پەرلەمان کێڵگەی درۆ سواوەکان

Saturday, 22/09/2018, 18:51

2797 بینراوە


پێستی ڕوی هێندە قایمە شمشێری میسری نایبڕێ
گەر بە کەوشی کەی دەمێنێ، تا قیامەت نادڕێ
ئەم شیعرەی شێخ ڕەزا جوانترین و کورت ترین دەربرینە بەرامبەر سیاسیە هەزار ڕوەکانی کوردستان، دیسان چەمکی هەڵبژاردن بوەتە سەردێرێکی دووبارەی سواوی بێزارکەر، تەلەفیزیون، ڕادیۆ، گۆڤار و رۆژنامەو...هتد هات و هاواری ئەم کاندو ئەو کاندیدیانە، دیسان هەمان ئەو بەڵێن و درۆیانە دووبارە دەکەنەوە کە دەیان ساڵە خەڵکیان پێ خەڵەتاندوە، ئیتر بەڵێنی هەڵبژاردن بووەتە قەوانێکی سواوو تەنها خشەخشێکی بێزارکەری لێوە ئەبیسترێت. 
 ئەم چڕو چاوانەی کە هەتا ئێستا بونەوەتە وەرەمو شیرپەنجەی ناخی هەموو هەموو تاکێکی بە شەرەف و بێلایەنی ئەم کۆمەڵگەیە، ئەم پیرە پیاوانەی کە کوردستانیان بۆ ئێمە کرد بە دۆژەخ و بۆ خۆیان نەوەکانیان بوە بە بەهەشت، ئەوا زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ئەم پیرە پیاوانە وەکو زالو خوێنی ئەم میلەتە ئەمژن، هەرچی زاراوەی فەرهەنگی خیانەت و دزی و کوشتن هەیە بە پراکتیکی بەکاریان هێنا بۆ بەردەوامبون و قایمکردنی پێگەکانیان؛ ئەوا یەک نەوەی دوای ڕاپەرین تەواوی ژیانی لاوێتیان لەوپەری بەشمەینەتی و هەژاریدا بەرێکرد لە چاوەروانی مردنی ئەو سەروچاوە ناشیرینانە کە لە شاخەوە هاتنەخوارەوە، ئێستا کارەساتی خراپتریان بۆ خوڵقاندوین کارەساتێک کە چاوەرواندەکرێت هەموان بڵێین ڕەحمەت لە کفن دز، ئێستا نەوەکانیان پێگەیون ئینجا سیرەی ئەمانە بۆ خوێن مژین و کاولکاری زیاتر و هێنانەکایەدی ژیانێکی خراپتر. 
ئەم پیرە نەزانانەی کە لە دوای ڕاپەرینەوە هاتن لە ئەلف و بێی دیموکراسیەت و بەرێوەبردنی حکومەتیان نەدەزانی کەچی هەر خۆیان خۆیان کردە سەرۆک و وەزیر و بەرێوبەری گشتی...هتد، هەموو جومگەکانی دەسڵاتیان قۆرخکرد، زۆری پێ نەچوو لە رێگەی زانکۆکانەوە بڕوانامەی باڵایان بەخۆیان بەخشی، پلانی بێبەهاکردن و بەحیزبی کردنی زانکۆکانیشیان دانا و کۆیلەکانی خۆیان کردە بەرپرسی باڵا لە زانکۆکان،
 ئەمانە هەر لە سەرەتاوە مەهزەلەو سیناریۆی جۆرێکی تازە  لە هەڵبژاردنیان داهێنا کە لە مێژوودا بێ وێنەیە، لە ١٩/٠٥/١٩٩٢هەڵبژاردنیان ئەنجام دا و کۆمەڵێک نەخوێنەوار و تێنەگەشتویان ڕەوانەی هۆڵی پەرلەمان کرد هەندێک لەوانە تەنانەت نەیاندەزانی ناوی خۆشیان بنوسن، پەڵەیەکی لەوەش ڕەشتر بە نێو چەوانیانەوە ئەبوو هەردوو حیزبی دەسڵاتدار دەرەنجامی هەڵبژاردنیانیش پێ قەبوڵنەکرا، بۆیە بە رێکەوتنی پەنجا بە پەنجا لە خوادرد و لوشدان و دزیکردنی سەروەت و سامانی کوردستان بەیەکتر قایل بوون.
لە بەرئەوەی کە ماوەی هەر خولێکی پەرلەمان چوار ساڵ جارێکە بۆیە دەبوایە لە ساڵی ١٩٩٦ هەڵبژاردنی دووەم بۆ پەرلەمان ئەنجام بدرایە بەڵام ئیدی لێرەوە مەهزەلەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەستی پێ کرد و هەتا ساڵی ٢٠٠٥ خولەکانی پەرلەمانیان بە کەیفی خۆیان درێژدەکردەوە، لێرەوە پەرلەمان بوبە دێوەخانی پیرە نەخوێنەوارەکانی شاخ، ئەمە جگە لەوەی لەو نێوانەشدا شەری نەگریسی ناوخۆیان خوڵقاند دەیان هەزار رۆڵەی ئەم نیشیمانەیان بە کوشتدا.
پەڕلەمان خودی خۆی وەک دەزگایەکی باڵای شەرعی بە درێژای بیست و حەوت ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە ڕویەکی گەشی خۆی نیشانی دنیاو جەماوەری کوردستان بدات، نەیتوانیوە پرۆژە یاسایەک دەرچوێنێت و بەدواداچونی بۆ بکات کە لە خزمەتی خەڵکدابێت، پەرلەمان هەمیشە دەوری بە یاسایی کردنی بریارە قیزەون و ناشەرعیەکانی حیزبەکان بوە لە حیزبەکانەوە بۆ خزمەتی خۆیان نەک بۆ خەڵک، بەدرێژایی بیست و حەوت ساڵی ڕابردوو پەرلەمان نەیتوانیوە پرۆژە یاسایەک بهێنە پێشەوە کە لە خزمەتی خەڵک بێت و ژیان لەم مەملەکەتە باشتر بکات، ئەوەی تێبینی کردبێت پەرلەمان جگە لە کێلگەیەک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی ئەندامە باڵاکانی حیزبەکان هیچی تر نەبووە بە درێژای ماوەی ڕابردوو.
هەر لە روی دەرونناسییەوە ئەگەر مرۆڤ بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵ لە گەڵ هەر پرۆژەیەکدا بەڵام دەرەنجامێکی سودبەخشی نەبیت ئیدی هیوایەک نامێنێتەوە جگە لە پشت گوێ خستنی ئەو پرۆژەیەو واهێنان لێی، ئێستا پەرلەمان رێک وای لێ هاتووە، چوارساڵ جارێک لە بەر چاومانەوە گاگەلێكی نەخوێنەوار ڕەوانەی کێڵگەی پەرلەمان ئەکرێت و لەوسەوە لەوسەوە بە ملیاردێریەوە ئەگەرێنەوە جگەلەوەی بە پارەیەکی هێندە زۆری ناعەدالەت خانەنشین ئەکرێن لە کۆتایەکەشدا سەیارەیەک و چل ملیۆنی دیاری وەردەگرن ئەمە لە کاتێکدا کە زۆرینەیان بە درێژای چوارساڵی پەرلەمانتارییان هەموو ئیشێکیان تەنها دانیشتن بووە لە سەر کورسییەکانیان وەک قوتابیەکی بی دەنگی تەمەڵ. 
ئەوەی مانا بێت بۆ هەڵبژاردن لێرەدا نەماوە، هەموان بینیمان یەکێتی و پارتی چی کارەساتێکی ئابڕو بەرو بێ مۆڕاڵیان ئافراند لە هەڵبژاردنە ئەلیکترۆنیەکەی عێراقدا، من نازانم بۆچی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت لە کاتێکدا بون و نەبونی هیچ لە ژیانی هاوڵاتیەکی هەژار ناگۆرێت، لەڕاستیدا ئەوەی ڕویدا نەک تەنها گاڵتەکردن بوو بە پرۆسەی هەڵبژاردن بەڵکو تەنانەت بێقیمەتکردنی دەنگدەرەکانی خۆشیان بوو، چونکە هیچ ژمێرییەکیان بۆ ئەو دەنگانە نەکرد کە لە ناو سندوقەکەدان(هەندێکیان نەبێت کەلەلایەن خۆیانەوە دیاریکراو بوو) بەڵکو ئەو ژمێرییەکان وەرگرد کە لەلایەن هاکەرەکانی خۆیانەوە خرابویە سەر سندوقەکانی دەنگدان. سەرجەم لایەنەکانی تریش بەرامبەر ئەم ریسوایەی بە سەر پرۆسەی هەڵبژاردندا هات جگە لە هەندێک بۆڵە بۆلی سەرەتا هیچی تریان پێ نەکرا، پرسیارێکی جەوهەری دێتە زهنمانەوە کە ئەم حیزبانە  نەتوانن دەنگی فەوتاوی جەماوەی خۆیان بەدەست بێننەوە ئیدی چۆن دەتوانن لە پەرلەمان دیفاع لە مافەکانی ئەو هاوڵاتیانە بکەن! ئاخۆ ئەمانیش هیچ شایستەی ئەوە هەن دەنگیان پێ بدرێتەوە!.
ناڕەزای و گلەی ئێمەی هاوڵاتی لەوە تێپەریوە کە ئەم حیزبانە تاقی کرابێتنەوە و جگە لە نەهامەتی زیاتر هیچییان بۆ بەرهەم نەهێناوین، هەموشیان وەک یەک دزو شەریکە دزن، بەڵکو ناڕەزای و بێزارییەکان ئێستا لە خودی پرۆسەکەیە.
لە ئێستادا بەشە فراوان و ناڕازییەی کوردستان بە زۆری نە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن نەش هیوایەکییان بە مەهزەلەیە ماوە، هەڵبژاردن لە کوردستان تێکدانی هیواو دەنگدەرو تێکشانی بەهاکانی دیموکراسییە، لە هەڵبژاردنەکاندا چینێکی دیاری کۆمەڵگە وەک کۆیلە مامەڵەیان پێ دەکرێت دیارترینان هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆیە کە زۆر جار ئەسڵەن رێگە نادرێت خۆشیان دەنگ بدەن بەڵکو باجەکەیان لێ وەردەگیرێت لە جیاتیان دەنگ دەدرێت، هەرلەم کاتانەدا مەمەڵەی کڕینو فرۆشتنی دەنگی عەشیرەت و تایفەو بنەماڵەو خێزان و تاکەکانیش دەکەن. 
لە کاتێدا کە تروسکایەک هیوا بۆ پەرلەماێکی ڕاستەقینە و دیموکراسیەت نەمامێنێت، هیوای ڕاپەرین و ڕیشەکێسکردنی ڕەگی مافیاکان دێتە جێگەی، پێویستە هۆشیارییەکی گشتی دروست بکرێت بۆ بەهای دەنگی تاک، دەنگی ڕاستەقینەی هەر تاکێک خاڵێکی کاریگەرە بۆ دەستنیشانکردنی داهاتووی وڵات، دەسڵات ڕەنگە بتوانێت بێهیوایی دروست بکات بەرامبەر سندوقی دەنگدان بەڵام رۆژێک دێت دەنگی ناڕازی دەبێتە گریک و عەرشی ئەم مافیایانە و سیناریۆ بێماناکای هەڵبژاردن ئاوادەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە