە.. تا ئێستا لەچوارچێوەی شیعارێکی بێبنەما زیاتر هیچیتر نیە، دەوڵەتیش بەشیعارات دروست نابێت، بەڵکو بەئیرادەو یەکریزی میللەتەوە..
لەکاتی داگییرکردنی فەرەنسا لەلایەن نازییەکانەوە شۆڕشی مقاوەمەت لەناو شارەکانی فەرەنسادا بەرپابو..بۆ ژەمی خواردن خەڵکەکە سەمونیان دابەش ئەکردە سەر ئەو رشگێڕانەی لەناو سەنگەرا یا لەژێرزەمینەکانن،کاتێک ئەچونە لای کۆمەڵێکەوە بەشی 10-12نەفەر سەمونیان پێبدەن،شۆرشگیڕەکان ئەیانوت"ئەمرۆ دوانمان شەهیدبونە،سەمونەکانیان بدەنە کەسانیتر".میللەت نانی خۆی لەگەڵیاندا ئەکردەنیوە، شۆڕشگێڕەکانیش چاوبرسی نەبون بەشی هاورێکانیان بخۆن، بۆیە شۆرشی رزگاریخوازی فەرەنسا بەگەورەترین سەرکەوتن میللەتەکەی گەیاندە ئامانجەوە..خۆ لای خۆشمان خەڵکی گوندو ئاواییەکانی کوردستان لەکاتی شۆڕشدا نانەکانیان ئەکردە نیوەو،پێخەفی خۆشیان ئەبەخشیە ئەو پێشمەرگانەی بەجەولە ئەگەڕان بۆ ڕاونانی سوپای بەعس،بەڵام تائەمرۆش ئەو میللەتە نەگەیشتۆتە ئامانجەکەی چونکە سەرکردەکانی لەگەلی راستگۆ نەبون.. لەبچوکترین پیلانی دوژمن ترسان و ئاشبەتاڵیان کرد.
ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان کە زوو زوو باسی دەوڵەتی کوردی ئەکات، هەندێ لەکادیرانیشی باسەکە گەورەتر ئەکەن بەوەی گوایە کاک مەسعود دەوڵەتی کوردی گەورە لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا رائەگەینێت، بەڵام هەر ئەو حزبە سڵی لەوە نەکردەوە کوردە نەیارەکانی خۆی فرێبداتە ئەوبەری سەیتەرەی دیگەڵەوە، بەمەش لەهەمو خەڵکی ئەم هەرێمەی گەیاند کە ئەوە سنوری ئەو دەوڵەتەیە کە ئەوان ئەیانەوێ دایمەزرێنن بەمیللەتێکی ژێر دەستەو نوخبەیەکی کۆیلەوە.
من دڵنیام لەوەی ئەو دەوڵەتەی پارتی خەونی پێوە ئەبینێتو ئەیەوێ بیکات بەشانازییەکی گەورەی بارزانی وبنەماڵەکەی هیچی لەو حوکمەی ئێستای پارتی جیاوازتر نابێت، ئەو دەوڵەتە چاوەڕانکراوەی پارتی زۆر لەوە ئەچێت ببێتە مەملەکەتێکی ویراسی کە تایبەت بێت بەبنەماڵەی بارزانیەوە، پرۆسە سیاسیەکەشی تەنها بەشداری پێکردنی کۆیلەکانی خۆی بێت لەحزبە بچوکەکان بۆ جوانکردنی سیمای ئەم مەملەکەتە،ئەو دەوڵەتەش هەروەکو دەوڵەتەکەی سەدام حسێنی دیکتاتۆر ئەبێت کەدەیان ساڵ شەڕی هێزە جەماوەرییەکەو هێزە سیاسییە نەیارەکانی کرد،وەکچۆن سەدام هەمو پێکهاتەو حزبە سیاسیەکانی وڵاتی کردە دوژمنی دەوڵەتەکەی،پارتیش هەروا حزبە نەیارەکانی بخاتە پشتسنوری قەڵەمرەوی خۆیەوە یا دەربەدەری وڵاتانیان بکات..بەڵگەم دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانو دەرپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆرانە لەپرۆسەی سیاسیدا،کەتەنها لەبەر ئەوەی هەوڵێکیان دا لەرێگای یاساوە سیستەمی سەرۆکایەتی بگۆرن بەرەو دیموکراسیەت.
دەوڵەتی کوردی سەربەخۆو سەرفراز بەحزبێک دروست نابێت کە:
1 – هێلێکی وەهمی راکێشابێت لەنێوان دو شاری کوردستانداو ، زۆنی خۆی بەموقەدەس بزانێت وهێلی سوری بۆ خەتی تەماس دانابێت.
2- حزبێک،نەیارەکانی بێبەش بکات لەدەسەڵاتو  بەرێوەبردنی وڵات، بەیاسای عەشایەری هەڵوێستی سیاسی خۆی شەرعییەت پێبداتو، هەرحزبێک بەحوکمی بنەماڵە رازی نەبو ئیجازەی کاری سیاسی لێبسەنێتەوە.
3- حکومەتەکەی کودەتا بەسەر پەرلەمان بکات لەسەر هەمواری یاسایەک، نەخشەش دارێژێت بۆ ئەوەی ئەگەر یاسای سەرۆکایەتی هەموار کرایەوە، بەتۆپو تانکەکانی بینای پەرلەمان خاپور بکات، یاخود ئەندام و لایەنگرانی بنێرێتە ناو حەرەمی پەرلەمان بۆ کوشتنی سەرۆک و ئەندامەکانی پەرلەمان.
4-حزبێک بەرگەی رەخنەی راگەیاندن نەگرێت، لەسەر هەواڵێک دو کەنالی ئاسمانی بکاتە دەرەوەی زۆنەکەی ونوسینگەکانیان دابخات تەنها لەبەر ئەوەی لەپایتەختی وڵاتەکەیانەوە هەواڵی پەرلەمانیان بڵاو کردۆتەوە.
5- حزبێک ئەندامەکانی سەرکردەیان بەموقەددەس بزانن و ناوچەی بارزان بەمەکە نەگۆڕن،کادیرانیش پێش ناوهێنانی سەرۆکو کوڕەکانی و برازاکانی دەستنوێژ هەڵگرن، بیگومان چارەنوسی دیارە بەرەو کوێ ئەیبەن..
6- حزبێکی حوکمران کەموچەو قوتی خەڵک وەکو فشاری سیاسی بەکار بێنێت، دانی موچەی فەرمانبەران بە مەکرومە بزانێت، لەکاتێکدا رۆژانە سەدان هەزار بەرمیلی نەوتی ئەم میللەتە ئەخاتە گیرفانیەوە، مەعلومە چارەنوسی ئابوری ئەم وڵاتە بەچی ئەگات.
7- حزبێک بریاری سیاسی وڵاتەکەی لەمەتبەخی ناو ماڵی سەرۆکەوە دەربچێت و هەرچی موعاریزیش بێت تیرۆر بکرێت یا لەوڵات دەربکرێت یا ژەهرخوارد بکرێت، بێگومان ناوی ئەم دەوڵەتە لەسەر ئاستی جیهاندا زۆر جوان نابێت، هەرچی ئەو قوربانییانەی میللەتیش داویەتی هەموی ئەکرێنە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە..
ئێمە دەوڵەتێکمان ئەوی هەست بەئینسانیەتی خۆمان بکەین،کەرامەتمان تیا پارێزراو بێت.. مرۆڤەکانی چاوشۆڕی موچەی مانگانەیان نەبن. میلەت مافی لەسامانەسروشتیەکانیدا هەبێت. سیستەمە سیاسییەکەی راستگۆ بێت بەوەی دەستاودەستی دەسەڵاتی بەشێوەی دیموکراسی تیا بێت.. دەوڵەتێکمان ئەوێ نەیارەکانی دەسەڵات شەو لەترسی مەفرەزەکانی پاراستن نیگەران نەبن..دەوڵەتێک رێز لەپەرلەمانەکەی بگرێت وەکو مەرجەعی کۆتای دەسەڵاتی بزانێت، حکومەتەکەشی لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بێت بۆ ئەوەی مرۆڤەکانی هەست بە ئینسانبونی خۆیان بکەن.
هەر کاتێک سەرۆکێک یا سەرکردەیەک توانی ئەم دەوڵەتەمان بۆ دامەزرێنێ هەمومان ئامادەین لەپێناویدا خۆین ببەخشین،بەڵام ئەگەر دەوڵەتی داهاتومان سوڵتانیزم یا پاشایەتی خاوەن شکۆ بارزانی یا دیکتاتۆرییەتی رەها بو، ئەوکات میللەتیش روبەوروی ئەبێتەوە، گورزی میللەتیش هەمیشە جەرگبڕ بوە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە