گۆڕان باشترین خزمەتی بە پارتی و یەکیەتی کردوە

Tuesday, 09/02/2016, 16:50

2624 بینراوە


من بەش بە حاڵی خۆم هیچ جیاوازیەک نابینم لە نێوان گۆڕان و یەکیەتی و پارتی. ئەمانە سێ مافیان کەوتونەتە گیانی ئەو میلەتە داماوە. گۆڕان سەرەتا هیوامان پێی هەبوو، دەنگی باشیشیان لە هەردوو هەڵبژاردنی پێشوو هانی، بەڵام دوای ئەوەی بەشداری حوکمەتیان کرد ئەوە ڕوون بویەوە کە سەرکردەکانی ئەمانیش وەکو ئەوانەی پارتی و یەکیەتی توانای بەڕێوەبردنیان نیەو هەر هاش و هوش بوو. ئەو وەزارەتانەی کە لە لایەن گۆڕانەوە بەڕێوە دەبران فاشلترین وەزارەت بوون. دواتر کە لە لایەن پارتیەوە شەقێکیان تێهەڵدرا و ئاودیوی دەڤەری سەوزکران، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە بۆ ئەوەی عەیبوو عاری خۆیان داپۆشن. گوایە لە لایەن پارتیەوە دەسەڵاتیان پێنەدراوە. ئەوە بەڕاستی درۆیەکی شاخدارەو کەس باوەڕی پێناکات. چونکی گەر پارتی دەری نەکردنایە بێگومان تائێستاش هەر لە ناوو حوکمەت دەبوون، لەوەتەوە دەرکراون وەکوو منداڵ دەگرین و داوای پۆستەکانیان دەکەنەوە. دڵنیام لەوەی گەر پۆستەکانیان پێبدرێتەوە یەکسەر خۆیان دەخەنەوە باوەشی بنەماڵە. نقەیان لێوە نایەت. 
گۆڕان دوو جار خزمەتی گەورەی بە پارتی و یەکیەتی کردوە. دووجار جەماوەر خەریک بوو ڕاپەڕن و ئەو دوو مافیایە بە سزای گەل بگەیەنن. یەکەمیان حەڤدەی شوبات و دوەمیان خۆپیشاندانەکانی پێش دوانزەی مانگ. لە هەردوو حاڵەتەکەدا گۆڕان خۆی خستە نێوو جەماوەری داخڵە دڵ و خۆی کردە خاوەنی خۆپیشاندانەکان. لە هەردوو خۆپیشاندانەکان گۆڕان تاوانباری سەرەکیە چونکی : یەکەم پارتی بیانووی دەستکەوت و سەگوو گورگەکانی خۆی بەڕەڵا کردوو خۆ پیشاندانەکانی کپکرد گوایە دەستی گۆڕانی لە پشتە. بەڵام ڕاستیەکەی جەماوەر خۆی داخ لە دڵەوە چاوەڕێی دەرفەت دەکات. دووەم خۆپیشاندانەکان زۆر پەرەی نەسەند و خەڵکێکی  زۆر بەشداریان نەکرد چونکی جەماوەر زوو تێگەیشت کە بۆچی ڕاپەڕین بکەن، ئەوەتا گۆڕان خۆیکردوە بە خاوەنی. ئەمیش هەر مافیایەکە وەکی ئەوان.
ئێستا خەریکە ڕاپەڕینی مەزن دەست پێدەکات. بەڵام گۆڕان وردە وردە وەکی جارەکانی پێشووتر خۆی دەکات بە خاوەنی. ئەوەتا کاکە نا یوسف سەرۆكی تێهەڵدراوو سەردانی خۆپیشاندانەکان دەکات. وادیارە ئەویش وەکی سەرکردەکانی یەکیەتی و پارتی مێشکی پوتە و لەوە تێنەگەیشتوە کە جەماوەر ئەوانیشی خۆش ناوێت، جەماوەر هەرکات سوسە بکات گۆڕان دێتە مەیدان یەکسەر خەڵک دەچێتە ماڵەوە. من بەش بە حاڵی خۆم گومانێکی گەورەم لا دروست بووەو لەو بڕوایەدام لە ژێرەوە پەیوەندی هەیە لە نێوان پاراستن و زانیاری و گۆڕاندا. گۆڕان لە لایەن پاراستن و زانیاری ئەو دەورەی پێدراوە هەرکات ڕاپەڕین بەرەو گەورەبوون  ڕۆیشت گٶڕان خۆی بکات بە خاوەنی. ئیدی بە ئاسانی کۆتای بە ڕاپەڕین دەهێنن.  
گٶرانیش وەکی ئەوان تاوانبارەو نەهێڵن بێنە ناو ڕیزی جەماوەرەوە. ئەوانە بەشێکن لە دەزگای تایبەت و زانیاری و لە لایەن ئەوانەوە نێردراون. ئەوانیش بەسزای گەل دەگەیەنین. کۆمەڵ و یەکگرتوش تاوانبارن و خزمەتی گەورەیان بە یەکیەتی و پارتی کردوە، بە تایبەتی یەکگرتوو. سەرکردەکانی یەکگرتوو هەرهەمویان چەند ساڵە موچەی پۆست و خانەنشینی وەردەگرن، یەکی دوو سێ ژنیان لێهێناوە، خانوو موڵکی باشیان هەیە. ئەو سەروەت و سامانەتان لە کوێوە هانیوە کاکی کۆمەڵ و یەکگرتوو؟ ئەوان ئێستا بەشدارن لە حوکمەتداو بەشێکی گەورەیان بەردەکەوێ لەو نەهامەتیانەی کە توشی ئەو گەلە بوە. بۆیە ئەوانیش دەبێت سزا بدرێن.
هیچ ڕژێمێکی دیکتاتۆر نەیتوانیوە بەرامبەر بە گەل خۆی ڕابگرێ، مێژوو پێمان دەڵێ گەل هەمیشە براوەیە. تا ئەو پینج حیزبە نەخرێنە ژێر گڵەوە وەزعمان لەمە باشتر نابێت.
 کاتێک تەواوی مافیاکان بە سزای گەل گەیەنران ئەوکاتە لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان خەڵکانی ئەکادیمی و دڵسۆز دێنە پێشەوە. هەر ناوچەیەک بۆ خۆی لوژنەیەک دروست دەکات و کاروباری ئەو ناوچەیەی خۆی بەڕێوە دەبات. ئیدی ڕێگا نادرێت مافیا دروست بێتەوە. خەڵک هەموی هاوکاری دەکات، ئینتمای نەتەوی گەشە دەسەنێ، تەواوی ڕۆژئاوا هاوکارمان دەبێت و کەس ناتوانێت پەنجەمان بۆ درێژ بکات، ئەوکاتە بەئاسانیش دەوڵەتمان دەبێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە